دەسەڵاتدارانی هەرێم و دڵخۆشکردنی خەڵک

نەوزاد بەندی
  2026-08-06     9

بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتیی، هیچ دەسەڵاتێک لەم سەرزەمینەدا، ئەوەندەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دڵی میللەتەکەیان خۆش نەکردووە .. ئەوەندەی دەسەڵاتدارانی کورد ،  کوردیان نەگەیاندۆتە لوتکەی کەیف و ئارامیی و هێوربوونەوەی دڵ و ڕۆح.

دوێنێ شەو موبەڕیدەکە ئینزاری بێ ئاویی دا، چومە سەربان، تەماشا ئەکەم تەنکێکە دوو بست ئاوی تێدایه، هەر بۆیه بە پەللە  موبەڕیدەکەی خۆمانم کوژاندەوە، بەڵام دڵم نەهات موبەڕیدەی مناڵەکان بکوژێنمەوە، ووتم بەڵکو بەرەکەتی تێ بکەوێ و ئەو شەوە لەناو گەرمادا نەتلێنەوە.

ئیتر دڵەڕاوکێ و بێزارییەکەم دەستی پێکرد،  لەگەڵ ئەوەیشدا کارێزی عەرەق لە پشت ملمەوە تەقی و .. بە گازەرای پشتما هاتە خوارەوە، بۆنی عەرەقی بن باڵم بێزاری کردم، چونکە بە تەما بووم دوشێک بکەم کاتێ موبەڕیدە بۆر ئەو زەنگە دڵتەزێنەی دا بە گوێمانا، زەنگی کەمبوونەوەی ئاو..

ئیتر تاقەتی نوسین و خوێندنەوەم نەما، شەوێکی زۆر گەرم و قورس و پڕ لە خەمۆکییم بەسەر برد، تەنانەت حەوسەڵەی وەڵامدانەوەی مۆبایل و کۆمێنتی هاوڕێکانم نەبوو.. لە دوای نیوە شەو هەتا بەیانی چەند جارێک چومە لای بۆری ئاوی ڕەئیسی و گوێم لێگرت، بێدەنگ و بێ وورتە، لە خەوێکی قوڵدا بوو..بەلوعەم ئەکردەوە قڕقێنەیەکی ئەدا و پێی ئەووتم:  ئیشێکت هەبوو ؟ 

ماڵێکی لە کوڵهاتوو، قاپ و کەوچک لەسەر سنکەکە کەڵەکە بووبوون، پیاو نەیدەوێرا تەنانەت دەستێکیش بە ئاو بگەیەنێت، نەک بە تەواوەتیی وشک بکات، ئەوسا مناڵ لە کوێ دەست و دەم و چاوێک بشۆن؟ 

دڵەڕاوکێکەم سات بە سات زیادی ئەکرد، بە تایبەت دوێنێ شەو تەلەفۆنیشم بۆ غاز فرۆشەکە کردبوو بتڵێ غازم فریا بخات، ئەویش ووتبووی فۆرمی بایعییەکەت حازر کە، مقەدەر نەبێ سەعات نۆ ئەگەمە لات ..ئەوا سەعات نۆ لای دا و نە غاز و نە ئاو ..تەلەفۆنم بۆ هاوڕێیەکم کرد لە چەند کۆڵانێکی ئەو دیو ماڵی خۆمانە، ووتی :  لای ئێمە پێرێ ئاو هاتۆتەوە ..

ئەوەیش دڵەڕاوکێکەی زیاد کردم، چونکە ئێمە پێرێ مزەخەی ئاومان کوژاندبۆوە، حەز ناکەم بەردەوام مزەخەی ئاو ئیش پێبکەم، تەنها یەک سەعات، وا دیارە ئاو هاتۆتەوە و  مزەخەی حەرەسی دراوسێکان  دوا قومی هەڵکێشاوە و من بێ بەش بووم.

برادەرێکی تر لەو نزیکانە ووتی : لای ئێمە هاتۆتەوە بەڵام تۆزێ کزە ..

