ئێران بە بەرنامە ئەتۆمیەکەیەوە و ڕۆژئاواش بە سزائابوریەکانیەوە لە ڤییەنان ـ چی دەگوزەرێت لە دانوستاندنەکانی ڤییەنادا؟

محەمەد غەریب حسێن
  2022-01-09     753

دانوساندنەکانی ڤیەنا لەبارەی بەرنامەئەتۆمیەکەی ئێران چەند پێشهات و گۆڕانکاریەکیان بەخۆوە بینیوە، کەدەکرێت وەک بەرەوپێشچون لەقۆناخەکانی دانوستاندندا لێیان بڕوانین، هەندێک لە دیبلۆماتکارەکانی ڕۆژئاوا بەچاوی هیواوە لەم گەڕانەی دانوستاندنەکان دەڕوانن بۆ زیندوکردنەوی ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی(٥+١)ی ساڵی ٢٠١٥ کە بە (JCPOA) ناسراوە.

ئامانج لە دانوستاندنەکانی ڤییەنا گەڕاندنەوە یا زیندوکردنەوەی ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی ساڵی ٢٠١٥ یە کە بە ( (JCPOA ناسراوە، ئیدارەی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی پێشوتری ویلایەتە یەگرتوەکانی ئەمەریکا تاکلایەنانە  لە ساڵی ٢٠١٨ لێیکشایەوە و سزای ئابوری بەسەر ئێراندا سەپاند،  ئێرانیش لەبەرامبردا قۆناخ بە قۆناخ هەستا بە سەرپێچیکردن و دەرچون لە چەند بڕگەیەکی ناو ڕێکەوتنەکە لە سەرەتای مایسی ساڵی ٢٠١٩. گەڕی حەوتەمی دانوساندنەکانی ڤییەنا دەستی پێکردۆتەوە لە ٢٩ تشرینی دووەم، لەم گەڕەی دانانوساندنەکانی ڤیەنادا ئێران ڕەشنوسێکی پێشکەشی لایەنەکانی بەرامبەری کردوە بۆ چۆنێتی زیندوکردنەوەی ڕێکەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥، هەرچەندە دیپلۆماتکارەکانی فڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا کە بە E3 ناسراوەن لە ٣ ی کانەنی یەکەم نیگەرانی و بێئومێدبونی خۆیان ڕاگەیاند دوای ئەوەی کە بە وردی شیکردنەوەیان بۆ گۆڕانکاریەکان لە ڕەشنوسەکەی ئێران کردبوو، کە لە ئەنجامی ٦ مانگ دانوستاندن لە گەڕەکانی پێشوی ڤییەناوە بەدەستهاتبوو، بەڵام خاڵی ئومێدبەخش بریتییە لە بەردەوامی دانوستاندنەکان.

دوای هەڵپەساردنی دانوساتادنەکان لە مانگی حوزەیرانی ڕابردودا دیپلۆماتکاری ئسپانی و نوێنەری یەکێتی ئەوروپا بۆ دانوسامدنکانی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران لە ڤییەنا ( ڕیکوی مۆرا) ڕایگەیاند کە تواندراوە دانوساندنەکان جارێکی تر دەستپێبکاتەوە دوای ئەوەی کە ئێران ڕازیبوە بە دەستپێکردنوەی دانوساندنەکان بەشێوەیەکی فراوان و بە ئەجێندایەکی تواو نوێوە.

سەرۆکی وەفدی دانوسانکاری ئێرانی (عەلی باقری)  ڕایگەیەند کە ئەو گەژبینە بە دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکان، بەڵام ئەوان چاوەڕوانی دڵنیایپدانن لە لایەن ئەمریکاوە کە نەک هەر سزاکانی سەرئێران هەڵدەگرێت بەڵکو دڵنیاییان لەبارەی دوبارە نەسەپاندنەوەی ئەو سزایانە دەوەێت لە داهاتودا.

