چاوەکان لەسەر سێ شەممە

عەزیز ڕەئوف
  2020-11-02     838

هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا کە ئەم سێ شەممەیە ئەنجام دەدرێ، چاوی زۆربەی چاودێران و هاوڵاتیان و کارەکتەرە سیاسیەکانی ناوەوە و دەرەوەی ئەمریکای لەسەرە. هەرچەندە چەندین ساڵە لە ئەمریکا وەک ئاو خواردنەوە کردەی هەڵبژاردن ئاسانە و لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێ، بەڵام ناشاردرێتەوە ئەم هەڵبژاردنە گەرم و گوڕییەکی زیاتری بەخۆوە بینیوە و ئەمەش چەندین هۆکار لە پشت گەرم و گوڕی کەمپەینەکەوە هەبێت لەوانە:
یەکەم: قەیرانە ناوخۆییەکانی وەک مەسەلەی ئابووری و باج و بێکاری لە ئەمریکا کە لە چوار ساڵی ڕابردوودا هەستمان پێ کرد. لەپاڵ ئەوەشدا مەسەلەی راسیزم و جیاکاری ڕەگەزی کە هەر لە سایەی دەسەڵاتی ترامپدا بە کوشتنی رەشپێستێک خەریک بوو گەورەتر دەبوو. مەسەلەی پەنابەران و کۆچ بۆ ئەمریکا، یەکێکە لە خاڵە سەرەکیەکانی ئەم هەڵبژاردنە و کە پۆینتی سەرەکی ئەو ململانێیانەی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر پەنابەران و کێشەی کۆچ بۆ ئەمریکا بە گەرمی هەست پێدەکرێ. مەسەلەی نەخۆشی کۆرۆنا و چارەسەرنەکردنی ئەم کێشەیە بۆ ئەمریکیەکان کاریگەری خۆی لەسەر هەڵبژاردنەکان دەبێت. 
دووەم: کێشە دەرەکیەکان و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هەیە. پارەیەکی زۆر کە زیاتر لە شەش ترلیۆن دۆلار بۆ شەڕ سەرف کراوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان ئەمەش زەرەرێکی زۆرە بۆ ئەمریکا و ئابووری ئەو وڵاتە. سیاسەتی خۆرهەلاتی ناوەڕاست و ئێران و زنجیرەی دەسەڵاتی ئیخوانی تورکی بۆ قەتەر و مەسەلەی ڕوسیا و کۆریای باکور، هەروەها شەڕی تیرۆر، لە ڕووداوە دەرەکیەکانن کە کاریگەری خۆی لەسەر ئەم هەڵبژاردنەی ئەمریکا هەیە.
بۆ هەموو ئەمانە چاوەکان لەسەر سێ شەممەن کە ئایا موعجیزە ڕوودەدا و کۆی ئەم کێشانە بە دەرچوون یان شکستی یەک لە دۆناڵد تراپ یان جۆ بایدن یەکلا دەبێتەوە؟ 
بەپێی زۆرینەی ڕاپرسیەکان لە ویلایەتە جیاوازەکانی ئەمریکا، جۆ بایدن لە پێش ترامپەوەیە، بەڵام هەندێ جار ڕاپرسیەکان دەقیق دەرناچن وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنی 2016 بینیمان کە ڕاپرسی لە بەرژەوەندی هیلاری کلینتۆن بوو بەڵام دواجار دەرنەچوو.
هەرچۆنێک بێت سبەی دوو کارەکتەری پیری ئەمریکی سەرو حەفتا ساڵ کە ڕکابەری ملیۆنان خەڵکی ئەمریکی و هاوسۆزی ملییۆنانی تری غەیرە ئەمریکی دەکەن یەکیان دەچێتە کۆشکی سپی و ئەوی تریان بۆ چوار ساڵی تر لە کورسیەکە دوور دەکەوێتەوە. 
چاوەکان لەسەر سێ شەممەن، سێ شەممەیەکی جیاواز.


...................
عەزیز ڕەئووف. ڕۆژنامەنوسی فریلانس و هەڵبژدراوی The Foreign Press Centers بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×