زوومکردنی کێشە..

جەواد خەلیل
  2022-01-08     582

لە سەردەمێکدا کە هەموو شتێک لە خۆیدا بڕێک کێشەی هەڵگرتبێت و، ئاسانترین کارێکیش دەرهەقی زوومکردنی بێت؛ ڕەنگە قسەکردن لە سەر کێشە بۆ خۆی کارێکی پڕ کێشە بێت. ئەگەر ڕێگە بە خۆمان بدەین یەک پێناسەی کورت و گشتگیر بۆ مرۆڤی نوێ بکەین، ئەوە دەشێت لە ڕستەیەکی وەهادا پوختی بکەینەوە: ( مرۆڤی نوێ کەسێکە بە دووی کێشەدا دەگەڕێت). کێشەی مرۆڤی نوێ کێشەیەکی دوو دیوە، لە دیوێکدا کەسێک دەبینین لە بەرامبەر یەک دونیا لە کێشەی تاقەتپڕوکێنیی دەرەخۆییدا وەستاوەو کەوتووەتە جەنگەوە لەگەڵیان، لە دیوەکەی تردا هەر ئەم کەسە بە کۆمەڵێک کێشەی زاتییەوە هاتۆتە دەر و کێشەکانی هەناردە دەکات و خۆی بووەتە کێشە خوڵقێن. ڕێک هاوشێوەی پاڵەوانەکەی کافکا ( گریگۆر سامسا) کاتێک لە ژوورەکەی دێتە دەرەوە و بەرامبەر خێزان و جیهانی دەرەوە دەوەستێت و ناچاریان دەکات بە کێشەکانییەوە سەرقاڵبن. هەڵبەت گیانگۆڕکێی گریگۆریش تا ئەندازەیەکی زۆر زادەی ماندووێتی و تاقەتپڕوکێنی کار و بێموبالاتیی دونیای دەرەوەی خۆیەتی. لە یەککاتدا گریگۆر، هەم کێشە خوڵقێنە و هەمیش خۆی بۆتە قوربانی کێشە دەرەکییەکان.
شتێک چ کاتێک دەبێتە کێشە؟ کاتێک بڕێک لە ئاڵۆزیی پێوە ئاڵێنرابێت و نەهێڵێت وەکو خۆی  بە سادەیی بیبینین. کەواتە بۆ تێگەیشتن لە کێشە، ناچارین لە خودی ئاڵۆزیی خۆی ڕابمێنین. ئاڵۆزیی وەک یەکەیەکی داخراو، کە هیچ کەلێن و ڕێڕەوێک بە ڕوونی ناهێڵێتەوە تا لێیەوە دزە بکەینە نێوی. بێگومان لێرەدا ئاڵۆزیی بۆ خۆی ڕووکاری هەرە زەقی کێشەیە. لە ئاڵۆزییدا مرۆڤ هەست بە بوونی کێشەی گەورە دەکات، هەست دەکات لەودیوی ئاڵۆزییەوە هەمیشە بڕێکی زۆر لە کێشە بوونی هەیە، کێشەگەلێک کە چارەکردنیان لە سەرووی توانای مرۆیی ئەمەوەیە.
