سیسته‌می ژێرفەرمانی یان ئینتیداب (Mandate System) سیستەمێکی نێودەوڵەتی بوو، ساڵی 1919 دوای جەنگی یه‌كه‌می جیھانی به‌پێی مادده‌ی 22 لەلایەن کۆمەڵەی گه‌لان داهێنرا كه تێیدا هاتبوو (ئه‌و زه‌وییانه‌ی له وڵاته ژێركه‌وتووه‌كانی جه‌نگ {عوسمانی و ئه‌ڵمانی} دابڕێنراون و دانیشتوانه‌كانیشی ناتوانن خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن، ده‌كه‌ونه ژێر فه‌رمانییه‌تی ئه‌و وڵاته پێشكه‌وتوو و به‌توانایه‌ی ده‌ستی به‌سه‌رداگرتووه، تا به‌هۆی لێهاتوویی و ئه‌زموونی ئه‌و بتوانن ئاماده‌بن بۆ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری). كۆمه‌ڵه‌ی ناوبراو ئه‌وه‌ی به‌چاكترین بژارده‌ی گرتنه ئه‌ستۆی به‌رپرسیاریه‌تی دانابوو. به‌ڵام به‌و كاره‌ی ره‌وایه‌تی درا به داگیركه‌ر تا ئه‌و شوێنانه‌ی كه له وڵاته ژێركه‌وتووه‌كانی جه‌نگ به‌رده‌ستی كه‌وتوون دایانببڕێ و بیانخاته ژێر هه‌ژموونی خۆی، تا ئه‌و كاته‌ی ئامادە ده‌بن و ده‌توانن پارێزگاری له‌سه‌ربه‌خۆییان بكه‌ن. كه‌واته لێره‌دا پاساوی پاشكه‌وتوویی سیاسی و ئابووری و ئه‌زموونی كارگێڕی كرا به ئامراز و هۆكار بوو بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی بونیاد و تواكان و قۆرغكردنی سامان و سه‌رمایه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی كه بێگومان پێشتر پلانیان بۆ داڕ‌ێژرابوو. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت مانداتی شێوازێکی نوێی داگیرکاری و کۆڵۆنیالیزمی بوو، بە بەرگێکی یاسایی نێودەوڵەتی داپۆشرابوو. هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ش كه له‌لایه‌ن وڵاته‌سه‌ركه‌وتووه‌كانی وه‌ك به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا كه‌وتنه ژێر رژێمی ئینتیداب، ده‌ست به‌سه‌ر جومگه‌كانی سوپا و دارایی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یاندا گیرا، هه‌رچه‌نده رووكه‌شیانه قه‌وار و ناویان دیار بوو.
ئینتیداب كۆمه‌ڵێك ئاستی بۆ دانرابوو، به‌گوێره‌ی گەشەسەندن و ئامادەیی شوێنه‌كه بۆ سەربەخۆیی و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری. جۆری (A) تایبەت بوو بەو وڵاتانەی کە ئاماده‌ییان باش بوو و نزیکبوون لە سەربەخۆیی، وەک عێراق و سوریا و لوبنان. جۆری(B) بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی کە پێویستیان بە کات و سەرپەرشتی زیاتر هه‌بوو، وەک زۆربەی داگیرگه‌كانی پێشووی ئەڵمانیا لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئەفریقا و دوورگەکانی میلانیسیا، له‌وانه (بوروندی و پاپوای نیو گینیا و تۆگۆ). جۆری (C) تایبه‌ت بوو به‌و ناوچانه‌ی کە بەهۆی کەمی دانیشتوان یان دووری جوگرافی، به بەشتێک لە خاکی وڵاتی سەرپەرشتیکار دادەنرا، وەک باشووری ڕۆژئاوای ئەفریقا و هەندێک دوورگەی زەریای هێمن کە پەیوەندییان بە ئیمپراتۆرییەتی ژاپۆنه‌وه ھەبوو. دوای وه‌ستانی جه‌نگی دووه‌می جیهانی سیستەمی ئینتیداب هه‌ڵوه‌شێنرا، به‌ڵام هاوشێوه‌ی ئه‌و له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سیستەمی ڕاسپاردەی نێودەوڵەتی(Trusteeship System) له‌و شوێنانه په‌یڕه‌وكرا كه هێشتا سه‌ربه‌خۆییان زه‌وتكرابوو. لێره‌دا پێویسته ئه‌وه له‌بیر نه‌كه‌ین سیسته‌می (پاراستن protection system) یش هه‌یه، كه ئه‌ویشیان شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی داگیركارییه و له نیوه‌ی دوومی سه‌ده‌ی نۆزده ده‌ركه‌وت، تایبه‌ت بوو به‌و ناوچانه‌ی كه ڕووكه‌شانه له‌ناوخۆیاندا سه‌ربه‌خۆن به‌ڵام له كاروباری ده‌ره‌وه و ئاسایش و به‌رگریكردن، له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاته به‌ڕێوه ده‌برا كه له‌ژێر هه‌ژموونیدا بوو، وه‌ك وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی كه ئه‌وسا له‌ژێر پاراستنی به‌ریتانیادا بوون، وڵاتی مه‌غریب كه له‌ژێر په‌یمانی پاراستنی فه‌ره‌نسیدا بوو.
