چی دەبێت ئەگەر ئێران بێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؟

محەمەد غەریب حسێن
  2022-08-20     696

بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران کە پرسێکی گەرمی ڕۆژە و ئێران و وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەڵمانیا لە هەوەڵی زیندوکردنەوەی ڕێکەوتنەکەی ساڵی 2015 دان کە ئەمریکا تاکلایەنە لێیکشایەوە و ئیستا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆی. هەندێک لە چاودێران پێیان وایە کە ئێران زۆر نزیکە لە بەدەست هێنانی چەکی ئەتۆمی، لەبەرئەوە لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستاندنەکانی ئێستای ڤیەنا بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنەکەی ساڵی 2015 ئەوا ئێران بەئاسانی  و لە مەودایەکی کورتدا دەتوانێت دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی. هەرچەندە پێم وایە دانوستاندنەکانی ڤییەنا ئەگەری سەرکەوتنیان زۆرە بەڵام لە ئەگەری شکستیشیدا ئەوا چەند ئەگەرێک بەدیدەکرێت، کە یەکێک لە ئەگەرەکان بەدەستهێنانی چەکی ناوەکیە لەلایەن ئێرانەوە، بۆیە وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە بە گرنگ دەزانم.

چی دەبێت ئەگەر ئێران بێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؟

وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە چاودێرانی سیاسی دابەشکردوە بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا، بەرەیەکیان پێیوایە کە ئێران بوە خاوەنی چەکی ئەتۆمی ئەوا لەسەر ئاستی نێودەولەتی و هەرێمایەتی و نێوخۆی هاوکێشەکان تێکدەچن و شەڕی گەورەی ئەتۆمی ڕودەدات و کوشتاری زۆری لێدەکەوێتەوە. بەرەکەی تریان کە بەرەی دوەمە پێیان وایە کە هەرچەندە بڵاوەپێکردنی چەکی ئەتۆمی مەترسیدارە و باشتروایە کە هەموو هەوڵێک بدرێت کە چەکی ئەتۆمی زیاتر بڵاوەی پێنەکرێت، بەڵام لە ئەگەری بەدەست هێنانی لەلایەن ئێرانەوە ئەوا نابێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ، بەڵکو بەپێچەوانەوە هۆکارێک دەبێت بۆ سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە.

سەبارەت بە بەرەی یەکەم

کە پێیان وایە ئەگەر ئێران بوە خاوەنی چەکی ئەتۆمی ئەوا لەسەر ئاستی نێودەولەتی و هەرێمایەتی و نێوخۆی هاوکێشەکان تێکدەچن، لەبەر چەند هۆکارێک

 یەکەم : بەدرێژای شەست ساڵی ڕابردوو سیاسیەتی جیهان بەجۆرێک بوە کە ڕێگری بکرێت لە بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمی .

دوووم پێیان وایە کە ئێران وڵاتێکی پڕ مەترسیە و زۆر تەوندە وە بە گەورەترین هەناردەکاری تیرۆری دەزانن، بۆیه پێیان وایە کە بەهیچ جۆرێک ناکرێت ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی وە لەئەگەری بونی بەخاوەنی چەکی ناوەکی ئەوا بە کۆتایproliferation)   (non- دەزانن کە بریتیە لە زیاد نەکردن و بڵاوە نەکردنی چەکی ئەتۆمی چونکە لەئەگەری بونی ئێران بە خاوەنی چەکی ناوەکی ئەوا وڵتانی تری ناوچەکەش داوای چەکی ئەتۆمی دەکەن لە بەرامبەر ئێراندا، وە ئەمەش دەبێتە هۆی کۆنتڕۆڵنەکردردنی بڵاوبونەوەی چەکی ناوەکی کە پێچەوانەی سیاسەتی جیهانیە.

سێیەم: پێیانوایە کاتێک کە سیستمی نێودەوڵەتی دووجەمسەری بوە توانراوە چەکی ئەتۆمی بۆ ڕێگریکردن لە جەنگ بەکار بێت بەڵام لەئەگەری بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لە لایەن چەند دەوڵەتێکەوە ئەوا ئەستەمە بتوانرێت ڕێگری لە شەڕ بکرێت.

چوارەم: ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بونی گروپی تیرۆرستی زۆر لێی مەترسیە بۆ بونی چەکی ئەتۆمی لە ناوچەکە.

