پێشبڕكی له‌به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسینی دژ به‌كۆڕۆنا

د. عارف گۆران
  2020-11-17     525
ئەمرۆ ھەوالێکی تری دلخۆشکەر ده‌رباره‌ی دروستكردنی ڤاكسینێكی تر بۆ چاره‌سه‌ری پەتای کۆرۆنا له‌ ناوەندە زانستیەکاندا بلاوکرایەوه‌ ،کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکی ئەمڕۆ ئەنجامی دوا قۆناغی لێکۆلینەوەکەیان لەسەر ڤاکسینی کۆرۆنا ڕاگەیاند ، . ئەم لێکۆلینەوەیە لەسەر ٣٠ ھەزار کەس پراكتیزه‌ كراوه‌ ، ئەم ڤاکسینە نوێیه‌ بە دوو جورعە ده‌درێته‌ نه‌خۆش و ماوه‌ی نێوان جورعه‌كان چوار هه‌فته‌یه‌، نیوه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ریان تاقیكراوه‌ته‌وه‌ ڤاكسینیان پێدراوه‌و نیوه‌كه‌ی تر ده‌رزیەکیان بۆ به‌كارهاتووه‌، كه‌ ھیچ دەرمانێکی تیا نه‌بووه‌، كه‌ له‌ زانستی پزیشكیدا به‌(پلاسیبۆ) ده‌ناسرێت. لە رووی روخساره‌وه‌ دەرزیەکان بە تەواوی وەک یەکن، جیاوازیه‌كه‌یان ته‌نیا له‌وه‌دایه‌ دەرزی پلاسیبۆ ھیچ دەرمانێکی تیادا نیه‌، ئەم رێگایە لە ھەر لێکۆلینەوەکی زانستی زۆر گرنگە چونکە ھیچ یەکێک لە نەخۆش و دکتۆر نازانن کام گروپ ڤاکسین یان دەرزی بێ ڤاکسیان پێدراوە و داتاکان لە لایەنێکی تر شیکردنەوەی بۆ دەکرێتەوە .

لە کاتێک شیکردنەوە بۆ ٩٥ کەسی یەکەمی ئەو کەسانە کراوە، کە نیشانەکانی ئەو پەتایەیان لێدەرکەوتوە ، تێبینی ئه‌وه‌ كراوه‌،  ٩٠ حالەت لەو کەسانە بووە، کە ئەو دەرزیەیان وەرگرتووە، کە ھیچ مادەیەکی تیادا نەبووە ، تەنھا پێنج کەس لەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە نیشانەی پەتاکەیان لێدەرکەوتووه‌، هاوكات یازدە كه‌س لەو کەسانەی بە توندی تووشی پەتاکە بووینە ، لەنێو ئه‌و گروپەدا  بووینە، کە ڤاکسینەکەیان وه‌رنه‌گرتووه‌. 

کۆمپانیای مۆدێرنا ئەمرۆ رایگەیاند، کە ڤاکسینەکەیان زۆر کاریگەرە و ٩٤.٥٪‏ ی ئەو کەسانە دەپارێزێت کە به‌كاریده‌هێنن ، دیارە ئەمەش رێژەیەکی یەکجار بەرزە و كاریگه‌ری ڤاکسینەکە ده‌رده‌خات. كۆمپانیای مۆدێرنا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، کە لە چەند ھەفتەی داھاتوودا بڕی ٢٠ ملیۆن ڤاکسین بۆ خەلکی ئەمریکا فه‌راهه‌م ده‌بێت و ده‌یانه‌وێت بۆ ساڵی ئاینده‌ بڕی یەک بلیۆن ڤاکسین بەرھەم بھێنن. 

خالێکی  پۆزەتیڤی تری ئەو ڤاکسینە ئەوەیە، کە دەتوانرێت لە پلەی گەرمی خوار ٢٠ سێلسیەس بۆ ماوەی شەش مانگ و ماوه‌ی مانگێك لەناو ساردکەرەوەی ئاسایی ھەلبگیرێت بێئەوەی لە کاریگەری ڤاسینەکە کەمبێتەوە، لە کاتێک ڤاکسینەکەی فایزەر— بیۆنتێک دەبێت لە ساردکەرەوەی زۆر تایبەت و پلەی گەرمی خوار ٧٥ سێلسیەس بپارێزێت و لە ساردکەرەوەی ئاسایی دوای پێنج رۆژ کاریگەری نامیننێت ، ئەمەش لە رووی لۆجستیەوە کارێکی ئاسان نیە و لەوانەیە بۆ زۆر وولات ئەستەم بێت.

 شایه‌نی باسه‌  جگە لەم دوو ڤاکسینە ، پێشبینی ئەوە دەکرێت کە وا گرووپی ئۆکسفۆردیش لەم نزیکانە ئەنجامی دوا قۆناغی لێکۆلینەوەکەی خۆیان رابگەیەنن . رووسیاش ماوەیەک پێش ئێستا رایگەیاند، کە ڤاکسینی سپوتنیک زۆر كاریگەرە و ٩٢٪‏ ی ئەو کەسانە دەپارێزێت، كه‌ به‌كاریده‌هێنن، ئه‌گه‌رچی بەشێک لە ناوەندە زانستیەکان بە چاوی گومان سەیری ئەو ڤاکسینەی رووسیا دەکەن. 
ئه‌م پێشبڕكێیه‌ له‌به‌رهه‌مهینانی ڤاكسین دژی كۆڕۆنا ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌، كه‌ کۆمەلێک وولات و کۆمپانیاو ناوەندی زانستی تر به‌رده‌وامن له‌ ھەولەکانیان بۆ دروستکردنی ڤاکسینی ترو  پێشبینی ئەوە دەکرێت  لە چەند ھەفتەو مانگی داھاتوو ھەوالی ژمارەیەکی باشی ڤاکسینی سەرکەتوو رابگەیه‌نرێت. 

كۆمپانیای مۆدێرناو فایزەر بڕوایان وایه‌، كه‌ لە بەھاری سالی ئاینده‌ ده‌توانن ژمارەیەکی زۆر ڤاسین بگەیەننه‌ زۆربەی وولاتانی جیھان . ئه‌م هه‌واڵانه‌ وایكردووه‌ هیوای ئه‌وه‌ لای زۆربه‌مان دروست بێت، کە لە ناوەڕاستی سالی داھاتوو ژیان تا راده‌یه‌ك ئاسایی بێتەوەو لە کۆتایی ساله‌كه‌ش ھەولەکان بەرەو کۆنترۆل کردنی ته‌واوی پەتاکە بچێت ، ھەرچەندە بەشێک لە پسپۆران رای جیاوازیان ھەیە .

تەنھا تێپه‌ڕینی کات ئەوەمان پێدەلێت، کە کاریگەری ئەو ڤاکسینانە بۆ ماوەی چەند مانگ یان سال دەبێت .

د. عارف گۆران
پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو
لەندەن
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×