گریمانەیەک بۆ حکومەتێکی تری چوارچێوەی هەماهەنگی لەهەرێم  !

نیاز سەعید عەلی
  2024-10-21     388

یەکێک لەئەنجامە پێشبینکراوەکانی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەبوو؛ کە چیتر (پ د ک)  هەر خۆی بە تەنها نەتوانێت؛ ببێتە خاوەنی (پەنجا زائید یەک)ی کورسیەکانی پەرلەمان، ئەم هۆکارە لەناوەوە پارتی نیگەران و هەراسان و دوودڵ کردوە؛ هەرچەندە لەڕووکەشدا وا خۆی دەرئەرخات، سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە ! .                                                                                       

سەرۆکی (پ د ک) بۆ ئەم هەڵبژاردنە درکی بە مەترسیەکی گەورە کردوە، چ لەپێکهێنانی کابینەی تازەدا، چ لەشێوازی کار و ناکۆکی و ململانێ و بەریەککەوتنەکانی ناو پەرلەمانی داهاتوو .

هۆکار و پاڵنەری سەرەکیی ترسی سەرۆکی (پ د ک)، لەم هەڵبژاردنەدا؛ ترس و نیگەرانیە لەدووبارەبوونەوەی ئەزموونی هەڵبژاردنی (٢٠٢١)ی عێراق و پێکهێنانی (چوارچێوەی هەماهەنگی)ی شیعە و حکومەتی محەمەد شیاع ئەلسودانی لەتشرینی یەکەمی (٢٠٢٢)  .

ترس و نیگەرانیەکانی سەرۆکایەتیی (پ د ک)، لەدوو ڕەهەندەوە سەرچاوەی گرتوو :

ڕەهەندی یەکەم / ترس لەدووبارەبوونەوەی چارەنووسی ڕەوتی سەدر بەسەر (پ د ک)دا؛ بەتایبەتی کە ڕەوتی سەدر وەکو هێزی براوەی یەکەم، توانی (٧٣) کورسی لەکۆی (٣٢٩) کورسی مسۆگەر بکات، بەڵام لەدواجاردا نەیتوانی حکومەتی (پەنجا زائید یەک) بەدەستبهێنێت؛ هەرچەندە دوو فراکسیۆنیش چووبوونە ناو هاوپەیمانێتیەکەی؛ یەکەمیان (پ د ک) و ئەوەی تریشیان (هاوپەیمانێتیی تەقەدووم)ی عەرەبی سووننە، ئەوەبوو لەهاوکێشەیەکی سیاسیی جیاواز و لەناو ماڵی سیاسیی شیعەدا؛ لەئەنجامی کاری هاوبەش و ڕێککەوتنی ژمارەیەک فراکسیۆنی هێزی سیاسیی شیعەی نەیار و ڕکابەر لەگەڵ لەڕەوتی سەدر و بە پشتیوانیی ئێران؛ هاوپەیمانێتیەکی گەورەتر لەڕەوتی سەدر پێکهات و بوونە خاوەنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان، بە ناوی (چوارچێوەی هەماهەنگی)ی شیعە و بە (١٣٠) کورسی؛ بوونە خاوەنی گەورەترین فراکسیۆن و توانیان حکومەت دروسبکەن؛ ئەویش پاش پێکهێنانی(هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت)، لەگەڵ فراکسیۆنەکانی (یەکێتی، عەزم، بابلیون، سیادە، پ د ک)، شایەنی باسە (پ د ک) دوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر؛ ناچار بە بەشداریکردن بوو، لەم هاوپەیمانێتیەدا ! .

لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران؛ ناکۆکی و ململانێ لەنێوان سەرکردە دیارەکانی ناو (چوارچێوەی هەماهەنگی)ی شیعە سەریهەڵدا، نەگەیشتنە ڕێککەوتن؛ تا دواجار بازەکە لەسەر سەری محەمەد شیاع ئەلسودانی سەرۆکی فراکسیۆنی (ئەلفوراتەینی نیشتمانی)ی تەنها خاوەن (٣) کورسی نیشتەوە و بووە سەرۆک وەزیران .

لەدەرەوەی ڕەوتی سەدری خاوەن (٧٣) کورسیی براوەی هەڵبژاردن و شکستخواردوو لەپێکهێنانی حکومەتی زۆرینە، هاوکێشەیەکی سیاسیی نوێی دیفاکتۆ بەرجەستەبوو؛ ئەویش پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەکی تازەی خاوەن گەورەترین فراکسیۆنی (١٣٠) کورسی؛ لەنێوان هێزە سیاسیە شیعەکان، هاوکات لەناو ئەو هاوپەیمانێتیەشدا بوونی کەسێک بە سەرۆک وەزیران؛ کە لەکۆی (١٣٩) کورسیی ناو هاوپەیمانێتیەکە و (٣٢٩ ) کورسیی گشتیی پەرلەماندا؛ خاوەنی فراکسیۆنێکی (٣) کورسی بێت .

بەرجەستەبوونی ئەم هاوکێشە سیاسیە نوێیە، هیچ کۆسپ و بەربەستێکی یاسایی و دەستووری نەهاتە بەردەم، بەکردەوەش نەبووە سەرکێشی و هەنگاوێکی سەخت، بۆ ئاڵۆزکردن و پەکخستنی پرۆسەی سیاسی و فەرمانڕەوایی عێراق؛ بەڵکو ئەزموونی دوو ساڵی ڕابردووی حکومەتی عێراق دەریخست؛ کە ئەزموونێکی سەرکەوتووە و چەندین دەستکەوتی گەورەی بۆ عێراق لێ هاتۆتە بەرهەم .

