نیشتمان، مەکەنەوە قوربانی ملمڵانێی دەسەڵات!

سیروان عوبەید
  2026-11-05   

کاراکردنەوەی پەرلەمان؛ دەرفەتێک بۆ ڕاستکردنەوەی پڕۆسەی دیموکراسی، یان هەنگاوێک بەرەو قووڵبوونەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان؟

ئەو پێشهاتە سیاسی و یاساییەی کە دوای دوو ساڵ وەستان، جارێکی تر کارا کردنەوەی پەرلەمانی کوردستانی لێکەوتەوە، لە تەنها ڕووداوێکی ئاسایی پەرلەمانی و گۆڕانکارییەک لە سەرۆکایەتی دامەزراوەیەکدا خۆی نابینێتەوە؛ بەڵکو ڕووداوێکە کە دەبێت لە چوارچێوەی قەیرانی سیاسی هەرێم، ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، متمانەی لەدەستچووی نێوان هێزە سیاسییەکان و داهاتووی پڕۆسەی دیموکراسی لە کوردستاندا بخوێندرێتەوە. ئەم هەنگاوە، هەرچەندە لە ڕووی دامەزراوەییەوە دەکرێت بە دەرفەتێک بۆ گەڕاندنەوەی پەرلەمان بۆ ئەرکی یاسادانان و چاودێریی حکومەت سەیر بکرێت، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە پرسیار و نیگەرانییەکی زۆری لەبارەوە دروست بووە؛ بەتایبەتی ئەوەی کە ئایا ئەم هەنگاوە دەبێتە دەستپێکی چارەسەرکردنی بنبەستی سیاسی، یان دەبێتە بەشێک لە ملمڵانێیەکی نوێ کە دەتوانێت قووڵتر لەوەی ئێستا بەرەوپێش بچێت.

پێش هەر شتێک، دەبێت بە ڕوونی بڵێین کە وەستانی پەرلەمان بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ، خۆی نیشانەیەکی گەورەی نەبوونی توانای هێزە سیاسییەکان بوو بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان لە چوارچێوەی دامەزراوەیی و یاسایی و پڕۆسەیەکی دیموکراسیانە. واتە هەر ئەوەی کە پەرلەمانێک لەدوای هەڵبژاردنەوە نەتوانێت بە ئەرکی خۆی هەستێت، زیاتر لە هەر شتێک جارێکی تر ئەو ڕاستییە بۆ ناوەخۆو دەرەوە دەردەخات کە لە کوردستاندا هێشتا کێشەی پەیوەندی نێوان حیزب و دامەزراوە چارەسەر نەکراوە. واتە، لەو هەرێمەدا تا ئێستاش دامەزراوەکان بەگوێرەی یاسا و دەنگی هاووڵاتیان کار ناکەن، بەڵکو چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە سەرکردایەتی حیزبەکان لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و پۆستەکان ڕێک بکەون. ئەمەش لە بنەڕەتدا یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی پڕۆسەی سیاسی لەم هەرێمەی ئێمەی کورد؛ چونکە بەداخەوە چارەنووسی دامەزراوەیەکی گشتی تا ئەمڕۆ بە ڕێککەوتنی ژووری حیزبییەکانەوە بەستراوەتەوە، ئەوەش ئەو واقیعە تاڵەیە؛ کە هەڵبژاردن لەکوردستان بۆ خۆڵ لەچاوکردنی هاوڵاتییانە، و دەنگ و ڕای هاووڵاتی و ئەنجامی هەڵبژاردن لە شوێنی شایستەی خۆی ڕێزی لێناگیرێت.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠٢٤دا، پارتی ٣٩ کورسی و یەکێتی ٢٣ کورسی بەدەستهێنا؛ واتە دەنگ و سەنگی سیاسی هەر یەکێک لەوانە بە ئەنجامی هەڵبژاردن دیاری کراوە. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە ئەنجامی هەڵبژاردن نابێت تەنها کاتێک لەلایەن حیزبەکانەوە قبوڵ بکرێت کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان بگونجێت. ئەگەر حیزبێک کورسی زیاتر بهێنێت، دەبێت بەگوێرەی ئەو سەنگە سیاسییە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت؛ ئەگەر حیزبێکیش کورسی کەمتر بهێنێت، دەبێت بە هەمان پێوەر و بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. نە کورسی زیاتر مافی زاڵبوونی بێسنووری دەداتە حیزبێک، نە کورسی کەمتر مافی ئەوە دەداتە حیزبێکی تر کە پڕۆسەی سیاسی ڕابگرێت تا داواکارییەکانی بەجێ بهێنرێن. ئەمە بنەمایەکی سادەی دیموکراسییە، بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە؛ لە کوردستاندا هێشتا خەڵک و حیزبەکان پێویستیان بەوەیە ئەم بنەمایە فێر ببین و لە کرداردا جێبەجێی بکەین.