پێنجەم: سیاسەتی ڕۆژئاوا بەردەوام بەجۆرێک بوە کە ڕێگری کردوە لە دروستبونی هێزێکی هەژمون گەرای گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهۆی بونی بڕێکی زۆر لە وزەی جیهان تیایدا و گرنگی ناوچەکە، هەربۆیە کاتێک کە عێراق کوەیتی داگیرکرد جەنگی کەنداو دژی داگیرکاری عێراق بەرپابوو وە ڕێگری لە داگیرکاری عێراق کرا چونکە ترس لەوە هەبوو کە داگیرکاریرکەی عێراق وڵاتانی تریش بگرێتەوە وعێراق ببێتە وڵاتێکی هەژمونگەرای ناوچەکە، بونی ئێران بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی دەیکاتە دەمڕاست و دەوڵەتی هەژمونگەرای ناوچەکە کە دژە لەگەڵ سیاسەتی ڕۆژئاوا لە ناوچەکە.

شەشەم: ئێرانیەکان بەئاشکرا بانگەواز بۆ سڕینەوەی ئیسرائیل دەکەن، بە بەدەست هێنانی چەکی ئەتۆمی  ئێران ئەتوانێت ئیسرائیل بە یەک بۆمبی ئەتۆمی بسڕێتەوە, ڕاستە بەدرێژای جەنگی سارد چەکی ئەتۆمی لەنێوان ئەمریکا و سۆڤیەتدا بەکار نەهات و بۆ ڕێگری کردن لە جەنگ و جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان هەردو وڵات ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو چونکە کێشەی نێوان سۆڤیەت و ئەمریکا کێشەی ئایدیۆلۆژی بوو نەک کێشەی بوون کە لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا لە ئێستا بونی هەیە.

حەوتەم: ئێران تەنها دەوڵەتە کە ئینکاری هۆلۆکۆست دەکات و لەسەر ئاستی باڵا هەڕەشەی لەناوچون لە ئیسرائیل دەکات، لەوانەیە کەسانێک هەبن ئەم هەڕەشانە بەجدی وەرنەگرن بەڵام پێشتر کە هیتلەر هەڕەشەی لە جولەکەکان دەکرد بەهەمان شێوە هەڕەشەکانی بەجدی وەرنەدەگیرا و هۆلۆکۆستی بەدوای خۆیدا هێنا بۆیە گرنگە کە هەڕەشەکانی ئێران زۆر بەجدی وەربگیرێت و ڕێگری لێبکرێت کە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

هەشتەم: وەهەروەها پێیان وایە کە، ئێران پشگیری گروپە تیرۆرستیەکانی دەکات وەک حیزبوڵای لوبنان کە تەنها گروپی تیرۆرستیە کە خاوەنی موشەکی بالیستی و ئامڕازی پێشکەوتوی جەنگی وەک   ( UVAs)وە هیچ گرنتیەک نیە کە ئێران ئەم چەکانە ناداتە ئەو گروپە تیرۆریستیانە.

نۆیەم:لەکاتێکدا کە هیچ هێڵێکی گەرمی پەیوەندی وەک سەفیر لەنێوان ئێران و ئسرائیل نیە, وەک نمونە کە باسی قەیرانی کوبا دەکەین سۆڤیەت سەفارەتی لە ئەمریکا هەبوو وە لەڕێگەی دیبلۆماسیەوە توانیان قەیرانەکە چارەسەر بکەن و جیهانیان لە شەڕێکی خوێناوی ئەتۆمی بپارێزن.  

بەرەی دوەم کە پێیوایە ئەگەر ئێران دەستی بە بۆمبی ئەتۆمیش بگات ئەتوانرێت ئیدارە بدرێت و بەمانای کۆتای دنیا و هەڵگیرسانی جەنگێکی خوێناوی نایەت، لەبەر چەند هۆکارێک کە گرنگترینیان بریتیە لەوەی کە بە پشتبەستن بە چەند بەڵگە و نمونەیەکی مێژوی چەکی ئەتۆمی دەبێتە هۆی ئاسایش و ئستقرار، ئەمەش بەهۆی هەردوو چەمکی (Deterrence and Containment).

