ڕۆشنبیری مشەخۆر، ڕۆشنبیری ئازاد.. ( لەبارەی وەزیفەی ڕاستەقینەی ڕۆشنبیرەوە)

جەواد خەلیل
  2021-12-28     499

لە سەردەمی حامورابیەوە تا ئێستا دادوەرەکان لە ڕووی داراییەوە ژیانیان زامنکراوە، ئەمە لەبەرچی؟ بۆ ئەوەی ڕای خۆیان و بڕیارەکانیان ئازادانە دەربکەن و بێ منەت بن لە پارەدا؛ ئاخر هەر زوو درک بەوە کراوە کە هەمیشە پەیوەندییەکی توندۆڵ هەبووە و هەیە لە نێوان ئازادیی و پارەدا. کەسی بێ پارە زۆر بە ئاسانی ئەگەری ئەوەی هەیە ئازادی خۆی لە دەست بدات، بە پێچەوانەشەوە کەسی پارەدار تا ڕادەیەکی زۆر خاوەنی ئازادییە فەردییەکانی خۆیەتی و باشتر و ئازایانەتر ڕای خۆی دەردەبڕێت.

بەسەرهاتی دادوەر و پارە بەسەرهاتێکی لەمێژینەیە، لێ تەژییە لە پەند و عیبرەتی گرنگ، بە تایبەتی بۆ چینی ڕۆشنبیر و ئەوانەی خوازیارن هەمیشە ئازاد بن.  ڕۆشنبیری سەربەخۆ و ئازاد و  ملکەچ نەبوو چۆن دەخوڵقێنرێت؟ بۆ وەڵامی ئەمە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ "ناپلیۆن هێل" باوکی زانستی دارایی ئەمریکیی و داڕێژەری تیۆریای تایبەت بە ئازادیی مرۆیی. ناپلیۆن هێل پێی وایە ئینسان بۆ ئەوەی ئازاد و سەربەخۆ بژێت؛ دەبێ لە ڕووی داراییەوە ئازاد و سەربەخۆ بێت. واتا ناکرێت کەسێکی ڕۆشنبیر بانگەشەی ئازادی فیکر و ئازادی لە بڕیاراندا بکات بە بێ هەبوونی پارەیەکی زۆر و ژیانێکی بێ منەتانە بۆ خۆی. بۆیە دەشێت بڵێین وەزیفەیەکی دیکەی ڕۆشنبیر، بەدەستهێنانی سەربەخۆیی داراییە بۆ خۆی و هاندانی تاکەکانی تری کۆمەڵە بۆ گەیشتن بەو سەربەخۆییە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە لە سەربەخۆیی دارایی گرنگتر، چۆنێتی گەیشتن و ڕێگاکانی گەیشتنە پێی، مەرجە ڕۆشنبیر لە هیچ کام لەو ڕێگایانەدا ساختەکاریی و ملکەچبوون بەکار نەهێنێت و لە ڕێگای ناشەرعییەوە نەگات بەو سەربەخۆییە!

کێشەی گەورەی ڕۆشنبیرانی دونیای ئێمە، مشەخۆریی و بێ تواناییانە لە کاردا و هاوکات بێ ئاگاییەکی قووڵیش لە زانستی دارایی . زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی کورد لەبەر بژێوی ژیانیان و نەبوونی هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی سەربەخۆی دیکە؛ ناچاربوون دەستبەرداری ئازادییە فەردییەکانیان بن و ملکەچ و گوێڕایەڵی خۆیان بەهۆی مووچەیەکی شەرمهێنەرەوە بۆ ئەم حیزب و ئەو حیزب دووپاتبکەنەوە! ئەم ڕۆشنبیرە هەژارانە زۆرتر وەک مشەخۆرێک دەردەکەون و لە سەر خوانی دەسەڵات دەژین، چونکە لە بنەڕەتەوە کەسانی تەمبەڵن و کارخوڵقێن و خۆژێن نین. ئەوان نازانن کە جگە لەو ڕێگای ملکەچییە، سەدان ڕێگای شکۆدارانەی دیکە هەن بۆ بەدەستهێنانی پارە و زامنکردنی بژێوی ژیان. دەسەڵاتیش کە دەبینێت سروشتی ئەم ڕۆشنبیرانە مشەخۆرییە، لەبەرژەوەندی خۆی بەکاریان دەهێنێت و ژیانێکی شایستە بەڵام پڕ لە ملکەچییان بۆ فەراهەم دەکات. بە پێچەوانەشەوە ڕۆشنبیری خۆژێن و کارخوڵقێن لەبەری ڕەنجی خۆی دەخوات و هیچ هێز و دەسەڵاتێک ناتوانێت ملکەچی بکات. هەر لەبەر ئەمەشە دەبێ ڕۆشنبیر پێش ئازادی فیکر، بیر لە ئازادی و سەربەخۆیی دارایی خۆی بکاتەوە، چونکە تەنها بەم ڕێگایە لە کۆیلایەتی و ژێردەستەیی حیزب و ئەوانی دی ڕزگاری دەبێت و دەتوانێت بە ئازادانە بنووسێت و ئازادانەیش بیربکاتەوە.

ڕەنگە بوترێت ڕۆشنبیر نابێت بچێتە نێو بازاڕی کار و ئەو دەبێ لە جیهانی ڕاستەقینەی خۆیدا کە جیهانی کتێبە بژی و بنووسێت. ئەم بۆچوونە ڕەنگە بۆ ئەو ڕۆشنبیرانەی دونیا ڕاستبێ کە داهاتی خۆیان لە ڕێی فرۆشتنی کتێب و نووسراوەکانیانەوە وەردەگرن ( کە ئەمە باشترین شێوازی خۆژێنی ڕۆشنبیری ئازادە) بەڵام بۆ کوردستان و وڵاتانی جیهانی سێ، ئەمە جگە لە وڕێنە و خەونێک هیچی دی نیە!
ڕۆشنبیری کورد دەبێ خۆی فێری کارکردن بکات و بچێتە نێو بازاڕی کارەوە، ئەو دەبێت ئاگایی دارایی خۆی بباتە سەر و بایی ئەوە کۆبکاتەوە کە پێویستی بە پارەی هیچ هێز و دەسەڵاتێک نەبێت. نەبوونی ئەم توانا داراییە بەهێزەیە وای لە سەدان و بگرە هەزاران (مامۆستا و نوسەر و ڕۆژنامەنوس و میدیاکار و هونەرمەند وشاعیر و چیرۆکنوس و مێژوونوس) کردووە کە لە پێناوی بژێوی ژیانیاندا خۆیان بدەنە پاڵ حیزب و دەسەڵات و لە ئاستی کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگا و نیشتمانەکەیان بێدەنگ بن و هیچ هەڵوێستێکی ئاشکرا و بوێرانەیان نەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×