ئەمە وای لێکردم پڕ بکەم بە ئیسپانەدا و بڕۆمە لای مزەخەی ئاوەکە، برغوم کردەوە و هەوام دەرکرد و .. ڕەباتەکەم کردەوە، سەیر ئەکەم ئاو نییە، تەنها ئەو ئاوەی کە بە حیساب هەوای مزەخەکەم پێ دەرکرد، بە تەوژم لە دەرچەی تەنفیسەکەوە، کێشای بە دەم و چاوما وەک نیمچە تف تێکردنێک وا بوو.

بە ئیسپانە و سەر و پۆتەڵاکی تەڕەوە، هاتمەوە.. ووتم بە هیچ جۆرێ لای ئێمە ئاو نییە.

ژمارەی تەنکەرە ئاوێکم لەلایه، خێزانم ووتی تەلەفۆنی بۆ مەکە، ئەو تەنکەرانە پیسن ..تازە پەنجەم بەر ژمارەکەی کەوتبوو، دامخستەوە، ئەمجارە ئەو تەلەفۆنی کرد .. ووتی تەنکەرێکی هەژدە بەرمیلیی بە بیست و پێنج هەزارە .. ووتم ئەی وەکو بزانیت بۆچی ئاو نییە ؟ .بۆری و شت نەشکاوە وەک چۆن هەموو ساڵێ له مانگی حەوت و هەشتا ئەشکێن؟  .. ووتی : نەوەڵڵا ..هەر بۆ پڕۆژەکانی خۆیان زیاتر بەری ئەدەنەوە، ئەگینا ئاو ئەوەنە زۆرە خەریکە سەدەکەی دوکان ئەتەقێ ..

ووتم :  یەک سەعاتی تر ئاوەکە سەر و سۆراخی نەبوو، تەلەفۆنت بۆ ئەکەم  تەنکەرێکم بۆبێنە.

ئاو بڕا و .. موبەڕیدەی مناڵەکانیشم کوژاندەوە و پانکەکانم بۆ هەڵکردن.

سەعاتەکە لای دا، ئاو نەبوو .. بەڵام کابرای غاز پەیدا بوو، مەعمیلەکەم نەبوو، غازێکی بۆ داگرتم و فۆڕمی بایعێکە و نۆ هەزارێ لێ وەرگرتم، ووتی : سێ شەممە فۆڕمەکەت بۆ دێنمەوە..

دوایی خەمێکی ترم بۆ دروست بوو، چونکە ژمارەی تەلەفۆنم لێ وەرنەگرت، ئەی چۆن بیدۆزمەوە و ..فۆڕمی بایعێکەی لێ وەربگرمەوە؟

لەو کاتەدا لە پڕ خۆشترین ئاوازی مۆزارت و بتهۆڤن و باخم هاتە بەر گوێ .. دەنگی مزەخەی ئاوەکەمان .. یەکسەر موبەڕیدەکانم هەڵکرد، ماڵ بڕ بوو لە بۆنساردی مقەبا وشەکەوەبووەکانی موبەڕیدەکان .. گرنگ نییە.. گرنگ ئەوەیە ئیتر ئەڕۆم دوش ئەکەم و لە بۆنی عەرەق ڕزگارم ئەبێ .. قاپ و کەوچکەکانی دوێنێ شەو ئەشۆین و چێشت لێ دەنێین .. ئەیهاوار لەو خۆشیی و شادییە...

ئاخر چ دەسەڵاتێک لە دنیادا ئەتوانێت ئاوا دڵی هاووڵاتییەکانی لە پڕێکدا خۆش بکات و بیانگەیەنێتە ترۆپکی شادیی ؟ .. بۆ نمونە لە کوردستانی ئێراندا تانکی ئاو بە سەربانەکانەوە نابینیت، کەواتە تا ئێستا کوردێکی ڕۆژهەڵات ئاویان لێ نەبڕیوە و لە پڕێکا ئاوەکەی بۆ بەربدەنەوە و دڵی خۆش بکەن، ئاو بیست و چوار کاتژمێر هەیە .. کەواتە هیچ ئێرانییەک تا ئێستا لە ڕێی ئاوەوە دڵی خۆش نەبووە و نەگەیشتۆتە لوتکەی شادی و کەیف و سەفا ..سیمفۆنیای مزەخە، ئۆرکسترای ئاوی ڕەئیسی، کۆنسێرت و هەڵپەڕکێی بۆ ساز نەکردوون.. بێ بەش بوون لەو مژدە خۆشانە، لەو هەواڵە پڕ لە هیوا و ووزە بەخشانە.

