پاپا سوپاسی حكومه‌تی هه‌رێمی كرد یان ئایینی ئیسلام..؟!

سەید عەتا
  2021-03-23     279
ئه‌ركی زانایانی ئیسلامه‌ ته‌فسیرێكی نوێ بۆ قورئانی پیرۆز بكه‌ن،بۆ جیهانی ئیسلام كارێكی قورس نیه‌ گه‌ر دووباره‌ له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی ته‌فسیرێكی نوێ بۆ ئایه‌ته‌كانی قورئانی پیرۆزبكرێت ، به‌ شێوه‌یه‌كی زانستیانه‌ترو سه‌رده‌میانه‌ تا بتوانرێت ده‌وڵه‌مه‌ندی پیشان بدرێت له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانی مرۆڤایه‌تی ، به‌مه‌رجێ كارگه‌لێك بكرێت كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی موسوڵمانان بێت، ئه‌وكات ئه‌توانرێ ئه‌م ئاینه‌ له‌و توندڕه‌ویه‌ دۆگمایه‌ ڕزگاركرێ ، ئازادی تاكی موسوڵمان و دیانه‌ته‌كانی تریش پارێزراو بێت ، كاری زانایانه‌  سه‌رنجی دونیای ده‌ره‌وه‌ به‌ هه‌موو بیروبۆچون و مه‌زهه‌به‌كانه‌وه‌ بۆ ناوجه‌رگه‌ی ئه‌و ئاینه‌ ڕاكێشرێت ، مه‌به‌ست له‌و ڕیفۆرمه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی زانستیانه‌و نوێگه‌ری وده‌وڵه‌مه‌ندیه‌ بۆ ده‌قه‌كان ، به‌ هه‌ماهه‌نگی  مه‌رجه‌ع و زانایانی ئیسلام ، ئه‌وكاته‌ دیوارێكی ڕاگر دروست ئه‌كرێت بۆ جیابوونه‌ی له‌و گه‌نده‌ڵیه‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌ تۆقێنه‌ره‌ ، كه‌ هه‌ندێ به‌ئیشتیهای خۆیان به‌ناوی ئاینی ئیسلامه‌وه‌ مه‌به‌ست و كاره‌ نه‌شیاوه‌كانیان به‌دی ئه‌هێنن، ناحه‌زان لێكدانه‌وه‌ی ده‌قه‌كان بۆ كاری توندڕه‌وی و مرۆڤ كوشتن قات و قڕی سه‌رزه‌وی به‌كارده‌خه‌ن ، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌نجام ئه‌درێت ، به‌ ئه‌ركی بێ دینی خۆیان و بیروباوه‌ڕه‌ پوچه‌ڵه‌كه‌یان ئه‌زانن هه‌موو جیهان بكوژن خوێن و گۆشتی هه‌مووان بكه‌نه‌ قوربانی ئاره‌زوه‌كانیان ، كاتێكی گونجاوه‌ ئه‌و هێزو توانا نه‌بینراو زانا ئاینیانه‌ له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیران و كه‌سایه‌تیه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگای كوردی یان هه‌رنه‌ته‌وه‌یه‌كی تر بێده‌نگی بشكێنن ، بزافێكی گه‌وره‌یو به‌رفراوان بۆ دووباره‌ ژیانده‌نه‌وه‌ی ئاینی ڕاسته‌قینه‌ی ئیسلام بهێننه‌كایه‌وه‌ ، بۆ ڕزگاركردنی مرۆڤایه‌تی له‌ده‌ست ئیسلامێكی تۆقێنه‌ر، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ڕاسته‌قینه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌و شایسته‌ی شانازی پێوه‌كردنه‌ لای نه‌ته‌وه‌كه‌مان ، نموونه‌شمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و ڕاستیه‌ كه‌ سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ی عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌كانی تر به‌ شیعه‌و سونه‌و مه‌سیحی ویه‌زیدی له‌هه‌رێمی كوردستانێكی ئارامتردا ژیان ده‌گوزه‌رێنن ، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له‌ خێزان و بنه‌ماڵه‌ی چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان خۆیان په‌نا گرتوه‌ له‌ ئامێزی لێقه‌وماوه‌كاندا ، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر چاو ئه‌گرین كه‌حیزبه‌ئیسلامیه‌كانی كوردستان كۆشش ئه‌كه‌ن بۆ گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی هه‌ڵگرانی دینی ئیسلام ، كاریگه‌ری باشی ئه‌بێت له‌م هه‌رێمه‌دا به‌ڵام كافی نیه‌ بۆ دونیای ده‌ره‌وه‌و ووڵاتانی عه‌ره‌بی به‌تایبه‌تی ، ئه‌ركی حیزبه‌ ‌ئیسلامی و عیلمانیه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ ئاینه‌كه‌مان بپارێزین ، قایل نه‌بین له‌تیرۆرستان بۆده‌ست درێژی بۆ سه‌رخاك و شه‌رف و ناموسی خێزانی كوردی به‌تایبه‌تی و هه‌موو جیهان تاچه‌ندیان پێكرا ، ئه‌و توند ڕه‌وانه‌ی هه‌موو كاره‌ چه‌په‌ڵه‌كانیان له‌كوشتن و دزین و پاكتاو كردنی به‌شه‌ریه‌ت كۆكردوه‌ته‌وه‌ ، ده‌یخه‌نه‌ ئه‌ستۆی ئاینی ئیسلام واته‌ خوایه‌كی توند ڕه‌ومان پێ ده‌ناسێنن ، سه‌رجه‌م توند و تیژیه‌كان گرێ ئه‌ده‌ن به‌ شه‌ریعه‌تی قورئانه‌وه‌ و نه‌ته‌وه‌یه‌كی مه‌زڵومی كوردی بێتاوان و موسوڵمانی پێ له‌ناو ئه‌به‌ن ، ته‌نها بۆ ناشیرین كردنی قورئان و ئیسلامه‌ لای جیهان ، ئه‌یانه‌وێت دیدوهه‌ستیان بگۆڕن له‌ئاست ئاینی پێكه‌وه‌ژیان ،  خواستیانه‌ بڵێن ئه‌وه‌ ئاینی (موحه‌مه‌د ) ه‌ د..خ كه‌چه‌ند توند ڕه‌وه‌ و دژی مرۆڤایه‌تیه‌ ، له‌هه‌مان كاتدا (پێغه‌مبه‌ره‌كه‌مان د..خ ) ڕه‌حمه‌ت بووه‌ بۆ گشت جیهان نه‌ك ئه‌وزه‌حمه‌ته‌ی تیرۆستان ده‌ی سه‌پێنن به‌سه‌ر مرۆڤایه‌ تیدا ، له‌هه‌مووی خراپتر ڕۆژئاوایه‌كان له‌میدیاكانیانه‌وه‌ به‌ناوی خراپترین ئاینه‌وه‌ كرده‌ ناحه‌زو خراپه‌كانی داعش وه‌ ك ئیسلام ده‌ناسێنن ، ئه‌وه‌ش بڵاو كردنه‌وه‌ی ئامانجه‌كانی تیرۆستانه‌ ، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی توركی به‌ناوئیسلام قه‌تڵوعامی هه‌زاران كوردی ڕۆژئاوای كردوه‌ ، تیرۆرستانه‌ بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌رخاكی ووڵاتێكی دراوسێ ، سه‌دان تیرۆرستی داعش و به‌كرێگیراو جاش ده‌نێرن بۆ له‌ناوبردنی هاوڵاتیانی كورد بێچاره‌ ، ئه‌وه‌یه‌ ناشیرین كردنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام كه‌نه‌ته‌وه‌یه‌كی موسوڵمانی ڕاسته‌قینه‌ی پێ له‌ناو ده‌برێت ، هاوڵاتیه‌كی ڕۆژئاوا زانیاری باشی نیه‌ له‌سه‌ر ئه‌م دینه‌ ، میدیاكانیش زانیاری هه‌ڵه‌یان پێ ئه‌به‌خشن كه‌گه‌وره‌ترین تاوانه‌ به‌رامبه‌ر ئیسلام ، گه‌ر نه‌توانرێ وێنه‌ی نوێ و سه‌رده‌میانه‌ پیشان بدرێت له‌پاراستنی مافی ئاینه‌كان و پێكه‌وه‌ژیان ، ڕای گشتی ڕۆژئاوا زیاتر به‌ره‌و تاریكی و دژه‌قورئان هه‌نگاو ئه‌نێت ، به‌هاری عه‌ره‌بی  ئیسلامی سیاسی به‌رده‌وام ئه‌بێت تا هه‌موو موسوڵمانان له‌به‌ین ئه‌چن