لە گۆڕی بەکۆمەڵی عێراقێکانەوە بۆ گۆڕی به کۆمەڵی ئاڵتونەکانیان

نەوزاد بەندی
  2026-07-25     87

 

ڕەنگە عێراق بە کوردستانیشەوە، تاکە ووڵات بێ کە زۆرترین ئاهەنگی سەرکەوتن و سەرفرازیی تێدا ئەنجام درا بێ، کەچی سیستم لە دوای سیستم خراپتر و تاوانبارتر و گەندەڵتر بووە ..

وەک دەڵێن لە دەمی سەگ ڕایانکردووە، کەوتونەتە دەمی گورگەوە.. وەک خەیام ئەڵێ دەرمانی دەردیان بە دەرد بۆ کردوون.

بەردەوام لەم عێراقە سەیر و سەمەرەیەدا، کە وەک کۆمەڵگا و وەک دەسەڵات و  تەنانەت وەک ئاو و هەوایش بۆ مانەوەی مرۆڤ گونجاو نەبووە ونییە، شتی سەیر و سەیرتر ڕوودەدات.

ئاخر لە چ ووڵات و گەل و نەتەوەیەکدا ڕووی داوە، کوڕێک بە بەرچاوی دایک و باوکییەوە گوللە باران بکرێ، ئینجا داوا لە دایک و باوکی بکرێت چەپڵە لێ بدەن و هەلهەلە لێ بدەن و نرخی تێچووی فیشەکەکانیش بدەنەوە بە حوکمەتەکە تاوانەکەیشی ئەوە بووە کوردایەتیی کردووە ؟!!.. ئێ ئاخر ئەمە تەنها لەسەردەمی بەعسدا ڕووی داوە و زۆر بە ئاساییش پڕۆسەکە بەڕێوە چووە، کە بڕوا ناکەم نیرۆنی  ڕۆماسوتێن، شتی وایکردبێ ..بڕوا ناکەم جەنگیزخان کە قەسابێکی بێ وێنە بوو، هەرگیز بیری لەوە کردبێتەوە پارەی شمشێرەکەی له کەس و کاری کوژراوەکە وەربگرێتەوە یان پێی وتبن کاتێ کوڕەکەتان ئەکوژم چەپڵە و هەلهەلە لێبدەن، چونکە ئەم کارە لۆژیک و ئەخلاق قبوڵی ناکەن، واتا ئەگەر هەر جۆرێکی ئاژەڵ بێنیت، بێچووەکەی لە پێش چاویدا بکوژیت، نەک ناتوانیت وای لێ بکەیت خۆشحاڵیی دەرببڕێت، تەنانەت بە هەموو تواناکانییەوە هێرشت بۆ دێنێت و تۆڵەت لێدەکاتەوە، هەموومان ئەو مریشکەمان بینیوە کە بە گژی مارێکی کۆبرادا دێتەوە و ناهێڵێت توخنی جوجکەکانی بکەوێت.

ئەم دۆخە نالۆژیکییە نا ئەخلاقییە تایبەتە بە عێراقیی و عێراقییەکان و ..قبوڵیشیان کردووە و قبوڵیشی ئەکەن.

ئێ لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس له لایەن ئەمەریکاوە چی ڕووی دا ؟ ئاهەنگ و شایلۆغان .. چەندەها ڕۆژ هەتا ئێوارە، چەندەها ئێوارە هەتا بەیانی، ئاهەنگ بوو ..عێراقی نوێ گەیشت و ..دیکتاتۆرییەت کۆتایی هات.. 

بەڵام ئەو عێراقییەی کە لە دەست سەگە هارەکانی بەعس ڕزگار کرا، کەوتە سەر کەڵبەی گورگە نادیارەکان .. هەر زوو هەستی بە نەمانی نەخۆشخانەی خۆڕایی و خوێندنی خۆڕایی و گەیاندنی خۆڕایی کرد .. هەستی بە نەمانی ڕێز و شکۆ و ڕەوشت و بەها کۆمەڵایەتیی وئاینییەکان کرد .. لە ماوەیەکی کورتدا هەزاران زانا و دانای عێراقیی لەسەر شەقامەکان و ماڵەکاندا، بە دەستێکی نادیار تیرۆر کران ..تەقینەوە و شەڕی ناوخۆ و مەزهەبی دەستی پێکرد.. برسێتیی سەری هەڵدا.. کۆچی بە کۆمەڵ ڕووی دا.. کۆچی مەزهەبیی و برسێتیی ..

