پیرۆز و پرۆفان : مەککە یا کوردستان؟

ئەحمەدی مەلا
  2022-08-09     627

قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە، بە چەند دێرێک تاوتوێ ناکرێت، بەڵام بە کورتکردنەوەیەکی گونجاو، رەنگە شتێکی لێوەهەڵهێنجنین.
مێژووی ئەقڵی دینی، یەک مێژووی نییە، ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە، چیرۆکی خەلقە، کە هەم ئەفسانەی خوڵقێنەرە، هەم پانتاییەکی بەرین داگیردەکات، سەرەتاکانی لە شارستانییەتی مێزۆپۆتامیاوە سەرهەڵدەدەن، دواتر لە لایەن جووەوە دەبێ بەو ئەفسانەیەی کە دواتر هەم مەسیحییەت قبوڵی دەکات، هەم دواتریش ئیسلام. وەک بڵێی کۆلەکەی بە پێوەراگرتنی کۆی دەستوور و رێساکانی دیکەن.
بەرامبەر بە بەهەشت، زەمین وەکو ئاوێنەیەک دەوەستێت، هەم جێی مرۆڤی یەکەمە، هەم جێی تاوانی یەکەمیشە، واتە مێژوو پانتایی پیرۆز کەرت دەکات. کەس نازانێ، ئادەم و حەوا لە چ پانتاییەک ژیاون، کەسیش ناپرسێت، بەڵام لە دیدی ئیسلامەوە، ماڵی خودا، یا چادرەکەی خودا کە کەعبەیە، چڕکردنەوەی وێنەی باڵایە، پنتی چڕبوونەوەی پیرۆزە بەرامبەر بە دنیایەکی قڕێژ. دواتر، هەم ئەم مێژووە، بە پلەی جیاواز، لە شوێنی جودادا، ئەم وێنەیە دووپات دەکاتەوە لە شوێن و پانتایی دیکە بە پێی بەشداریی مرۆڤەکان لە دروستکردنی پانتایی پیرۆز. وەکو نەجەف، کەربەلا، سەیدە زەینەت، مەشهەد،  مزگەوتی گەورە لە سلێمانی، مزگەوتی ئەقسا، هەیکەلی داود، مزگەوتی دانیال پێغەمبەر لە کەرکووک، قەبری یونس لە نەینەوا، یا بە ناو هەڵگرتنی کەرەسەی پیرۆز، بەردی رەش، موو و نەعلی پێغەمبەر، کراسی مەسیح، خاچ و بزمارەکانی، مەندیل و کەشیدە، پارچە پەڕۆی سەر قەبر و شەخس، خۆڵی سەر قەبران، توربەی شیعەکان، سیواکی دەمودان پاککردنەوە، تەسبێح، گۆچانی سەر مینبەران، میحراب، هەنگاوی پێی راست بۆ ناو مزگەوتەکان و پێی چەپیش بۆ ناو ئاودەستەکان، ئاراستەی قیبلە، سەر بەرماڵ...کۆی ئەم کەرەسە و پانتاییانە یادەوەریی کەعبەن، کەعبەش یادەوەریی ئاسمانە و چەقی گەردوونە. چەق کۆکەرەوەی چەمکی پیرۆزە بە ئیمتیاز.
بەڵام،
لە خودی عەرەبی سعودیی، ریاز وەکو پایتەختی عەلمانی بەرامبەر بە مەککە وەکو پایتەختی پیرۆز دەوەستێت. ئەم کەرتکردنە لە پێناو ئەوەیە تا کاروباریی ئاینیی لە کاروباریی دنیایی جیابکرێنەوە. پیرۆز بۆ مومارەسەکردنی کەشەکانی ئاینییە، پانتایی پرۆفان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دنیایە. ئەمە وتە بە ناوبانگەکەی مەسیحمان دەهێنێتەوە یاد کە دەڵێ " ئەوەی بۆ خودایە بۆ خودایە، ئەوەی بۆ قەیسەرە بە قەیسەرە" لەو دەمەوە، کاروباریی ئاینیی لە کاروباریی دنیایی جیاکراوەتەوە.
ئەم جیاکردنەوەیە لە دنیای ئیسلامدا، زۆر زوو پەیدا بوو، پایتەخت لە مەدینە/یەسریبەوە دەبردرێتە دیمەشق، دواتر بۆ بەغدا، درەنگتریش بۆ قوستەنتینییە، واتە مێژووی ئیسلام گەشەی نەدەکرد ئەگەر لە بیابانی نێوان مەککە و مەدینە بمابایا. بە واتایەکی دیکە ئەو مێژووە گەشەی نەدەکرد ئەگەر بهاتبا تەنها باوەشی بۆ پیرۆز کردبایەتەوە. مێژووی مرۆڤ، پیرۆز وەک رەسیدیی ماددی بەکاردەهێنێت، نەک بە پێچەوانەوە کە رەسیدی ماددی خۆت بکەت بە قوربانی پیرۆز. ئەم تێگەیشتنە، نەک تەنها نەزانانەیە، بەڵکو ئامانجی ئەوەیە کە دەخیلەی خۆی بڕژێنیتە دەخیلە گەورەکەی ئەوانی ترەوە. لێرەوە تەماشای ئەوە دەکرێت کە مەککە لە کوردستان پیرۆزترە. ئەگینا خودی تێگەیشتنەکە هەڵەیە، چونکە ئەگەر ئەم تێگەیشتنەمان قبووڵ بێت، دەبێ بپرسین بۆچی پایتەختی عەرەبی سعوودییە لە مەککە نییە، بوچی موسڵمانان پایتەختەکانیان ناگوێزنەوە بۆ مەککە؟
چونکە، بە کورت و کوردیی ئەم دووە دوو بواری جودان. مەککە بۆ موسڵمانان شوێنی پیرۆزی یەکەمە، بەڵام بەرامبەر بەمە، هەر وڵاتێک، نەتەوەیەک، شوینی ماددیی، مێژوویی، زمان، کەلتوور، مەتبەخ، فۆلکلۆر، ئەدەبییات هتد تایبەت بە خۆی هەیە، ئەم دووانە دژ بە یەک نین، بەڵکو گەمژانەیە بڵێی ئەمیان لەوەی دیکەیان پیرۆزترە....ئەو خاکەی تۆی مرۆڤ لەسەری دەژێی، ئەویش پیرۆزە، چونکە بە ئاو و هەوای سەر ئەو خاکە دەژێی.
دواجار ئەوە مێژووە پانتاییەکان پیرۆز دەکات نەک بە پێچەوانەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×