گرفتی دنیای ئێمە "حەشدی شەعبییە"

ئەحمەدی مەلا
  2021-08-23     615
بە هەڵە تێمەگەن، مەبەستم لە حەشدی شەعبی شیعەکانی عێراق نییە، بەڵکو مەبەستم لە مەرگی ئەو داینەمۆیەیە کە ئیدی ئێمە رۆژهەڵاتی پێ هەلناستێتەوە. ئەمە مەرگی گوتارە بە هەموو مانای وشە. هیچ حیزبێک ناتوانێت لە رۆژهەڵاتی ئێمەدا ببێتە بەرهەمهێنەری خیتابێکی سیاسیی، فیکریی، ئابووریی، کۆمەڵایەتی کە لە توانایدابێت زۆرینەیەکی پێویست لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. لە توانای دابێت رابردووی تاوتوێ کردبێت، گرفتە موزمینەکانی پێ دەستنیشان کردبێت و قەناعەتێکی، تەنانەت مامناوەندییشی دروستکردبێت بۆ ئەوەی هەنگاوی دروست بەرەوە بنیاتنانی ئایندە بهاوێژێت.
لە ئەفغانستانەوە تاکو هەواری ئێمە، هێشتا زمانێکی سیاسیی نوێ سەیهەڵنەداوە کە وردبین بێت لە لێکدانەوەکانی، رۆشنایی ببەخشێتە ئەو تەونە ئاڵۆزانەی کە رۆژ لە دوای رۆژ تێکچڕژاوتر دەبن.
سوپای ئەفغانستان ترسنۆک نەبوون، بەڵام خاوەن حافیزێکی لۆژیکیی نەبوون تا بتوانن بەرگریی لە چوارچێوەیەک بکەن کە ئەندامانی ئەم لەشکرە هەستیان کردبێت کە بەشێکی ئۆرگانیکی گشتێکن کە لە ناو رەوڕەوەی مێژوو، سەرکردە و بنکردە خەریکی بنیاتنانی ژێرخانێکی پتەوی ماددی و مەعنەوین.
هەر بۆیە، هەمان دیمەنە سواوەکەی ساڵانی پێش ٢٠٠٠ دووبارە دەبێتەوە، پێنجشیر خۆی نادات بەدەستەوە و جارێکی دیکە شەڕوپێکدادان دووبارە دەبێتەوە، وەک ئەوەی مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە. پێنجشیر گوزارشت لە ناوچەیەک دەکات وەک لەوەی گوزارشت لە گوتارێک بکات، ئەمەش ئەو چاڵە قووڵەیە کە خەبات و تێکۆشان هەندەی سیمای ناوچەگەرێتی وەردەگرێت هەندە نەیتوانییوە پەلوپۆ بە ناوچەکانی دیکە بهاوێژێت و رۆحی کۆڵنەدان بگەیەنێتە ناوچەکانی دیکە، چونکە لە پشتەوەی ئەم خەباتەدا گوتار ئامادەگی نییە، بەڵکو لە دەوری وزەی لۆکالی گرتدەبۆتەوە کە هیچی لێوە پەیدا نابێت. دەبێتە یاری مار و پەیژە.
لە ئێرانی ویلایەتی فەقێدا، تاکو ئێستا گوتاری مەلاکان کۆمەڵگە دەجوولێنێ، گوتاری باڵایە، مەزنترین جولانەوە لە چوارچێوەی ئەو دیمەنە گوزارشت لە خۆی دەکات کە ژنێک سەرپۆشی بەزۆر سەپاو فڕێ بدات کە ناوبەناو وەکو  رووداوێک گومێکی بچووک دەشلەقێنێ هەر لە ناو رەمزییەتی خودی خۆیدا دادەمرکێتەوە و لاردەبێتەوە، چونکە لە پشتی ئەم جوولەیە گوتارێکی پتەوەمان نییە کە بتوانێ دەیان جوولەی لەوشێوە لە سەر رووبەری گۆمی مەنگی ئێراندا بشلەقێنێ تاکو بیکا بە دیاردەیەکی سەرتاپاگەریی نەمر وزە و بەردەوامیی بنێرێتە دەرەوەی خۆی، کوردستان وەک نموونە. 
کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتیی ئێمە، لە نێوان حەنین و نوستالژیا بۆ رابردوو رۆژانی خۆی بەسەردەبا، حەنینی نەتەوەیی کە لە دەور ئەفسانەگەلیی دروستکراودا دەژیت کە زۆرجار خۆی بڕوای پێ نییە، یا نوستالژیا بۆ مێژووییەکی دینیی کە سەرلەبەری لە ژێر رووناکیی ئینتیقاییدا نووسراوەتەوە کە هەندەی هاڵاوی ئەفسانەی لێوە هەڵدەستێ هەندە وابەستەی مێژوویەکی بەرجەستە و ماددیی نییە کە خوێندنەوە و بەسەرکردنەوەی ئێستامان بۆ رۆشن بکاتەوە.
گوتاری بەهێز هی تالیبانە، هی داعشە و وەکو بەرچەکرداریش سیستانیی رەوایەت بە دروستبوونی هێزی حەشدی شەعبی دەدا کە هەندەی سەرچاوەی گێچەڵە بۆ عێراق، هەندە وەکو هێزێک، بە بێ بوونی ئێران، تەنانەت ناتوانێت بەرگریی لە خودی خۆشی بکات.
ئێمەی کورد، خەریکین ئاو لە بیرێک دەردەهێنین کە نە تینوێتی دەشکەینێ، نە هەندە روونیشە کە مرۆڤی کورد بتوانێ روخساری خۆی تیا ببینێ، چونکە ئەزموونی ئەم سی ساڵە لە جیاتی ئەوەی گەواهیی بدات بەو گوتارە کە زۆرجار بە کوردایەتی خۆی ناساندووە، ئەوەندەی دیکە تەڵخی کردووە، سەرچاوەی ئەم تەڵخبوونە ئەوەیە کە خودی گوتاری کوردایەتی خۆی خۆی بەتاڵدەکاتەوە لەبەر نەبوونی دادوەریی کۆمەڵایەتی، نەبوونی کەمترین هەست کە بواری گشتی بکرێت بەو فەزایەی کە هەموو تاکێکی کورد بەرژوەندییە ماددی و مەعنەوییەکانی تیا ببینێ، بەرگرییکردن لە خۆی، ببێ بەو ئەڵقەیەی کە دواجار گرێبدرێتەوە بە بەرژوەندییە باڵاکان تا کاتێک قەیرانێکی وجوودی دێتە گۆڕێ، هەموو تاکێک ببێتەوە بە ئەندامی ئەو لەشکرەی کە بەرگریی لە ناسنامەیەک دەکات و ئامادەیە خۆی بەخت بکات. گوتاری سیاسیی، ئەو سرودە نیشتیمانییە نییە کە لە کاتی پێویستدا لە چەکمەجەکانەوە دەربهێنرێت و دووبارە بگوترێتەوە، بەڵکو بە کردەیی دەبوو ئیشی لەسەر بکرێ. رووبەری کوردستان لەم سی ساڵەی دوایی بووە بە دوو بەش، کەمینەیەک خاوەن هەموو شتێکن، زۆرینەیەک رۆژ لە دوای رۆژ ئیمتیازەکانی لەدەست دەدات.
راستە، لەشکری نیشتیمانی پێویستی هەم بە گوتارە، هەم بە کردەیە، ئەمە بۆ تێکڕای ئەندامانی کۆمەڵگەش هەر راستە. نیشتیمان کە نەبوو بە هی هەمووان، بە دەردی مەحەمەد ماغووت نیشتیمان دەبێتە موڵکی دەوڵەمەندەکان و نیشتیمانپەروەرییش بەسەر هەژاراندا ساغ دەکرێتەوە.
دواجار لەشکری ئازا و لەشکری ترسنۆک نییە، بەڵکو چاو و گوێ هەیە، کە رووداوەکانی پێ دەپێوێ، نەک گوتارە سواوە ناوبەناوەکانی سەرکردەکانی پشت پەردەکان کە تەنها لە کاتی پێویست وەکو ڤامپیر لە تابووتە تاریکەکانییانەوە سەردەردەهێنن.
رۆژهەڵات لە دوای هەموو تەحلیل و لێکۆڵینەوەکاندا، دەگاتەوە ئەو قەناعەتە تاریکئامێزەی کە هەم هەژاری مێژووی روون دەکاتەوە، هەم هەژاری هزری و بە ناچارییەوە دەڵێت : دەی بە تەمای خوا! واتە دووبارە بوونەوەی گەمەکانی مار و پەیژە!
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×