 

ئەگەر نا، هەڵبژاردن بۆچی دەکەن؟!

بەبێ لایەنگیری و عاتفی ئەو هەنگاوەی کاراکردنەوەی پەرلەمان، لە ڕووی یاساییەوە، بەڕێوەبردنی دانیشتنەکەی پەرلەمان، پێویستی بە هەڵسەنگاندنی وردی ڕێکارەکان هەیە. ئامادەبوونی ٥٢ ئەندام لە پەرلەمانێکی ١٠٠ ئەندامی، لە ڕووی ژمارەییەوە لە سنووری زۆرینەی ڕەهای پێویست تێدەپەڕێت؛ بەڵام ئەمە هەموو پرسیارە یاساییەکان کۆتایی پێ ناهێنێت. بابەتی دەسەڵاتی بانگهێشتکردنی دانیشتن، ڕێکاری بەڕێوەبردنی یەکەم دانیشتن، دەسەڵاتی کۆنترین ئەندامی ئامادەبوو و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، هەموو ئەمانە پێویستیان بە ڕوونکردنەوەی یاسایی و تۆمارە فەرمییەکان هەیە. لێرەدا نابێت یاسا ببێتە ئامرازێک بۆ پاساودان بە بڕیارێکی حیزبی، هەروەها نابێت ناکۆکی سیاسی ببێتە هۆی ڕەتکردنەوەی هەر ڕێکارێکی یاسایی. یاسا دەبێت بۆ هەمووان یەکسان بێت؛ کەواتە ئەگەر ڕێکارێک یاساییە، دەبێت بەڵگەی یاسایی بۆ بخرێتەڕوو، ئەگەر پێشێلکارییەک هەبووە، دەبێت بە ڕێگای یاسایی لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت. لێرەدا ئەوەی نابێت ڕوو بدات ئەوەیە کە هەر لایەنێک تەنها ئەو بەشە بە یاسایی وەربگرێت کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی دەگونجێت و بەشەکانی تری پشتگوێ بخات.

بەڵام دەبێ واقیعی بین.. لە ڕووی سیاسییەوە، ئەو هەنگاوەی پارتی لەگەڵ کەمینەکانی تر تەنها هەوڵێک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان نەبوو؛ بەڵکو دەکرێ گۆڕانکارییەک بێت لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ بنبەستی سیاسی. بەدیوێکی تر، تا پێش ئەم هەنگاوە، گفتوگۆ و تانەدان لە نێوان دوو حیزبی سەرەکی، بە تایبەتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان، قورسایی سەرەکی پڕۆسەی سیاسییان لەدەستدا نەبوو. بەڵام کاتێک هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک نیە لەسەر پێکهێنانی کابینەی حکومەت، پارتی بەو جوڵەیە لەپراکتیکدا هەوڵی دا بە پشتبەستن بە ژمارەی کورسی و ڕێکارە پەرلەمانییەکان پڕۆسەکە بگوازێتەوە بۆ ناو دامەزراوەی پەرلەمان. کە بەبۆچوونی من ئەمە لە ڕووی سیاسییەوە پەیامێکی ڕوونی پێیە: پارتی نایەوێت چارەنووسی کارکردنی پەرلەمان بە ڕەزامەندی یەکێتی ببەسترێتەوە. بەڵام ئەوەی دەبێت لێرەدا لەبەرچاو بگیرێت ئەوەیە کە توانای بەڕێوەبردنی دانیشتن بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، جیاوازە لە توانای دروستکردنی ڕەزامەندی سیاسی و هاوبەشییەکی جێگیر. دۆی سیاسی هەرێم ئەوەمان پێدەڵێت، هەر بڕیارێک کە لە ڕووی ژمارەییەوە دەدرێت، بە تەنها ناتوانێت سازان و متمانە و هاوکاری سیاسی دروست بکات.

