ستەم لە هەناوی جەماوەرە؛ عێراق وەک نمونە

جەواد خەلیل
  2022-08-01     71

گێڕانەوەیەکی میللیانەی باو هەیە کە گوایە "سەدام حوسێن "دیکتاتۆری پێشووی عێراق، پێش ڕووخاندنی ڕژێمەکەی، گوتویەتی:( ئەوەی دوای من لە عێراق بە جێدەمێنێت، تەنیا وێرانەیەک و خاکێکی ڕووتەڵە). ڕاستە ئەم گێڕانەوەیە گێڕانەوەیەکی میللیانەی پڕ لە ترس و بیمە، بەڵام هەڵگری پەیامێکی ڕوون و پڕ بایەخ و مەترسیداریشە، پەیامێک کە چەندین جار ڕاگەیاندنی عێراقی و خودی سەدام حوسێن خۆیشی لە چەندین جێدا و بە چەندین شێوازی جیاواز هەوڵی گەیاندنیان دەدا، پەیامێک کە بە درێژایی سێ دەیە ڕۆژانە دەدرا بە گوێی عێراقیەکاندا: (سەدام حوسێن و عێراق یەک شتن، نە عێراقێک هەیە بە بێ سەدام و نە سەدامێکیش هەیە بە بێ عێراق). ئەم هاوتاکردنە مەترسیدارە، بە تەواوی لە پشت بە ئەفسانەکردنی سەدامەوە بوو، خەڵکی ڕەشۆکی عێراق بە تەواوی گەیشتبوونە ئەو باوەڕەی کە سەدام بە هیچ هێزێک ناڕمێت و ئەو هەمیشە لەوپەڕی هێز و توانای خۆیدایە.

ساڵی 2003 ئەمریکا بە هاریکاری هاوپەیمانەکانی، هێرش دەکاتە سەر عێراق و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەگاتە پایتەخت، سەدام هەڵدێت و دوای چەند مانگێک لە چاڵێکدا دەیدۆزنەوە و دەری دەهێنن، ڕقی عێراقیە ستەملێکراوەکان، ئەو ڕقە پەنگخواردووە دەیان ساڵەیەی کە هیچ کات مافی دەرخستنیان نەبوو، بەیەکجار هاتە دەرەوە و عێراقی داپۆشی. ساڵانی سەرەتای جەنگ، ساڵانی خستنەڕووی تاوانەکانی سەدام حوسێن و ڕژێمە ستەمکارەکەی بوو، ڕۆژانە لە ڕێی سەتەلایتەوە( کە پێشتر لە عێراقیەکان قەدەغەکرابوو) هەموو تاوانەکان بڵاودەکرانەوە و بە یاسا بەعسیبوون وەک تاوان ناسێنرا. بڵاوکردنەوە و پیشاندانی تاوانە قێزەونەکانی سەدام تەنها بۆ عێراقیەکان نەبوو، بەڵکو بۆ ئەو دیپلۆماتکار و سیاسەتوانە بیانیانەش بوو کە دوای ڕووخاندنی ڕژێمەکەی سەدام، دەهاتنە عێراق. سەرانی کورد بە بەردەوامی بیانیەکانیان دەهێنایە کوردستان و دەیانبردنە هەڵەبجە و گەرمیان، لەولاشەوە سەرانی شیعەش هەمان ڕێگایان گرتە بەر. ئەو دەمە هەم سەرانی کوردو هەمیش سەرانی شیعە دوو ڕێزلێگیراوترین سەرکردەی عێراقیەکان بوون، بەڵام سوننەکان هێشتا شۆکی کەوتنی عێراقەکەی سەدام بەری نەدابوون و نەیاندەویست بە چاوی خۆیان ڕاستیەکان ببینن.

