نیشتیمانێکی بریندار
عەزیز ڕەئوف
2019-06-28   1231
یەکەم: بەدرێژایی مێژووی دنیای ئێمە بارتەقای ئێستای کۆمەڵگەی کوردی لە باشور خوێنی هاونیشتیمانیەکانی بێبایەخ نەبووە. مرۆڤ ناتوانێت بۆ ساتێکیش دڵ بەوە خۆش بکات کە لەوەها سنورێکدا ماف و کەرامەتی پارێزراوە.
دووەم: چاوقاییمەکی دەوێت دەسەڵات و پارلەمان و حکومەتت هەبێت و بانگەشەی ئەوە بکەیت کە بۆ خەڵک سیاسەت دەکەیت، کەچی لەئاست ڕژانی خوێنی هاونیشتیمانیان کەڕ و بێدەنگ بیت. هەڵوێست وەردەگرن بەرامبەر بە خوێنڕشتن لە دوورترین شوێنی دنیا، بەڵام لە ئاست ئاگری تورکەکان بێدەنگن. بێشەرمی ئەم دەسەڵاتە کوردیە دەبێت هەزار ساڵی تر کوڕ بۆ نەوەکانی بگێڕێتەوە.
سێیەم: کورد لە عیراقدا بەرزترین پۆستی هەیە کەچی ناتوانێت سنورەکانی خۆی بپارێزێت. ئەو نوخبەیەی کە لە بەغدا بەناوە نوێنەری کورد دەکەن نەک ناتوانن حورمەتی خەڵک بپارێزن بەڵکو ناتوانن حورمەت لە خۆیان و بەڵێنەکانیانی خۆیشیان بگرن.
چوارەم: سەلەفی و ئیسلامی سیاسی و نوێژخوێنانی ڕیاکار بۆ مەرگی محەمەد مورسی و تەلەبەیەکی نیقابپۆش دەنگی زوڵاڵیان هەڵبڕی بەڵام بەرامبەر ئاگری تورک کڕ و بێدەنگ. ئەم ڕووداوە دەریخست چەند لەئاستی سیاسەتدا بیمارین لەئاستی کۆمەڵایەتی و دینی و ویژدانیشدا تەواو بێهەڵوێست و لاموباڵات و خەمساردین.
پێنجەم: چۆڵی شەقام و نەبوونی ئۆپۆزسیۆنی کارا و لەیەکچوونی هێزە سیاسیەکان و ڕێکەوتن لەسەر بێدەگی و بێدەنگردنی خەڵک، هێندەی تر سنورەکانی بۆ داگیرکاری ئاواڵاکردووە.
شەشەم: ئاوا بڕوات و ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ئیدی شتێک بەناوی خەمی گشتی و خەونی دنیایەکی جوانتر بۆ هەموان و قەدری خوێنی هاوسێکانمان نامێنێت و کۆمەڵگەی کوردی دەست و پەنجە لەگەڵ مردنێکی هێواشدا نەرم دەکات.