لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمەوە

هەندرێن شێخ راغب
  2019-06-04     1012
حكومەتی هەرێم بەرهەمی سەدەیەك لەشۆڕش‌و یاخی بوون‌و ململانێی نەتەوەیی گەلی كوردە، بەرهەمی راپەڕینە، بەرهەمی خوێناوی نەتەوەیەكە، مەكرەمەو كۆمیتە‌و ناوچەی پارتی‌و یەكێتی نیە، بۆیە ناكرێت پێكهێنانی كابینەی تازە دوابكەوێت، چونكە پەیوەستە بەژیانی رۆژانەی هاوڵاتیان، بەبازرگانی، بازاڕ، دامەزراندن‌و رێكخستنەوەی ژیانی كۆمەڵگا، پەیوەستە بەپلان‌و بەرنامە‌و پڕۆژەی خزمەتگوزاری، پەیوەستە بەدەزگای ئەمنی‌و پلانی بۆ كاركردنی ناوچە كوردستانیەكان‌و مەلەفی نەوت‌و بودجەو جێبەجێكردنی یاسا‌و رێنمایەكان، حكومەت پشكی كۆمەڵگا‌و میللەتە. 

بەڵام ماوەی حەوت مانگە پارتی‌و یەكێتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەت نەك هەر رێك ناكەون، بەڵكو لەپرسی كەركوك‌و ناوچە دابڕێندراوەكان بەهەناسەی شەڕی براكوژی كەوتونەتە گیانی یەكتر، وەك چۆن بەكردەوەش لە دەنگ پێنەدانی سەرۆكی هەرێم تەقیەوە. 

ئێستا ئەم دوو حزبە سەرقاڵی ململانێیەكی توندن، كە خزمەت بە ئێران‌و توركیا‌و عێراق دەكات، وە دەبێتە هۆی لاوازی كورد‌و پاشەكشەی كوردستان. بۆیە پێویستە هەندێك لایەنی چارەسەری بگیرێتە بەر بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، چونكە ئەگەر رێگا لەم ناكۆكیەی پارتی‌و یەكێتی نەگیرێت، ئەوا كارەساتی گەورەی لێ دەكەوێتەوە، كەواتە پێویستە:

یەكەم: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم ئازایانە كارتی سور بە روویان دا بەرز بكاتەوەو پێیان بڵێ ئەگەر حكومەت دروست ناكەن هەڵبژاردن دووبارە دەكەینەوە. سەیری بكەن ئیسرائیل ئەوە بڕیاری دووبارە هەڵبژاردنەوەی دا. 

دووەم: پێویستە هەموو هێز‌و لایەنە سیاسیەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی، لەدژی پارتی‌و یەكێتی بكەونە خۆیان‌و فشاری توند لەم دوو حزبە بكەن، بۆ ئەوەی ئەم دۆخە زیاتر درێژە نەكێشێت‌و زوو كابینەی تازە دروست بكرێت. 

سێیەم: پێویستە هێزەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی پێكەوە لاپەڕەیەكی تازە هەڵبدەنەوەو حورمەتێك بۆ ئۆپۆزسیۆن بوون‌و كاری پێكەوەیی بگێڕنەوەو فشاری جدی بكەن، بۆ سنور دانانێك بۆ ئەم تەنگەژەیەی پارتی‌و یەكێتی. 

چوارەم: ئەم جۆرە لە تەنگەژەی سیاسی پارتی‌و یەكێتی هیچ خزمەتێك بە گەشەی دیموكراسی‌و گەشەی سیاسی‌و خزمەتكردن بەخەڵك ناكات، بەڵكو ئەوانەی عەقڵ تەسكن لە حزبایەتی نەشئەی پێ دەگرن، بەداخەوە گوتاری سیاسی ئەم دوو لایەنە تاوەكو ئێستا گوتارێكی شاری‌و هاوچەرخ‌و مەدەنی نیە، بەڵكو نەفەسی ناكۆكی شاخ‌و شەڕە تفەنگی براكوژی تێ نەپەڕاندووە. لە دروشمەكان‌و گوتاری ساڵ رۆژی دامەزراندنی یەكێتی ئەم نەفەسە رون دیارە. كەواتە ناكرێت كوردستان چۆڵ بكرێت بۆ گەشەی ئەم جۆرە گوتارە،بەڵكو دەبێت بە هەمومان هاوكاری پارتی‌و یەكێتی بین، لەم گوتارە دابەزن‌و فشاریان لێ بكەین. 

پێنجەم: پێویستە هەڵمەتێكی بەرفراوانی مەدەنی‌و راگەیاندن لەبەرامبەر ئەم دۆخەی پارتی‌و یەكێتی بەرپا بكرێت‌و گوتاری كوردستانی‌و دیموكراسی‌و پێكەوە كاركردن زاڵ بكرێت. راگەیاندن دەتوانێت رۆڵی هەبێت لەسەر دروست كردنی رای گشتی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×