چۆن بمرین؟
عەزیز ڕەئوف
2020-10-31   1067
میتچ ئالبوم لە ڕۆمانی سێ شەممان لەگەڵ مۆری دەڵێ: (مردن تەنها کۆتایی بە ژیان دێنێ نەک کۆتایی بە پەیوەندیەکان). خودی رووداوی مردن و لەکارکەوتنی جەستە، بەدەست خۆمان نیە بەڵام جۆری مردن و پەیوەندی مردن بەوی ترەوە، بەدەست خۆمانە. ئیدی لە پۆینتەوە کە لەدایک دەبی دەتوانی ژیانت پەیوەندی بەوی ترەوە هەبێت، تا مردنیشت ئەوی تر توشی شۆک بکا، ئەگەر نا دەبیتە مرۆڤێکی زیادە و مردنت هیچ کاریگەریەک دوای خۆی جێناهێڵێ.
هەمەنگوای لە شوێنێکدا دەڵێ: (هەمووان بە هەمان شێوە دەمرن، بەڵام پوختەی ژیان و مردنەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە). زۆرن کە بە زیندووی دەمرن و زۆریشن کە بە جەستە لێرە نین و زیندوشن.
بەڵام مارتن لۆسەر کینگ جارێک وتی: (مرۆڤ نازانێ چۆن دەژی و بۆ دەژی، تا ئەو کاتەی کە نەزانێ بۆچی دەمرێ). لە پێناو ئەویتردا مرۆڤ بەنەمری دەهێڵێتەوە.
مردن پەیوندی بە خۆمانەوە نیە بەڵکو پەیوەندی بە ئەوی ترەوە هەیە، یان دەتوانین جوان بمرین یان ناشرین.
دواین دوژمنی مرۆڤ ژیانێکی باش نیە بەڵکو مردنێکی خراپە.