لەپێکدادانی نوێنەرایەتییەوە بۆ شەڕی کراوە: نەخشەی نوێی سەپاندنی ڕێگری و تۆقاندن لە نێوان تاران و ئەمریکا-ئیسرائیل

سیروان عوبەید
  2026-09-18     53

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سێبەری دەرئەنجامە نەپچڕاوەکانی ڕووداوە سەربازییەکانی ساڵی ٢٠٢٦دا، بە قۆناغێکی وەرچەرخانی جەوهەری و مێژووییدا تێپەڕ دەبێت. هاوسەنگییە کۆنەکان کە بەسەر ناوچەکەکەدا زاڵ بوون بە شێوەیەکی بنەڕەتی داڕماون، و ئەو هاوکێشە تەقلیدییەی کە تێیدا ململانێکان لە ڕێگەی شەڕی نوێنەرایەتی و بەکارهێنانی هێزە نافەرمییەکان لە ژێر سنووری شەڕی ڕاستەوخۆدا بەڕێوە دەبران، شوێنی خۆی بۆ پێکدادانی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی کراوە لە نێوان ئەکتەرە سەرەکییەکاندا چۆڵ کردووە. لە شوباتی ٢٠٢٦دا، هێرشە سەربازییە گەورەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و دامەزراوە ستراتیژییەکانی، هاوکێشەی بێهێزکردن و گەمارۆدانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە قۆناغی گوشاری ئابووری و سەربازیی ناڕاستەوخۆوە گواستەوە بۆ قۆناغی لێدانی ڕاستەوخۆی سەری بڕیاردانی سیاسی و سەربازی. هەرچەندە دوابەدوای ئەمە ئاگربەستێکی شڕ و لێڵ هاتە ئاراوە، بەڵام بۆ هەمووان ڕوون بوو کە بەهۆی نەبوونی لێکتێگەیشتنی جەوهەری لەسەر ئامانجی جیاواز و پرسە ڕەگداکوتاوەکان ناوچەکەی لە دۆخی "نە جەنگ، نە ئاشتی" دەرهێنا و خستیە ناو بازنەیەکی بەردەوامی پێکدادانی ستراتیژییەوە، کە تێیدا سنوورەکانی نێوان شەڕی نوێنەرایەتی و جەنگی گشتگیر بە تەواوی ئاوێتە بوون.

لە ناوەڕاستی ئەم دیمەنە ئاڵۆزەدا، کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەردەم گەورەترین تاقیکردنەوەی مێژوویی خۆی بۆ مانەوە و پاراستنی هەژموونی ناوچەیی خۆی دەبینێتەوە. بەتایبەتی پاش ئەو زیانە سەربازی و ئابوورییە قورسانەی بەر ژێرخانی ئەتۆمی و بەرگریی ئاسمانی و هێزە ئاسمانییەکانی کەوتن، کە بووە هۆی گۆڕانی ستراتیژیی بەرگریی تاران لە هێرشبەری پێشوەختەوە بۆ پاراستنی ناوەندەکانی دەسەڵات و کاری چڕی بۆ هێزی بەرگریکردن بە هەر تێچوویەک بێت. لەم چوارچێوەیەدا، کارتی مووشەکە دوورمەوداکان، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، و مەترسی ڕاستەوخۆ لەسەر گەرووی هۆرمز تا ئێستا وەک دوایین کۆڵەکەکانی هێزی تاران ماونەتەوە.