بۆیە ئەگەر پارتی ئەم هەنگاوە بە مانای ئەوە لێک بداتەوە کە ئیتر دەتوانێت بە پشتبەستن بە زۆرینەی پەرلەمانی، هەموو بڕیارە سەرەکییەکانی بەبێ ڕەچاوکردنی هێزەکانی تر بباتە پێشەوە، ئەوا هەڵەیەکی سیاسی گەورە دەکات کە دەکرێت کاریگەرییەکانی لە داهاتوودا قورستر بێت لەوەی چاوەڕێ دەکرێت. ڕاستە، زۆرینەی پەرلەمانی مافی یاسایی بڕیاردانی هەیە، بەڵام ئەو مافە نابێت ببێتە پاساو بۆ پەراوێزخستنی ئۆپۆزسیۆن، پشتگوێخستنی دەنگی بەشێکی گرنگی کۆمەڵگا یان گۆڕینی پەرلەمان بۆ ئامرازێکی حیزبی. دەبێ هەمووان ئەوە فێربن؛ سەرۆکایەتی پەرلەمان، بە هەر لایەنێک بدرێت، موڵکی ئەو گرووپ و حیزبە نییە؛ بەڵکو دەبێ ئەو دامەزراوەیە نوێنەرایەتی هەموو هاووڵاتیانی هەرێم بکات.

لە بەرامبەردا، یەکێتیش کە هەمووان پرسیار لەکاردانەوەی دەکەن دوای ئەو هەنگاوەی پارتی؛  دەبێ ژیرانە و نیشتمانیانەتر مامەڵە بکات و لە هەڵوێستی خۆیدا بۆ داهاتوو بە وردی دووبارە بیر بکاتەوە. بەواتایەکی تر. ئەگەر یەکێتی بەردەوام لە بایکۆت و نەناسینی پەرلەمان بمێنێتەوە، ئەوە بەواتای ئەوە دەبێت، کە خۆی لە دامەزراوەیەکدا پەراوێز دەخات کە دەنگدەران بەشدارییان لە هەڵبژاردنی کردووە و نوێنەرایەتی سیاسییان پێی سپاردووە. بایکۆت دەتوانێت لە هەندێک بارودۆخدا ئامرازی ناڕەزایی بێت، بەڵام نابێت ببێتە ستراتیژییەکی درێژخایەن. لەودۆخەدا ڕێگەی ژیرانە یەکێتی ئەوەیە پشوو درێژتر بێت، و بتوانێت ناڕەزایی خۆی لەسەر ڕێکارەکانی دانیشتنەکە بە فەرمی تۆمار بکات، داوای ڕوونکردنەوەی یاسایی بکات و لە ڕێگای دامەزراوە یاساییەکانەوە هەڵوێستی خۆی بپارێزێت؛ بەڵام لە هەمان کاتدا بەشداری لە پەرلەمان بکات و لەوێوە چاودێری، پرسیارکردن و ڕەخنەی سیاسی خۆی بەردەوام بکات. ئەمە نە بە مانای کەم بوون و پاشگەزبوونەوەی یەکێتییە لە مافەکانی، نە بە مانای پەسەندکردنی هەموو هەنگاوەکانی پارتییە؛ بەڵکو بە مانای ئەوەیە کە جیاوازی سیاسی دەبێت لەناو دامەزراوەکاندا چارەسەر بکرێت، نە بە وەستاندنیان. ئەوەش دەبێتە سەلماندنی ئەوەی کە یەکێتی بەرژەوەندی نیشتمانی و خەڵک و ڕێڕەوی دیموکراسییانە هەڵدەبژێرێت نەک بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و پێچەوانەکەی.

یەکێتی دەبێت داواکارییەکانی بە شێوەیەکی ڕوون، دیاریکراو و یاسایی بخاتەڕوو. ئەگەر باس لە هاوبەشی دەکات، دەبێت بۆخەڵک و جیهان ڕوونی بکاتەوە هاوبەشی لە چ ئاستێکدا و بە چ میکانیزمێک و لەسەر چ بنەمایەک داوا دەکات. ئەگەر باس لە هاوسەنگی دەسەڵات دەکات، دەبێت ئەو هاوسەنگییە لە چوارچێوەی ئەنجامی هەڵبژاردن و مافی هەموو لایەنەکاندا دیاری بکرێت. هیچ حیزبێک نابێت داواکارییەکانی بە شێوەیەک بخاتەڕوو کە ئەنجامی هەڵبژاردن و سەنگی سیاسی لایەنەکانی تر لەبەرچاو نەگرێت. هەروەک نابێت پارتییش ئەوە بە پاساو بگرێت کە چونکە کورسی زیاتری هێناوە، بۆیە هەموو لایەنەکانی تر دەبێت تەنها بە بڕیارەکانی ئەو ڕازی بن.