ئینتیدابی بەریتانی به‌سه‌ر عێراق و خەبات بۆ سەربەخۆیی
به‌ر له هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی (1914 – 1918) به‌ریتانیا چاوی بڕیبووه زۆر به‌شی ده‌وڵه‌تی عوسمانی. له‌سه‌ره‌تای جه‌نگه‌كه‌ش كه دژی یه‌كتری وه‌ستابوون، به‌ریتانییه‌كان له باشوور به هێزێكی زۆری سه‌ربازی هێرشیان كرده سه‌ر عێراق. تا ده‌هات زیاتر به‌ره‌و باكوور هه‌ڵده‌كشان. ساڵی 1917 به‌سه‌رۆكایه‌تی جه‌نه‌ڕال (ستانلی مۆد) توانیان به‌غدا بگرن. ئه‌وسا وه‌هایان راگه‌یاند ئه‌وان وه‌ك فریادڕه‌س هاتوون و گه‌ره‌كییانه ناوچه‌كه له ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی پاك بكه‌نه‌وه كه ببووه بارێكی سه‌خت به‌سه‌ر دانیشتوان.
دوای وه‌ستانی جه‌نگه‌كه به‌ریتانیا هاوشێوه‌ی دەوڵەتە زلهێزەکانی ئەوروپا، بە بیانوی پاراستن و ڕێکخستن و پەرەپێدانی ئەو ناوچانە، به‌ته‌واوی ده‌ستی به‌سه‌ر لایه‌نی سیاسی و ئابووری عێراقدا گرت. ساڵی 1920 کۆمەڵەی گەلان لە کۆنفرانسی (سان ڕیمۆ) ئینتیدابی بەریتانی بۆ عێراق پەسەند کرد. ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ش ساڵانێكی درێژ عێراقی كرده پاشكۆ و کاریگەری نه‌رێنیشی لەسەر سیاسەت و ئابووری و پێگه‌كه‌ی جێهێشت. هه‌رچه‌نده به‌درێژایی ماوه‌كه بەریتانیا بانگەشەی ئەوەی دەکرد ئامانجی یارمەتیدانی عێراقە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، به‌ڵام مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی بوو له ناوچه‌كه. بێگومان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕیاره ناڕه‌وایه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان، دانیشتوانی عێراق بێده‌نگ نه‌بوون، له مانگی حوزه‌یرانی ئه‌و ساڵه له زۆر ناوچه راپه‌رین روویدا و شۆڕشێكی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری لێكه‌وته‌وه و كۆمه‌ڵێك داواكارییان خسته به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ر، له‌وانه ئازادی و پاراستنی سه‌روه‌ری نیشتمانی و ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی بیانی. داگیركه‌ریش بە هێزی سەربازی شۆڕشەکەی سەرکوت کرد و خەڵکێكی زۆریشی کوشت و زۆر شوێنیشی وێران كرد، به‌ڵام ناچار بوو رێڕه‌وی سیاسه‌ته‌كه‌ی بگۆڕێ. ئه‌وه‌بوو به‌سه‌رپه‌رشتی سێر (پێرسی کۆکس) ی راوێژكاری سیاسی به‌ریتانی، حکومەتی كاتی له عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی كه‌سایه‌تییه‌كی دیار كه (عەبدولڕەحمان گەیلانی) بوو پێكهێنا. لە ئاداری ساڵی دواتریش لە کۆنگره‌ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەلایەن ئۆفیسی کۆلۆنیالی بەریتانی و به سه‌رۆكایه‌تی خودی (ونستۆن چه‌رچل) له قاهیرە بەڕێوەچوو، بڕیاری دامەزراندنی دەسەڵاتێكی پادشانشینی لە عێراق درا و رۆژی 23 ی ئابی ئه‌و ساڵه لە ژێر ئینتیدابی بەریتانی، (فەیسەڵ کوڕی شه‌ریف حوسێن) كرا به پادشای دەوڵەتی نوێی عێراق. ئه‌وسا بەریتانیا وای نیشان دا عێراق خاوه‌نی حکومەتێکی شانشینییه، بەڵام سیاسەت و بڕیارە گرنگەکانی ئه‌و حكومه‌ته له‌ژێر هه‌ژموونی به‌ریتانیادا بوو. داگیركه‌ر لە ڕێگەی پەیماننامە و ڕاوێژکارە سیاسی و سەربازییەکانی، ده‌یزانی چۆن دەسەڵاتی خۆی بپارێزێ. وه‌ك ئه‌وه‌ی رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1922 له رێككه‌وتنامه‌ی شاری قاهیره كه له‌نێوان عەبدولڕەحمان گه‌یلانی و پێرسی كۆكس به‌سترا و به پەیماننامەی (ئەنگلۆ-عێراقی) ناسراوه بڕیاردرا به‌ریتانیا دان به فه‌یسه‌لی یه‌كه‌م وه‌ك پادشای عێراق بهێنێ و له به‌رامبه‌ریشدا عێراق له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی (مێندێت) ی به‌ریتانیدا بمێنێته‌وه و کاروباری دەرەوە و بەرگری و دارایی خۆشی بخاته دەست بەریتانیا.
