لەسایەی درەوشانەوەی پۆپۆلیزمدا برایم زەبۆکەکان‌و نمایشکارانی میدیاو سۆشیال میدیا؛ لەبرەودا ئەبن!

نیاز سەعید عەلی
  2020-03-27     237
پۆپۆلیزم دیاردەیەکە؛ لەڕابردوودا زیاتر لەناو کایەی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییدا، لەسەر ئاستی گرووپ و پارتی سیاسیی سەریهەڵدا بوو ، بەڵام لەقۆناغی تازەی سەرهەڵدانەوەیدا، بەتایبەتیی لەکۆمەڵگەی ئێمەدا و لەسەردەمی سۆشیال میدیادا، بەدەر لەدروستبوونی گرووپ و ڕێکخراوی سیاسیی؛ پۆپۆلیزم بە دوو جیاوازیی تازەوە سەریهەڵداوەتەوە، لەلایەک لەناو ئاراستەی پۆپۆلیزمدا، تاک و گرووپە بچووکە کاریگەرەکان؛ توانیویانە هەژموون و باڵیان بکێشن بەسەر هێز و پارتی سیاسییدا، لەلایەکی تر ئەم دیاردەیە بەدەر لەکایەی سیاسیی؛ پەلی هاویشتووە بۆ ناو چەندین کایە و جوومگەی تری سەرەکیی و گرنگی ناو کۆمەڵگە؛ لەنموونەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ئایینیی و میدیایی و... هتد.
ئەم دیاردەیە بەدیارییکراویی لەئێستادا و لەناو ئەو کایە و جوومگانەی کۆمەڵگەی ئێمەدا، توانیوویەتی زەفەر بە بیر و هۆش و هەستوسۆز و باری سایکۆلۆژیی؛ بەشێک لەکۆمەڵگەی ئێمە ببات، توانیویەتی ژمارەیەکی بەرچاو، لەکارەکتەری پۆپۆلیستیی و کارەکتەری (برایم زەبۆک)یی ڕەفتار ئاسای ناو ڕۆمانەکەی (عەزیز نەسین)؛ چ لەناو پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن و پارتەکانی فەرمانرەوا، چ لەناو هێزەکانی ڕەوتی ئیسلامی سیاسیی و ڕەوتی عەلمانیی، لەناو هەر دوو ڕەگەزدا و بە ڕێژەی زیاتر؛ لەناو ڕەگەزی نێری، بە سیناریۆ و بە چەواشەکاریی و بە وەهم؛ لێکردووینەتە خاوەن گۆچانی سیحریی و جوامێر، مژدەبەخش و فریشتە، فریاگووزار و چاکەخواز، ڕادیکاڵ و گۆڕانخواز، فریاگوزار و ڕزگارکەر، دادپەروەر و میهرەبان و چی و چی و ...هتد!.
ئەو کارەکتەرانە لەسایەی قەدەری قۆناغی پۆپۆلیزمیی کۆمەڵگەی ئێمەدا؛ بوونەتە خاوەنی پلە و پۆستی باڵا و پایەدار و هەستیار، هەر لەپلە و پۆستی باڵای ناو پارتە سیاسییەکانەوە، بۆ پەرلەمانتار و وەزیر و خاوەن پۆستی باڵا و پێگەی بەهێز؛ لەناو حکومەت و سیستەمی کارگێڕیی و کۆمپانیاکان و مزگەوتەکان و ناوەندەکانی میدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و عەشیرەت و تیرە و ...هتد.
ئەم ئاراستەیە وەک دەرەنجامەکان و لێکەوتەکان دەریانخستووە و دەریئەخەن؛ ئەوەندەی ئاراستەیەک بووە بۆ هێنانەدی دەستکەوتی تایبەتیی و پاراستنی بەرژەوەندیی تایبەتیی، ئەوەندە ئاراستەیەک نەبووە؛ بۆ هێنانەدی دەستکەوتی گشتیی و داکۆکییکردن و چەسپاندنی ماف و دادپەروەریی و بەرژەوەندیی گشتیی.
