توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بە چەند جۆرێکە ئەوانیش: جەستەیی، دەروونی، سێکسی، و ئابوری، لە ئێستاشدا توندوتیژی سەردەم کە جۆری دیجیتاڵییە توندوتیژییەکی توند و فراوان و ھەمە شێوازە، بەڵام لە ڕاستیدا توندوتیژی جۆری تریشی ھەیە، بۆ نمونە: کاریگەریی ماتێڵدا.
کاریگەریی ماتێڵدا چییە (The Matilda Effect)؟
کاریگەریی ماتێڵدا بەو ڕەفتارانە دەوترێت بە بەرنامە و پلانی ڕێکخراو داھێنانە زانستییەکان و بەشدارییەکانی ژنان لەزانست و زانیاریدا پەراوێزدەخات و ھەوڵ دەدات لە نرخ و بەھایان کەمبکاتەوە. تەنیا ئەوەندە نا، زۆر جار بەرھەمی توانای ھزری و زانستی خراوەتە پاڵ پیاوە ھاوکارەکانی و بە ناوی پیاوەکە بڵاوبۆتەوەو پیاوان بەھۆیەوە خەڵات و ستایش کراون.
بێگومان ژنان بەدرێژایی مێژوو توانای زانستی و داھێنانیان ھەبووە، بەڵام بەھۆی سیستەمی نێرسالاری و نووسینەوەی مێژوو لەلایەن مافخۆرانی ژنانەوە و زەوتکردنی مافی ژنان لە ناساندن و باسکردنی توانا و بەرھەمەکانیان ستەمێکی گەورە لە ڕاستی و لە ژنانیش کراوە. ئەم ستەم و پەراوێزخرانە ھەر وا نەمایەوە، دەنگ ھەڵبڕین و باسکردنی ئەم دیاردەیە وایکرد بەشێکی زۆر لە ڕاستییەکان ئاشکرا بکرێن و بە گومانەوە سەیری زۆر داھێنان بکرێت و وایکرد بەشێک لەو ژنانەی داھێنانی زۆر گەورەیان کردبوو بە ناوھێنانیان بەشێک لە مافیان بۆ بگەڕێتەوە.
ناساندنی ئەم کاریگەرییەش دەگرێتەوە بۆ:
ماتێڵدا جۆسلین گەیج (Matilda Joslyn Gage).
ماتێڵدا لە سەدەی نۆزدەدا ژیاوە، ژنە چالاکوان و بیرمەندێکی ئەمەریکیی کاریگەر بووە لە بوارەکانی مافەکانی ژنان، ڕزگار کردنی کۆیلە، و چەندین بواری تردا، بێگومان بەھۆی بیروڕا بوێرییەکانیەوە ڕوبەڕووی پەراوێزخستن و بایەخپێنەدان بۆتەوە.
ماتێڵدا لەساڵی ١٨٢٦ لە نیویۆرک لەدایک بووە لە خێزانێکی ڕۆشنبیر و خوێندەوار کە دژی کۆیلایەتی کاریان کردووە. باوکی پزیشک بووە و ڕۆڵی ھەبووە لە بوێری و تواناکانی ھەروەھا فێری خوێندەواری و تەنانەت کاری پزیشکیی وەک توێکاری، و زمانی یۆنانی و بیرکاری و چەندین بەھرەی تری کردووە.
ماتێڵدا لەساڵی ١٨٧٠ کتێبێکی بڵاوکردۆتەوە بە ناوی (ژن وەک داھێنەر) (woman as Inventor). لەم کتێبەدا باس لە توانای داھێنان و بلیمەتیی ژن دەکات، بەڵام ستەمی لێکراوە بە ناونەھێنان و پەراوێزخستنی ڕۆڵ و توانای. ماتێڵدا لە ڕێگەی ئەدەبی مناڵانیشەوە و ھانی نوسەر لیمان فڕانک بوم، کە زاوای بووە، داوە تا پەیامی بگەیەنێت و ڕۆڵی سەرکردەیی ژن و مافی یەکسانی پیشان بدات ھەروەک ئەم پەیامە لە چیرۆکی (جادووگەرە سەرسوڕھێنەرەکەی ئۆز) دا ڕەنگی دایەوە. ماتێڵدا لە ١٨ ی مارتی ١٨٩٨ دا لە شیکاگۆ کۆچی دوایی کردوە.
