نا بۆ پشتیوانی لە تاوانەکانی ئیسرائیل!

دەشتی جەمال
  2023-10-27     307

لە وەڵام بە وتەکانی ڕیشی سوناك سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا

 

ریشی سوناك سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بەدوای سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل و پشتیوانی ڕاستەوخۆی لە دەوڵەتی ئیسرائیل، پاشان سەبارەت بە بۆردومانی نەخۆشخانەی مەعمەدانی کە سەدان کەسی بێتاوانی کۆمەڵکوژ کرد. وتی "هەواڵگری بەریتانیا گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە پێدەچێت تەقینەوەکە لە موشەکێکەوە بووبێت کە لەناو غەززەوە هەڵدرابێت، نەك هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل"، ئەوەشی وت "حکومەتی بەریتانیا دادوەری دەکات کە پێدەچێت تەقینەوەکە بەهۆی مووشکێکەوە بووە کە لەناوخۆی غەززەوە بەرەو ئیسرائیل هەڵدرابێت" زیاتر لەمانەش وەزیری کۆچوکۆچبەرانی حکومەتەکەی لە لێداوانێکیدا ئەمڕۆ ڕایگەیاند "ئیسرائیل هیچ تاوانێکی ئەنجام نەداوە و پێشێلی یاسای نێودەوڵەتییەکانی نەکردوە"

ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ڕیشی سوناك و حکومەتەکەی ڕاستەوخۆ دەیەوێت چاو لەو هەموو تاوانکارییانە بپۆشێت کە دەوڵەتی ملهوڕی ئیسرائیل بەرامبەر بە ٢.٤ ملیۆن فەڵەستینی بەڕێوەی دەبات و پاساو بۆ جینۆسایدکردنی خەڵکی سڤیلی فەڵەستین دەهێنێتەوە، چونکە ڕیشی سوناك هەر لەسەرەتاوە وەك لایەنێکی ئەو جەنگە و هەر زوو هاوشانی ئەمریکا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا بڕیاری هاوکاری لۆجستیکی و سەربازیی بێمەرجیان بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل بەیان کرد. ئەوەی ڕیشی سوناکی توڕە و توشی هیستریا کردوە هاتنە مەیدانی جەماوەری سەدان هەزارییە لە وڵاتەکەی دژ بەو کردەوە قێزەوەن و تراژیدیا و مناڵ وژن کوژەی ئیسرائیل، کە ڕۆژانە ئەنجامی دەدات.. ڕیشی سوناك و هاوشێوەکانی بڕیاریانداوە بێدەنگ نەبن و ئەوەی پێویست بێ بیکەن بۆ پشتیوانی لەو تاوانکارییە، هەروەها بە بەردەوامی خۆی و حکومەتەکەی و میدیا و دەزگا چەواشەکارەکانیان لە بەرژەوەندی و بەرگریکردن لە سیستەمەکە قسە و شرۆڤە دەکەن.  پاساو بۆ تاوانەکانی ئیسرائیل دەهێننەوە تا ڕێگەچارەی واقعی کێشەی فەڵەستین بەلاڕێدا بەرن و تاوانە چەپەڵەکانی ئیسرائیل لەدژی هەموو ئەوانەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن و شەقامەکانیان بەدەستەوە گرتوە بۆ ڕاگرتنی ئەم جەنگە و لغاوکردنی دەوڵەتی فاشستی ئیسرائیل، خامۆش بکەنەوە.. ئەمە ئیتر بەڵگەی ناکۆکی نێوان بەرەی ئازادیخواز و ڕیشی سوناکە وەك پارێزەرانی سیستەمی سەرمایەداری و درێژەدان بە جەنگ و میلیتاریزم و تاوانەکانیان.

ڕیشی سوناك بە ڕاوەستان و بەرگری لە ناتانیاهۆ کە تاوانبارێکی گەورەیە و بەرپرسە لەجینۆساید و لاشەی شێواوی دەیان ژن و مناڵ و پیر و پەککەوتەی فەلەستین، ئەوێك کە چەند مانگی پێش هەڵگیرساندنی جەنگەکە حکومەتەکەی لەگەڵ قەیرانی سیاسی و ئابووری بەرەوڕوو بوو، بەهۆی تێوەگلانی لە گەندەڵی و دەستێوەردانی بۆ گۆڕینی سیستەمی دادوەری لەلایەن خەڵکی ئازادیخوازی ئیسرائیلەوە خواستی دەست لەکار کیشانەوەی دەستبەجێ لە پۆستەکەی ببوە داوایەکی گشتگیر،نەك هەر بەئاشکرامۆری تەئیددەدات لەتاوانەکانی حکومەت ئیسرائیل دژی خەڵکی فەلەستین، بەڵکو راستەوخۆ دژایەتی ئاواتەکانی خودی خەڵکی ناڕازی وئازادیخوازی ئیسرائیلیش دەکات.