ئامراز و میکانیزمەی کارکردنی ئەو کارەکتەرە پۆپۆلیست و ئەو کارەکتەرە (زەبۆک)ییانە؛ زیاتر لەسەر بنەمای کاردانەوەی (خۆیی)، هەروەها بۆ پەردەپۆشکردنی ویست و حەز و مەیلە پەنگخواردووە تایبەتییەکانی تاک و گرووپە بەرژەوەندییخوازەکان بەرجەستە بووە.
ڕێبازی کارکردنی پۆپۆلیست و (زەبۆک)ییەکان؛ بەتایبەتیی لەناو پرۆسەی سیاسیی و فەرمانڕەواییدا، ئەوەندەی کارکردنە بۆ خەم و ویست و ئەجێنداکانی تاک و گرووپی خاوەن بەرژەوەندیی سنووردار، ئەوەندە کارکردن نییە بۆ خەم و ئازار و داواکاریی و بەرژەوەندییە گشتییەکان، هەر بۆیە لەئێستادا ئەو کارەکتەرانە نەیانتوانیوە؛ بەدەر لەدەستکەوت و قازانجە تایبەتییەکان؛ هیچ خزمەتێکی گەورە و دیار، بە بەرژەوەندییە گشتییەکان بکەن، بگرە زیانی گەورەشیان لێداوە و سەرکێشیی و مانۆڕ و موزایەدەی زۆریان؛ بە خواست و خەم و هیوا و داواکارییە ڕەواکانی کۆمەڵگەوە کردووە.
ئەم کارەکتەرانە لەسەر بنەمای هەلپەرستیی و قۆستنەوەی دەرفەت و زەمینە، هەنگاو بۆ چنینەوەی دەرهاویشتە و کاردانەوەکانی ناو ناخ و باری دەروونی تاکە بێشوومارە یاخیی و ڕەتکەرەوەکان؛ لەبەرامبەر باری دیفاکتۆ و ڕەوشی جێگیری نەخوازراو ئەدەن، هەوڵ بۆ بوونە پێشەوا و بوونە شۆڕەسوار و سواربوونی شەپۆلی ئەو مەیلە فراوانە ئەدەن، کە لەهەر بار و ڕەوشێکی نەخوازراو، یان لەناو هەر کایە و جوومگەیەکدا لەئارا بێت، یان سەرهەڵبدات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی داخوازییە ڕەواکان، یان بۆ ڕیفۆرم و گۆڕانکاریی ڕادیکاڵیی.
لەم دەروازەیەوە ئەمان دێنە ناوەوە و لەژێر دەمامکی گفتی درەوشاوە و دروشمی قەبەی بریقەدار و پەیامی ڕازاوە و بەڵێنی فریودەرانە دێنە جۆش و مەیدان، یان لەکات و بارودۆخە هەستیار و ڕووداوە گەرم و ورووژاو و دژوار و ڕۆشنایی لەسەرەکاندا؛ ئەکەونە نمایش و خۆنواندن!.
بەگشتیی ئەم کارەکتەرانە؛ بۆ دەرکەوتن و ناووبانگ پەیداکردن و دروستکردنی پێگە و سەرنجڕاکێشان بۆ خود و دروستکردنی ڕۆشنایی پۆزەتیف و جوان لەسەر خۆیان، هەروەها بۆ خۆ بەسیمبوڵکردن و کۆکردنەوەی دەنگ و کەسبکردنی زۆرترین هەوادار و لایەنگر؛ هوونەرییانە نمایش ئەکەن.
لەم سۆنگەیەوە شانۆگەریی لەپەردەی کوورتخایەن و درێژخایەندا نمایش ئەکەن؛ سوود لەمیدیا و سۆشیال میدیا وەرئەگرن، هاوکات لاوازیی میمۆریی بەشێکی کۆمەڵگە و بێ ئاگایی و نە شارەزاییان؛ لەسەر باکگراوەند و ڕەفتاری ئەو کارەکتەرانە ئەقۆزنەوە، لەلایەکی تریش درکنەکردنی ئەو بەشەی کۆمەڵگە؛ بە دیوی شاراوەی شانۆگەرییەکە و ئامانجە دەمامکراوەکان و ناڕوونیی پاڵنەرەکان، ئەوەندەی تر بە بەرژەوەندیی ئەم کارەکتەرانەدا ئەگەڕێتەوە.