لە ئێستادا، پێویستە پارتی و یەکێتی لەوە تێبگەن کە ئەم ملمڵانێیە تەنها کێشەی دابەشکردنی چەند وەزارەت و پۆستێک نییە. ئەگەر ناکۆکییەکان قووڵتر بن و لە سنووری گفتوگۆ و پەرلەمان تێپەڕن، ئەوا دەتوانن لە ئاستی دامەزراوەیی و ئیداریدا قووڵترببنەوە. لەو کاتەدا، کێشەکە تەنها ئەوە نابێت کە کێ سەرۆکی پەرلەمانە و کێ وەزیرە؛ بەڵکو دەگاتە ئەوەی کە فەرمانگەکان لە ژێر دەسەڵاتی کێ کار دەکەن، داهاتی گشتی چۆن بەڕێوە دەبرێت، فەرمانە حکومییەکان لە کوێ جێبەجێ دەکرێن و دامەزراوە ئەمنییەکان تا چەند یەکگرتوون.

 

هەرچەندە تا ئێستاش ئەو پرسیارانە هەن و هەبوون

بەڵام ئەگەر ئەم دۆخە زیار درێژبێتەوە، مەترسی دروستبوونی تەواوی دوو ناوەندی بڕیاردان و دوو سیستەمی ئیداری زیاتر دەکات؛ ئەمەش دەکرێت هەرێم بەرەو دۆخێکی دوو ئیدارەیی تەواو بباتەوە، تەنانەت ئەگەر هیچ لایەنێک بە فەرمی بانگەشەی دابەشبوونی نەکات.

بەواتایەکی تر ئەگەر حیزبەکان بەرژەوەندی نیشتمان و خەڵکەکەیان بەلاوە گرینگ بێت، دەبێ ئەمە ئەو هێڵە سوورە بێت کە نابێت هیچ لایەنێک لێی تێپەڕێت. باسکردنی سنووری دێگەڵە و دوو ئیدارەیی، تەنها بیرکردنەوە لە ڕابردووی نییە؛ بەڵکو ئاگادارکردنەوەیەکە لەوەی کە ناکۆکی حیزبی ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت، دەتوانێت ببێتە کێشەیەکی جوگرافیایی و نەتەوەیی هەمیشەیی. ئەوەی لە دوو ئیدارەیی ساڵانی ڕابردوودا بەسەر کوردستان هات، پڕ لەزیان بوو، و دەبێ وانەیەکی قورس بێت. ناکۆکییەکان و دابەشبوونی دامەزراوەکان، بەهێزبوونی دەسەڵاتی ناوچەیی و لەدەستدانی یەکڕیزی سیاسی، تەنها زیانی ئەو کاتە نەبوو؛ بەڵکو کاریگەرییەکانی تا ئێستاش لەزۆر بواردا بەردەوامن. دووبارەکردنەوەی ئەو ئەزموونە، بە هیچ پاساوێک نابێت قبوڵ بکرێت..، لەوە بترزێت خیانەتە.

نیشتمان موڵکی دوو حیزب، دوو بنەماڵە یان دوو سەرکردە نییە. هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە سنوور لە نێوان شار و ناوچەکانی هەرێمدا بکێشێت، دامەزراوە گشتییەکان بە موڵکی حیزبی بزانێت یان خەڵک بە پێی پەیوەندی سیاسییان دابەش بکات. ئەوەی هەر لایەنێک لە هەڵبژاردندا کورسی زیاتر یان کەمتر دەهێنێت، نابێت ببێتە هۆی ئەوەی چارەنووسی هەرێم بە خواستی حیزبەکان بگۆڕدرێت. ئەم پارچەی نیشتمان بە خوێنی هەزاران کەس و ئەنفال و کیمیاباران و قوربانی چەندین نەوە دروست بووە؛ بۆیە هیچ ملمڵانێیەکی دەسەڵات نابێت بۆ بەرژەوەندی تەسکی حیزبی یان عینادی سیاسی ئەو قوربانییانە بێبایەخ بکات.

ئەگەر لایەنەکان بەرپرسیارانە مامەڵە نەکەن مەترسییەکە تەنها لە ناوخۆی هەرێمدا نامێنێتەوە. هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی ستراتیژی و هەستیاردا هەڵکەوتووە و دۆخی ناوچەکە تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت، لەکاتێکدا پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا، ئێران، تورکیا و ئەمریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە سەقامگیریی ناوچەکەو ناوخۆییەوە گرێدراون. هەرێمێکی یەکگرتوو دەتوانێت لەگەڵ بەغدا بە دەنگێکی بەهێزتر گفتوگۆ بکات، بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی بپارێزێت و لە بەرامبەر فشارە دەرەکییەکاندا خۆی ڕابگرێت و هاوسەنگی زیاتری هەبێت. بەڵام هەرێمێکی دابەشبوو، کە دوو ناوەندی بڕیاردان و دوو ئاراستەی سیاسی هەبێت، بە ئاسانی دەبێتە مەیدانی ملمڵانێ و ساغکردنەوەی حسبات و بەرژەوەندییەکانی نەیار و لایەنە دەرەکییەکان.