 هەرچەندە پێش جەنگە ١٢ڕۆژییەکە ئێران هەڕەشەی داخستنی هورمزی دەکرد؛ بەڵام لەو جەنگەدا ئێران لەپراکتیکدا درکی بەوە کرد کە هاوسەنگیی سەربازیی نەریتی لە بەرامبەر باڵادەستیی تەکنەلۆجیی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بە زیانی ئەو دەشکێتەوە، بۆیە ستراتیژیی خۆی گواستەوە بۆ ڕاکێشانی ڕکابەرەکانی بۆ ناو شەڕێکی داڕزاندنی ئابووری و ئەمنی. سیاسەتی زیانگەیاندن بە بازرگانیی نێودەوڵەتی لە کەنداو و دەریای ناوەڕاستدا، و دروستکردنی مەترسی و دەستکاریکردنی ئاسایشی کەشتی و تانکەرە نەوتییەکان، تا ئەمڕۆش بوونەتە ئامرازی سەرەکیی تاران بۆ ناردنی پەیامێکی ناڕاستەوخۆ بۆ جیهان، بەوەی هەر لێدانێک لە سەقامگیریی ناخۆیی ئێران دەبێتە هۆی تێکچوون و شڵەژانی تەواوی بازاڕ و ئابووریی جیهان. لەکاتێکدا، بازاڕەکانی وزەی جیهانی و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت وەک لێکەوتەی ڕاستەوخۆی ئەم ڕووبەڕووبوونەوە سەرانسەرییە دەردەکەون، لێکەوتەکەی بەرزبوونەوەی نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو بۆ سەرەوەی سەد دۆلار لە دوای ئاڵۆزییە کەشتیوانییەکانی ئەیلوولدا، ئەو ڕاستییە ڕوونەی چەسپاند: ئێران تەنانەت لە لاوازترین دۆخی سەربازی و سیاسی خۆشیدا، هێشتا خاوەنی کلیلی دروستکردنی قەیرانی ئابووریی جیهانییە. ئەم توانایەی ڕژێمی ئێران لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بەشێکی زۆری نەوتی جیهان لە ڕێڕەوە ئاوییەکانی نزیک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵات و کاریگەریی تارانەوە تێپەڕ دەبێت. لەلایەکی تر بە ئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان، سەپاندنی تێچووی باڵای دڵنیایی کەشتیوانی، و دروستکردنی ناوچەی مەترسیدار لە کەنداو، نەک تەنها فشاری خستووەتە سەر واشنتۆن، بەڵکو وڵاتانی ئەوروپی و ئاسیاییشی ناچار کردووە ڕاستەوخۆ بێنە سەر هێڵی دانوستان یان گوشارکردن بۆ ڕاگرتنی کردە سەربازییەکان لێرەدا ئێران زیرەکانە هەوڵدەدات شەڕەکە لە چوارچێوەی گەمارۆدانی ئێران بباتەدەرەوە، بۆئەوەی ببێتە قەیرانێکی هاوبەشی جیهانی کە پەیوەستە بە ئاسایشی خۆراک و وزەوە.

هاوکاتی ئەم هەنگاوە زیرەکانەیەش، بەکار‌هێنانی هاوپەیمانە ناوچەیییەکانیەتی لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەگوترێت "بەرەی بەرگری"، ئەمە کارتێکردنێکی نوێی وەرگرتووە کە لە شەڕی نوێنەرایەتی تەقلیدی دەچێتە دەرەوە. لێرەشدا بۆ ئێران، پاراستنی نفووز لە عێراق، یەمەن، لوبنان و تەنانەت سووریا تەنها ئامرازێک نییە بۆ فراوانخوازیی ئایدۆلۆجی، بەڵکو قەڵغانێکی بەرگریی نەتەوەییە بۆ دوورخستنەوەی جەنگ لە ناوەڕاستی خاکی خۆی. لەم ستراتیژەدا، تاران لە ناوەڕاستی لێدانی سەربازیی ڕاستەوخۆ پارێزراوتر دەکات. بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵدەدات هاوپەیمانەکانی لە بەغدا و سەنعا و بەیروت چالاکتر بکات تاوەکو سەنگەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوە فرەوانتر بکات و سەرنجی ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر ناوەندە جەوهەرییەکانی ناوخۆی ئێران لاببات. ئەم یەکگرتوویییە ستراتیژییەی نێوان ناوەند و دەوروبەر وایکردووە کە هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ بڕینی کۆنتڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی سەرانسەریی ئەم تۆڕە ئاڵۆزە هەبێت، کە ئەوەش لە ڕووی سەربازییەوە بۆ ئەمەریکا، تێچوویەکی بێئەندازە باڵای هەیە.

لە بەرامبەردا، دەبینین ئیسرائیل سیاسەتی خۆی لە بەرگریی کاتی و کاردانەوەوە گۆڕیوە بۆ دروستکردنی نەخشەیەکی نوێی ئاسایشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. واتە، تەلئەبیب چیتر ڕازی نییە لەژێر سایەی هەڕەشەی بەردەوامی مووشەکی و درۆنیی سەر سنوورەکانیدا بێت، بەڵکو ستراتیژیی ڕووخاندن یان پەکخستنی تەواوەتی تواناکانی تاران و هاوپەیمانەکانی گرتووەتە بەر. ئیسرائیل هەموو هەوڵێک دەدات ئێران لەناوبەرێت یان بەشێوەیەک لاوازی بکات کە لەئاستی تەلئەبیب توانای نەمێنێت. بۆ ئەو ئاماجەشی بەردەوام هەوڵدەدات، لە ڕێگەی لێدانی ڕاستەوخۆ، بڕینی هێڵەکانی پشتیوانیی لۆجستیکی، و لاوازکردنی پێگەی ئێرانی لە عێراق و سووریا، باڵادەستی سەربازیی بێڕکابەری خۆی لە ئاسمانی ناوچەکەدا بەدەستبهێنێت. ئەم جووڵە بەردەوامەی ئیسرائیل تەنها لایەنی سەربازی نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی جیۆپۆلیتیکیشی هەیە کاتێک هەوڵ دەدات جۆرێک لە هاوپەیمانیی ئەمنی نەنووسراو لەگەڵ هەندێک لە دەوڵەتانی ناوچەکەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی ئێران دروست بکات، تاوەکو نەخشەی سیاسی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای لاوازبوونی تاران دابرێژێتەوە.

