ئێران ‌و هەرێمێكی وەك حەوزی ماسی؟

هەندرێن شێخ راغب
  2022-02-01     456

دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979، خومەینی دەوڵەتێكی شیعە مەزهەبی لەئێران دروست كرد. كۆسپێكی سەخت بەرۆكی گرت، كە عێراق بوو، چونكە نەجەف و كەربەلا واتە مەككەو مەدینەی شیعەكان لەناو جوگرافیای عێراقدان. بەڵام لەعێراق بەعسی سوونە مەزهەبی دەسەڵات عەلمانی حوكمی دەكرد. صەدام حوسێن لەرووی نەتەوەیی و لەروی مەزهەبی كۆسپێكی سەختی بەردەم ئێران بوو.

لە لاوازكردن و روبەربوونەوەی ئەم كۆسپە كوردی عێراق دەستباڵێكی گەورەی ئێرانیان گرت و زۆریان بۆ ئەنجام دا كە سودمەندی گەورە ئێران بوو. تا رادەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە ؟ دوو روداو خزمەتێكی ستراتیژیان بە ئێران كرد، یەكەمیان راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 دوای جەنگی كوێت، دووەمیان روخانی بەعس ساڵی 2003، هاتنە سەركاری كوردی هاوپەیمانی ئێران و شیعەی پیاوی ئێران. ئیدی لەم دوو روداوەدا هەرێمی كوردستان ئەو حەوزە ماسیە بووە كە ئێران كام ماسی و سیاسەتی ویستبێت لەناویاندا دەستی گێڕاوەو راوی خۆی كردووە.

هەرێمی كوردستان خزمەتێكی بێ وێنەی بە ئێران كردوە:

1-بزوتنەوەی كوردی رۆژهەڵات بەهۆی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری قەوارەی باشور قوربانی زۆریان بە خەباتی خۆیان داوە.

2-ئێران سنورێكی بەرفراوانی لەروی سەربازی و ئەمنیەوە بەهۆی هەرێمی كوردستان لە كۆڵ بۆتەوە.

3-هەرێم دیوارێكی ئەستورە بۆ ئەوەی رێگری بكات لە پەڕینەوەی گروپی وەك داعش بۆ سنوری ئێران و خوێناوی كردنی شەقامی شارەكانی ئێران.

4-ئێران گەمارۆیەكی زۆر سەختی لەسەرە، هەرێمی كوردستان بۆتە بازاڕێكی گەورەی كاڵاكانی و ملیار دۆلار داهات بۆ ئێران فەراهەم دەكات و هەرێمی كوردستان لەبەر ئێران روبەروی سیاسەتی ئەمریكاو نێودەوڵەتیش بۆتەوە.

5-كورد لە بەغدا هیچ نەما بۆ هەیمەنەی ئێران و شیعەكانی نزیك لە ئێرانی نەكات.

6-لەروی دەستی كارو گومرگ و سنورەكانەوە هەرێمی كوردستان داهاتێكی پڕ بایەخی ئێران بۆ فەراهەم كردووە.

7-لەروی گەشتیاریەوە هەزاران هاوڵاتی هەرێم پارە دەبەنە ناو ئێران.

8-لەروی تەندروستیەوە هەزاران هاوڵاتی هەرێمی كوردستان پارە دەبەنە ناو ئێران.

9-سەرباری گەمارۆی نێودەوڵەتی لەشارەكانی هەرێمی كوردستان دەیان پێشەنگای گەورەی بازرگانی ئێرانی دەكرێتەوە. سەرباری هاوردە كردنی سوتەمەنی لە ئێران.

هەرێمی كوردستان ئەو قەوارەیەیە كە خزمەتێكی بێ وێنەی ئێرانی كردووە.

بەڵام لەبەر لاوازی سیاسیەكان و سەركردایەتی كورد، لەبەر ناكۆكی ناوخۆیی، وایكردووە جەوێك دروست بووە ئێمە دەبێت مەمنونی ئێران بین و رۆژ نیە دەیان چاكەی ئێران نەدرێتەوە بە چاوماندا. چاكەی كۆماری ئیسلامی ئێران وەك:

1-ئێران ئەندازیاری تێكدانی ریفراندۆم بوو، ململانێی جەلالی و مەلایی بەهۆی ریفراندۆمەوە گەیاندەوە چوارگۆشەی یەكەم.

2-ئێران لە 16ی ئۆكتۆبەر لەناو كەركوك وێنەی خامنەئی و خومەینی بە هەمەرەكانیەوە هەڵواسی بوو.

3-ئێران كۆیەی دایە بەر موشەك و دەیان سەركردەو پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی شەهیدو بریندار كردو هیچ جۆرە رێزێكی لە سەروەری هەرێمی كوردستان نەگرت.

4-ئێران تۆمەتبارە بە تیرۆركردنی سەدان سەركردەو كادیرو كەسایەتی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ناو هەرێمی كوردستان. تەبعەن بەهاوكاری كوردی خۆفرۆش؟

5-ئێران منەتی دنیا دەكات كە گەلی كوردی لەئامێزگرتووەو پشتی گرتووە لە شەڕی داعش و تیرۆردا، بەڵام حەشدی شەعبی و هیلالی شیعەی بردۆتەوە شەنگال و نایەڵێت شەنگال بێتەوە سەر هەرێمی كوردستان.

6-ئاوی روباری ئەڵوەن و سیروان و زێی بچوكی وشك كردووە.

7-تاكە دەوڵەتە راستەوخۆ هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان دەكات.

قائانی سەرۆكی سوپای قودس هاتۆتە هەولێر هەڕەشەی كردووە كە دەبێت كورد لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق شتێك نەكات دژی ئێران بێت؟ من نازانم هێزێكی كوردی ئەگەر لەناوخۆی عێراق لەگەڵ ئەو هێزو یان ئەو هێز پەیمانێكی هەڵبژاردن ببەستێ؟ بۆچی دەبێت ئێران دەهری بێت. تاكەی ئێمە هێندە دەستەمۆ بین. ئەم هەموو ناكۆكی ناوخۆییە وایكردووە توركیاو ئێران فەرمان بكەن، هەڕەشە بكەن. ئەوان زۆر بەهێز دەركەون و ئێمەش زۆر لاواز.

بەلاش نەبوو نەوشێروان مستەفا دەیگوت: لە دنیادا نەمدیوە لە ئێران بێ وەفاتر.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×