جەنگاوەری تارمایی
عەزیز ڕەئوف
2020-01-03   1034
مەرگی قاسمی سولەیمانی نەخەم هەڵدەگرێ نەشادی، ئەم تارماییە هەمیشە لێرە بووەو شوێنپێکانی دیار بووە. ئەم کۆماندۆ سێبەرەی کە شەوان هەڵدەساین تەنها شوێنپێکەیمان دەبینی.
قاسمی سولەیمانی ئەو پیاوەی کوڕی ئەو سەردەمەیە کە دەتوانین بەسەردەمی جەنگاوەری تارمایی ناوی بەرین، جەنگاوەرێک نەخۆی دیارە نەشمشێرەکەی، بەڵام شوێنپێی لەهەموو شوێنێکە، جەنگاوەرێک سنورەکان دەبڕێتو دەتوانێت دەسکاری سندوقی دەنگدان بکاتو بەرپرس لابەرێو دابنێ، شەڕی داعش بکاتو بارتەقای بەرپرسانی وڵاتانی ناوچەکە، قاسم هەم دەسەڵاتی هەبوو، هەم دەستی لە دروستکردنی ڕوودا و چارەسەرکردنیشیدا هەبوو.
ئەم بابانوئێلە ئایدۆلۆژیەی بە ڕیشە سپێکەیەوە سنورەکانی دەبڕی و ڕووداوی دروست دەکرد دواجار مەرگی دەبێت بە ڕووداو. ئەم مەرگە پێی وتین زەمینی ئێمە بەدەست قاسمەکان و ئاسمانی ئێمە بەدەست ئەمریکیەکانەوەیە.
خۆمان لە فەزاداین، قوڵاییمان نیە و ئاسمان و زەمینی ئێمە لەلایەن ئەوی ترەوە بەڕێوە دەبرێ. سەرزەمینی جەنگاوەرانی تارمایی و ئاسمانی ئێمەش تەکنەلۆژیا و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و ئێمەش لەم بۆشاییەدا دەستێکی سپی و بەتاڵ.
ئەم خوێنە بەردەوام دەبێتو عیراقو ناوچەکە شانۆی چەندین ڕووداوی خوێناوی دەبێتو کۆتایی ئەم شانۆگەرییەش نادیارە. ونبوونی ئەم تارماییە بەمانای ونبونی ئەم دیدو ئایدۆلۆژیاو پلانو خوێنە نیەو فاشیزمی خۆرهەڵاتی چەندین تارمایی تری ئامادە کردووە و ئەم ئایدۆلۆژیاو خوێنە کارخانەی هەڵهێنانی چەندین هیلکەی ترە بۆ خولقاندنی جەنگاوەرێک کە لەتارماییدا سنورەکانی ناوچەکە دەبڕێتو شەڕ لەماڵی خۆی دوور دەخاتەوەو تۆپی ئاژاوە فڕێدەداتە گۆڕەپانو ماڵی کەسێکی ترەوە.
بەیانیەک هەڵدەسین و جەستەی سوتاوی کۆماندۆیەک دەبینین کە چەندین ساڵە لە ناوچەکەدا تەنها شوێنپێی دەبینرا. ساڵی نوێ پێماندەڵێ: بەخێربێن بۆ تارماییەکی تر، بەخێربێن بۆ خوێنێکی تر.