یەکەم، بەرلە شەڕی سارد کە لەنێوان ئەمریکا و سۆڤیەتدا بوو ئەمریکا تەنها وڵات بوو کە خاوەنی چەکی ئەتۆمی بوو بەڵام دواتر سۆڤیەیش بوە خاوەنی چەکی ئەتۆمی کە بۆ زۆرێک مایەی شۆک بوو و وە بە کارەساتیان دادەنا، بەومانایەی کە جەنگێکی سەخت لەنێوان ئەمریکا و سۆفیەتدا ڕودەدات بۆ  ئەوەی سۆفیەت نەبێتە هەڕەشە بۆ ئەمریکا. سۆڤیەتیش لەوکاتەدا وەک هێزێکی کێوی شۆڕشگێڕی نائەقڵانی وێنادەکرا، بۆ نمونە ستالین لەجەنگی جیهانی دووەمدا چەند دە ملیۆنێک لەخەڵکەکەی خۆی کردە قوربانی، وێنای ئێران و سۆڤیەت لیرەدا زۆر لەیەک دەچن، بەڵام جەنگی ئەتۆمی نێوان سۆڤیەت و ئەمریکا ڕوینەدا، ئەوەی کە ئێمە فێریبوین ئەوەیە کە چەکی ئەتۆمی نابێتە هۆی شەڕ بەلکو ڕێگری لەشەڕ دەکات بەهۆی ئەو ماڵوێرانی و لێکەوتانەی کەلێی دەکەوێتەوە.

دووەم:

نمونەی دووەم بریتیە لە چین، جۆن کەنەدی ترسی زۆری لەوەهەبوو کە ئەگەر چین بێتەخاوەنی چەکی ئەتۆمی ئەوا 25 وڵاتی تر لەگەڵیدا دەبنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چین بوە خاوەنی چەکی ئەتۆمی بەڵام ئەوانی تر نا, ماوۆ سەرۆکی ئەوکاتی چین تەواو سەرشێت بوو و بە ئاشکرا بانگەشەی بۆ پێویستبونی جەنگێکی ئەتۆمی دەکرد و دەویت لەوانەیە بەهۆی ئەم جەنگەوە نیوەی مرۆڤایەتی تیابچێت بەڵام نیوەکەی تری دەبێتە سۆشیالیست بۆیە ئەم جەنگە پێویستەو دەبێت بکرێت، ئەم لێدوانەی ماوۆ کە لەبارەی جەنگی ئەتۆمیەوەیە خراپتر و تونترە لە هەر لێدوانێک کە ئێرانیەکان داویانە لەوبارەیەوە بەڵام ئەوەی فێربووین ئەوەیە کە ئەو جەنگە ئەتۆمیەی ماوۆ دەهۆڵی بۆدەکوتی هەرگیز ڕوینەدا چونکە قابیلیەتی ڕودانی نەبوو بەڵکو چەکە ئەتۆمیەکەی deterrence and containment  کرا.

سێیەم:

نمونەی سێیەم بریتیە لە هیندستان و پاکستان: دوای سەربەخۆی هەردوو وڵات، لەماوەی سی ساڵدا سێ جەنگیان کردوە، بەڵام لەوکاتەوەی کە چەکی ئەتۆمیان بەدەست هێناوە ئەوا چل ساڵ زیاترە کەهیچ جەنگێکیان نەکردوە، ئەوەی کە ئێمە ئەتوانین فێریبین ئەوەیە کە چەکی ئەتۆمی ڕێگربوە لە هەڵگیرسانی شەڕێکی تر لە نێوانیاندا چونکە لەمانای هەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمی تێدەگەن.

چوارەم

:شەڕی سارد و قەیرانی کوبا

لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەمریکا و سۆڤیەت کەوتنە شەڕی ساردەوە، هەمولایەک وایان دەبینی کە هەردوولایان دەچنە شەڕێکی سەختەوە لەگەڵ یەکتر، بەڵام ئەمە ڕوینەدا بەهۆی ئەوەی هەردوولایان خاوەنی چەکی ئەتۆمی بون و لەدەرئەنجامی وەها شەڕێک تێگەیشتون. لێدوانێکی مارگرێت ساچەرد سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی بەریتانیا سەرنجڕاکێش بوو کە  لە ساڵی 1989 لەگەڵ  گۆرباچۆفدا سەرۆکی ئەوکاتەی سۆفیەتدا وتی کە " من و تۆ ئێستا دەزانین کە چەکی ئاسای نەیتوانی ئاشتی لە ئەوروپادا بەرقەرار بکات و هەردوو جەنگی جیهانی لێکەوتەوە بەڵام چەکی ئەتۆمی ئاشتی لە ئەوروپادا بەرقەرار کرد" ئەوا بۆ زیاتر لە هەشتا ساڵە ئاشتی لە ئەوروپادا بەرقەرارە کە پێمان وایە بەهۆی چەکی ئەتۆمیەوەیە.