ئەگەر ئەو دۆخە بەزوویی تێنەپەڕێ، بەغدا ئاسانتر دەتوانێت لە ناکۆکیی ناوخۆی هەرێمدا دەرفەتی زیاتر بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی فیدراڵی و فشار لەسەر بابەتە هاوبەشەکان ببینێت. ئێران دەتوانێت لە دۆخی نایەکگرتووییدا فشارە ئەمنی و سیاسییەکانی بە شێوەیەکی کاریگەرتر بەکاربهێنێت. تورکیاش، بەهۆی پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی، هەمیشە لەدەرفەتێک دەگڕێت بۆ لێدان و لەناوبردنی هەر بەرژەوەدییەکی کورد، تەنانەت ئەگەر کورد خێمەیەکی سیاسیشی بێت، بێگومان لە هەر گۆڕانکارییەکی ناوخۆیی هەرێمدا بەرژەوەندیی خۆی دەبینێت. هەرچی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە چوارچێوەی هاوکاری ئەمنی و سیاسی و ەرژەوەندی جیۆپۆلەتیکی خۆیاندا پێویستیان بە هاوبەشی و دامەزراوەیەکی یەکگرتووی هەرێم هەیە. بۆیە نابێت هەرێم بە دەستی خۆی ئەو دەرفەتە بۆ لایەنە دەرەکییەکان دروست بکات کە بەهۆی ناکۆکی و جیاوازییە ناوخۆییەکاندا  کاریگەری لەسەر بڕیارە ستراتیژییەکانی کورد دابنێن و ئەم هەرێمە بەرەو تاریکی و وێرانە ببەن.

دەبێ لایەنەکان لەبیریان بێت، ئەوەی ئێستا دەیکەن زەمینەسازییە بۆ دوژمنانی کورد و کوردستان، و پشتێکردنی زیاتری هاوپەیمانانمان، ئەوە لەبەرچاوبگرن، دەستێوەردانی دەرەکی هەمیشە بە هێرش و فشارێکی ڕاستەوخۆ دەست پێ ناکات؛ بەڵکو لە دۆخی لاوازیی ناوخۆیی و ناکۆکییە درێژخایەنەکاندا دەرفەتی خۆی دەدۆزێتەوە. کاتێک لایەن سیاسییەکان لەبری گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر، پەنا بۆ لایەنی دەرەوە دەبەن و هەوڵ دەدەن بە پشتبەستن بە هێزێکی دەرەکی هاوسەنگی ناوخۆیی بگۆڕن، ئەوە چیتر لە تەنها ملمڵانێی حیزبی نامێنێتەوە؛ بەڵکو بەرژەوەندی نیشتمانی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بڕیار و ئەجێندای دەرەکییەکان. لەو دۆخەدا پارتی و یەکێتی، و هەر لایەنێک دەبێت لەوە ئاگادار بن کە هێزە دەرەکییەکان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان مامەڵە دەکەن، نەک بە پێی خۆشەویستییان بۆ کوردستان. ئەوەی ئەمڕۆ لەبەغدا، ئەنقەرە و تاران.. هاوپەیمانێکی سیاسییە، سبەی بەپێی گۆڕانی بەرژەوەندییەکانی خۆی هەڵوێستی دەگۆڕێت؛ ئەوەی دەمێنێتەوە، خەڵک و خاک و چارەنووسی نیشتمانە.

بۆیە، ئەم قۆناغە دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ یەکێتی و پارتی؛ و دیموکراسی لە کوردستاندا. کاراکردنەوەی پەرلەمان دەبێت ببێتە دەرفەتێک بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ڕێڕەوە نادیموکراسییەی کە ساڵانێکە پڕۆسەی سیاسی هەرێمی گرتووەتەوە. تا ئێستاش حیزبەکان لە جیاتی ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن وەک بنەمایەکی بڕیاردان وەربگرن، هەوڵیان داوە لە ڕێگای ڕێککەوتنی حیزبییەوە دەسەڵات دابەش بکەن. ئەمەش وای کردووە کە بنەمای دیموکراسی؛ دەنگ و ڕای خەڵکی ئەم هەرێمە لە بەرامبەر ڕێککەوتنی سەرکردایەتی حیزبەکاندا بێبایەخ بکرێت. لەکاتێکدا دەبوو سەنگی سیاسی هەر لایەنێک ڕەنگدانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بێت لە حکومەت و دامەزراوەکاندا؛ ئەگەر لایەنێک کورسی کەمتر بهێنێت، نابێت بەهۆی پەیوەندی حیزبی یان فشارکردن بتوانێت ئەنجامەکە بگۆڕێت. بە هەمان شێوە، زۆرینەش نابێت مافی کەمینە و ئۆپۆزسیۆن پشتگوێ بخات.