به‌خۆیان و دینه‌كه‌یانه‌وه‌ ، وه‌ك چۆن شوێنه‌ پیرۆزه‌ ئاینیه‌كان و مێژووه‌كه‌یان ده‌سڕنه‌وه‌و له‌ناویان ئه‌به‌ن ، ڕیفۆرمی ئاین له‌خۆیدا كارێكی شایسته‌یه‌ وه‌ك ته‌سكیه‌ی نه‌فس خۆی له‌خۆیدا ده‌كرێت ، هیچ ده‌قێك یه‌ك لێكدانه‌وه‌ی نیه‌ به‌تایبه‌تی په‌رتوكه‌ ئاسمانیه‌كان به‌قورئانیش وه‌ كه‌دوانامه‌یه‌ بۆ مرۆڤایه‌تی ، له‌هه‌موو كات و سه‌رده‌مێكدا شایسته‌ترین ئامۆژگاری كرداریه‌ بۆ ڕێكخستنی ژیانی تاكه‌كانی سه‌رگۆی زه‌وی ، گرنگترین مه‌رجی لێكدانه‌وه‌ی نوێ بۆ ئایه‌ته‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنیان له‌زانیاری نوێ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌توانێ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بۆ خۆی ته‌فسیری كات ، نوێژخێنه‌كانی پێ له‌خشه‌به‌رێ وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت له‌سه‌ر  تاسه‌ری ئه‌وجیهانه‌ ئیسلامیه‌دا كه‌زۆربه‌یان باوه‌ڕیان به‌فه‌رموده‌كانی قورئانه‌  ، هه‌رساتێ ئه‌وكاره‌ ئه‌نجامدرا ئیسلامه‌ خاوێنه‌كه‌ ڕزگار ئه‌كرێت له‌و پاشاگه‌ردانیه‌ی به‌ناویه‌وه‌ ڕوئه‌دات ، په‌رتوكێكی ئاسمانی هێمن و دورله‌كوشتن و بڕین پیشانی دونیا ئه‌درێته‌وه‌ ، ده‌كرێت هه‌ندێ عالم و كه‌سایه‌تی ئاینی هه‌بێت ته‌فسیركردنه‌وه‌ به‌گوناهێكی گه‌وره‌ بزانن ، نه‌خێر نوێگه‌ری و پێشكه‌وتن و په‌ره‌پێدانی گوناه نیه‌ هه‌ڵه‌یه‌ گه‌ر هه‌وڵ نه‌درێت ئیسلام به‌ره‌وپێشه‌وه‌ بڕوات ، ئه‌وكاته‌ جیاوازی ئێمه‌و میدیاكانی كوفر چیه‌ ؟ كه‌ئه‌وانیش بۆ دواوه‌ ئاین ده‌گێڕنه‌وه‌ نایانه‌وێ دینێكی خاوێن بناسرێت له‌سه‌رگۆی زه‌ویدا ، ( موحه‌مه‌د د..خ ) یه‌كه‌م كه‌س بوو كه‌ته‌فسیری قورئانی كردوه‌ ، له‌دوای خۆی نزای زۆری كرد كه‌خوای گه‌وره‌ زانیاری باش بدات به‌( ئیبن عه‌باس ) بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ لێكدانه‌وه‌یه‌كی باش و سه‌رده‌میانه‌ بكاته‌وه‌ بۆ ده‌قه‌كان ، كه‌واته‌ تاوان نیه‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و ته‌فسیره‌ بۆ ده‌ربازكردنی له‌ و ده‌ریا لێڵه‌ی كه‌داعش و هاوسۆزانی په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن ، به‌ئاره‌زووی خۆیان به‌كۆمه‌ڵكوژی و داگیركاری له‌گه‌ڵ توركه‌كان ته‌فسیر قورئان ئه‌كه‌ن ، ووشیاری و زیره‌كی مامۆستایانی ئاینی له‌وه‌دایه‌ ، كه‌نابێت ته‌نها مانای ئایه‌ته‌كان بده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌ ، به‌ڵكوبه‌ دارشتنێكی زۆرباش و ئه‌ده‌بیاتی نوێ باسێكی به‌سود پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بوانی ڕۆژانی هه‌ینی بكه‌ن ، ئه‌وه‌ش بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ویژدان و ژیانێكی ئاسوده‌ و یه‌ك ڕیزی برایه‌تی موسوڵمانانه‌ له‌ته‌ك ئاینزاده‌كانی تردا ، گێڕانه‌وه‌ی ئیسلامه‌ بۆ ڕێچكه‌ی