خەڵکی مەحروم و بێتاوانی فەلەستین ساڵەهایە بەدەست فاشیزم و سەرکوت و دەسەڵاتی کۆنەپەرستی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە دەناڵێنن و قوربانی ئەدەن، ئاواتیان ئەوەیە بە مافەکانی خۆیان بگەن و نەچەوسێنەوە، لەماڵ وحاڵی خۆیان دەربەدەر نەکرێن، نەکوژرێن و جیاکاری و هەڵاواردن بەرامبەریان نەکرێت، ئارامی و ئاسودەی باڵ بکێشێت بەسەر کۆمەڵگاکەیان. بەڵام هەرجارەی لەژێر ناوێك وە ڕێکەوتنێك لەسەر دەستی لایەنێکی غەربی بەدەر لە دەور و ئیرادەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی فەلەستین و ئیسرائیل، مەسەلەی دوو دەوڵەت لەباردەبرێت. ئەوەی ئێستاش بۆ خەڵکی جیهان وەك ڕۆژی ڕووناك ئاشکرایە ئەم جەنگە، جەنگێك نیە بۆ بەرگریکردن لەخۆ، بەڵکو ئەو هێرش و ڕەفتارە قێزەوەنەی حەماس بەرهەمی سەرکوت و چەوساندنەوە و ستەمکاری کۆبۆوەی چەند دەهەیە لەتاوان و ملهوڕی ئیسرائیل، بەمانایەك فاشیزمی ئیسلامی حەماس و جیهاد بەرهەمی فاشیزمی ئیسرائیلە. لایەنى قێزەونترى ئەم ڕووداوە ئەوەبوو کە ملهوڕترین و تاوانبارترین دەوڵەتى خوێنڕێژى دنیا و کۆمەڵێك دارودەستەى کۆنەپەرست و گوێ لەمستى ئەو دەوڵەتانە کە خۆیان تا ئەنیشکیان لە خوێن و تاواندایە، لەم ڕووداوە قێزەونەدا دەم و چاوى تاوانکارانەى خۆیان داپۆشێ و بەرگى عەدالەتیان خستە سەر جەستەى پڕ تاوانیان، گوایە لەپاڵ مافی ئیسرائیل بۆ بەرگری لەخۆی ڕاوەستاون.

تراژیدیا خوێناوییەکانی ئەم ١٧ ڕۆژەی ڕابردوو، ئەو سیناریۆ ڕەشەی بەهێرشی غافڵگیرانەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد و پاشان لەژێر ناوی تۆڵەسەندنەوە بە هێرشێکی خوێناوی ئیسرائیل بە نەخشە و سیاسەتەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا  دۆخەکەی بەرەو کارەساتی قوڵ و ئینسانکوژی ڕۆژانە پاڵپێوەنا. ڕادەی دەرندەیی دەوڵەتی ئیسرائیل وئەمریکاودەولەتانی رۆژئاوایی بەروونی بۆجیهان ئاشکراکرد. نەك هەر ئەوە بەڵکو لەلایەکەوە بەرژەوەندخوازی سیاسی حەقیرانەی وڵاتانی عەرەبی وئیسلامی نمایش کرد کەلەژیر ناوی ناوبژیوان بۆئازادکردنی دیلەکان وگەیاندنی کۆمەکی ئینسانی وکردنەوەی ریرەوی ئەمنی ،خۆیان بەمەسەلەی فەلەستیندا هەلواسیوە ودەیانەویت خۆڵ بکەنەچاوی هاولاتیانی خۆیان. لەولاشەوە حکومەتەکەی ریشی سوناك وهاوبەشە جیهانیەکانی لە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی، دەیانەوێت بەرگریکردن لەدەولەتی ئیسرائیلەوە بکەنە پاساوێك بۆ لەشکرکیشی ومیلیتاریزەکردنی ناوچەکە. ئیسرائیل و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان، بەبەریخستنی فەزای جەنگو تیرۆریزم ومیلیتاریزم، هەرەشەیەکی خەتەرناك لەسەر چارەنووسی کۆمەڵگای بەشەری دروست دەکەن وکۆمەڵگای خۆرهەلاتی ناوەراستیان لەسەر بورکانێکی گەورە داناوە کە هەرکات بتەقێتەوە کارەساتی ئینسانی گەورە دەخوڵقێنێ. ئەگەر لەلایەن بەرەی ئازادیخوازی و چینی کرێکارەوە بەری پێنەگیرێت.

بەدڵنیاییەوە ئەمە ئەرکێکی قورس دەخاتە ئەستۆی بەرەی ئازادیخوازی مرۆڤایەتی کە پەردە لەسەر تاوانەکانی ناتانیاهۆ وەپشتیوانی چەپەڵانەی ڕیشی سوناك و ئەمریکا و ڕۆژئاوا لیی، وەك شەریکە تاوان لەسەر تاوانکاری  ئیسرائیل بەرامبەر خەڵکی بێتاوان و یەخسیر کردنی کۆمەڵگەی بەشەرییەت، هەڵبداتەوە. بەڵام توانای تێپەڕاندنی ئەم سەختییەی هەیە کە ئەگەر ئەم بەرەیە ڕیزی سەربەخۆی خۆی لەهەردوو جەمسەری ئەم لایەنانە جیابکاتەوە، کێشەی فەلەستین لەسەردەستی ئەم بەرە جیهانییەی هاتۆتە مەیدان دەتوانرێت و دەکرێت چارەسەر بکرێت بە ڕێگەیەکی ئاشتییانەوە و دوور لە توندتیژی و جەنگ. ئەویش بە دامەزراندنی ده‌وڵه‌تێكی سەربەخۆ و ماف یەکسان، پشتبه‌ستوو به‌ ئیراده‌ی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵكی فەلەستین لەپاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا، ده‌وڵه‌تێك كه‌ بتوانێ‌ ده‌ستبه‌جێ‌ ئه‌منییه‌ت ‌و ژیان و ئازادی‌ و گوزه‌رانێكی شایسته‌ به‌ ئینسان بۆ خەڵکی فەلەستین دەستەبەر بکات. خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی فەلەستین و ئیسرائیل بە یەکگرتوویی و بەهاوپشتی بەرەی پێشکەتوخوازی دنیا دەتوانن ئەم ڕێگەیە هەڵبژێرن. ئەمە ئەو ڕێگەیەیە کەدەتوانێ دەستی ڕیشی سوناك و ناتانیاهۆ و ئەمریکا و وڵاتانی غەرب وە حکومەتەکانی کۆنەپەرستی ناوچەکە ببەستێ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×