  هەروەها بۆری غاز  گەیتشتۆتە دوورترین لادێی ئێران، بەو جۆره لە سیمفۆنیای تەقەی بتڵە غاز و مارشی شڵپەی بتڵە غاز بێ بەشن کاتێ لە عەنتەرەکەوە هەڵی ئەدەنە خوارەوە و .. لچ و لێوی بتڵەکان ئەقوپێن بە جۆرێ هیچ بۆتۆکس و فیلەرێ چاکیان ناکاتەوە .. میللەتانی تر وەک ئێمە لە هیچ و خۆڕایی دڵخۆش نین، چ میللەتێک شمشاڵەکەی قاڵە مەڕە مژدەی پێداون و هێناونیەتە هەلەکە سەما؟ نەخێر.. چ میللەتێک گەورە و بچوک، ژن و مناڵ و پیر و پەککەوتە بە دڵخۆشییەوە غاز دەنێنە سەر شانیان و لە کەرنەڤاڵێکی نەتەوایەتیدا، بە دوای عەنتەرە پڕ لە بتڵەکاندا، بە ئاوازی شمشاڵەکەی قالە مەڕەوە ، ڕا دەکەن و غازە بۆشەکان بە پڕیی دێننەوە؟ بێ ئەوەی ئاگادار بن، هەموویان لە جیمدان و ماسولکەکانیان هەڵئاوساون، ئاخر چ دەسەڵاتێک لە مێژووی مرۆڤایەتییدا توانیوێتی  بتڵە غاز به هەموو میللەت هەڵبگرێ، بەوەیش بەخۆڕایی یاری ئاسن و جیم بۆ هەموو هاووڵاتییەکانی دابین بکات؟ .. 

لەوەیش سەیرتر، قالە مەڕە ئارامگاکەی لە ناڵەشکێنەیە، کەچی شمشاڵەکەی لێرە دڵی شەش حەوت ملیۆن کورد خۆش ئەکات بە مژدەی غاز دوای غاز بڕان، بە زیندوو بوونەوەی غاز دوای غاز قڕان ؟ ئاخر ئەوە کەی ڕەوای حەقە، لەوان بێ و تەنها گۆڕەکەی بۆ ئەوان بێ، کەچی شمشاڵ و مژدانە و دڵخۆشکردنەکەی بۆ ئێمە بێ ؟

کێ هەیە شمشاڵەکەی قالە مەڕەی سەر عەنتەری غازەکان، یەک دنیا دڵخۆشیی و خولیا و عەشق و هیوای بۆ دروست نەکردبێ؟ کێ هەیە بە دوای ئەو ئاوازەدا بە بتڵێ غازەوە ڕاینەکردبێ؟ 

کێ هەیە بە گیزەی مزەخەی ئاو، نەچوبێتە حەوت تەبەقەی ئاسمانی دڵشادیی و ئیلهام و بەختەوەرییەوە؟ ئەم هەموو مژدە و دڵخۆشکردنە، چ دەسەڵاتێک توانیوێتی بۆ هاووڵاتییەکانی فەراهەمی بکات بێجگە لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی باشوور ؟

 

( بە سەد بتهۆڤنی نادەم، زیکەزیکی مزەخەی   ماڵ ..

چی ئۆرکسترای دنیا هەیە نایگۆڕمەوە بە یەک شمشاڵ ..

شمشاڵەکەی قالە مەڕە، لای ئێمە بەربوونی غازە..

ئازادییەکە ناوازە، بۆی هەڵئەپەڕن ماڵ بە ماڵ ..)