لە ساڵی ١٩٩٣ دا مارگرێت دەبلیو رۆسیتەر (١٩٤٤ _ ٢٠٢٥)، کە ژنە مێژوونووسێکی ئەمەریکییە، لە بواری مێژووی زانستدا نوسیویەتی و مامۆستای زانکۆی کۆرنێل بووە، دەستەواژەی کاریگەریی ماتێڵدای بەکارھێنا، باسی ئەو پەراوێزخستنە بەبەرنامەیەی کردوە بەرامبەر بە داھێنانەکانی ژنان کراون و چۆن بەرھەمەکانیان بەناوی پیاوانەوە بڵاو بوونەتەوە و دەستکەوتە زانستی و رێزلێنانەکان بۆ پیاوان بووە. دەستەواژەکە ئاماژە بووە بە ناوی ماتێڵدا جۆسلین گەیج کە پێشتر باسی ئەم دیاردەیەی کردبوو ، بۆ ناسینی ژنە زاناکانیش کە بەھرە و بەرھەمیان براوە ئینسکلۆپیایەکی سێ بەرگی ی نوسیوە و بڵاو کردۆتەوە بە ناوی ژنە زاناکان لە ئەمەریکا، تیایدا ناو و داھێنانی زانایانی ژنی لە مێژووی ھاوچەرخدا خستۆتەڕوو.
زۆرن ئەو ژنانەی بە کاریگەریی ماتێڵدا ستەمیان لێکراوە. بێگومان ھەموو ئەو ژنانەی داھێنانیان کردوە لە مێژوودا بە تەواوی نازانرێت، بەڵام ھەندێک لەو ژنانەی داھێنانی گەورە و دیاریان ئەنجامداوە مافی خاوەندارێتیی داھێنانەکەیان بۆ گەڕاوەتەوە و وەک بەڵگەی مێژوویی دیار و گرنگ بوونی دیاردەی ماتێڵدا پشتڕاستدەکاتەوە.
ھەندێک لە ژنە زاناکانی ڕوبەڕووی دیاردەی ماتێڵدا بونەتەوە، وەک:
* ڕۆزاڵیند فرانکلین (Rosalind Franklin): بە بەکارھێنانی وێنەکانی تیشکی X، بەشدارییەکی بنەڕەتی و گرنگی کرد لە دۆزینەوەی پێکھاتەی ترشی ناوەکی (DNA) لە ساڵی ١٩٥٣. بەڵام جەیمز واتسۆن و فرانسیس کریک لە ساڵی ١٩٦٢ خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرت، بەبێ ئەوەی لەو کاتەدا پێزانینێکی شایستە بە بەشدارییەکەی فرانکلین بدرێت.
* لایز مایتنەر (Lise Meitner): لەگەڵ ئۆتۆ ھان کاری کرد و بنەما تیۆرییەکانی دابەشبوونی ناوکی ئەتۆمی (Nuclear Fission)ی دانا؛ ھەروەھا ئەو بوو کە زاراوەی «دابەشبوونی ناوکی»ی داڕشت. بەڵام خەڵاتی نۆبڵی کیمیای ساڵی ١٩٤٤ تەنھا بە ئۆتۆ ھان درا و ناوی مایتنەر لە خەڵاتەکەدا پشتگوێخرا.
* جۆسلین بێل بێرنێل، لەدایک بووی ١٩٤٣، زانای فیزیای ناوەکییە، لەکاتی خوێندنی باڵادا جۆرێک لە ئەستێرەی نیوترۆنی دۆزییەوە. سەرپەرشتیارەکەی زانای بەریتانی ئەنتۆنی ھویش بوو، بەڵام خۆی خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت لەگەڵ مارتین رایلی بۆ ئەم دۆزینەوەیە و ناوی جۆسلین نەھات لەگەڵ ئەوەی ئەو یەکەم کەس بوو دۆزییەوە.
بۆ نەھێشتنی دیاردەی ماتێڵدا دەبێت چەندین ڕێکار ئەنجام بدرێت، وەک:
* گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیستەمی زانکۆیی، دامەزراوە ئەکادیمییەکان بکرێت.
* چاکسازی لە سیستمی بڵاوکردنەوەدا بکرێت.
* پێداچوونەوە بە چۆنیەتی ھەڵسەنگاندنی بابەتەکان.
* پێداچوونەوە بە میتۆدی خوێندن بە جۆرێک باسی توانای ژنان و داھێنانەکانیان بکات.
* میدیا و کایەکانی ڕۆشنبیری بایەخ بە داھێنانی ژنان بدەن.
* ناوی داھێنەر و دۆزەرەوەی بابەتەکان ھەموی تۆمار بکرێن بۆ ئەوەی لایەنگیری نەبێت و ناوەکان ھەبن.
* ھاوسەنگی لەخەڵات و پاداشت، بە جۆرێک جیاکاریی ڕەگەزی نەبێت.
* ڕوونی (شەفافیەت) ھەبێت لە کرێ و پاداشت، *پێوەرەکان ئاشکرابن و بڵاو بکرێنەوە.
* لیژنەی خەڵاتەکان ھەمەچەشن و ھاوسەنگ بن، کەسانێکی تێدا بێت بڕوای بە توانا و داھێنانی ژنان ھەبێت.
لە میدیاکانەوە ئاماژە بە توانا و داھێنانی ژنان بدرێت.