ئەمەریکاش وەک زلهێزێکی جیهانی لە نێوان پێویستیی کشانەوەی ڕێژەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ تەرکیزکردن لەسەر ڕکابەریی ڕووسیا و چین، و ناچاربوونی بە بەردەوامبوون لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و هاوپەیمانە سەرەکییەکانی، گیرساوەتەوە. واشنتۆن هەوڵ دەدات هاوسەنگییەکی ورد لە نێوان سەپاندنی سزاکان، بەکارهێنانی هێزی سەربازیی سنوردار، و ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیردا ڕابگرێت کە دەکرێت تەواوی ئابووریی جیهانی پەک بخات. هاوکات لەگەڵ ئامادەیی سەربازیی، ئەمریکا بەکارهێنانی کەناڵە دیپلۆماسییە ناڕاستەوخۆکان بەکار دەهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاستی ئاڵۆزییەکان. ئەم سیاسەتەی ئەمریکاش پێمان دەڵێت؛ کە ناوچەکە لەبەردەم دیزاینکردنەوەی سیستەمێکی ئاسایشی نوێدایە، کە تێیدا ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ چیتر ڕووداوێکی نەخوازراو یان بەڕێکەوت نییە، بەڵکو ئیتر بووەتە شێوازی بەڕێوەبردنی مڵملانێکان لە نێوان تاران و بەرەی بەرامبەریدا.

کاتێک مێژوو دەنووسرێتەوە: زەرەرمەندیی پرسی کورد و شکستی حیزبایەتی لە باشوور و ڕۆژئاوا

لە ناوەندی ئەم وەرچەرخانە ژیۆپۆلیتیکییە گەورەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پرسی کورد جارێکی تر لە بەردەم مەترسیی پەراوێزخران و بوونە قوربانیی ڕێککەوتنە ژێرخانییەکانی زلهێزە هەرێمی و جیهانییەکاندا خۆی دەبینێتەوە. پاشەکشەی هێزە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناچاربوونیان بە چوونکە ناو چوارچێوەی دەوڵەتی ناوەندی، شانبەشانی لاوازبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا لە ژێر فشاری دادگای فیدڕاڵی و گرووپە چەکدارەکانی بەغدا، ئەنجامی ڕاستەوخۆی نەمانی هاوسەنگیی هێزی کوردە لە ناوچەکەدا. بەڵام کێشە جەوهەرییەکە تەنها لە باڵادەستیی نەیارە دەرەکییەکاندا نییە، بەڵکو لە ناخ و ناوەرۆکی پێکهاتەی سیاسیی کوردیدا چڕبووەتەوە؛ بەجۆرێک کە دەسەڵاتی سیاسیی کوردی و پارتە باڵادەستەکان لە باشوور و بەشەکانی تر، بە شێوازێکی ناکوردانە تووشی کوێرایی سیاسی و بێباکی بوونەتەوە بەرامبەر ئەم ڕووداوە مێژووییانە. لە کاتێکدا دەوڵەتانی دراوسێ لەگەڵ زلهێزانی جیهانی نەخشەی دەسەڵاتی سەدەی داهاتوو دادەڕێژنەوە، بەداخەوە هێزە کوردییەکانمان تەواوی وزە و توانای کۆمەڵگەیان لە ململانێی بچووکی حیزبی، دابەشکردنی زۆنی هەژموون، و پاراستنی بەرژەوەندییە تەسکەکانی بنەماڵە و گرووپە دەستڕۆیشتووەکاندا بەفیڕۆ دەدەن. ئەم پەڕاگەندەیی و لێکترازانە ناوخۆییە وادەکات کە کورد لەداهاتووشدا لە بری ئەوەی ئەکتەرێکی سەرەکی و بڕیاردەر بێت لە دەستنیشانکردنی داهاتووی خۆیدا، ببێتە کارتێکی ئاسانی دانوستان لە نێوان تاران، ئەنقەرە، دیمەشق و واشنتۆندا.