ئەم بە کێشە بینینەی ئاڵۆزیی، چەندە بەرهەمی ترسێکی ناوەکییانەی مرۆڤ خۆیەتی؛ دوو هێندەش بەرهەمی بیرکردنەوە میتافیزیکیی و ئەفسانەیەکانێتی. کاتێک لە مێژووی ئەم سڵکردنەوەیە دەڕوانین، دەبینین کە زۆر بە قووڵی پێیەکی ئەم بیرکردنەوەیە لەنێو میتۆلۆژیا و ئایندا ڕۆچووە. لە توراسی ئاینە تاکخوداییەکاندا زۆر بە ڕوونی ئاماژەکانی پشت ئەم سڵکردنەوەیە دەبینین، بۆ نموونە: لە گێڕانەوە مێژوویەکاندا هاتووە کە "نەبوخزنەسر" جووەکان دێنێتە بابل، دوای ماوەیەک مانەوەیان لەوێ و تێکەڵبوونیان بە ژیاری بابلییەکان، هەست بە گرنگی نووسینەوەی دەقەکانی نێو کتێبی پیرۆز دەکەن و تەورات دەنووسنەوە. چونکە پێیان وایە نووسینەوە و پاراستنی پیرۆزییەکان وەکو خۆی لە جێیەکی دەستکارینەکراودا، تێگەیشتن و پارێزگاریکردن لێیان ئاسانتر دەکات. جووە بەراییەکان لەو بڕوایەدا بوون بە زارەکیی هێشتنەوەی کتێبی پیرۆز، دەقەکان ئاڵۆزتر دەکات و نەوە دوای نەوە، هەر جارەی بەشێکیان لە بیر دەچنەوە و تەحریف دەکرێن. لە بیرچوونەوەش واتا پشتگوێخستن و گوێنەدان بە فەرمان و کەلامی خودا، کە هاوڕێکی گەورەترین تاوانن و دەبنە گەورەترین کێشەی عەقائیدیش! دوابەدوای جووەکان؛ هەم کریستیانەکان و هەمیش مووسڵمان و بڕواداری ئاینەکانی دیش، بە هەمان ڕێچکەی جووەکاندا چوون: (بنووسە، بۆ ئەوەی بمێنێتەوە و ئاسانتر دەستت پێبگات و بیپارێزیت). ئەوان هەموویان لە خاڵێکدا کۆک و تەبا بوون و وا بیریان دەکردەوە کە بە زارەکیی هێشتنەوە ئاڵۆزیی زیاتر دەکات، ئاڵۆزییش دەبێتە سەرچاوەی کێشەیەکی گەوره بۆ خودا و بۆ باوەڕی لەرزۆکانەی مرۆڤ! بە پێچەوانەی تێڕوانینی سۆکراتەوە، کە پێی وابوو نووسین ئاڵۆزکردن و دوورخستنەوەی مرۆڤە لە بناوانی مەسەلەکان نەک ئاسانکردن و نزیککردنەوە. ئاخر لای سۆکرات، نووسین لەگەڵ ئەوەی خۆی کێشەیە، دوورخەرەوەی حەقیقەتیشە بۆ جێیەکی دوورتر!
پرسیارێک کە لێرەدا دێتە پێشەوە، ئەوەیە کە ئاخۆ هەموو ئاڵۆزییەک نیشانەیە بۆ هەبوونی کێشەیەکی شاراوە و گەورەتر؟ کاتێک بە وردی دەڕوانینە زۆرێک لەو بۆچوونانەی مرۆڤ دەرهەق بە کێشەکانی پشت ئاڵۆزیی، تێدەگەین لەوەی کە بۆچی ئەم تێگەیشتنە کورتی هێناوە و زادەی بیرکردنەوەی دانیشتوانی نێو ئەشکەوتەکەیە ( بە دەربڕینە ئەفلاتۆنییەکەی). چونکە دانیشتووانی نێو ئەشکەوتەکە نازانن لە دەرەوەی ئەشکەوتەکە چ باسە، بۆیە پێیان وایە دەرەوەی ئەشکەوتەکە شوێنێکی تەنراوە بە کێشە. ئەم بە کێشە بینینەی دەرەوەی ئەشکەوتەکە بەرهەمی سڵکردنەوەیە لە خودی ئاڵۆزیی خۆی، بینینێتی بەو شێوەیەی کە وەهم و خورافاتی نێو خەیاڵدانی مرۆڤ دەیخوازێت. نابێ ئەوەش لە یاد بکەین کە جاروبار ئێمە لە هەمبەر "ئاڵۆزییەکی دەستکرد"دا دەوەستین و پێمان وایە ئاڵۆزییەکی سروشتیی و دەرەئیرادەیی ئێمەیە. ئەم ئاڵۆزییە دروستکراوە ئیشی بەرگرتنە لە هەقیقەت؛ ڕێگریکردنە لەو ڕاستییانەی کە ئێمە نامانەوێ بیانبینین و ئاسوودەییمان بشێوێنن؛ بۆیە ئەم ئاڵۆزییە دەخوڵقێنین، تاکو ببێتە بەربەستێک لە نێوان ئێمە و کێشە ڕاستەقینەکەدا. بەو مانایەی " ئاڵۆزیی دەستکرد " ڕێگایەکی خێرای ئێمەیە بۆ هەڵهاتن لە هەقیقەت؛ هەڵهاتن لەو کێشە ڕاستەقینانەی کە هەن و ئێمە نامانەوێ بیانبینین، بۆیە دێین و لەگەڵ ئاڵۆزییەکدا کە خۆمان خوڵقاندوومانە مامەڵە دەکەین و وەک کێشە سەرەکیەکە دەیناسێنین!