لە ئێستادا لایەنەکانی بەژدار لە دانوستاندنەکانی ڤییەنادا گفتوگۆ لەسەر دوو ڕەشنوس دەکەن یەکەمیان پەیوەندیدارە بەو سزایانەی کە دەبێت لەسەر ئێران هەڵبگیرێن، وە دوەمیان بریتیە لەو هەنگاوانەی کە دەبێت ئێران پەیڕەوی بکات بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥، هەنگاوەکان وەک کەمکردنەوەی یۆرانیۆمی کۆگاکراو و لابردنی ئامێرە پێشکەوتوەکانی وەک سێنتەرفیوجە پێشکەوتوەکان. لە ئێستادا داڕشتنەوەی ڕشنوسی سێیەم خراوەتە بەرباس کە بریتیە لە پشتڕاستکردنەوەی لابردنی سزاکان لەسەر ئێران کە ئێرانیەکان زۆر جەختی لەسەر دەکەنەوە وەک پێشمەرج بۆگەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێکەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥.

ئێرانیەکان بۆ سێ مەبەستی گرنک دانوستاندن دەکەن یەکەم دەبێ هەموو ئەوسزا ئابوریانەی کە لەدوای ڕێکەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ وە بەسەریدا سەپێندراوە لابدرێن، دووەم دەبێ ماوەی سێ مانگ بدرێت بە ئێران بۆ ئەوەیی دڵنیابێتوە کە بەکرداری ئەوسزایانەی لەسەر هەڵگیراون، وە سێیەمیان بریتیە لە دڵنیاییەکی یاسای کە سەرۆکی دواتری ئەمریکا نەتوانێت لەم ڕێکەوتنەش وەک ڕێکەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ بکشێتەوە، چونکە ئێرانیەکان تێگەیشتون لەوەی کە کشانەوە لە ڕێکەوتنەکە چەندە ئاسانە بۆ هەر سەرۆکێکی دواتری ئەمریکا.   

ئەمریکیەکان دەیانەوەێت کە ئێران بگەڕێننەوە بۆ ڕێکوەتنەکەی ساڵی ٢٠١٥، وە بەر لە بەرەوپشچونی  بەرنامە ئەوتۆمیەکەی ئێران بگرن.

 کۆتاڕۆژی دانوستاندنەکانی گەڕی حەوتەم تەرخانکرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەوجۆرە لە سزاکان کە سەپێندراون و بەدیاریکراوی پەیوەندیدارن بە بەرنامە ئەتۆمیەکەوە و دەبێ هەڵبگیرێن، نەک ئەوسزایانەی کە سەپێندراون بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مۆڤ لەلایەن ئێرانەوە یان هەڵسوکەوتەکانی لە ناوچەکە. هێشتا لە نێوان هەردولای دانوسانکاردا جیاوازی هەیە لەبارە پۆلێنکردنی سزاکان بەمەستی لادانیان.        

ئێرانیەکان ڕازیبون بەوەی کە گفتوگۆ لەسەر ئەو هەنگاوانە بکەن کە پێویستن بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێکەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ کە بە (JCPOA)   ناسراوە  و سەرۆکی پێشەی ئەمەریکا دۆنالد تڕامپ تاک لایەنانە لێیکشاوەتەوە لە ساڵی  ٢٠١٨ دا، وە ئێرانیش لە پەرچەکرداردا هەستا بە شکاندنی بەندەکانی ناو ڕێکەوتنەکە بۆ نمونە عەمبارکردنی یۆرانیۆم و بەکارهێنانی زیاتری ئامێرە پێشکەوتوەکانی پێتاندنی یۆرانیۆم (سێنتریفیوج)، کە پشکنەرە ناوەکیەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێن کە ئەوان ناتوانن دەستیان بەوئامێرانە بگات و بیانپشکنن.

هەرچەندە ئەمرکیەکان لایەنی ڕاستەوخۆنین لە دانوستاندنەکانی ڤیەنادا لە بەرامبەر ئێرانیەکاندا بەڵام وەفدی دانوسانکاریان لەڤیەنا ئامادەیە و ناڕاستەوخۆ تاوتوێی هەرپێدراوێکی نوێی ئێران دەکەن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکاش خواستی خۆی بۆگەڕانەوە بۆڕێکەوتنەکە دەربڕیوە.  

هەرچەندە ئیسڕائیل نیگەرانی خۆی گەیاندۆتە بەریتانیا و فەڕەنسا سەبارەت بە بەردەوامی دانوساندنەکان لەگەڵ ئێراندا باڵام ‌هێشتا ئەو دوو وڵاتە بەدەوامن لە دانوستاندنەکان بۆ لابردنی سزاکانی ئەمریکا ئەگەر هەنگاوی پێویست لەلایەن ئێرانەوە بگیرێتەبەر بۆ گەڕاندنەوەی بۆ ڕێکەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥، ئیسڕائیلیەکان پێیانوایە کە بە گەڕانەوەی ئێران بۆ دانوستاندنەکانی ڤییەنا ئێران تەنها دەیەوێت سود لە کات ببینێت بەمەستی پێشخستنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی.  