ئەم بێباکییە سیاسییە تەنها زیان بە قەوارە و دەستکەوتە مادییەکان ناگەیەنێت، بەڵکو شەرعییەتی نەتەوەیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی کورد لە تەواوی ناوچەکەشدا دەخاتە ژێر مەترسیی داڕمانی یەکجارەکی. زۆر بەداخەوە.. پارتە سیاسییەکان بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە کۆکردنەوەی سامان و ڕاگرتنی هاوسەنگیی دەسەڵاتی نێوانیان، بە تەواوی ئامادەیی ستراتیژی و دیپلۆماسییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هاوپەیمانییە نوێییەکانی ناوچەکە لەدەستداوە. نەبوونی یەکدەنگی لە بەغدا و نەبوونی وتارێکی نیشتمانیی هاوبەش بەرامبەر دەستێوەردانەکانی دەوروبەر، پێگەی کوردی لە هەرێمێکی تا ڕادەیەک سەربەخۆیی کوردییەوە دابەزاندووە بۆ دوو زۆنی حیزبیی بێکاریگەر کە بە ئاسانی گوشاری ئابووری و سەربازییان دەخرێتە سەر. خەمی ئێمە ئەوەیە؛ ئەم دۆخە وا دەکات کاتێک جەنگە گەورەکان کۆتایییان دێت و مێزی ڕێککەوتنە سیاسییەکان دادەنرێت، کورد لە بری ئەوەی خاوەن ماف و کیانی سەربەخۆ بێت یان بەکۆدەنگی ئەو مافە بستێنێت، جارێکی تر وەک کەمینەیەکی بێپشتوپەنا لە ناو دەستوور و نەخشەی دەوڵەتە ناوەندگەراکاندا کۆنتڕۆڵ بکرێتەوە.

ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون: گواستنەوە لە بەرژەوەندیی حیزبییەوە بۆ بەرەی نیشتمانی و دیپلۆماسیی کارا

بۆ ڕێگریکردن لەم ئاڕاستە مەترسیدارە و گۆڕینی هاوکێشەکە لە بەرژەوەندیی پرسی کورد، ڕێگەچەرەی جەوهەری پێویستی بە وەرچەرخانێکی بنەڕەتی هەیە لە ئەقڵییەتی بەڕێوەبردنی خەباتی سیاسی و بەڕێوەبردندا. بە پلەی یەکەم، دەبێت کۆتایی بە پەڕاگەندەیی و ململانێی حیزبی بهێنرێت لە ڕێگەی دامەزراندنی ئەنجومەنێکی باڵای نیشتمانی یان چوارچێوەیەکی بڕیاردانی هاوبەش کە تەواوی هێزە سیاسییەکان و کەسایەتییە ئەکادیمی و ستراتیژییەکان لەخۆ بگرێت، تاوەکو وتار و سیاسەتی دەرەوەی کورد لە سەرجەم بەشەکاندا بە یەک ئاڕاستە و لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی، نیشتمانی بەڕێوە بچێت. لە جیاتی خۆڕادەستکردن بە جەمسەربەندییە هەرێمییەکان و بوونە پاشکۆی ئەم بەرە یان ئەو دەوڵەت، کورد پێویستی بە داڕشتنی سیاسەتێکی بێلایەنی کارا و دروستکردنی هاوپەیمانیی بەهێز هەیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ زلهێزە ڕەواکان و هێزە دیموکراتەکانی ناوچەکەدا.

هاوکات لەسەر ئاستی ناوخۆ، چاکسازیی ڕیشەیی لە دامەزراوەکان، بنبڕکردنی گەندەڵی، و گەڕاندنەوەی بڕوا بۆ کۆمەڵگە و جەماوەر مەرجی سەرەکیی مانەوەن؛ چونکە هیچ حکومەت، و قەوارەیەکی سیاسی ناتوانێت بەرگە بگرێت لەبەردەم باهۆزە ژیۆپۆلیتیکییەکاندا کاتێک بەرەی ناوخۆیی تێکچووبێت و هاووڵاتییان لە دەسەڵاتی خۆیان بێهیوا بووبن. لەسەر ئاستی پارچەکانی تریش، بە تایبەت لە سووریا و تورکیا، دەبێت خەباتی چەکداری و ڕووبەڕووبوونەوەی دروشمگەرا جێگەی خۆی بۆ خەباتی سیاسی، دەستووری و دیپلۆماسیی ورد چۆڵ بکات، تاوەکو مافە کەلتووری و سیاسییەکانی کورد لە نێو دەستووری ئەو وڵاتانەدا وەک مافێکی ڕەوا و بنەڕەتی بچەسپێنرێن. تەنها بەم ئاڕاستەیە کورد دەتوانێت خۆی لە مەترسیی سڕینەوە بپارێزێت و شکستە سەربازییە کاتییەکان بگوێزێتەوە بۆ دەستکەوتی سیاسیی بەردەوام.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×