فراكسیۆنەكانی یەكێتی، نەوەی نوێ، یەكگرتو و كۆمەڵ هەوڵەكانی دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەكەنەوە
  2024-04-30       527       

فراكسیۆنەكانی یەكێتی، نەوەی نوێ، یەكگرتو و كۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق هەوڵەكانی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رەتدەكەنەوەو داوا لە دەسەڵاتە فیدراڵییەكان دەكەن گەرەنتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكە لەو وادەیەدا بكەن كە بۆی دیاریكراوە.

ئاوێنە: فراكسیۆنەكانی یەكێتی، نەوەی نوێ، یەكگرتو و كۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا كە ئیمزای سەرۆكانی هەر چوار فراكسیۆنەكەی لەسەرە، وتویانە، هەر هەوڵێك كە لە ئارادایە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەتوندی رەتدەكەینەوە كە بڕیارە هەڵبژاردنەكە وەك مافێكی یاسایی و دەستوری و دیموكراسیی گەلی كوردستان لە 10ی حوزەیران بەڕێوەبچێت.

ئاماژەیان بەوەشداوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەسەر "ئارەزو و بەرژەوەندی تاكە حزبێك"، سێ جار دواخراوە كە ئەوەش تەحەدای ئاشكرای یاساو دەستورو مەرسومەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بڕیاری دادگای فیدراڵی و بڕیای كۆمسیۆنە.

هەر چوار فراكسیۆنەكە جەختیان كردۆتەوە كە هیچ حزبێك مافی ئەوەی نییە دەسەڵاتی ئەمنی و سەربازیی خۆی بەكاربهێنێت بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع و یاخیبون لە یاساو بڕیارەكان.

هەروەك داواشیان لە سەرجەم دەسەڵاتە فیدراڵییەكانی وەك پەرلەمانی عێراق، ئەنجومەنی وەزیران، دادگای فیدراڵی و كۆمسیۆن كردوە لەدژی ئەم كارە بوەستنەوەو گەرەنتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن لەو كاتەی بۆی دیاریكراوە كە 10ی حوزەیرانە، چونكە هیچ شتێك نییە وابكات دوابخرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×