بەڵام عێراقییەکان قبوڵیان کرد، وەک چۆن پێشتریش قبوڵیان کردبوو.. عێراقییەکان ناپرسن ئەرێ ئەو هەموو ڕۆژ و شەوە ئاهەنگ و شایلۆغانمان بۆچی کرد؟

کوردستانی خۆیشمان پێش شایلۆغانی عێراقییەکان بە یەک دەرزەن ساڵ، ئازادیی و خودموختاریی هەرێمایەتیی خۆی ڕاگەیاندبوو، برسێتیی و شەڕی ناوخۆ و گۆڕبزربوونی دەهەزار ڕۆڵەی کوردی ڕاگەیاندبوو.. دوو ئیدارەیی و بڵاوکردنەوەی شەڕی ڕاگەیاندن یان جنیوی دژ بەیەکی وا، کە بڕوا ناکەم هیچ بێگانەیەک بەو شێوەیه ئیهانە و شکاندنی بۆ کورد کردبێت.. باشە لە چ مێژوو ، جوگرافیایەکدا، لە چ فەلسەفەیەکی هیتلەر و مۆسۆلینیی و ڕەزاشا و شاعەباسدا هاتووە، له شەڕی براکوژیدا، خێزانێکی نەناسراو لە ماڵی خێزانێکی دوژمنیدا نیشتەجێ بکرێت؟ یەکێتی و پارتی کردیان، لە سلێمانی ماڵە ئاوارەی هەولێریی یەکێتیی لە ماڵە پارتی مەشرەبەکاندا نیشتەجێ کران، لە هەولێریش بە هەمان شێوە ..ئاخر تۆ جوان لێکی بدەنەوە و تێی بڕوانن، دوو خێزانی دوژمن  لە سەروەختی شەڕێکی خوێناویی نێوانیاندا، چۆن لە یەک ماڵدا ئەتوانن پێکەوە بژین؟   لەلای ئێمە پێکەوە ژیان و قبوڵیشیان کرد..و سوپاس بۆ خوا، تێیشمان پەڕاند.

ئینجا موچە نەدان بە هاووڵاتیان.. لەوەیش سەیرتر پاشەکەوتکردنی موچە، لە چ سیستم و کۆمەڵگایەکدا ڕووی داوە؟ موچە وەک ئۆکسجین وایە، وەک چۆن ئۆکسجین خوێنی مرۆڤ گەش دەکاتەوە و ووزە ئەگەیەنێتە خانەکانی لەش بۆ بەردەوامبوونی چالاکییە زیندەییەکان، بە هەمان شێوە موچە، خواردن دەگەیەنێتە خانەکانی لەش بۆ ئەوەی لە ڕێی ئۆکسجینەوە، شی بکرێنەوە و بگۆڕێن بۆ پێویستییە پڕۆتینیی و میناڕاڵییەکانی لەش .. تۆ بێیت و بێ خەم بڵێیت من موچەکەتان نادەمێ و بۆتان پاشەکەوت ئەکەم !! ئەم حاڵەتە لە هیچ کلتوور و سیستم و قۆناغێکی مێژوویی و جوگرافیی و جاهیلیی و تەنانەت لە ئەشکەوتیشدا ڕووی نەداوە.. هیچ جیاوازییەکی نییە لە قوقوڕاگە گرتن و خنکاندن و بێ بەشکردن لە ئۆکسجین ..ئینجا لەوەیش سەیرتر قبوڵکردنی ئەو کۆمەڵکوژییە داراییەیە لە لایەن خەڵکەوە .. لەوەیش سەیرترین و سەیرترین دووجا و زیاتریش، بەردەوامبوونی ئەم موچە نەدانە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ، هەر ساڵەی بە جۆرێک و بە بڕێک و بە چەند مانگێک، لە زۆر زۆر و لە کەم کەم، بە جۆرێک ساڵ هەبووە شەش موچە و زیاتری تیا نەدراوە.

بەڵام کە لایەکیان ویژدانی نەبێت و لایەکەی تریش قبوڵی بکات، ئێمە لێرەدا تەنها ئاماژەی پێدەکەین وەک ئەو شتە سەیر و سەمەرانەی لە عێراقدا ئەگوزەرێن و هەموو لایەکیش قبوڵییانە .