ئەمە زۆری پێنەچوو، وردە وردە عێراقی دوای جەنگ دەبووە وێرانە و جێی ململانێ و هەژموونی هێزە ئیقلیمیەکان، هەریەکە لە دراوسێکانی عێراق و وڵاتە زلهێزەکان پاڵپشتی گروپگەلی جودایان دەکرد و دەیاندان بە گژ یەکدیدا، خوێن ڕشتن و کوشتن لە سەر ناسنامە و ڕەگەز و نەتەوە و ئاین، تەقینەوەی یەک بە دوای یەکی ڕۆژانە و داڕمانی ئابوری و تەشەنەسەندنی گەندەڵی و نەبوونی سەرکردەی ڕاستەقینە و پشکپشکێنە، لە دیارترین سیماکانی عێراقی دوای سەدام بوون. وڵات ئیدی بوو بە وێرانەیەک، لەم ئان و ساتەدا وردە وردە هاووڵاتی عێراقی کەوتنەوە خەیاڵی ڕابردوو، دەستیان کرد بە بەراوردکردن و بە سەرسامیەوە لە خۆیان دەپرسی: چیمان ویست و چی ڕوویدا! لە کوێوە گەیشتینە کوێ! بۆچی گەیشتین بەم دۆخە؟ وەڵامێک کە لە دەرئەنجامی ئەم پرسیار و بەراوردکارییەوە هاتە دی، ئەوەی لێکەوتەوە کە جۆرێک لە سەرسامی سەرهەڵبدات بەرامبەر بە ڕابردووە زێڕینە!کەی عێراق، ڕابردوویەک کە لەو بڕوایەدا بوون مرۆڤ تێیدا شکۆی بەو شێوەیەی ئێستا نەڕوشێنرابوو، لانیکەم بە ئاسوودەییەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەنووست! بەڵام ئاخۆ ئەمە وایە؟
‌       

 کارگەی دیکتاتۆرێکی بچوک

ساڵی 1895 گۆستاڤ لۆبۆن یەکێک لە گرنگترین کتێبەکانی خۆی بە ناونیشانی(سایکۆلۆژیای جەماوەر) دەنووسێت و دەبێتە دەستپێکێک بۆ دەرخستنی بەهای "دەروونناسی کۆمەڵایەتی" لە دەستنیشانکردنی کێشە سیاسی و کولتورییەکاندا. ئەم کتێبە جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە جەماوەر خودان خاسیەتگەلی سادە و لە هەمان کاتیشدا مەترسیدارن، سادەن چونکە بە ئاسانی دەناسرێنەوە و لە شێوازی زۆر ساویلکانەدا خۆیان بەدیار دەخەن، مەترسیداریشن چونکە پەیوەستن بە هەڵچوونەکانی دەروونەوە و دژی نوێخوازین و لەگەڵ کۆنەپەرستی و ستەمدا دێنەوە. بەو پێیەی کە هەر ئەوانن دوای لە نێوبردنی ستەمکارێک، ستەمکارێکی دی دەئافرێنن، چونکە خودان هیچ هێڵێکی بیرکردنەوە و ڕێبازێکی پتەو نین و ڕقیان لە قووڵبوونەوەیە و سادەخوازن، بۆیەش دیکتاتۆر و ستەمکارەکان لە ڕێی خستنەڕووی بیرۆکەی زۆر سادە و نالۆژیکیەوە دەست بە سەر بیرکردنەوە و ڕوانینی جەماوەردا دەگرن. وەنەبێ جەماوەر ڕقی لەم دەستبەسەراگرتنە بێ، بەڵکو لە زۆر ڕووەوە پاڵپشتی دەکا و دەبێتە هەوێنی مانەوە و درێژە پێدانی، چونکە بیرۆکە سادەکان خولیای ئەویشن و دیکتاتۆر و ستەمکاریش لە ڕێی جێبەجێکردنی بڕێک لەو بیرۆکە سادانەوە، خولیاکانی بۆ دەهێننە دی. لەمڕۆدا و دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدەیەک بەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە گرنگەدا، ئێمە ناتوانین بە تەواوی هاوڕابین لەگەڵ زۆرێک لە بۆچوونەکانی نێو ئەو کتێبەدا، بەڵام بە دڵنیاییەوە چەندین خاڵی ورد و گرنگ لەم کتێبەدا هەن کە دەشێت ڕێنوێنیمان بکەن بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە پاڵنەرە دەروونییەکانی جەماوەر و ڕۆڵی لە چێبوونی دەسەڵاتێکی ستەمکار و دیکتاتۆردا.