له‌و ماوه‌یه چەندین گۆڕانی سیاسی لە عێراق روویدا. راسته پەرلەمان و حکومەت و دامەزراوەكان پێكهێنران كه بەشێک بوون لە پەرەپێدانی سیستەمی نوێی دەوڵەت، به‌ڵام ئەو دامەزراوانە بە تەواوی سەربەخۆ نەبوون. ئه‌مه‌و راسته بەریتانییه‌كان په‌ره‌یان به‌هه‌ندێك له دامه‌زراوه‌كاندا، له‌وانه ڕێگا و پۆسته و تەلەگراف، بەڵام ئه‌و كارانه‌یان زیاتر بۆ خزمەتی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیان بوو، نەک بۆ خۆشگوزه‌رانی خەڵکی عێراق. پاش هێنان و بردنێكی زۆر 3 ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1932 به‌ریتانیا رازی بوو عێراق ببێته ئەندامی (کۆمەڵەی گەلان)، به‌وه‌ش ئینتیدابی بەریتانی کۆتایی پێهات و شانشینی عێراق سەربەخۆیی فەرمی بەدەستهێنا. به‌ڵام هێشتا به‌گوێره‌ی په‌یمانی رۆژی 30 حوزه‌یرانی ساڵی 1930 نێوان (نوری سەعید)ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و (فرانسیس همفریز) ی مه‌ندوبی سامی ئه‌وسای بەریتانی له عێڕاق، به‌ریتانیا كۆمه‌ڵێك ئیمتیازاتی له عێراق پێ‌درابوو كه ده‌بوایه عێراقییه‌كان ساڵانێكی دیكه چاوه‌ڕوان بن بۆ سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو، ئیمتیازاته‌كان گه‌وره و كاریگه‌ربوون له‌وانه : مانه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی به‌ریتانی و جولاندنیان له خاك و ئاو و ئاسمانی عێراقدا. نه‌ده‌بوایه كاروبار و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی به‌ریتانیا ناكۆك بێ. ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كڵێگه‌كانی نه‌وت كه ئه‌وه‌یان یەکێک بوو له ئامانجە گرنگەکانی بەریتانیا.
شوێنه‌واره‌كانی ئینتیدابی بەریتانی لەسەر پرسی کورد لە باشووری کوردستاندا
دوابه‌دوای راگه‌یاندنی حكومه‌تی نوێی عێراق كه ئه‌وسا له هه‌ردوو ولایه‌تی به‌غدا و موسڵ پێكهاتبوو، چاره‌نووسی ولایه‌تی موسڵ كه زۆربه‌ی زۆری دانیشتوانه‌كه‌ی كورده یه‌كلا نه‌كرابۆوه. تورکیا داوای گەڕاندنەوەی ئه‌و ولایه‌ته‌ی دەکرد به پاساوی ئه‌وه‌ی دوای وه‌ستانی جه‌نگه‌كه داگیركراوه. بەریتانیاش له‌به‌ر گرنگی هه‌ڵكه‌وته‌ی ناوچه‌كه و ده‌وڵه‌مه‌ندی له یه‌ده‌گی نه‌وت و كانزاكانی دیكه، بە توندی داکۆکی لەوه ده‌كرد ده‌بێت ئه‌و ولایه‌ته لە چوارچێوەی عێراقدا بێت. كێشه‌كه درا به كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان. دوای پێكهێنانی كۆمه‌ڵێك لێژنه رۆژی 5 حوزه‌یرانی ساڵی 1926 له رێككه‌وتنامه‌ی (ئه‌نقه‌را) خاوه‌ندارییه‌تی ئه‌و به‌شه به عێراق به‌خشرا و به‌گوێره‌ی هێلی برۆكسلیش سنووره‌كه‌ی دیاری كرا. به‌وه‌ش به‌شێك له كوردستانی گه‌وره كه به باشووری كوردستان ناسراوه، جیاكراوه.
