ڕیفراندۆم، داواکارییەکی ڕەوا، بەڵام لەکاتێکی ناڕەوا و زەمینەیەکی شڕا !!

نیاز سەعید عەلی
  2021-09-25     651
پرۆسەی ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستان ، بۆ بڕیاردان لەچارەنووسی نەتەوەیی لە(٢٠١٧/٩/٢٥)دا، هیوا و خەوێکی دەیان ساڵەی نەتەوەی کورد بوو ، بەڵام بە نەزۆکیی و بە خەیاڵپڵاویی و لەسەر بنەمای میزاج و سەرکێشیی هەندێک سەرکردە ؛ وەکو بڕیارێک لەکاتێکی نالەباردا سەپێندرا ، لەکاتێکدا پێویست بوو لەڕووی هەلومەرجی بابەتیی و ناوخۆیی و دەرەکییەوە ؛ پێشتر شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ورد و هەمەلایەنەی بۆ بکرایە!
بڕیاردەرانی ڕیفراندۆم دەریانخست کە چەند سادە و سەرپێین لەبیرکردنەوەدا و چەند بێ ئاگان لەتێگەیشتن و خوێندنەوە و شیکردنەوە ؛ بۆ ڕۆڵ و کارگەریی بنەڕەتیی و یەکلاکەرەوەی فاکتەری دەرەکیی و چەند بێ پلانی ستراتیژیین و چەند بە ئاسانیی ئامادەن ، یاریی بە چارەنووسی نەتەوەوە بکەن و لەسەر مێزی قوماری سیاسی ؛ خەمساردانە چارەنووسەکە بدۆڕێنن .
بڕیاڕدەرانی ڕیفراندۆم وەکو یاری قومار، مامەڵەیان لەگەڵ ڕیفراندۆم کرد و نەتەوەی کوردیان خستە بەردەمی شانس و ئەوەیان قۆستەوە کە هەستوسۆزیی نەتەوەیی ؛ پاڵ بەڕێژەیەکی زۆری هاووڵاتییانەوە ئەنێت بۆ بەشدارییکردن، تەنانەت پاڵی بە بەشێک لەوانەش نا ؛ کە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەشیان بە هەڵە و نەگونجاو زانی!
پێش ریفراندۆم پێویست بوو ، لەئاستی دەرەکیی و لەلایەن ناوەندە گەورەکانی بڕیار لەجیهاندا ، بە ئاشکرا یان لەپشتی پەردەوە ؛ پشتگیریی و داکۆکیی لە بژاردەی ڕیفراندۆم زامن بکرایە ، ئینجا ڕیفراندۆمەکە ئەنجامبدرایە ، چونکە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ئەنجامەکەی ؛ هێندەی کارکردن بە ئەنجامەکە و دانپیانان پێی ، گرنگ و کاریگەر نەبوو .
ڕیفراندۆم بە بێ لێکۆڵینەوەی بەرایی و تاوتوێی تێروتەسەل و دەرخستنی دەرەنجام و دوور لەڕاوێژ بە پسپۆڕان و شارەزایانی کاروباری نێودەوڵەتیی و بێ ئەنجامدانی شیکردنەوەی زانستیی و داڕشتنی پلانی ورد ؛ کرایە بڕیار و دەمارگیرانە جێبەجێکرا ، زیان و دەرەنجامی خراپ و نەخوازراوی زۆری لەچەندین کایەدا دەرخست ، گرنگترینیان دەرکەوتنی ناکامڵیی عەقڵی سیاسیی و ستراتیژیی هەندێک لەسەرکردە دەستڕۆیشتووەکانی ئەو قۆناغە و هەڵەشەیی و نێرجسییبوون (سەرسامبوون بە خود) و زاڵبوونی میزاج و تاکڕەوییان بوو، لەئێستادا ئەو سەرکردانە ، هەر ئەوە ماوە کە وەکو قومارچییە دۆڕاوەکە؛ بۆ ئەوەی شەق نەبەن ، ئەمانیش بڵێن بەهینمانەوە !!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
قاسم ئەعرەجی: کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە
مەزڵوم عەبدی: ڕێککەوتنی دیمەشق تەسلیمبوون نەبوو، بەڵکو قۆناغێکی نوێی خەباتە لەناو دەوڵەتدا
دوای چۆڵکردنی ۱۸ کەمپ لەلایەن ۳ هەزار و ۸۰۰ گەریلا، پاسەوانی سنوور و پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر دەبن
لەشەشەمین ساڵیادی مەرگی فوئادە ڕەشدا، سۆڵیدارێتییەکەی فوئادە ڕەش‌و ڕێکخراوەکانی ئێستا
مەسعود پزیشکیان: سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان دەکەم
تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان وەک هاوسەرۆکانی دەم پارتی هەڵبژێردرانەوە
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل: به‌داخه‌وه‌ كورد هێشتا خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نییه‌، خوازیاری به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمانین
بوومەلەرزەی سیاسی لەئەڵمانیا: سەرکەوتنی مێژوویی AfD لەویلایەتی ساکسۆنی-ئانهاڵت
دوو موڵکی موجتەبا خامنەیی بە 36 ملیۆن پاوەند دەفرۆشرێن
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی "ساڵانی لەبیرکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لەئێران"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×