بەدیوێکی تر  ئەو ڕێچکە دیمکراسییە و هۆشیارییە، بەقەد پارتە سیاسییەکان بۆ هاوڵاتیانیش گرینگە درکی پێبکەن. هاوڵاتی دەبێ ئەو وشیاریانەی هەبێت، تا بتوانن لێپێچینەوە لەحکومەت، ئەو کەس و لایەنانە بکەن، کە بوون بە نوێنەریان و دەنگیان پێداون؛ دیموکراسی تەنها ئەوە نییە کە خەڵک بچنە سەر سندوقی دەنگدان؛ دیموکراسی ئەوەیە کە دەنگی خەڵک لە دوای هەڵبژاردنیش بەردەوام بایەخی هەبێت. ئەوەی لە هەڵبژاردندا دەنگی دەنگدەر دەهێنێت، دەبێت بەپێی ئەنجامەکەی بەشدار بێت؛ ئەوەی دەنگی کەمتر دەهێنێت، دەبێت مافی چاودێری و ڕەخنەی هەبێت؛ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنە، دەبێت بتوانێت حکومەت لەبەردەم یاسادا بێنێتە وڵام. هیچ لایەنێک نابێت بەهۆی ئەوەی لە حکومەتدا بەشدار نییە، دامەزراوەکان ڕابگرێت، و هیچ زۆرینەیەکیش نابێت بەهۆی ئەوەی ژمارەی کورسییەکانی زیاترە، خۆی بسەپێنێ و دەسەڵاتی بێسنوور بۆ خۆی داوا بکات. 

ئەگەر پەرلەمانی کوردستان بە ڕاستی دەیەوێت ببێتە دامەزراوەیەکی دیموکراسی، دەبێت لە یەکەم ئەمڕۆە ئەوە بسەلمێنێت کە ئەرکی سەرەکی ئەو دامەزراوە نیشمانییە چاودێری توندی حکومەت و پاراستنی مافی هاووڵاتییان بێت، نەک جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سەرکردایەتی حیزبەکان. لیژنە پەرلەمانییەکان دەبێت چالاک بن، وەزیران و بەرپرسان دەبێت لەبەردەم پرسیار و لێپرسینەوەدا وەڵام بدەنەوە، بودجە و داهاتی گشتی دەبێت بە شێوەیەکی ڕوون و شەفاف چاودێری بکرێت و هیچ بەرپرسێک بەهۆی پەیوەندی حیزبییەوە لە یاسا نەپارێزرێت. هەروەها پێویستە کار بۆ نووسینەوە و پەسەندکردنی دەستوورێک بکرێت بۆ هەرێم، تێیدا میکانیزمێکی یاسایی و جێگیر بۆ چارەسەری بنبەستە سیاسییەکان دابنرێت، تا لە داهاتوودا هیچ حیزبێک نەتوانێت بە بایکۆت یان فشار، لەپێناو بەرژەوەندی خۆی و عینادی سیاسی و کەسی پڕۆسەی سیاسی بۆ ماوەیەکی درێژ بوەستێنێت.

لەئێستادا کە هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا گوزەردەکات، ڕۆڵی نووسەران، ڕۆشنبیران و میدیاش لە هەموو کاتێک زیاتر گرنگە. پێش هەرشتێک نابێت ببنە بڵندگۆی حیزبەکان، بەڵام نابێتیش لە ترسی تۆمەتبارکردن بە لایەنگری، بێدەنگ بن. ئەرکی ڕۆژنامەنووس و نووسەر ئەوەیە ڕاستی بڵێت، هەڵە ئاشکرا بکات، دەسەڵات ڕووبەڕووی بە پرسیارییەتی بکاتەوە و ڕێگە نەدات بەهۆی ڕەفتار و هەڵوێستی حیزبی، ڕاستییەکان بشاردرێنەوە. ئەگەر پارتی هەڵەیەک بکات، دەبێت ڕەخنەی لێ بگیرێت؛ ئەگەر یەکێتی هەڵەیەک بکات، هەمان پێوەر دەبێت بۆ ئەویش بەکاربهێنرێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە پێوەری ڕەخنە گۆڕانکاری بەسەر نەیەت بەپێی ئەوەی کێ لە بەرامبەرمانە.