به‌و جۆره ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان كه‌وته ژێر هه‌ژموونی سیسته‌می ئینتیداب. به‌ریتانییه‌كان له سه‌ره‌تا و به‌رده‌وامیش له‌ماوه‌ی ئینتیدابه‌كه بەڵێنی پاراستنی ماف و به‌دیهێنانی داواكارییەکانی کوردیان ده‌دا، بەڵام هه‌رگیز راستگۆنه‌بوون، ته‌نانه‌ت له‌به‌رامبه‌ر گرفته‌كانی نێوان كورد و حكومه‌تی عێراقیش زۆربه‌ی جار به ناڕه‌وایی دادوه‌رییان ده‌كرد. هه‌رده‌میش له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته توند و چه‌وته‌كانی حكومه‌ت به‌رامبه‌ر به كورد و جیاكارییه‌كانی، بێده‌نگ ده‌بوون. ناكۆكی نێوان كورد و حكومه‌تی به‌غداش هۆكارێك بوو بۆ سستی گه‌شه‌كردن و به‌ره‌وپێشچوونی وڵات به‌گشتی، به‌ڵام ئه‌وه به‌لای داگیركه‌ر گرنگ نه‌بوو. ئه‌وه‌ی به‌لایه‌وه گرنگ بوو پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆی بوو
ده‌كرێت گرنگترین شوێنه‌واره‌كانی سیسته‌می ئینتیداب له عێراقدا به‌سه‌ر پرسی كوردی باشوور له‌و خاڵانه كورت بكه‌ینه‌وه:
یه‌كه‌م: ره‌واییدان به دابەشکردنی کوردستان و دیاریكردنی سنووری نوێ. ئه‌وه‌ش بووە هۆی ئەوەی کوردستان زیاتر به‌ش به‌ش بێت و پەیوەندی دانیشتوانه‌كه‌شی لاواز تر بێت.
دووه‌م: لكاندانی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان به حكومه‌تی عێراق، بەبێ ره‌چاوكردنی ویستی زۆرینه‌ی خەڵکه‌كه‌ی كه كورد بوو، بۆیه دانیشتوانی ئه‌و به‌شه هه‌رده‌م خۆیان به به‌شخوراو داده‌نا.
سێیه‌م: ئه‌و دابه‌شكردن و لێككردنه‌وه‌یه پێچه‌وانه‌ی به‌نده‌كانی په‌یمانی سیڤه‌ر بوو كه تێیدا جۆرێك له سه‌ربه‌خۆیی به به‌شێكی گه‌وره له كوردستان درابوو.
چواره‌م: لە ماوەی ئینتیدابدا، له‌به‌ر جیاوازیكردن و خراپی كارگێڕی و نادادی، کورد چەندان جار لێره و له‌وێ داوای مافه سه‌ره‌تاییه مه‌ده‌نییه‌كانی له حكومه‌ت ده‌كرد به‌ڵام به پشتیوانی سوپای داگیركه‌ر داواكانیان ره‌تده‌كرایه‌وه. به‌ریتانیا هێزی خۆی بۆ یارمه‌تیدانی سوپای عێراقی به‌كارده‌هێنا و ڕاپەڕینە کوردییەکانی پێ له‌بار ده‌برد. به‌مه‌ش هه‌م زیانی زۆر بە گوند و شارە کوردنشینەکان ده‌گەیشت، هه‌میش هەستی بێ‌متمانەیی لای كورد بەرامبەر به بەریتانیا و حکومەتی عێراقی بەهێزتر کرد.
پێنجه‌م: له‌باربردنی دەسەڵاته خۆجێیه‌كانی کورد. پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، زۆرێک لە ناوچە کوردییەکان بە شێوەی نیمچە سەربەخۆ لەلایەن سەرۆک عەشیرەته‌كان بەڕێوە دەچوون. به‌ڵام ئینتیدابی بەریتانی دەسەڵاتی ناوەندی بەغدای له كوردستان بەهێز كرد. كه‌واته ئینتیدابی بەریتانی نه‌ك بۆ مافەکانی کورد چارەسەر نه‌بوو، بەڵکو پرسی کوردی له‌و به‌شه تازه جیاكراوه، لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی نوێ جێهێشت كه هه‌رده‌م وه‌ك بێگانه لێیده‌ڕوانی. له‌وه‌شه‌وه بناغه‌ی ناكۆكییه‌كان (نه‌ته‌وه‌یی، نه‌ژادی) سه‌ریهه‌ڵدا كه تا ئێستا گێژاوێكه و هێورنه‌بۆته‌وه و هیچ ئاسۆیه‌كیش به‌دیناكرێت!