بەریتانیەکان هەمان هەڵوێستیی ئسڕائلیەکانیان هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی شانشینی یەکگرتوی بەریتانیا ڕایگەیەند کە ئێران لەدانوستاندنەکاندایە تەنها بەیەک هۆکار ئەویش هەڵگرتنی سزاکانی سەریەتی چونکە ئێران بۆ بەدەسەتهێنانی چەکی ئەتۆم بەردەوامی دان بەکارە تیرۆرستیەکانی پێویستی بەباشکردنی لایەنی ئابوریەتی.

ڕستەخۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرکۆنەی لێدوانەکەی بەریتانیای کرد بەوەی کە بەدیاریکراوی لەڕۆژی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکاندا بەریتانیا پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کردوە، وەهەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیەند کە بەریتانیا لێدوانی دژی ئێران داوە شانبەشانی ئیسرائیل کە نەیاری سەرسەختی ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی ساڵی ٢٠١٥ یە، وە بەمە لەندەن پیشانی داوە کە نیازپاکی نیە بەرامبەر پاراستنی ڕێکەوتنە ئەتۆمیکەی ساڵی ٢٠١٥، وە هەروەها ڕایگەیاند کە لەندەن ناتوانێت نیوەڕۆ نان لەگەڵ دوژمنی ڕێکەوتنەکە بخوات و بۆ نانی ئێوارە لەسەر مێزێکیتر داوای پاراستنی ڕێکەوتنەکە بکات.

لە ١٥ کانونی یەکەمدا ئێران و پشکنەرەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان گەیشتنە ڕێکەوتنێک بۆ دانانی کامێرای چاودێری لە بنکە ئەتۆمیەکانی ئێراندا بەتایبەنتی لەبنکەی (کاراج)، ئەم هەنگاوە زۆر پێویست بوو وەک دەستپێکێک بۆ بەردەوامی دان بە گفتوگۆکان لەبارەی لابردنی سزا ئابوریەکانی سەر ئێران. لە مانگی حوزایرانی ڕابردودا ئەو کامێرا چاودێریانەی کە بە پشتبەستن بە ڕێکەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ دانرابوون لە بنکەی ئەتۆمی (کاراج) لە ئێران بۆ چاودێریکردنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران لابران چونکە ئێرانیەکان پێیان وابوو کە کامێراکان هاککراون لەلایەن ئیسڕائیلەوە. لەبارەی ڕێکەوتنەکەوە ئێرانیەکان پێیانوایە کە هیچ بیانویەکیان بۆ لایەنەکانی بەرامبەر نە‌هێشتۆتەوە و بەچونەناو ئەم بەشەی ڕێکەوتن نیازپاکی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بە گفتووگۆکان لەسەر ئەجێندایەکی فراوان دەرخستوە.

ڕێکەوتنەکە بە جۆرێکە کە ئێران ڕێگە دەدات بە جێگیرکردنی کامێراکانی چاودێری لە بنکە ناوەکی کاراج ،بەڵام ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی (IEAE)  ناتوانێت دەستی بگات بە زانیارییەکانی کامێرا چاودێرییەکان هەتاوەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزاکانی سەر ئێران لا نەبات و نەگەنە ڕێکەوتنێک لە بارەی گەڕانەوەیان بۆ ڕێکەوتنەکەی پێشووتری ساڵی ٢٠١٥، ئەمەش پێویستی بەچەند مانگێک هەیە بۆ ئێران بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە کە سزاکانی لەسەر لا بردراوە بۆ ئەم مەبەستەش ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی (IEAE)  ناتوانێت دەستی بگات بە زانیارییەکانی کامێرا چاودێرییەکانی بە لایەنی کەمەوە تا مانگی شوبات.