پاشان فرۆشتنی نەوت و قەرزار بوون..ئەم کارەساتە بیرکاریی و عەقڵیی و مۆڕاڵییە سەختە، کاتێ تۆ ملیۆنەها بەرمیل نەوت ئەفرۆشیت بۆ ئەوەی ملیارەها دۆلار قەرزار بیت !! لێرەدا ئیتر هەرچی هاوکێشەی بیرکاریی و فیزیا و کیمیا هەیە ڕائەوەستن.. هەرچی یاسای ئابووریی  و سۆسۆلیۆژی و سیاسیی هەیە، توشی شۆک ئەبن.. بەڵام وەک ووتم نەوتفرۆشەکە زۆر بە ئاسایی ئەڵێ نەوتم فرۆشتووە و ملیارەها دۆلار قەرزم کردۆتە گەردنتانەوە ئەی میللەتی پاڵەوان .. لەوەیش سەیرتر میللەتە پاڵەوانەکە قبوڵی ئەکات، ئەمەیش یەکێکی ترە لە دیاردە سەرسوڕهێنەرە قبوڵکراوەکان، کە تایبەتن بە عێراق.

هێشتنەوەی سەدان هەزار دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگاکان، بۆ ماوەی دەیان ساڵ، بێ دامەزراندن و بێ ئیش و بێ داهاتوو، ئەمە لە هەر ووڵاتێکدا بێ، دەسەڵات خەوی لێ ناکەوێ و لە نزیکترین فرسەتدا، مایەپوچبوون و دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕادەگەیەنێت، بەڵام لە عێراق نا .. چونکە لە عێراق هەموو لایەک قبوڵیانە، هەر بۆیە کە ئەم ڕازی و ئەو رازی بێ،حەتمەن قازی ئەبێ خەریکی قوتدانی لوقمەقازی بێ.

لەوەیش سەیرتر کە کۆیلەکانی ئەهرامەکان قبوڵی ناکەن و لە عێراقدا قبوڵ کراوە و ئەکرێ، لێدانەوەی قەوانی کورتهێنانی بودجەیە..لە هەمان کات سەرهەڵدانی سەدان و هەزاران ملیۆنێر و ملیاردێری سیاسییە.. لێسەندنەوەی فلس بە فلسی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکانە لە هاووڵاتیان لە کاتێکدا حوکمەت پێنج شەش ملیار دۆلاری فەرمانبەران قەرزارە، ئەمەیش سەرسوڕهێنەرێکی جیهانییە کە هەردوو لا قبوڵیانە و وەزعەکەیش چ عەیبی نییە.

لەوەیش سەیرتر کە هەموو لایەک قبوڵیانە سەرۆکەکان دەیان و سەدان ملیۆن دۆلار دەدەنە کۆشک و  فڕۆکەی تایبەت و قات و بۆینباخ و  سەعاتی مارکە و کچی شۆخ و شەنگ، لە بەرامبەردا مامۆستایەک لەسەر شاشەی تیڤییەکان ئەگری و ئەڵێ سێ مانگە کرێ خانووم نەداوە و سێ ڕۆژە لە ماڵەکەمدا ئاگر نەکراوەتەوە، بەڵام هیچ ڕوونادات چونکە مامۆستا گریاوەکە و سەرۆکە خۆشبەختەکانیش قبوڵیانە و ڕازین، ئیتر با قازی بۆ خۆی هەر لوقمەقازی بخوات.