ڕاسته‌قینه‌ دروسته‌كه‌ كه‌هاوچه‌رخه‌ بۆ سازانی هه‌مووان له‌ خوانێكدا ، ‌ئاشتی ئازادی و یه‌كسانی ژیانی موسوڵمانان له‌ته‌ك مه‌زهه‌بوو دیانه‌ته‌كانی تردا كۆیان ده‌كاته‌وه‌ ، وه‌ك ئه‌مڕۆ له‌م هه‌رێمه‌دا پیاده‌ ئه‌كرێت ، گه‌ر لووت به‌رزی هه‌ندێ لایه‌نی ئیسلامی سیاسی و كه‌سایه‌تی موسوڵمانی ناوعیلمانیه‌ت بهڵێت ، كاتێ گشتمان نزاو پاڕانه‌وه‌و كۆششمان بۆ پاراستنی ئه‌م ئاینه‌یه‌ ئه‌ی بۆ لائه‌ده‌ین یه‌كتر قبوڵ ناكه‌ین ، گه‌روانیه‌ بۆ هه‌وڵه‌كان چڕترناكرێته‌وه‌ بۆ پوچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی پیلانگێڕی تیرۆره‌ستان له‌گه‌ڵ ئه‌وچه‌ند حیزبه‌ ئیسلامیه‌ی كه‌هه‌یه‌ ، كاتێ حیزبیه‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كان یه‌ك ناگرن كه‌پێشیان وایه‌ یه‌ك دین یه‌ك قورئان یه‌ك ئیسلام و یه‌ك په‌یامبه‌ر و په‌روه‌ردگاریان هه‌یه‌ ، هۆكارێكی باشه‌ بۆ دروستكردنی درزێك بۆ شه‌یتانه‌كان له‌ نێوانیاندا دوبه‌ره‌كی بنێته‌وه‌  ، ئه‌و په‌یامه‌ی كه‌ڕه‌سولی خودا گه‌یاندیه‌ سه‌رگۆی زه‌وی تۆوی برایه‌تی چاند له‌نێوان مرۆگایه‌تیدا  ، ئێسته‌ ئه‌وبرایه‌تیه‌ به‌ره‌و نه‌مان ده‌ڕوات گه‌وجانه‌ كراوه‌ به‌ یه‌كتر كوژی ، هه‌ندێ سه‌رقاڵن ئیسلام و كۆمه‌ڵكوژی له‌دۆڵێكدا شوێن بكه‌نه‌وه‌ ، گه‌ر په‌یامبه‌ری ئیسلام ( د..خ) له‌ باخچه‌یه‌كی بچوكدا ئه‌و تۆوه‌ی چاندبێ ئێسته‌ له‌ده‌یان پاركو ئه‌مازۆن وقوژبنی هه‌موو جیهاندا ڕواوه‌ ، له‌گه‌ڵ شنه‌ی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی گه‌شه‌ی كردوه‌ ، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئیسلامه‌ په‌یڕه‌وی كردنیه‌تی وه‌ك خۆی ، كه‌ ئه‌مڕۆباش به‌دی ناكرێت و خۆزیا به‌ئیسلامه‌كه‌ ده‌خوازرێت كه‌له‌ته‌نها باخچه‌یه‌كدا بوه‌ ، ئه‌ركی گه‌وره‌ی حیزبه‌ ئیسلامیه‌كانه‌ مامه‌ڵه‌ی گونجا و بكه‌ن و هه‌وڵ بده‌ن به‌یه‌ك باوه‌ڕ ته‌فسیری بكه‌نه‌وه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژووی پێشكه‌وتنی ئیسلام فه‌رامۆش نه‌كرێت ، نه‌هێڵن یاسا گونجاوه‌كانی ئیسلام بۆ پێكه‌وه‌ ژیان به‌په‌رده‌یه‌كی ڕه‌ش داپۆشرێت ، شه‌رعیه‌ت به‌كاره‌ ساخته‌و بێبنه‌ماكان بدرێت تا له‌ده‌ستیان ده‌رنه‌چووه‌ ، تاكۆڵۆمی ده‌رگا داخراوه‌كانی نێوان حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان نه‌شكێنرێت و نه‌خرێنه‌ سه‌رپشت بۆ یه‌كتری واز له‌دۆگمایه‌تی نه‌هێنن ، ناتوانرێت ڕێگری بكرێت له‌وجه‌لادانه‌ی كه‌داعشانه‌ و دۆگما تیزمانه‌ چه‌قیان به‌ستوه‌ ، دوا ووته‌م بۆ زانایانی ئیسلام ئه‌وه‌یه‌ كه‌سانی به‌ناوبانگ و دادپه‌روه‌ر و ڕاستگۆ ئه‌توانن ڕێڕه‌وی مێژووی ئه‌م دینه‌ بگۆڕن نه‌ك بڕێك پیاكوژی غه‌یره‌ ئیسلامی تیرۆرست ، گه‌لی كوردستان په‌روه‌رده‌ی ئاینی پێكه‌وه‌ژیانه‌ . 
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×