لە ١٧ کانونی یەکەمدا و ڕاستەخۆ دوای ڕێکەوتنەکە دیبلۆماتە ئێرانیەکان گەڕانەوە بۆ ئێران بەمەستی ڕاوێژکردن بەسەرو خۆیان کە ئەمەش ڕاوەستانێکی کاتی خستە گفتوگۆکانەوە کە نیگەرانی لایەنەکانی تری گفتوگۆکاری لێکەوتەوە وە هیوای ئەوەیان خواست کە ئێرانیەکان بەزوترین کات بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆکان چونک کات لە بەرژەوەندی گفتوگۆکاندا نیە و تەنها چەند هەفتەیەک کات ماوە نەک چەند مانگێک بۆ پاراستنی ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی ساڵی ٢٠١٥.

لە ێێستادا بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران زیاتر لە هەرکاتێکیتر پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، ئەم پێشکەوتنان دەکرێت گرژی و ئاڵۆزی بەدوای خۆیدا بێنێت بۆیە چاوەڕوان ناکرێت ئێران نیازی زیاتر ئاڵۆزکردنی بارودۆخکەی هەبێت، لەبەرئەوەش واپێشبیی دەکرێت کە بەرلە کۆتای ساڵ گفتوگۆکان بۆ گەڕی هەشتەم دەستپێبکەنوە و وەک ئەوەی پێشبینی دەکرا بەر لە کۆتای ساڵ دانوستاندنەکان دەستیان پێکردەوە.

هەندێک لە دیپلۆماتکارە ئەورووپییەکان پێیان وایە کە ئێران نایەوێت گفتۆگۆکانی ڤییەنا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەرەو هەڵدێر و داڕمان بەرێت وەک نیاز پاکیەکیش ئێران ڕەزامەندی خۆی نیشان دا بە بە جێگیرکردنی کامێراکانی چاودێری لە بنکەی ناوەکی کاراج. 

هێڵی سوری ئەمریکا بۆ ئێران دەکرێت بریتیبێت لە: نابێت زیادکردنی یۆرانیۆم بگات بە ئاستی%90، ئەگەر نا هیچ بەهایەک بۆ دانوساندنەکان نامێنێتەوە. بەکشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ ئێرانیەکان توانیویانە بەباشی بەرنامە ئەتۆمیەکەیان بەرەو پێش بەرن چونکە چاودێری نێودەوڵەتیان لەسەر نیە و نەبوە، وە بەبێوەستان و بە بەردەوامی لەهەوڵی پێشخستنیدان کە وەک کارتێکی فشاری بەهێز دەیبینن بۆ فشار خستنە سەر لایەنەکانی بەرامبەریان لە کاتی دانوساتاندندا، ئەو پێشخستنەی کە بەدیدەکرێت کە بەوتەی ئاژانسی وزەی ناوکی نێودەوڵەتی ئێران لە ئێستادا گەیشتوە بە %60 ی زیادبونی یۆرانیۆم، هەرچەن ئەم بڕە هێشتا کەمە بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ناوەکی کە دەبێت %90 و زیاتر بێت بەڵام ئێران بە خێرای لەهەوڵی زیادکردنیدایە،هەرچەندە بەپێی زۆرێک لە پێشبینیەکان ئێران یەک ساڵ تا دوو ساڵی تری دەوێت بۆ بەدەستخستنی بۆمبی ناوەکی. هەرچەند ئەم بڕەش زیادبکات فشاری زیاتر لەسەر لایەنەکانی تر دروست دەکات، بۆ بەرگرتن لەم زیادبونەش لایەنەکانی بەرامبەر لە هەوڵی تاوتوێکردنی بژاردەی تردان وەک جێگروەی دیبلۆماسیەت لە ئەگەری شکستهێنانی، ئەگەر ئەو بژاردەیە بەکارهێنانی هێزیشبێت، لەم سۆنگەیەوە سەرۆکی ئێران ئیبراهیم رەیسی ڕایگەیاند کە بەکارهێنانی هێز لە دژی ئێران هاوکێشەکان بەتەواوی تێکدەدات و ئێمە لەهەوڵی تاوتوێکردنی چۆنێتی پارستنی بنکە ئەتۆمیەکانمانداین لە وەها ئەگەرێکدا. دیبلۆماتکارە ئەوروپیەکان دەڵێن کە ڕاستە ئێران لەهەرکاتێکی تر پێشکەوتوترە لە بەرنامە ئەتۆمیەکەیدا بەڵام ئەمە بەومانایە نایەت کە ئێران نزیکە لە بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی.

