لەپاڵ هەموو ئەو ئاپارتمێنتو باڵەخانانەی سێکتەری تایبەت، کە لەسەر باخەڵی خەڵک هەڵچنراوەو بۆتە جێگای ئیفتخاری بەرپرسانی ئیداری حزبی زۆنی زەرد، سەرتاشخانەیەکیش هەیە لە دەرگاکەی پشتەوە، بۆ ئەتکو تیرۆری مەعنەوی هونەرمەندێک یان پێشمەرگەیەک، کڵاشێک بۆ مامۆستاو زلـلەیەک بۆ دکتۆرەیەکو چەند فەرخە پاسەوانێکی منداڵبازو دەمڕووتێک بۆ حەسیر مەیدانی فێرکارێکی زانکۆو مافیایەک بۆ سەرانە لە خاوەن مۆلیدەیەکو چەند جەلادێک بۆ جەستەی ڕۆژنامەنوسو چەند باستیلێک بۆ دەنگی ئازادو موبەریری دادبەر نەک دادوەرو هتد...
پارتی لە قۆناغی شەردا لەگەڵ داعش، وەک خۆی دەیوەنییەوە، ئاگای لەهەموو جموجۆڵێکی ڕێکخراوەکە بوو لەناو موسڵ، هەروەک ڕوونە بەردەوام زانیاری لەسەر جوڵەی گەریلا دەداتو شانازی بە دەزگا ئەمنییەکانیشیەوە دەکات. لەسێبەری ئەم مەعادەلەیەوە دەگەینە دەرهاویشتەیەک لەهەمبەر ئەو دۆخەی هەولێر پێیدا تێدەپەڕێو بەتایبەت تیرۆری کەسیی کوڕە پێگەیشتووەکەی خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر. گوێ هەڵئاخنینەکەی پارتی دوو لێکەوتەی هەیە؛
یەکەم؛ ئەو لێشاوی دەزگا ئەمنیو سەربازییانەی، کە بەناوی ئاسایشو پاراستنی ماڵ سامانو کەرامەتی هاووڵاتییانەوە لەسەرەتای نەوەدەکانەوە دراوەنەتە بەر مووچەی زەبەلاح، لەگشت قوژبنێکی هەرێمدا موکافحەو جاسوسیان چاندووە، بێئاگان لەوەی هەرزەیەک هەڵتۆقیو بە پارەی ئەمو ئەو، نەک گەنجێکی خێر لەخۆنەدیو، بەڵکو پیرۆزییەکانی ئەم نیشتمانەش دەخاتە ژێر پێیەوە. ئەمە شەرمەزاریو شکانێکی گەورەیە بۆ تەواوی دامەزراوەکانی بەناو ئەو حکومەتەی کە لای دۆستەکانمان مەقەبایە!!
دووەم؛ ئەو کوشتنە مەعنەوییانەی کە بەردەوام لە زۆنی زەرد حزوری هەیە، لە مەدرەسەی دەزگا حکومیو حزبییەکانەوە فەوتەی دەدرێتێ، وەک چاوشکێنی بۆ دەنگە ناڕازییەکان بەکاری دەبەن، کە ئەمە سەرەخۆرەیەو تەواوی دەسەڵاتی دادوەریو جێبەجێکاری دەگێڕیتەوە کۆمۆنی سەرەتاییو ئابڕوو چوونێکی گەورەیە. هەروەها ئەم دەسەڵاتەدەخاتە بەردەم جەنجەڕی لەناوچوون.
ئەم کەشەی پایتەختو زۆنی زەرد لەم دوو ئەگەرە زیاتر بڕ ناکاتو هەردووکیشی ڕەوان پێمان دەڵێت مەرگی ئەم ئەزموونە ناشیرینە تادێت نزیک دەبێتەوەو سەرتاشە بەربەریەکانی شار، خەریکە بارزانی باوەک دەبەنەوە سەر تاشە بەردەکانی شاخ.