:پێنجەم

نمونەی نێوان هەردوو کۆریاکە

جیهان پێیوابوو ئەگەر کۆریای باکور ببێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی ئەوا یابان و کۆریای باشوریش داوای چەکی ئەتۆمی دەکەن، بەڵام وانەبوو کۆریای باکور بوە خاوەنی چەکی ئەتۆمی بەڵام ئەوانیتر نەبونە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و شەڕیش ڕوینەدا لە نێوانیان و کۆریای باکور کۆریای باشوری حاپور نەکردوە بە چەکە ئەتۆمیەکەی، لێرەوە فێردەبین کە هێز تەنها لەچەکدا نیە بەڵکو لە تەکنەلۆجیا و داهێنان و GDP دایە.

بەرەی دووەم پێیان وایە لەڕێگەی Deterrence and Containment مامەڵە لەگەڵ بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێراندا بکرێت نەک لەڕێگەی لێدانی پێشوەختەی ئێران، هۆکاری ئەوەی کە هەتا ئێستا ئێران نەبۆتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی ئەوە بەهۆی ئەوەوە بوە کە توانیومانە مامەڵەی دروستی لەگەڵدا بکەین لە ڕێگەی  Deterrence and Containment وە بەر بە بەرەوپێشچونی بەرنامەکەی بگرین، کەواتە ئێران وڵاتێکنیە کە بە نائەقڵانی هێرشبکاتە سەر دراوسێکانی بەڵکو ستراتیجی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وابەستەی ئەمنی قەومی ئێرانە، کۆتا جار کە ئێران هێرشی کردۆتە سەر دراوسێکانی ساڵی 1859 بوە هێرشی کردوەتە سەر  سنوری ئەڤغانستان بۆ وەرگرتنەوەی لە بەریتانیەکان.

بۆ ئەوەی لە ستراتیجیەتی ئێران تێبگەین پێویستمان بەوە نیە کە لە ئاینەکەی تێبگەین کە بریتیە لە شیعە، وە بۆئەوەی لەوە تێبگەین کە ئەوەی ئێرانی تا ئەمڕۆ گەیاندوە بەدرێژای چوار دەیە بریتینیە لە توندوتیژی و نائەقڵانێتی، بەبەڵگەی ئەوەی کە ئێران زیاتر قبوڵی سیتەمی نێودەوڵەتی دەکات لەچاو وڵاتانی کۆریای باکور و چینی کۆمۆنیستی و تەنانەت پاکستانیش، کەواتە ئەگەر ئەم وڵاتانە چەکی ئەتۆمی بەکارنەهێنن لە کێشەکاندا ئەوا ئێران ئەولاترە لە بەکارنەهێنانی.

لەبارە بڵاوە پێکردنی چەکی ئەتۆمی بۆ گروپەکانی ژێردەستی ئێران لەبیرتانبێت ئەوا پاکستان بوو کە کەرەستەکانی چەکی ئەتۆمی ئەفرۆشت کاتێک ئەمریکا ئابلوقەی خستبوە سەر نەک ئێران.  

ئەگەر ئێمە نەتوانین ئێرانێک بە چەکی ئەتۆمییەوە قبوڵ بکەین، ئەوا ئەبێت قبوڵی شەڕێکی زۆر قورس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین کە لە هەموو ڕویەکەوە تێچوی زیاترە و وێرانکەرە، وەدەبێت ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین کە ئایە ئەم شەڕە ئامانجی خۆی بەدەست دێنێت و ئێران لەهەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ڕادەگرێت، ئایا ئەمریکا ئامادەیە ئەمشەڕە بکات و تێچوی شەڕەکە بخاتە ئەستۆ خۆی، ئەمریکیەکان خۆیان دەڵێن نا. 

چارەسەرەکە ئەوەیە کە ئەگەر هەوڵە دیبلۆماسی و گەمارۆکانی سەر ئێران نەیانتوانی  ئێران ڕابگرن لە هەوڵەکانی بۆ بەدەست هێنانی چەکی ئەتۆمی ئەوا پێویستە قبوڵی بکەین کە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی وەک چۆن قبوڵمان کرد سۆڤیەت و کۆریای باکور و چینی کۆمەنیست و پاکستان ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×