سەیرترین شتیش ئەوەیە کۆمەڵێ بەناو ئۆپۆزیسیۆن بە قات و بۆینباخ و لاندکرۆزەر و ڤێڵاوە، بەردەوام ئەوە دەدەن بە گوێی میللەتەکەدا کە ئەوەندە ملیاریان دزراوە و ئەوەندە نەوت و غازیان حەپەلوشکراوە و ئەوەندە هەزار دۆنم زەوییان پاوانکراوە، لە ڕاستیدا ئەم کۆمەڵە مەبەستیان ووریا کردنەوەی خەڵک و گۆڕانکاریی نییە، بەڵکو وەک ئەو یاریزانەی زۆرانبازیی گا وایە کە کاتێک گاکە خەریکە ئەمرێ و ئەکەوێ، دێتە لایەوە و کۆمەڵێ شمشێر ئەکات بە پشتیدا .. ئەم زانیاریی و داتا خەمگینانەی سەبارەت بە تاڵانکردنی ژێر خان و سەرخانی نیشتمان، تەقاندنی فیشەکی ڕەحمەتە لەناوچاوی میللەت، بۆ ئەوەیە خەڵکەکە ئەوەندەی تر نائومێد و کۆیلەتر و داماوتر بن، چونکە بیریارێک ئەڵێت ئەگەر ئازارێکی کەمی بەرامبەرەکەت بدەیت، بیر له تۆڵەکردنەوە ئەکاتەوە، بەڵام ئەگەر بەردەوام ئازاری بدەیت و لە هەموو ڕوویەکەوە برینداری بکەیت، ئیتر بیری تۆڵەکردنەوەی تێدا نامێنێ، هەرگیز بیر له تۆڵەکردنەوە ناکاتەوە و تۆ ئەباتە ئاستی سوپەرپاوەر و خواوە و خۆیشی ئەبێتە عەبدێکی بێ دەسەڵات و دەست سپی ..ئیتر هەردوو سێ لایان قبوڵیانە، هەم دەسەڵات و هەم ئۆپۆزیسیۆن و هەم میللەتی ڕەش و ڕووت، ئەوەیشی قسە ئەکات زیاد ئەڵێ هەروەک ئەفراسیاب لە تەمسیلی ژن بە ژندا عەرزی کردین.

یەکێک لە دیاردە نامەعقولەکانی ڕژێمی بەعس، گۆڕی بە کۆمەڵی هاووڵاتیان بوو .. ئاخر ڕەنگە لە ووڵاتان گۆڕی بە کۆمەڵ هەبێ، بەڵام هی بومەلەرزە و تسۆنامی و زریان و لافاو و تاعون و کارەساتە سروشتییەکانە .. یان هی دوژمنەکانیانە لە شەڕە گەورەکاندا، کەچی سەدام حسێنێک کە ملیۆنان هاووڵاتی خۆی لەسەر بیر کردنەوە و مەزهەب و نەتەوایەتیی و زۆرجاریش بە بێ هۆ، ئەکوژێت و ئەیانخاتە ناو گۆڕی بەکۆمەڵەوە، ئەمە شتێکە  عەقڵ و لۆژیک قبوڵی ناکەن، بەڵام مادام گەلانی عێراق قبوڵیانە، ئەبێتە شتێکی ئاسایی و .. زۆر بە نۆرماڵییش بەسەر هەموواندا تێدەپەڕێت.

دوای شایلۆغانی ڕوخانی بەعس و بە پەتاکردنی سەدام  و جەماعەتەکەی، خۆ عێراق نابێتە شامی شەریف .. عێراق هەر  عێراقە و ..هەر عێراقیش ئەبێت،  هەر خاڵیی نییە لە دیاردەی سەیر و سەمەرەی قبوڵکراو، لەلایەن هەموو لایەکەوە ..

عێراقێک لەسەر دەریایەک نەوت و گازی سروشتیی و کانزای گرانبەهای ترە، کەچی تەماشایەکی کۆمەڵگای عێراقیی دەکەیت وەکو ئەوە وایە کینیا و تەنزانیا بێت.. ڕۆژ بە ڕۆژ دیاردەی عەرەبانە و هەژاریی و سواڵکردن و .. نان پەیداکردن لەناو خۆڵ و خاشاکی قەراغ شارەکاندا زیاد ئەکات .. لەو لایشەوە لە پڕێکا سەرۆکێک پەیدا ئەبێ، حەزی لە چەپڵەیه، خۆی لێ ئەبێتە مەهاتیر محەمەد و ماندێلا، دەست ئەکات بە ڕاوەدونانی دز و گەندەڵکارانی ووڵات.. ئەمجارەیان گۆڕە بە کۆمەڵەکانی کیلۆ ئاڵتوونەکان و ملیارە دۆلارەکان ئاشکرا ئەبن .. جومەیلییەکی ملباریک ئەکەنە کەبشی فیدا، گوایا ملیارەها دۆلاری خستۆتە ناو دەبەی بەڕادی ئاو و لە ژێر زەویدا شاردوونیەتەوە .. سەدان و هەزاران کیلۆ ئاڵتونی خستۆتە ناو سپلیت و ژێر  خان  و ژێر زەوی بەغا و هەولێرەوە!! هههههه .. ..ژنێکی چاو زەق دەست بەسەر دەکەن، گوایا ئەوەندەی جومەیلی و زیاتریشی خستۆتە ناو گۆڕی بە کۆمەڵی زێڕ ودۆلارەوە .. ئیتر خەڵکەکە دڵیان خۆش ئەبێتەوە و چەپڵە لێدەدەن و دۆعای تەمەن درێژی بۆ سەرۆکی گەندەڵکوژ و دزتەقێن و جەردەفڕێن دەکەن.. نوسەرەکان پڕ ئەدەن بە قەڵەما و .. دەستدەکەن بە حیسابکردنی ئەو هەموو داهاتە دزراوەی کە سەرۆکی قوماندانی نوێ لە دزەکانی سەندۆتەوە و خستوویەتیە ناو خەزێنەی دەوڵەتەوە ..ئیتر ئاهەنگ و شایلۆغانی دەروونیی و ڕاگەیاندنەکان دەست پێدەکات و دۆلار له لەسەد و پەنجا و سێوە دێتە خوارەوە بۆ سەد و پەنجا و دوو و نیو ..!

