وه‌زاره‌تی دارایی له‌ باره‌ی دواكه‌وتنی مووچه‌ی مانگی چوار هاته‌ ده‌نگ
  2024-04-30       488       

وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوریى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، "هەموو داواکارییەکانی بەغدادمان بۆ ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردووە و چاوەڕێین بەغداد پارەمان بۆ بنێرێت".

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى ناردنى مووچەى مانگى چوارى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، ئەنجومەنى وەزیران بڕیاریداوە داهاتە فیدراڵییەکان بخرێنەسەر هەژمارى وەزارەتى دارایى فیدراڵى، ئەو بابەتە یەکلایى کراوەتەوە و بڕیاریدراوە بە زووترین کات ئەو داهاتانە بنێردرێن.

باسى لەوەشکرد، ئەوەش بۆ ئەوەى چیتر حکومەتى فیدراڵى عێراق هیچ بیانوویەکى نەمێنێت بۆ ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و نەبەسترێتەوە بەهیچ بابەتێکى دیکەوە.

لەبارەى ناردنى لیستى مووچە بە پلەبەرزکردنەوەوە ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "ناتوانین بڵێین کەى کۆتایى بە لیستەکان دەهێنرێت، بەڵام بەردەوام لەسەرخەتن و هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان بەردەوام لەکاردان تا لیستى مووچە بە پلەبەرزکردنەوەوە ئامادەبکەن، هەرکات تەواوبوو ئەوا دەینێرن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×