قوباد تاڵەبانی: هەر هەوڵێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەكەینەوە
  2024-04-30       229       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەخت لە بەڕێوەچونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەكاتەوەو دەشڵێت، ھەر ھەوڵێک بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن رەتدەکەینەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ سێشەممە لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی، جێگری، سەرۆکوەزیران پێشوازی کرد لە ستیڤن ھیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی پرسی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و چەند بابەتێکی دیکەی جێی بایەخی ھەردولایان کرد.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، باڵیۆزی بەریتانیا لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە پرسیاری لە جێگری سەرۆک وەزیران کردو لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی، جەختی لە بەڕێوەچونی ھەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا كردەوەو رایگەیاند "دواخستنی لەوە زیاتری ھەڵبژاردن زیان بە پێگەی ھەرێم دەگەیەنێت و ھەر ھەوڵێک بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن رەتدەکەینەوە."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باس لە ھێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرا کە چەند رۆژێک پێش ئێستا کرایە ئامانج، جێگری سەرۆکوەزیران نیگەرانی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: "بەردەوامبونی ئەمجۆرە ھێرشانە زیان بە سەقامگیریی عێراق و کوردستان دەگەیەنێت." وتیشی: "لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و لایەنە عێراقییەکان لەسەر خەتین بۆ دۆزینەوەی جێبەجێکارانی ئەو کردەوەیەو کاریش لەسەر کۆتاییھێنان بەم جۆرە ھێرشانە دەکەن."

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باس لە دۆخی سیاسی و ئەمنی ھەرێمی کوردستان و عێراق کرا و جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی ھەر گرفتێکی سیاسی کرایەوە لەڕێی گفتوگۆوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×