 

پاشان هەڵگیرساندنی شەڕی براکوژیی چەند ساڵ و لە پڕێکا بڕیاری ئاگر بەست و هەڵپەڕینی تەواوی دوو دەڤەری کەسک و زەرد، حەوت شەو و حەوت ڕۆژ ..دابەشکردنی شیرینیی و دەیان و سەدان سرود بە قەد و باڵای ئەو دوو سەرۆکە کاریزمایەی کە شەڕی براکوژییان ڕاگەیاند و دواییش کوژاندیانەوە، بەوەیش‌ گەورەترین مژدەیان دا بە گوێی تاک بە تاکی ئەم هەرێمەدا .. له بیرمە لە گەرمەی ئەو ئاهەنگە شەوانانەدا کە لەسەر شەقامەکانی شار سازدەکران، گەنجێکی باڵا بەرز و جوانخاس و دەنگخۆش، هەڵدەپەڕی و به دەوری خۆیدا ئەخولایەوە و به دەنگی بەرز‌ ئەم سردووە نیشتمانییەی ئەووتەوە :

(( هەی داد هەی بێداد گیانە ..

گیانی شیرینم ..

هەی مامە گیان کاکە گیان ..

وەی کاکە گیان 

مامە گیان ..

وەی مامە گیان .

کاکە گیان ..

مامە.. کاکە ..

ماکە .. کامە ..))

بڕوا ناکەم لە تەواوی دانیشتوانی‌گۆی زەمیندا کە وا بزانم گەیشتۆتە هەشت ملیار کەس، کەسێکی ئەوەندەی ئەو کوڕە جوانخاسە دڵی خۆش بووبێ.. دەی ئەوە دەسکەوت نییە ؟ دەی ئەگەر شەڕی براکوژیی نەکرایه، چۆن ئەتونرا گەنجی وا جوانخاس و دڵخۆش لە کۆمەڵگادا بەرهەم بهێنن ؟ 

پاشان دواخستنی موچە و ڕیسوا کردن و قەرزار کردنی فەرمانبەران، لە پڕێکا دوای دوو مانگ و زیاتر، بڵاوکردنەوەی خشتەی موچە .. ئای لەو دڵخۆشییە .. ئەزانن هیچ میللەتێک لەسەر گۆی زەوی مژدەی موچەی پێ نەدراوە و بەو هۆیەوە نەگەیشتۆتە لوتکەی چڵەپۆپەی کەیف وسەفا، بێجگە لە میللەتەکەمان ؟؟ چ میللەتێک هەیە بە بینینی خشتەی دابەشکردنی موچە، دڵی لەسەر سەد و بیست لێی دابێ و چاوی گەشابێتەوە و .. وەک نامەی دڵداریی بۆ یەکتریان ناردبێ؟؟ برادەرم هەیە لە ئەوروپاوە خشتەکەی بۆ ناردووم، وتویەتی لای ئێمە ئەنتەرنێت خێرایه، وتوومە با زوو مژدەی پێ بدەم ..!  دەی لەچ ئومەت و نەتەوەیەکدا مژدەی وا خۆش و بەلەزەت هەیە دوای وەرزێک لە پڕ موچەیەک دابەش بکرێ ؟ 

نییە .. هەر بۆیه ڕۆژ بە ڕۆژ لە ووڵاتان خەمۆکیی و شیزۆفرینیا و خۆکوشتن لە پەرەسەندندان بەڵام لای ئێمە و لە سایەی ئەم دەسەڵاتدارە مژدە بەخشانەدا، شتێک نییە بە ناوی نەخۆشیی دەروونیی و جەستەیی .. ئێ لە زانستی دەرووندا هاتووە، ئەو کەسانەی بەردەوام مژدەیان پێ دەردێ، خەڵکێکی دوورن لە نەخۆشییە دەروونییەکانەوە.

لە بیرمە  شەوێکی دەیجور،  عەلی بانیبنۆکیی تەلەفۆنی بۆ کردم، لەناو دەنگە دەنگ و هات و هاوار و عیو عیودا، بە حاڵ گوێم لە دەنگی عەلی بانیبنۆکیی بوو، بەهات و هاوار پێی ووتم : مامۆستا خانۆکانی شێخانیان لەسەر تاپۆ کردین، حەزم کرد پێت بڵێم چونکە تۆ زۆر مەراقت بوو ..