لەم ڕووەوە کارەکتەرەکان لەشانۆگەرییەکاندا؛ ئەبنە سیناریست و دەرهێنەر و ئەکتەر، تیمساح ئاسا فرمێسک بۆ قووربانییەکان ئەڕێژن و بۆیان ئەلاوێنەوە، بەشێکی کۆمەڵگەش لەژێر کاریگەریی ئەو شانۆگەرییانەدا؛ کارەکتەری تاوانکار و ڕاستەقینەی گەندەڵ و دەستدرێژیکار بۆ سەر ماف و زەوتکەر بۆ سەر موڵکی گشتیی؛ لێ ئەبێتە فریشتە و چاکساز و خەمخۆر و میهرەبان!.
لەم شانۆگەرییانەدا؛ کارەکتەری دەستبڕ و مافیا و دابڕاو لەبەها مرۆییەکان و هەوڵدەر بۆ ئەتککردنی مۆڕاڵی ئەوانی تر؛ دێت و خۆی ئەکاتە مژدەبەخش و ڕزگارکەر و ئەلتەرناتیڤ، ئەیەوێت بە خەون و خەیاڵێکی یۆتوبیایی، کۆمەڵگە چەواشە بکات و فریوویان بدات؛ تاکو خۆی تیا ببێتە خاوەنی دەسەڵات و خاوەن شکۆ و خاوەن پارێزبەندیی یاسایی و لەپاڵیدا؛ گەندەڵیی و ستەم و دەستدرێژییەکانی بۆ سەر ماف و موڵکی گشتیی و یاسا و بەرژەوەندیی گشتیی بشارێتەوە و درێژەیان پێبدات.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی زیانبەخشی بێ بەرهەمی پۆپۆلیزم، بۆ ڕێگرتن لەبەردەوامیی و تەشەنەسەندنی دیاردەی زۆربوونی کارەکتەرە پۆپۆلیست و (برایم زەبۆک)ییەکان، پێویستە زەمینە و هۆکارە بابەتیی و خۆییەکانی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە، دەستنیشانبکرێت و تێگەیشتنێکی بابەتیی و لۆژیکیی هەبێت؛ بۆ شیکردنەوەی ئەو فاکتەرو پاڵنەرانەی کە فوو بە باڵۆنی ئەو کارەکتەرە پۆپۆلیست و (زەبۆک)ییانەدا ئەکات، بۆ بن تەبەقەی ئاسمان.!
بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیە، ئەتوانین بڵێین بێ ئومێدیی و بێ متمانەیی بە نەوەی یەکەمی سەرکردەکان؛ بە حکومەت و دەسەڵات و گەڕان بە شوێن ئەلتەرناتیڤ، بەتایبەتیی لەلایەن گەنج و لاوەکانی قۆناغی نوێوە؛ یەکێکە لەهۆکارە سەرەکییەکان.
لەلایەکی تریش ئەتوانین بڵێین ئەم دیاردەیە؛ بەرهەمی سادەیی و خۆشباوەڕیی بەشێک لەکۆمەڵگەکەی ئێمەیە؛ ئەویش پاش زاڵبوونی فاکتەری هەستوسۆز و کاردانەوەی دەروونیی، بەسەر فاکتەری هۆشمەندیی و لۆژیکدا، ئەمە زیاتر لەو کاتەی کە ستەم و گەندەڵیی و نادادپەروەریی؛ بە ناڕاستەوخۆ پاڵیان پێوە ئەنێت و ئەیاننێرێت بۆ ژێر دەواری ئاراستە و کارەکتەرە پۆپۆلیست و (زەبۆک)ییەکان، ئەمانیش میدیا و سۆشیال میدیایەکی فراوانیان، بۆ چاوبەستەکیی و فریودان و خۆشەکردنی ئەو بەشە لەکۆمەڵگە خستۆتەگەڕ و چۆنیان بووێت؛ ئاوا نمایشی تیا ئەکەن، بە دەمامکەکانی سەریان؛ خۆیان ئەکەنە (کەریمی عەلەکە) و (گاندیی) و (ماندێللا) و (دایە تریزا) و (مارتن لۆسەر) و (مارتن لۆسەر کینگ) و (خدری زینە) و (بابەنوئێل) و (ئیمامی مەهدیی) و ...هتد.!
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×