ئەوانەی ئاشنای مێژووی نوێ و هاوچەرخی عێراقن، دەزانن کە دەوڵەتێکی وەک عێراق هەر لە بنەڕەتەوە لەسەر چ بنەمایەکی نادروست و لاواز دامەزرێنراوە، چۆنیش بەهۆی بەردەوامی ململانێی خێڵەکییانە و ململانێی گروپە ئیتنیە جیاوازەکانیەوە بۆتە ناوەندێک بۆ دروستبوونی دەیان دیکتاتۆری بچووک، هەریەک لەم دیکتاتۆرانەش لە هەناوی گروپێکەوە هاتوونەتە دەر، کە دواجار هەموو خولیایەکی دیکتاتۆرە بچووکەکانیش بۆتە خولیای لەناوبردنی دیکتاتۆرە ڕکابەرەکانی دیکە. سەدامی سەرەتا یەک لەو دیکتاتۆرە بچووکانەی عێراقی شەستەکان بوو، کە لە هەناوی گروپێکی مافیایی نێو جەماوەرە لێکوەشاوەکەی عێراقەوە هاتە دەرێ و لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا، توانی بەسەر تەواوی دیکتاتۆرە بچووکەکانی دیکەی ڕکابەرییدا سەربکەوێت و ببێتە دیکتاتۆری هەمووان. بوونی سەدام بە سەرۆکی هەموو عێراق، بوونێکی ناکامڵ و لەرزیو بوو. ڕاستە ئەو ببوە دیکتاتۆری هەمووان، بەڵام ئەمە تەنیا دیوە ئاشکراکەی بابەتەکە بوو. لە ناواخنی کۆمەڵگەی عێراقیدا، دیکتاتۆرە بچووکەکان هێشتا مابوونەوە و لە بۆسەدا بوون بۆی، هەریەکەیان لە لایەکەوە هەوڵی زیانگەیاندنیان دەدا لە دیکتاتۆرە گەورەکە. دوای ئەوەی کە دیکتاتۆرە گەورەکە چیدی بە کەڵکی ئەوە نەدەهات وڵاتێکی وەکو عێراق بباتە ڕێوە و لە بەرژەوەندی زلهێزاندا یارییەکانی بکات، ئەوەبوو پەلاماری عێراق درا و هەموو ئەو دیکتاتۆرە بچووکە شاراوانەی دی کە هەبوون هێنرانەوە مەیدان. واتا ئەمریکا عێراقی لە وڵاتی "دیکتاتۆری گەورە" ەوە گۆڕی بۆ وڵاتی " دیکتاتۆرە بچووکەکان". ڕاستە دیکتاتۆرانی بچووک بە پاڵپشتی و دنەی دەرەکی هاتنەوە مەیدان، لێ ئەوەش ڕاستیە کە لە هەناوی جەماوەرەوە، ڕێک لە هەناوی کۆمەڵگەی عێراقییەوە هاتبوونە دەر و ببونە خودان پێگەی جەماوەری گرنگ.

کۆمەڵگەی عێراقی دوای تێگیرانیان لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرە بچووکانەدا و دوای ئەوەی کە بۆیان دەرکەوت بەڵێنی دیکتاتۆرە بچووکەکان نەک هەر هیچیان نایەنە دی، بگرە وا خەریکی بە دۆزەخکردنی تەواوەتی ژیانی عێراقیەکانیشن، لە خۆیان پرسی: ئەمانە لە کوێوە هاتن و ئێمە بۆ وامان بەسەر هات، لە بری ئەوەی بپرسن: ئەمە چ هەناوێکە ئەم هەموو دیکتاتۆرەی لە خۆیدا حەشارداوە و ئێمە بۆ ئەمانەمان دروستکرد؟ کەس نەبوو وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە و تەنیا وەک نیشانەیەکی سەرسوڕمان لێیان دەڕوانی، چونکە جەماوەر لە بەرپرسیارێتی هەڵدێت، نایەوێت هەقیقەت وەک ئەوەی هەیە ببینێت.

