تەماتەو تەوریس

مەزن عوسمان
  2020-07-09     1159
زمان گۆپاڵی و قسەی قمبە، یەکەیەکی دانەبڕاوە لە هەڵکەوتەو پێرسناڵەتی هەموو ئەو دەموفڵتانەی بەناوی حوکم و دەوڵەتمەدارییەوە لەسەر کورسی داقناون. ئەم جۆرە لە موخاتەبە، کە ئەم نوخبە بەناو سیاسییە وێیهەڵڕوسکاون، نەک لەهیچ سیستمێکی سیاسیدا بەرجەستەی ناکەی، بەڵکو فیوداڵیزمیش سێ بەردەی لەدوا هەڵداوە.
ئەم گەڕەی لەوچەیان فەڕەیەکی دیکە پەلکێشی کردنەوە سەر پلێتە ئەسڵییەکە. جەدەلی تەماتەی وشک کە بەکڵکی ئاوەتەماتەش نەهات، لایەنی کەم ماهییەتی ڕاوێژکارو خەبیری دایە بەر بێژنگ و بە ڕەشوڕووتی ناساند، کە ئەوان بۆبەرگری لەوەزیر حزوریان هەیە، نەک بۆ ڕێنوێنی. لێشاوێک لەمستەشارو ڕەعیەتی حزب کەوتوونەتە وتار بەخشینەوە بۆ ئەو دەزگاو ئەم ڕاگەیاندن تا ئەو سکانداڵە چرچەپەست بکەن. لێداوانەکەی کارگەکەی هەریریش لە فرەیمی ئەو ماکیاجەدا بوو، کە بۆ وەزارەت و جەنابی وەزیرکرا.
ئەوە تەڕی تەماتە نییە، کەکێشەی بۆ حکومەت دروستکردووەو ناتوانێ ساغی بکاتەوە، بەڵکو وشکی ئەقڵی حوکمڕانییە تەماتەی بەستۆەتەوە بەفەلسەفەی دوالیزمەوە، ئەگەرچی فەلسەفە بە روئیاو زەینی ئەوان نامۆیە. چی بەرهەمی جوتیار هەیە، ئەوان ناتوانن دەرچەیەکی ئێکۆنۆمی بۆ ئاوەڵابکەن. بۆ ئەم جۆرە لە ئەقڵیەتی ئیداری، دەلوێ بۆ زۆری ڕنێوی گوڵەبەڕۆژە، مفکرە پڕۆدەسەڵاتەکان پێشنیازیان ئەوە دەبێت، خەڵک ڕێژی خواردنی چەرزات زیاد بکەن و با کاکی ڕنێوەریش بەئەسپایی لولەلولە بیفرۆشێت.
تاکە پڕۆدەکت تەنیا دۆشاوی تەماتە نییە، بەڵکو بە شەش جۆری دیکە (Whole Peeled Tomatoes, Diced Tomatoes, Stewed Tomatoes, Crushed Tomatoes, Tomato Sauce, Tomato Pure ) لەقوتوو دەنرێت، کە پێویستی بەو چۆڕە ئاوە هەر نییە، کە حکومەت کردوویەتە مەرج بۆ ساغبوونەوەی و نەفڵیقانەوەی لەشەقامەکانی پایتەخت.
ئەوە پێویستی بە ئاوە، ئەو دەسڵاتەیە بۆ دەرکردنی غوسلێک لێی، بۆنەرمکردنی دڵی ڕەقی بەرانبەر بەو چینە هەژارەی کەچاوەڕێی کەرەمی هەڕەمی سوڵتەیە، کە سیپێک لەبەرهەمەکەی بکڕێت. دەبێت ئەو حەقیقەتە وەک واقع قبوڵ بکرێت، کەیارییە ئیقلیمییەکە تۆوی تەماتەی خەساندووەو دەسڵات عاملی سەرەکییەتی.
کاتێک وەزارەت بە تاڵەبان و تەوریس مەحکومە، ئیدی تەماتە تەڕبێت یان وشک، هەر شومە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×