بەڵام لە بەرامبەردا، نابێت میدیا ببێتە مەیدانی ئاگردان و هاندانی دژایەتی نێوان خەڵک و لایەنەکان. بەداخەوە زۆرجار هەندێک کۆمێنت و پۆست، بەهۆی وشەی توند و تۆمەتی بێ‌ بەڵگەوە، کۆمەڵگا زیاتر دابەش دەکەن و لە جیاتی ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکان، هەستی ڕق و دوژمنایەتی بەرهەم دەهێنن. ڕاستە ڕەخنەی سیاسی پێویستی بە توندی و ڕوونی هەیە، بەڵام توندی ڕەخنە نابێت ببێتە توندوتیژی زمانەوانی ناشاز و قووڵبوونەوەی کێشەکان. لەڕاستیدا، نووسەرێکی هۆشیار ئەوەیە؛ پێش هەر نووسینێک، پۆست و دەربڕینێکی لە خۆی دەبپرسێت: ئەوەی دەینووسم چ خزمەتێک بە ڕاستی و بەرژەوەندی گشتی دەکات؟ ئایا بەڵگەم هەیە؟ ئایا ئەم وشانە ڕووداوەکان ڕوون دەکەنەوە، یان تەنها ئاگری ناکۆکییەکان زیاتر دەکات؟ ئەگەر میدیا و ڕۆشنبیران بە ئاگادارییەوە مامەڵە نەکەن، دەکرێت ببنە بەشێک لەو ژینگەیەی کە هێزە نەیارە دەرەکییەکان و لایەنە سیاسییەکان لێی سوود وەردەگرن.

لەگەڵ ئەمانەشدا، ڕۆڵی ڕۆشنبیر ئەوە نییە کە هەمیشە بانگەشەی ئاشتەوایی بکات و ڕەخنە لە هەڵەکان نەگرێت؛ بەڵکو ئەوەیە ڕاستی بەبێ ترس بڵێت، بەڵام ڕێگە نەدات ڕەخنە ببێتە هۆی لەناوبردنی متمانەی کۆمەڵگا و هاندانی دژایەتی نەتەوەیی و قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان. نابێت هەموو ئەندامانی حیزبێک بە تاوانبار بناسرێن، نابێت هەموو دەنگدەران بە دوژمن دابنرێن و نابێت ناکۆکی سەرکردایەتییەکان بگوازرێتەوە بۆ نێوان خەڵک و هاوڵاتییانی شار و ناوچە جیاوازەکان. ئەوەی دەبێت ڕەخنەی لێ بگیرێت، بڕیار و کردار و سیاسەتە هەڵەکانن، نەک هەست و نەستی هاووڵاتییان.

دوبارەی دەکەمەوە.. لە ئێستادا، ئەوەی پێویستە لەسەر هەردوو حیزبی سەرەکی و هەموو هێزە سیاسییەکانی تر لە چەند بنەمایەکی ڕوون تێبگەن: یەکگرتوویی دامەزراوەکان نابێت بکەوێتە ژێر کاریگەریی ملمڵانێی حیزبی؛ دامەزراوە ئەمنی و نیزامییەکان دەبێت لە ژێر چوارچێوەی یاسایی و فەرماندەیی یەکگرتوودا بمێننەوە؛ داهاتی گشتی و مووچەی هاووڵاتیان نابێت ببنە ئامرازی فشار؛ سنوورەکانی هەرێم نابێت ببنە بابەتی ملمڵانێی حیزبی؛ پەرلەمان دەبێت شوێنی یاسادانان و چاودێری بێت، نەک شوێنی تۆڵەسەندنەوەی سیاسی؛ و حکومەتیش دەبێت لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردن، یاسا و ڕێککەوتنێکی سیاسی ڕوون بۆ خەڵک پێک بێت.

کورت و کوردانە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی سیاسی و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی دیموکراسی لەهەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوە بە تەنها بەس نییە. ئەگەر هەنگاوەکەی پارتی ببێتە پاساو بۆ زاڵبوونی بێسنوور، ئەگەر یەکێتی بایکۆت و پەنابردن بۆ بەغدا و لایەنی دەرکی بکاتە فشار و ئامرازی بەدەستهێنانی داواکارییەکانی، ئەگەر هەردوو لایەن ڕێگەبدەن ناکۆکییەکانیان قووڵببنەوە بۆ ناو دامەزراوە و ناوچەکان، ئەوا ئەوەی لەدەست دەچێت تەنها پەرلەمان یان حکومەت نییە؛ بەڵکو متمانەی یەکجارەکی خەڵک و یەکڕیزیی نیشتمانی و داهاتووی سیاسی ئەم هەرێمە دەبێت. بۆیە هەردوو لایەن دەبێت لەوە تێبگەن کە سەقامگیری هەرێم بە زیانی یەکتری بەدەست نایەت؛ بەڵکو بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و نیشتمانیانە و داننان بە مافی یەکترەوە دەستەبەر دەبێت.