جەماوەر کارگەیەکی مەزنە کە ئیشی بەرهەمهێنانی زۆرترین دیکتاتۆری بچووکە، ستەم و ملکەچی لە بیرکردنەوەی جەماوەردا بەشێکن لە دیسپلین و ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگرتن لە هەڵوەشاندنەوە و تێکچوونی یەکانگیرییە کۆمەڵایەتییەکە، بۆیە کاتێک دیکتاتۆرە بچووکەکان سەرهەڵدەدەن جەماوەر سەرسام دەبن پێیان و ڕکابەری دەخەنە نێوانیانەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە دەرئەنجامی ڕکابەرییەکە دواجار بە سوودی یەکێکیان دەشکێتەوە و دەبێتە دیکتاتۆری مەزن. ڕێز و پەسن و گیانفیدایی جەماوەر دیکتاتۆری مەزن دەگۆڕێت بۆ کەسێکی ستەمکار و خوێنڕێژ کە تەنانەت سڵ لە خودی جەماوەرەکەیشی نەکاتەوە. جەماوەر کە دەبینێت دیکتاتۆری مەزن گەیشتۆتە بەرزترین ئاستی مەترسیدارانەی خۆی، ئیدی دەکەوێتە دنەدانی دیکتاتۆرە بچووکەکانی دی بۆ جێگرتنەوەی دیکتاتۆری مەزن. ئا بەمجۆرە جەماوەر هەم دەبێتە لەنێوبەری ستەمکار و هەمیش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی ستەم، هەم دەبێتە دژبەرێکی دیکتاتۆر و هەمیش لە هەناوی خۆیدا دەیان دیکتاتۆری دی چێ دەکات. هەرچەندە ئەم یاریەی کە جەماوەر دەیکات یارییەکی ژیرانە نیە، بەڵام داینەمۆی زۆرێک لە گۆڕانکارییەکانی نێو مێژووە. زۆرێک لە ڕووداوە سیاسیە گرنگەکان، زۆرێک لە شۆڕش و ڕاپەڕین و کودەتا گەورەکان زادەی ئەم بیرکردنەوە نالۆژیکیانەی جەماوەرن. کێ دەتوانێت سنورێک بۆ ئەم بیرکردنەوە نالۆژیکیانەی جەماوەر دابنێت؟ وەڵامێکی سەنگین و لۆژیکی دەبێت گەر بڵێین مرۆڤێلی خوێندەوار و بەئاگا و دژ بە ستەم، بەڵام داخۆ ئەم وەڵامە لۆژیکیە لە کوێدا کاری پێدەکرێت؟! مێژوو لە گێڕانەوەکانی خۆیدا ئەوەمان بۆ یەکلا دەکاتەوە کە ئەم وەڵامە تەنیا وەڵامێکی جوانی لۆژیکیە و چ کارێکی بە سەر گۆڕانکارییە گرنگەکانی نێو مێژووی مرۆڤایەتیەوە نیە. بزوێنەر لە هێزە ناعەقڵانی و نالۆژییەکاندا زیاتر کارایە وەک لە لای هێزە لۆژیکی و عەقڵانیەکان. ئەمە وتە دروستەکەیە، هەرچەندە کەمێک ڕەشبینانەیە: (ستەم  لە هەناوی جەماوەرەوە دێتە دەر!) بەڵام ئەمە بەو ڕادەیەش جێی نائومێدی نیە، چونکە لە ناواخنیدا هەواڵێکی خۆشی پێیە، بۆ چەند چرکەیەک با بیر لەو  ڕاستیە سەرنجڕاکێشە بکەینەوە، ڕاستیەک کە پێمان دەڵێت  دژایەتیکردنی ستەمیش گڕێکە هەر لە هەناوی جەماوەرەوە دێتە دەر، هەروەک چۆن بەشی هەرە زۆری گۆڕانکارییەکانی مێژوویش لەم پارادۆکسە سەیرەوە دروستبوون.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×