وەک پێشبینی دەکرا گرتنەدەستی دسەڵات لەلایەن ئیبراهیم ڕائیسیەوە کەسەر بە پارتێکی توندڕەوە  پڕۆسەی دانوستاندنەکەی قورس و ئاڵۆزکردوە، لەدوای هاتنەسەرکاری رەئیسی بەگەڕانەوەی دیبلۆماتەکارە ئێرانیەکان  بۆ دانوساندنەکان پەشیمان بونەوە لە هەندێ نەرمینواند کەلەلایەن حوکومەتی پێشوتر خرابووەڕو ڕویداوە.

بەربەستی هەرە گەورە لەبەردەم ڕێکەوتنەکەدا بریتیە لە نەبونی متمانە لەنێوان هەردولایەندا بەجۆرێک کە هەردولایەن بەگومانن لە دەستپێشخەریکردن ، نە ئەمریکیەکان دەستپێشخەریدەکەن بەوەی سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرێت وە بگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥، نە ئێران دەستپێشخەریدەکەن بەوەی کە پابەندی و گەڕانەوەی خۆیان بەتەواوی بۆناو ڕێکەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ ڕابگەیەنن، بەتایبەتی بەرەودان بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی بگوێرەی رێکەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ سنوردار بکات. هەرلەبەر ئەم هۆکارەشە کە جۆرێک لە لێکتێگەیشتن دروست بووە کە گەڕانەوەی هەردولایەن بۆڕێکەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ بە قۆناخبەندیبێت، قۆناخی یەکەم بریتی بوو لەوەی کە ئێران ڕەزامەندی داوە بە دانانەوەی کامێراکانی چاودێری لەبنکەی ئەتۆمی کاراج، لەبەرامبەردا ئەمریکیەکان هەندێ لەوسزایانە هەڵدەگرن کە لەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ بەسەر ئێراندا سەپاندویانە.

 هەرچەندە زیندوکردنەوەی ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی ساڵی ٢٠١٥ بەتەواوەتی وەک ئەوەی کە کاتی خۆی چۆنکراوە بەهەمان شێوە کارا بکرێتەوە کارێکی ئەستەمە، چونکە زۆر هاوکێشە هەن کە گۆڕانی بەسەردا هاتوە کە جاریکی تر ئەستەمە بگەڕێندرێنەوە بۆ دۆجی سەرەتای خۆی وەک زیادکردنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە کە گەیشتۆتە ئاستی %٦٠ ناکرێت بگەرێندرێتەوە بۆ ڕێژەی %٣،٦٧ بەگۆێرەی ئەو ڕێکەوتنەکەی کە لە پێشودا کرابوو. 

لەئێستا ئێرانیەکان لە ترسی ئەوەدان کە لە ئەگەری ڕێکەوتنیشدا کۆمپانیا بازرگانیەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئامادەنەبن ڕولە ئێران بکەن چونکە ئێرانیەکان ترسیانهەیە لە ئەگەری لەسەر کار لاچونی ئیدارەکەی بایدن و هاتنەسەرکاری ئیدارەیەکی تر جاریکی تر سزاکان بەسەر ئێراندا بسەپێندریتەوە.

سزاکانی ئەمریکا نەیتوانیوە بەر بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران بگرێت بەڵکو ئێرانی دەستکراوەکردوە لە پەرەپێدانیدا، سزاکان تەنانەت وایان لە ئێران نەکردوە کە پەلە لە دانوستاندنەکاندا بکات بەڵکو ئەوە ڕۆژئاوایەکانن کە پەلەیانە لە دانو ستاندنەکاندا. تانانەت نەیتوانیوە بەربە بازرکانی نێوان چین و ئێرانش بگرێت ڕۆژانە بەبەرچاوی دنیاوە کارە بازرگانیەکانیان ئەنجام دەدەن.