  ئەم جۆرە تێکەڵکردنەی نێوان ئاڵۆزیی و کێشە، ئەگەر ڕیشەکەی بشگەڕێتەوە بۆ نێو توراسی کۆن و بۆ میتۆلۆژیا و سەرەتای پێکهاتنی ئاینە تاکخوداییەکان؛ ئەوا بێ هیچ سڵەمینەوەیەک دەتوانین بڵێین لە لای مرۆڤی نوێ و هاوچەرخ گەیشتۆتە دوا ئاستی پێگەیشتنی خۆی، گەیشتووەتە جێیەک کە چیدی ئاسان نەبێت مرۆڤی نوێ و کێشە لە یەکدی جیابکەینەوە! ئەوەی لەم تێکەڵکردنەدا بووەتە فاکتەری سەرەکیی؛ ئەوەی پاڵنەری یەکەمی ئەم پێکەوە لکانەیە، مەسەلەی زوومکردنە. مرۆڤی نوێ بە هەموو توانایەکییەوە کار لە سەر زوومکردنی کێشەکان دەکات، لەمەشدا گەشەی تەکنەلۆژی و تۆڕەکانی پەیوەندی یاریدەیان داوە. لە نک مرۆڤی نوێ جۆرێک لە زوومکردن هەیە، کە دەشێت ناوی بنێین" زوومکردنی ناهۆشمەندانە". لەم جۆرە زوومکردنەدا شێواوییەکی سەیر دەبینین، بە شێوەیەک گەر لەوپەڕی دونیا کێشەیەک ڕوووبدات، با دوور بێت لە زمان و شار و ناوچە و وڵاتەکەی ئەو؛ با هیچ شتێک جگە لە مرۆڤبوون بە خاوەنی ئەو کێشەیەی نەبەستێتەوە؛ با هیچ زانیاری و و داتایەکی دروستیشی لەبەردەستدا نەبێت؛ ئەو هەر دەبێت زوومی بکات و فۆکس بخاتە سەری و ڕای خۆی لەبارەیەوە دەرببڕێت. وەنەبێ ئەم زوومکردنەش لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و هاوغەمیی و پاڵپشتییەوە بێت، بەڵکو زۆرجار بۆ زەقکردنەوە و تانەدان و چەند هێندەکردنی کێشەکەیە. واتا زوومکردنی کێشە لێرەدا ئەوەندەی بۆ زەقکردنەوەی کێشە و هێشتنەوەیەتی بە بێ چارەسەر، نیو ئەوەندە هەوڵ نیە بۆ بنبڕکردنی کێشەکە و دامرکاندنەوەی. هیچ کەس نیە لە ئێمە ڕۆژانە بەهۆی ئەم دونیا مەجازییەوە بەر دەیان کێشەی زوومکراو نەکەوتبین، کە بە هیچ شێوەیەک شیاوی ئەو زوومکردنە نین. ئەم خووە لە مرۆڤی نوێدا گەیشتۆتە ئاستێکی هێندە مەترسیدار، کە زۆرجار ترۆری کەسێتیی و کێشەی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتیشی لێ کەوتۆتەوە.
