ئایا ڤاکسینی ئەسترازێنیکا خەڵک دەکوژێت؟

د. عارف گۆران
  2021-04-06     622

جێگای داخە میدیاکانی کوردستان لەبری ئەوەی ڕاستیە زانستیەکان دەربارەی ڤاکسینەکان بۆ خەلک روونبکەوە ، بەدیاریکرای ڤاکسینی ئەسترازێنیکا, کە لە ئێستادا برێکی کەمى لەکوردستان لەبەردەستە ، خةلأك دةتۆقێنن!

ئەو کەناڵانەی لافی ئەوە لێدەدەن، كەزۆرترین بینەریان ھەیە، بە مانشێتەکانیان خەڵك لە وەرگرتنی ڤاکسین ساردەكەنەوەو دەیانترسێنن، لەبری ئەوەی باسی ئەوە بکەن، کە لە ولاتێكی وەكو بەریتانیا تا ئێستا ١٩ ملیۆن کەس ئەو ڤاکسینەی وەرگرتووە، باسی مردنی حەوت کەس بەهۆی ئەو ڤاكسینەوە، کە تا ئێستاش بە تەواوی یەکلانەبۆتەوە، ئەو مردنە پەیوەندی راستەوخۆی بە ڤاکسینەكەوە ھەیە!

گریمان ئەگەر ئەمە یەکلاش بووەوە، ئەو ژمارەیە زۆر كەمە بە بەراورد بە ملیۆنان خەڵك، كە سوودیان لەو ڤاكسینە بینیوە. بۆ نمونە ئەگەر پێنج ملیۆن كەس لە کوردستان ڤاکسینی ئەسترازێنیکا وەرگرن ، بە پێی ئەو داتایانەی لەبەردەستدایە رێژەی مردن ناگاتە سێ کەس! .


خەریكە کەنالەکانی راگەیاندن چۆن لە سەرەتای سەرھەڵدانی ئەو پەتایەوە خەڵكیان دەتۆقاندو چەندین هەواڵ و زانیاری بێ بنەماو هەڵەیان بلاودەکردەوە، ئێستاش بۆ ڤاكسینەكە هەمان گاڵتەجاری دووبارە دەكەنەوە!.

لەسەرەتای سەرھەڵدانی كۆڕۆناوە بروای تەواوم بەوە ھەبوو، کە دەبێت ئێمەی دکتۆر رۆلی سەرەکی لە ھۆشیارکردنەوەی خەلک دەربارەی ئەو پەتا نەگریسە ببینین، ھەر بۆیە وەک بەشێک لە ھاوکارانم دوور لە شاشەکانی تەلەفزیۆن لە رێگای سۆشیال مییدیاكانەوە ئەو ئەركەمان جێبەجێكرد، لە ئێستاشدا دەبێت هەموو ھەولەکانمان لەدلنیاکردنەوەی خەڵک لە ڤاکسینەکان چڕ بكەینەوە.

برادەرێکی بڕیار بەدەست لە حکومەت ئەمرۆ پەیوەندی پێوەکردم ، دیاربوو حەزی دەکرد رای من بزانێت کە چی بکرێت لە ئێستادا، کۆمەلێک پێشنیارم بۆ کرد، پێم ووت پێش ھەموو شتێک سنورێک بۆ کەنالەکانی راگەیاندتان دابنێن باچیتر خەڵك نەتۆقێنن، نەبوونی ئەو كەناڵانە لەبوونیان بەو شێوەیە باشترە، دەبێت حکومەت ھەوڵی جدی بدات بۆ دابینکردنی برێکی زیاتری ڤاکسین و وەزارەتی تەندرووستی جگە لە چارەسەری ئەو کەسانەی تووشی ئەو پەتایە بووینە، ئامادەکاری زیاتر بکات بۆ فراوانکردنی بنکەکانی کوتان، چونکە من وەك کەسێکی باوەڕ بە زانست ، دلنیام لە کۆتاییدا ھەر زانستە سەردەکەوێت، ئەگەر خەلکی کوردستان ئەمرۆش ترسیان ھەبێت و دوو دڵ بن لە وەرگرتنی ڤاکسین، لە چەند رۆژو ھەفتەی داھاتوو ئەو ترسە دەڕەوێتەوە . وەک ھەمیشە باسمان کردووە ڤاکسینەکان ھیوای دەرباز بوونی مرۆڤایەتین لەو پەتایە.

دکتۆر عارف گۆران، پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو - لەندەن

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×