نابێت لەبەر عینادی سیاسی و کەمێک لاربوونەوەی بەرژەوەندی حیزبێک بەلای ئەوی تردا، پەناببرێتە بەر هەڵەیەکی مێژوویی و کوشندە. نابێت ئەم گەل و نیشتمانە جارێکی تر بخرێتە بەردەم مەترسی دابەشبوون و چارەنووسێکی نادیار. بەڵکو ئەوەی لە مێژوودا ڕوویداوە، دەبێت ببێتە وانە، نەک نموونەیەک بۆ دووبارەکردنەوەی. نیشتمان موڵکی حیزب و بنەماڵەکان نییە؛ هیچ کەس و لایەنێک مافی ئەوەی نییە بە ئارەزووی خۆی سنوور لە نێوان شارەکاندا بکێشێت و هەرێم بگەڕێنێتەوە خاڵی سفر، نابێ خەڵک جارێکی تر ئەمە قبوڵ بکات.

ئەوەی ئەمڕۆ لە پارتی و یەکێتی و هەموو هێزە سیاسییەکان دەخوازێت، ئەوە نییە کە لەسەر هەموو شتێک هاوڕا بن؛ بەڵکو ئەوەیە فێر بن چۆن لەگەڵ جیاوازییەکاندا پێکەوە کار بکەن. دیموکراسی بە نەبوونی ناکۆکی دروست نابێت، بەڵکو بە توانای چارەسەرکردنی ناکۆکی لە چوارچێوەی یاسا و دامەزراوەکاندا دروست دەبێت.

لەکۆتاییدا، سیاسەت و ڕێبازی حەکیمانەی نیشتمانیانە ئەوەیە؛ ئەوەی دەبێت بپارێزرێت نە پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمانە، نە کورسییەکانی حیزبەکان و نە وەزارەتەکان؛ بەڵکو چارەنووسی گەلێکە کە مافی ئەوەی هەیە لە خاکی خۆیدا بە ئاسایش، دادپەروەری، ئازادی و دامەزراوەیەکی یەکگرتوو بژی.

بەڵێ، نیشتمان پێویستی بە حیزبی بەهێز هەیە، بەڵام زیاتر لەوە پێویستی بە دامەزراوەی بەهێز هەیە. پێویستی بە سەرکردەی حەکیم و بەهێز هەیە، بەڵام پێویستییەکی زۆرتری بە سیستەمێک هەیە کە هیچ سەرکردە و حیزبێک لە سەرووی یاساوە نەبێت. نابێت ناکۆکی حیزبی ببێتە دابەشبوونی نیشتمان؛ چونکە ئەوەی لەدەست دەچێت، تەنها دەسەڵاتی ئەمڕۆ نابێت، بەڵکو داهاتووی نەوەکانی سبەینێش دەبێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سارا موحسین: هێزێکی دەمامکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی براکەم بۆ ڕێگری لە بەشداریکردنم لە دانیشتنی پەرلەمان
لەسەر بانگهێشتی پارتی و بە دەنگی 52 پەرلەمانتار، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا
ئارێز عه‌بدوڵا: بافڵ تاڵه‌بانی بیه‌وێت ته‌قله‌ به‌ فیل لێده‌دات
حەمە سوور دوشیوانی: کاردانەوەی ئەمجارەی یەکێتی زۆر توندو یەکلاکەرەوەو پشتشکێن دەبێت
وتەبێژی ئیدارەی بوش بۆ ڤانس: ئەوە خەتای شەڕی ئێران نییە، خەتای ئەوەیە ئێمە کۆتاییمان پێنەهێنا
گەڕانەوەی مەسیحییە پێشکەوتنخوازەکان بۆ ناو کایەی سیاسی؛ ستراتیژییە نوێیەکەی دیموکراتەکان لە بەرامبەر هەژموونی ترەمپدا
سوپای پاسداران تێکشکانی ٤ کەشتیی نەوتهەڵگر ڕادەگەیەنێت و ترەمپ هێرشی خێرا بۆ سەر ئێران ڕەتدەکاتەوە
مه‌سرور بارزانی: داوا له‌ گشت لایه‌نه‌كان ده‌كه‌م بێنه‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ ده‌سكه‌وته‌ ده‌ستورییه‌كانمان بپارێزین
لە هەڵبژاردنی نیوەی خولدا دیموکراتەکان پێگەی مێژوویی کۆمارییەکانیان هەژاند و کۆنترۆڵی ئەنجومەنی پیرانیان گرتە دەست
به‌های دراوه‌كان له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×