خاڵێک کە لەم زەقکردنەوەیەدا دەبێتە جێی سەرنج، ئەم زوومکردنە خاوەنی چەند خەسڵەتێکی جودا و ئاشکرایە کە زۆر بە ئاسانی جیای دەکاتەوە لە "زوومکردنی هۆشمەندانە" . لەم زەقکردنەوەیەدا ڕاگوزەریی و بە هەڵواسراوی هێشتنەوە و لە بیرخۆبردنەوە و فڕێدان چوار خەسڵەتی بنەڕەتیین. هەر کێشەیەک دەکەوێتە بەردەمی ئەم جۆرە لە زوومکردن دەبێت کاتییانە بێت و زوو وەلاوە بنرێت و فڕێبدرێت، فڕێدان بەو مانایەی کە چیدی نەچیتەوە بە لایدا و بە هەڵواسراوی و بێ چارەسەر بیهێڵیتەوە. هەموو ئەمانەش بە هاوردەکردنی کێشەیەکی نوێ و دروستکردنی حیکایەتێکی نوێ و زوومکردنی تا ئەوپەڕی توانا دەکرێت. کۆمەڵگە بۆچی حەزی لەم جۆرە زوومکردنەیە؟ چونکە زوومکردنی کێشەی دووەم زۆر بە ئاسانی کێشەی یەکەم لە بیر دەباتەوە و پێویستی بە لەسەر وەستان و بیرکردنەوەی قووڵ نیە. کاتێکیش مرۆی بیرکەرەوە لە ڕێی زوومکردنی هۆشمەندانەی کێشەکانەوە، پەردە لە سەر ڕاستێتی و هەقیقەتی کەڵەکەکردنی کێشەکان و پشتگوێخستنیان لادەدات، لە نێو کۆمەڵدا هەرا دەنێتەوە و تاوانبار دەکرێت بە دروستکردنی کێشەی نوێ، لە کاتێکدا ئەوەی ئەم کردوویەتی تێنەپەڕاندنی کێشەکانە بە بێ چارەسەر و زوومکردنی ڕاستەقینەیە لە پێناو چارەکردنیدا!
"زوومکردنی هۆشمەندانە" پرۆسێسێکی فیکریی قووڵە و ئامانج لێی دەرخستنی کێشە بنەڕەتیی و ژیارییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگە مۆدێرنەکانە. کردنی کێشەیە بە بابەتێکی فیکریی و قسەکردنە لە سەر کێشە وەک سەرەداوێک بۆ تێگەیشتن لە پرسە هەنووکەییەکان. کەم نین ئەو فەیلەسوف و بیرمەندانەی لە یۆنانەوە تا دەگاتە ئێستامان، لەبارەی کێشەوە دواون. هەر بۆ خۆی بوونی کێشە، بنەمایەکی سەرەکی دەرکەوتنی کردەی فەلسەفییانەیە. هزر و تێڕامانەکان بەرمەبنای کێشه گەورە و بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتین. مرۆی بیرکەرەوە، ئەوەی بیرکردنەوەی قووڵ پاڵنەری زوومکردنەکانێتی، زۆر جیاوازە لەو زۆرینەیەی کە زوومی کێشە دەکەن تەنها وەکو سەرگەرمییەکی بەتاڵ. ڕەنگە مرۆی بیرکەرەوە لە دەرئەنجامی زوومکردنی کێشەیەکدا، کێشەگەلی دیکە بخووڵقێنێ، بەڵام ئەم خوڵقاندنە لە پێناو ئامانجێکی بەرزتر و گەورەتردایە تاوەکو مرۆڤایەتی قۆناغێک بباتە پێشێ. چونکە مرۆی بیرکەرەوە پێی وایە بێ کێشەیی و وەستان بۆ خۆیان نەک هەر کێشەن، بەڵکو کێشەی زۆر بنەڕەتیشن. ئەو دەزانێت کۆمەڵگاکان ئاستی پێشکەوتنیان بەستراون بە ئاست و جۆری کێشەکانیانەوە. ئەو کۆمەڵگایانەی سەرقاڵی کێشەگەلی هیومانیستی و فیکریی گەورەن و لە نێو کێشە وجودی و فەلسەفییەکاندا خەریکی زوومکاریین، جیاوازن لەو کۆمەڵگایانەی کێشەکانیان سادە و وردن و بایی ئەو وردییەش قسەکردن لە سەریان ژاوەژاو دەنێتەوە.