چەندین خەسڵەت و هەلومەرجی هاوبەش و زەمینەی دووبارەبوونەوەی هەمان ئەزموونی عێراق، لەهەرێمی کوردستان لەئارایە؛ بەڵام پێویستی بە ئیرادە و کۆشش و پرۆژەیەک هەیە، بۆ کۆکردنەوە و سازانی فراکسیۆنەکان .

ئەم ئەزموونە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو دەرەنجامی داوە بەدەستەوە و بووەتە سەرچاوەی نیگەرانی و ترس بۆ (پ د ک) :

١- لەپەرلەمانی کوردستانیشدا؛ چەند فراکسیۆنێک بەدەر لەفراکسیۆنی (پارتی)؛ ئەتوانن گەورەترین فراکسیۆن پێکبهێنن و ببنە خاوەنی (پەنجا زائید یەک) و حکومەت پێکبهێنن، دوور لەتاکڕەویی و باڵادەستی و قۆرخکاریی (پ د ک) .

ئەم هەنگاوە؛ هیچ بەربەستێکی یاسایی و دەستووری لەبەردەمدا نیە، لەبەغدا جێبەجێکراوە  و ئەتواندرێت لەهەرێمی کوردستانیشدا پەیڕەو بکرێت؛ ئەگەر بشبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشە و ناکۆکیی ئاڵۆز؛ ئەوا دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، بە بەرژەوەندیی گەورەترین فراکسیۆن، ئەم کێشەیە یەکلائەکاتەوە، ئەو کاتە پەرلەمان و حکومەتی ناوەند؛ مامەڵەی فەرمی لەگەڵ ئەو فراکسیۆن و حکومەتەدا ئەکات، کە خاوەنی گەورەترین فراکسیۆنە لەپەرلەماندا، هاوتەریب وڵاتان و باڵێۆزخانە و کونسولگەراکانیان و (یو ئێن)  و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیش؛ بەهەمانشێوە دان بەو حکومەتەدا ئەنێن و مامەڵەی لەگەڵ ئەکەن .

(پ د ک) ترسی لە (یەکێتی) هەیە، کار بۆ بەدیهێنانی ئەم بژاردەیە بکات، بەتایبەتی کە ئاراستەی دژە (پ د ک)، لەناو پەرلەمانی داهاتوودا کەم نین، تەنها سازان و ڕێککەوتنێکی ئەوێت، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای کاری هاوبەش و هاوپەیمانێتی؛ گەورەترین فراکسیۆن لەپەرلەمانی کوردستاندا پێکبهێنرێت و حکومەتێکی دوور لەدەسەڵاتی (پ د ک)ی لێ بێتە بەرهەم، کە لەناو دروشی هەڵبژاردنی هەموو هێزە سیاسیەکاندا ڕەنگی دابووەوە !

ڕەهەندی دووەم / لەئەگەری بەدینەهاتنی بژاردەی یەکەمدا، لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا؛ لەبەر ئەوەی (پ د ک)، خاوەنی (پەنجا زائید یەک) نیە؛ هێزەکانی تر مەرجی گۆڕینی پاڵێوراوی (پ د ک)، لە (مەسرور بارزانی)ەوە بگۆڕن بۆ پاڵێوراوێکی تر و بیسەپێنن؛ ئەو کاتە ئەستێرەی (نێچیرڤان بارزانی ) بدرەوشێتەوە و ببێتە پاڵێوراوی ناچاریی (پ د ک) بۆ سەرۆکی حکومەت .

لەبەدیهاتنی ئەم بژاردەیەدا؛ کێشە و ناکۆکی و ململانێی نێوان (مەسرور و نێچیرڤان)، زیاتر تەشەنەئەسەنێت و توندتر ئەبێت بەرەو پەلهاویشتن بۆ ناو چەندین جوومگە و کایەی تری ناو بارزانیەکان بەگشتی و بنەماڵە بەتایبەتی و (پ د ک) و هێزی چەکدار و ...هتد .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
قاسم ئەعرەجی: کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە
مەزڵوم عەبدی: ڕێککەوتنی دیمەشق تەسلیمبوون نەبوو، بەڵکو قۆناغێکی نوێی خەباتە لەناو دەوڵەتدا
دوای چۆڵکردنی ۱۸ کەمپ لەلایەن ۳ هەزار و ۸۰۰ گەریلا، پاسەوانی سنوور و پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر دەبن
لەشەشەمین ساڵیادی مەرگی فوئادە ڕەشدا، سۆڵیدارێتییەکەی فوئادە ڕەش‌و ڕێکخراوەکانی ئێستا
مەسعود پزیشکیان: سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان دەکەم
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل: به‌داخه‌وه‌ كورد هێشتا خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نییه‌، خوازیاری به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمانین
تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان وەک هاوسەرۆکانی دەم پارتی هەڵبژێردرانەوە
بوومەلەرزەی سیاسی لەئەڵمانیا: سەرکەوتنی مێژوویی AfD لەویلایەتی ساکسۆنی-ئانهاڵت
دوو موڵکی موجتەبا خامنەیی بە 36 ملیۆن پاوەند دەفرۆشرێن
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی "ساڵانی لەبیرکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لەئێران"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×