ووتم: ئەی ئەو هۆسە و ژاوە ژاوە چییە؟

ووتی : وەڵڵا لە خۆشیی ئەو هەواڵە هەموو ئەهلی گەڕەک کردوومانە بە شایلۆغان، ئەوە سەرچۆپێکە بە منە ئەگینا مەجال نەبوو ئەم هەواڵەت پێ بدەم .. جارێ بە دۆعا !

دوای چەند ساڵ عەلی بانیبنۆکییم بینی، ووتی ئەزانی هێشتا خانۆکانیان بۆ تاپۆ نەکردووین ..

ووتم : ئەی شایلۆغانەکەی ئەو شەوە چی بوو؟

ووتی : درۆ بوو..ڕاست نەبوو.

 

ئینجا تۆ سەیری ئەو دەسەڵاتدارانەی ئێمە بکەن، تەنانەت بە درۆیش لە هەوڵی دڵخۆشکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندان، ئاخر دەسەڵاتداری وا لە کوێی دنیادا هەبووە واز لە هەموو داب و نەریتێکی مرۆڤایەتیی بێنێت و لە پێناوی دڵخۆشکردنی خەڵکەکەیدا درۆی شاخدار بکات؟ تۆ وەرە ئەوەندە دڵسۆز و خەمخۆر و عاشقی میللەتەکەت بیت، هەستیت درۆی شاخداریان بۆ بکەیت تەنها و تەنها لەبەر ئەوەی ئەگەر بۆ سەعاتێکیش بێ دڵیان خۆش بێ و بکەونە هەڵپەڕکێ و شایلۆغان و سەرچۆپییەکە بدەنە دەستی عەلی بانیبنۆکیی .. 

بەڕاستی هەتا ئەم دەسەڵاتدارانەتان لە دەست نەچێت، هەست بەو هەموو خزمەت و دڵخۆشکردن و خەمخۆریی و پیاوەتییانەیان ناکەن .. هەزاران هەزار جار، توشی قات و قڕیی و شەڕ و نائارامییان کردوون، دوایی بە نوکە قەڵەمێک، هەمووانیان هێناوەتە هەلەکە سەما .. ئەمەیش خۆی لە خۆیدا، هونەرە، دڵسۆزییە، داهێنانە، پێزانینە، باوکایەتییە و  دایکایەتییشە ..

داهێنەری ئەم جۆرە دڵخۆشکردنە بە کۆمەڵە، سەدام حسێن بوو.. بۆ نمونە کاتێ بۆ ماوەی هەشت ساڵ،  شەڕێکی گەورەی لەگەڵ ئێراندا ڕاگەیاند، ملیۆنان خەڵکی کوشت و ئاوارە و هەتیو و بێوەژن و کەمئەندام کرد، دوای ئەوە یەکسەر بڕیاری ڕاگرتنی شەڕی دا و ..خەڵکەکەی هێنایە هەلەکە سەما و ..حەوت شەو و حەوت ڕۆژ، لە زاخۆوە هەتا فاو هەڵپەڕکێ و ئاهەنگ بوو، کاکە ڕەش خۆیشی بە میللەتەکەی ووت :

( کل من یحتفل بطریقته الخاصة ) 

واتە هەر کەسەی بە چ ڕێگایەک پێی خۆشە، ئاهەنگ بگێڕێت ..

ئەمانە هونەرمەندی زۆرگەورەن پێش ئەوەی سیاسەتمەداری باڵا بن، ئەتوانن سەر بەقوڕ بهێننە هەلەکە سەما، ئەتوانن باوک مردوو بخەنە هەڵپەڕکێ .. ئەتوانن مێرد مردوو بهێننە هەلهەلەلێدان.. ئەمانە ئەندازیاری وێرانکاریی و مژدە و دڵحۆشیین .. ئەتوانن لە فرمێسک پێکەنین  و .. لە برسێتیی، بۆفیەی کراوە و.. لە گۆڕستان، سێپێیی دامەزرێنن..

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×