 


              لێڵکردنی کێشە یان وێڵکردنی هەقیقەت
باسمان لەوە کرد کە زوومکردنی کێشە، چۆن بۆتە پێناسێک بۆ جیاکردنەوە و ناساندنی مرۆڤی ئەم سەردەمە، بەڵام هێشتا بە ڕوونی وەڵامی ئەوەمان نەداوەتەوە کە ئاخۆ تا چەندە ئەوەی مرۆڤی نوێ زوومی دەکات خودی کێشەکە خۆیەتی؟ واتا ئایا ئەوەی کە ناومان لێناوە زوومکردنی کێشە، هەر بەڕاستی زوومکردنی کێشەکانە یاخود سێبەری کێشەکانە و هیچ پەیوەندییەکی وەهای بە وێنا ڕاستەقینەکەوە نیە؟! تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و حیکایەتە گشتییەکانی نێو جڤاک، بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشێکی ئەم وەڵامەی ئێمە دەدەنەوە. بۆ نموونە سەروەختێک کێشەیەک ڕوودەدات و دەبێتە ڕۆژەڤی تۆڕەکان، هەرکەسە و لای خۆیەوە لەبارەیەوە دەدوێت و دەیکاتە مژاری خۆی، ئەم ڕادانە دەستە جەمعییە زۆرینە تووشی بەدحاڵیبوونێکی وەها دەکات کە بڵێن ئێمەش ئاگاداری ئەو کێشەیەین. لە کاتێکدا ئەوەی بەوان دەگات، زۆرجار خودی کێشەکە نیە، بەڵکو ڕای خەڵکانی دیکەیە لە سەر کێشەکە. واتا بینینی کێشە لە چاوی ئەوانی ترەوە. ئەم بینینە زۆر دوور دەکەوێتەوە لە کێشەکە خۆی، چونکە مامەڵەکردنە لەگەڵ سێبەری کێشەکاندا، نەک خودی کێشەکان. ئەم لێڵییە، وایکردووە زۆرجار بڕوا بە چیرۆکی ڕاستەقینەی کێشەکە خۆی نەکرێت و سێبەرەکانی وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر وەربگیرێن. گرنگە بزانین بەرئەنجامی ئەم زوومکردنە نەک لە ڕاستی کێشەکە نزیکمان ناکاتەوە، بەڵکو هێندەی تر بەری بینینمان تەڵخ و تەماوی تر دەکات. دواجاریش ئەوەی لەو نێوەندەدا وێڵ دەبێت و بۆمان نادۆزرێتەوە، خودی هەقیقەتە؛ هەقیقەتێکی داپۆشراو بە کۆمەڵێک بینینی تر.  لەگەڵ ئەوەشدا ئەم وەڵامەی تۆڕەکان و حیکایەتەکانی نێو جڤاک، کۆی وەڵامەکە نین. بۆ دەستخستنی بەشی دووەمی ئەم وەڵامە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ "کارل پۆپەر" وەختێک هەقیقەت و ڕاستی شتەکان دەبەستێت بە ڕەخنەوە. بە ئیلهام وەرگرتن لە "پۆپەر" دەتوانین بڵێین کێشە بۆ ئەوەی ڕوون و دیار بێت و لە هەقیقەتەکەی تێبگەین، دەبێت قابیلییەتی ئەوەی تێدا بێت بەر رەخنە بدرێت. بەم پێیە کێشە کاتێک دەبێتە کێشە کە ببێتە بابەتێک بۆ ڕەخنە، لە ڕاستیشدا بەشی هەرە زۆری کێشەکانی نێو دونیای ئێمە، چونکە سێبەری کێشەکانن و خودی کێشەکان نین؛ بۆیە ڕەخنەکانیشمان ڕەخنەن لە سێبەر و دوورن لە خودی کێشەکانەوە. هەرچەندە بە ڕووکەشیش وای دەربخەین کە زوومی کێشەکانمان کردووە و خەریکی ڕەخنە لێگرتن و چارەسەر کردنیانین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×