بە بێ ئەوەی یەک سواڵکەر کەم بووبێتەوە ..بە بێ ئەوەی یەک کرێچی بووبێتە خاوەنی ماڵ ..بە بێ ئەوەی یەک بێکار دامەزرابێ..به بێ ئەوەی یەک نەفەر لەوانە کەم بوبێتەوە کە لەسەر مقەبا و خۆڵ و خاشاکی قەراغ شارەکان بژێوی ژیانیان دەستەبەر ئەکەن..

کەسیش ناپرسێ ئەرێ ئاغای قەشەنگ، ئەو ملیۆنەها و ملیارەها دۆلارە دۆزراوەیە لە گۆڕەبەکۆمەڵەکانی جەردەکاندا .. ئەو سەدەها و هەزارەها کیلۆ ئاڵتوونە دۆزراوەیە کە ئەکاتە بودجەی ووڵاتێکی ئەوروپیی، چییان لێ هات؟ بۆچی برسییەکیان تێر نەکرد ؟ کێ بردی و کێ دۆزییەوە و کێ دیسان بردییەوە و خواردی؟ بەڵێ، سەرۆکی قەشەنگ،   گۆڕە بە کومەڵەکانی داهاتی نیشتمانێکی هەڵدایەوە و .. دوای چەپڵە لێدانێکی گەرم و دەستخۆشییەکی جەماوەریی، لە گۆڕەبەکۆمەڵەکانی تایبەت بە خۆیدا ئەسپاردەی کردنەوە.. بە ڕەزامەندی هەموو لایەک و .. و للمرحوم سورة الفاتحة ..

انا للە و انا الیە راجـعـــــــــــــــــــــــــــون.. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سه‌عدی پیره‌: مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوای له‌ كاك بافڵ كرد به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی لایه‌نه‌كان بكات
ئەکسیۆس: ئەمریکا پلانی هێرشێکی گەورەیان بۆسەر ئێران ئامادە کردووە
لە بەنزینخانەکانی هەولێر بە کارتی (کۆبۆن) کۆتایی بە نۆرەگرتن دەهێنرێت
"زه‌یدی داوای كردوه‌ ئێران هێرش نه‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌شتیانه‌ی نه‌وتی عێراق ده‌گوازنه‌وه، وه‌ڵامی رونی وه‌رنه‌گرتوه‌‌"
پەرلەمانتارێکی پارتی بۆ ئاوێنە: ئەگەر یەکێتی‌و نەوەی نوێ توانییان دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن پیرۆزباییان لێدەکەین
پەرلەمانتارێک: تێچوی لیترێک بەنزین ناگاتە ١٥٠ دینار، بۆ ھەرزانی ناکەن
لە شەوی رابردوەوە ئەمریکاو ئێران ھێرشیان نەکردۆتە سەر یەکتری
وتەبێژی سوپای پاسداران: دوای پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکە ٢٠٠ ئەمریکی کوژراون
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ
زێلێنسکی: هێزەکانمان کەشتییەکی روسیایان تێکشکاند کە باری ئێرانی هەڵگرتبوو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×