ئایا حاڵی خوێندکار (خوێندنگە - زانکۆ) لەھەموو دونیا ئاوایە؟!

د. یه‌حیا عومه‌ر رێشاوی
  2026-03-31     194

ئەم چەند ڕۆژە بەردەوام بیر لەم بێزاریەی بەشێکی زۆر لە خوێندکاران لە خوێندن و چواردیواری خوێندنگە و زانکۆکان دەکەمەوە، بێزاریەک بگاتە ڕادەی خواستی خوێندکار بە بەردەوامی شەڕ و کوشتار و زریان و لافاو و بایکۆت و خۆپیشاندان، تەنھا بۆ خاتری ئەوەی دەرگای خوێندنگە و زانکۆکان نەکرێنەوە؟‌! و لە ماڵەوە مژوڵی ئایپاد و مۆبایلەکەی بێت و کات بکوژێت ! بە ڕادەیەک ھەندێک لە خوێندکاران بە بڕیاری وەستانی پرۆسەی خوێندن شاگەشکە ببن و لەسەر خوێندنگەکانیان لۆکەیشنی بنکەی سەربازیی ئەمریکیی دابنێن !! تا بەشکو درۆنێکی وێڵی بەربکەوێت !!
ڕاستە لە ڕووی دەروونیەوە ھەمیشە خوێندن و دانیشتن لەسەر کورسی خوێندن جۆرێک لە بەستنەوە و پاپەند بوونی تێدایە و مرۆڤ بە سروشتی ئارەزوی ئازاد بوون و (ناپابەندبوون)ی تێدایە، ڕاستە لەسەردەمی ئێمەشدا ڕەنگە سایکۆلۆجیەتی بێزاریی لە خوێندن لە ناخماندا ھەبوو بێت و بە شێوەیەک لە شێوەکان ئاواتی زیادبوونی پشووەکانمان کردبێت، بەڵام بابەتەکە ھەمووی ئەوە نییە و بیرکردنەوەیەکی قووڵتر و چڕتری دەوێت، بە تایبەت لەم سەردەمەدا کە زۆر شت بۆ خوێندکار فەراھەم کراوە، لە ھۆڵی خوێندن و گەیاندن و خوێندنی تایبەت و قەدەغەکردنی لێدانی قوتابی و ئامێری فێرکردنی نوێ و پەرتوکی ڕەنگا و ڕەنگ و زۆر شتی تر.  
دیارە ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای ھەرێم ماوەی چەند ساڵێکە بە بەردەوامی سەرقاڵی پرۆسەی نوێکردنەوە و گۆڕانکارین لە ھەموو شت: پڕۆگرام، ڕاھێنانی مامۆستا، کتێبەکانی مەنھەجی خوێندن، خوێندکار بکرێتە سەنتەر، سیستمی فێرکردن، بەدیجیتاڵکردن، سیستمی ئەوروپیی و کۆری و بەریتانیی ... ، بە کورتی و بە ‌کوردی ھەمووی بۆ خاتری ئەوەی خوێندکار لەگەڵ پڕۆسەی خوێندن ئاشت بکەنەوە ‌و ژینگەیەکی لەبارتر بۆ خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندیی و زانکۆیی دروست ببێت، ژینگەیەک تێیدا خوێندکار ئارەزووی خوێندن و فێربوون و گەڕانی زانستیی بۆ دروست بێت، ژینگەیەک کە تێیدا مامۆستا و خوێندکار ببنە ھاوڕێ و پێکەوە پەرە بە ڕەوتی زانست و زانیاریی بدەن، ژینگەیەک کە سەرجەم سێکتەرە ئیداریی و زانستیی و داراییەکان بچنە خزمەتی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، بەڵام دەرئەنجام ئەوەیە کە بینیمان و دەیبنین، بێزاریەکی قووڵی بەشێکی زۆر لە خوێندکاران لە ژینگەی خوێندن، بەجۆرێک ئاماری ترسناک بۆ وازھێنان لە خوێندن لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستاندا ھەیە و خوێندکار نەک رۆژێک و دوو ڕۆژ بەڵکو تا چەند مانگێکی دیکەش چواردیواری خوێندنگە و زانکۆکەی نەبینێت تامەزرۆیی بۆ دروست نابێت و ڕەنگە بیری کورسی خوێندن و مامۆستا و ھاوڕێکانی ناکات ؟!
ئەمە بەڕاستی دیاردەیەکی مەترسیدار و خەمھێنەرە و ڕەنگە ھزر و خەیاڵی زۆرێک لە ئێوەشی داگیر کردبێت و مافی خۆمانە ئەم پرسیارە سادانە بکەین: 
- باشە تۆ بڵێی لە سەرتاسەری ئەم ھەسارەیە حاڵی پەیوەندیی نێوان خوێندکار و ژینگەی خوێندن بەم شێوەیە بێت و بە داخستنی دەرگای خوێندنگە و زانکۆکان خەندە بەری لێو‌ی خوێندکاران بگرێت ؟!
- داخۆ چی بکرێت بۆ ئەوەی خوێندکار ئاشت بکرێتەوە لەگەڵ پرۆسەی خوێندن و فێربوون و ئارەزووی گەڕان و خوێندن لە ناخیدا بچێنرێت، بە جۆرێک خۆی حەز بە خوێندن  بکات، نەک بە زۆرە ملێ و ناچار کردن؟!
- ئایا ئەو ھەموو پرۆسەی ڕیفۆرم و گۆڕانکاریانەی ھەردوو وەزارەت (خوێندنی باڵا و پەروەردە) لەم چەند ساڵەدا ئەنجامیاندا، چی بەچی کرد؟ ئایا توانی پرۆسەکە ھەم لە شێواز و ھەم لە ناوەڕۆکدا بگۆڕێت؟ یان تەنھا شێواز و شکڵەکە گۆڕا و کرۆک و ڕۆحی پرۆسەکە ھەروەک خۆی ماوەتەوە؟ 
ئەمانە و چەندین پرسیاری تر ڕەنگە لە ھزرو خەیاڵی ھەریەکە لە ئێمە و ئێوەدا بێت و بچێت و بەشوێن وەڵامەکەیدا بگەڕێین و بەردەوام ناخمان دەھەژێنن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×