لە ئەگەری شکست هێنانی دانەستاندنەکانی ڤییەنا، پلانی لایەنەکانی تر دەکرێ ئەمانەبن:

ستراتیجیەتی ڕاوەستان: واتە هیچلایەک زیاتر کێشەکە قوڵناکاتەوە، لەم قۆناخەی کە ئێستا تێیدان ڕادەوەستن، نە ئەمریکیەکان سزای زیاتر دەسەپێنن بەسەر ئێراندا و نە ئێرانیەکانیش برەوی زیاتر بە بەرنامە ئەتۆمیەکەیان دەدەن، ئەکرێت ئەمە چارسەرێکی کاتی بێت بۆ سودوەرگرتن لەکات تا دەگەنە ڕێکەوتنێکی گژگیر و پتەو. چونکە ئێرانیەکان وتویانە کە هێڵی سوری خۆمان (redline) بۆ ئەو کاتە دەستکردە دیاریکراوەی(deadline) ئێوە نابەزێنین. لەبارەی دیاریکردنی کاتێکی سنوردار بۆدانوستاندنەکان زیاتر ناجێگیری و پەلەکردن لە دانوستاندنەکان بە ڕۆژئاوایەکانەوە دیارە چونکە مەترسی ڕۆژئاوایەکان ئەوەیە کە ئەوان پێیان وایە ئێران لە چەند هەفتەی داهاتودا دەتوانێت تەواوی پێداویستیەکانی بەرهەمێنانی بۆمبی ناوەکی لەبەردەستابێت و وە لەوەها بردۆخێکدا بەهایەکی ئەوتۆ بۆدانوستاندنەکان نامێنێتەوە. نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت کە دیبلۆماتکارە ئێرانیەکان لە هەرە باشترینەکانی دونیان تەواو هۆشیارن بە چۆنێتی دانوستاندن و کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان و بژاردەکانی بەردەستیان وە هەروەها پشودرێژ و خۆڕاگرن.        

 توندکردنی سزاکانی سەر ئێران:  یەکێکی ترە لە ئەگەرەکانی بەئەنجام نەگەیشتنی دانوستاندنەکانی ڤییەنا لەم سێ هەفتەیەی کەماوە، لەوەها ئەگەرێکدا چاوەڕوان دەکرێت گرژیەکان زیاتر بن هەرچەندە چینیەکان و ڕوسەکان داوایان کردوە کە سزای زیاتر بەسەر ئێراندا نەسەپێنڕێت. لە وەها ئەگەرێکدا ئێران هەڵدەستێت بە زیاتر کردنی یۆرانیۆم چونکە ئەوەی بەدیکراوە لەڕابردودا ئەوەیە کە سزاکانی سەر ئێران نەیتوانیوە کە پێشکەوتنەکانی بەرنامە ئەتۆمیەکە ڕابگرێت.

یەکێکی تر لە ئەگەرەکان بریتیە لە شەڕ و پێکدادانی سەربازی، کە زیاتر ئیسرائلیەکان بە چارەسەری دەبینن بۆ کێشەکە، سەرۆکی ئێرانیش ئیبراهیم ڕەئیسی ڕایگەیاند کە ئەوان ئامادکارەی بۆ بەپەرچدانوەی هەر هێرشێک دەکەن کە بکرێتە سەریان.  ئەم بژاردەیە مەترسیدارە و دەکرێت لێکەوتەی یەکجار خراپ بەدوای خۆیدا بێنێت ناوچەکە بەرەو ئاقارێکی نادیار و ئاڵۆز بەرێت و تەنانەت ئاڵۆزیەکان بەرەو ئاستی نێودەوڵەتی بەرێت. ئەم بژاردەیە نەخوازراوە بۆ ڕوسەکان و بۆ چینیەکانیش چونکە ناتوانن بێدەنگبن لەبەرمبەر ئەو هێرشانەی کەدەکرێنە سەر ئێران لە کاتێکدا کە ئێران لەسەر بلۆکی ئەوان هەژمارکراوە.  

 

سەرچاوەکان:

https://www.theguardian.com/world/2021/dec/17/nuclear-watchdog-casts-doubt-on-iranian-claims-over-missing-footage

https://www.theguardian.com/world/2021/dec/16/iran-un-inspector-agreement-cameras-nuclear-facility-us-sanctions

https://www.theguardian.com/world/2021/dec/27/iran-nuclear-deal-eighth-round-of-talks-begins-in-vienna

https://www.theguardian.com/world/2021/nov/29/iran-hopes-to-covertly-advance-its-nuclear-programme-says-israel

https://www.foreignaffairs.com/articles/iran/2021-12-23/redline-iran

https://www.newyorker.com/magazine/2022/01/03/the-looming-threat-of-a-nuclear-crisis-with-iran

https://www.youtube.com/watch?v=BjJlv7v11HA&t=1205s

https://www.youtube.com/watch?v=tOBMyrj50AQ

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×