چالێنجی دار، مەرگی دارستان
عەزیز ڕەئوف
2020-09-04   818
ساڵێ پێش ئێستا هەربەرپرسەو لەباخچەیەكدا چالێنجێكی بێتامی هاوڕێكەی دەكرد بۆ ناشتنی دارێك، ئێستا بەبەرچاوی هەموانەوە دارستان گڕدەگرێو كەس چالێنجی كوژاندنەوەی سوتانی دارێك ناكا. كە ناتتوانی دارستان بپارێزی، ناشتنی درەختێك بۆ ڕیایی و وێنەگرتن، چ سودی هەیە؟ كە لەزمانی درەخت نەزانی، لەزمانی سیاسەتو لەزمانی مرۆڤیش تێناگەن. بەرپرسێ وتی: (پڕۆژەمان هەیە بۆ سەوزكردنی شاخی گۆیژە) بەبەرچاوی هەموانەوە گۆیژە دەسوتێ، ئیدی پرۆژە چ سود و چالێنچی بێتام چ فایدە؟
شاخی گۆیژە سوتا یان سوتانتان؟ لایەكی گۆیژە بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوونو شوێنی بازرگانە تازە هەڵتۆقیوەكانە بۆ پڕكردنی گیرفان، لایەكەی تری گۆیژەش كە سەوزایی نەما زۆرن ئەوانەی لە جێی هەر درەختێك مەلهایەك و لەجێی هەر سنەوبەرێك قومارخانەیەكی تێدا دروست بكەن.
دەبوو لە تەنیشت هەر بەرپرسێكەوە دارێكمان بناشتایە تا ژینگە پیس نەبێت، كەچی بەرپرسی گەندەڵ تا دێ زۆرو درەختەكانیش تادێ كەم. چ جەهەننەمێكە ئەو خاكەی سیاسی گەندەڵی زۆرە و درەخت و سەوزایی كەم.
نەك دارستان، لە مێژە هەموو شت دەسوتێ، لە دەرونی هەژارانەوە بۆ هیوای گەنجان، لە ئومێدی خەڵكەوە بۆ ئایندەی نەوەكانمان، دەمێكە هەموو شت دەسوتێ، كە دارستان ئاگری گرت، لەگەڵیا هەموو شت دەسوتێ.
كە دارستان ئاگری گرت، شوێن نامێنێ بۆ ژوانی عاشقان، ئاخر ئەوان دەیانەوێت هەموو بچین بۆ سۆزانیخانەكانیان، كە دارستان ئاگری گرت، كە سەوزایی نەما، نەوەیەكی بێزەوق و دەرون پڕ لە گڕو سوتان دروست دەبێ، نەوەیكی دەرون خاڵی لە گوڵە كێویلە و بۆنی سنەوبەر. كە دارستان ئاگری گرت، زەمین دەبێ بە جەهەننەمێكی گەورە، كە سەوزایی نەما هەموو دەبین بەو شەیتانەی هەناسەمان هەڵاوی گڕی لێ دەردەچێ.
جارێك شێركۆ بێكەش وتی: كە دارستان ئاگری گرت، داری بێلایەن كامەیە تا نەسوتێ؟