قوباد تاڵەبانی و دۆسیەی ژنان!

ستارە عارف
  2023-12-08     389

دۆسیەی ژنان ڕادەستی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ماوە بەسەرچوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە یان قۆرخی کردوە و لێرە و لەوێ ئەو لەسەر ئەو پرسە گرنگە دەدوێت و دروشمبازی لەبارەی ژنەوە دەکات، ئەگەر ڕوانین و پاشخانی ئەو بنەماڵەیە بۆ پرسی ژن ئەرێنی بوایە و هەڵوێست و کردەی قوبادیش هەر دروست بوایە، دەشیا بەرگری لێبکەین.

 

وەلێ دەمەوێت پەنجە بۆ چەند خاڵێک لەبارەی دۆزی ژنەوە ڕابکێشم، دو ساڵ دەبێت هاوڕێمان کاک(ڕەگەز کەمال)بەپشتبەستن بەکۆمەڵێک زانیاری و سەرچاوەی باوەڕپێکراو باسی لەتاوانی تیرۆرکردنی چەند ژنی بنەماڵەی تاڵەبانی و جەنگی لەلایەن پیاوەکانی ئەو بنەماڵەیەوە هەر لەساڵانی کۆنەوە لەسەر  مژاری کۆمەڵایەتی و بە ئەنگێزەی پیاو سالاری کرد، کە لەدوای ئەو ڤیدیۆیەوە دەبوایە ژنانی ناو حزبەکەی چەند هەنگاو بهاتنایەتە دواوە، مەخابن لەبەر ناهوشیاری و پارە و پۆست پەرستی و ڕێز نەگرتن لەژنێتیان ئەم مژارە هیچ نەیجوڵاندن.

 

تاڵەبانی بەهۆی پۆستە حکومییەکەیەوە لەتەواوی قەیرانەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەرپرسیارە، لەم زۆنە هیچ ژنکوژێک بە ژنان کوژانی بنەماڵەکەیشیەوە دەستگیر و دادگایی و سزا نەدراون، لەلایەن دەستەڵاتی ئەم زۆنەوە پارێزراون و وەک چۆن سەرۆکجاش و کۆنە بەعسیەکانیان لەهەردو زۆن پاراست، تا هەنوکە ژنان هەر دەکوژرێن و ئازادییەکانیان بەرتەسک دەکرێنەوە و دادگا و یاسا بنپێخراون، بە پێچەوانەوە دەستەڵاتی ستەمکاریان توندوتیژیان بەرامبەر بە ژنانی ئازادیخواز و چالاکوانی نەیاری خۆیان گرتۆتە بەر و ناویان دەزڕێنن و سزای جۆراوجۆریان داون و دەدەن، سەرەڕای ئەو هەمو قەیرانە دارایی و ئابوری و سیاسیە قورسانەی بۆ ئەم میللەتەیان ئافراندوە، هەر بەگوێڕایەڵی وڵاتان و بۆ ئیستسماری ناوخۆیی لەشکرێک لەسەلەفی خورافیشیان لەم زۆنە بەرهەمهێناوە، کە خەریکی تەواوکردنی تاوانەکانی ئەوانی دەستەڵاتن لەسڕینەوەی نەتەوەی کورد و ناسنامەکەی.

 

ئەو ژنانەی بەهەر هۆکارێکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی کوژراون بە پێشنیاری جێگری سەرۆکی حکومەتی ماوە بەسەرچو لەگۆڕستانێکی جیاکراوە و بە بێ ناسنامە و ناونیشان بە خاک سپێردراون و بکوژانیشیان ئازادن.

 

شکۆ شکاندن و بێ ئیرادەکردنی ژن و دۆزەکەی بە برەودان بە ئافراندنی ژنانی خۆ بەرەو پێشبەر و ناوەڕۆک پوچەڵ، نمایشکردنی باشترین نمونەی ژن لەژنە مۆدێل و ژنانێکی ڕواڵەتکار و بێ هیچ قوڵاییەکی فیکری و تێگەیشتن، لەباشترین حاڵەتدا پێشخستنی نمونەیەک لەژن، کە ئیرادە و باوەڕی ئەوەندە بە خۆی و کەسێتی نیە، بە بێ بۆتۆکس و فیلەر و بێ جوانکاری و ڕواڵەتسازی و وەک خۆی بە ڕوخسار و ڕەفتاری دەستکارینەکراوییەوە دەربکەوێت.

 

ستەمکاری ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەلایەن دەستەڵاتەوە زیاد دەکات و ئەوەی بە پلەی یەکەم لەم ستەمکارییەی دەستەڵات زیانی پێدەگات بێگومان ژنە.

 

گرفتی بێ ئاوی و پیسی ئاوی خواردنەوە و بێکارەبایی و بێ موچەیی، خراپی ڕێگەو بان و نەبونی شەقام و پردی دروست و پێشکەوتو و زیادبونی ڕوداوەکانی هاتوچۆ، گرانی سوتەمەنی و نرخی بازاڕ و بێکاری و نەبونی هەلی کاری بۆ گەنجانی خۆمان، زیادبونی نەخۆشی شێرپەنجە و نەخۆشیە درێژ خایەنەکانیتر، نەمانی ئینتیمانی نەتەوەیی و زیادبونی جاشایەتی و خاکفرۆشی، بۆردومان و سوتماککردنی زیاتری وڵات، سەرهەڵدانەوەی بە عەرەبکردنەوەی پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی و وێرانکردنی و خزمەتنەکردنی، زەلیلکردن و بە قەرەج و سواڵکەرکردنی کورد بۆ موچە لەبەردەم عەرەبی بێگانە، لەکاتێکدا دەتوانن موچەی ئەم دو پارێزگایە لەداهاتی ناوخۆ بدەن و کورد بەو جۆرە نەشکێنن و نایکەن، داخرانی قوتابخانە و زیادبونی خوێندنی ئەهلی و پەکخستنی نەخۆشخانە و پەروەردەی حکومی و سپاردنیان بەقاچاخچیانی بە ناو کەرتی تایبەت بۆ سەرانە سەندن و چەوساندنەوەی میللەت و گیرفانی دەستەڵات، قاچاخچێتی نەوت و ڕۆیشتنی تانکەرە نەوتەکان تا ئەم ساتە و دزینی سەرتاپای داهاتی ناوخۆ و مەرز و سنور، هێنانی لەشفرۆش و و زیادکردنی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە و پاراستنی بازرگانەکانیان، داگیرکردنی زەوی و خاکی سلێمانی و کردنیان بە یەکەی نیشتەجێبون و تاپۆکردنیان لەسەر عەرەب، جێبەجێکردنی جەنگی تاببەتی دوژمن لەسەر کورد و ناچارکردنی گەنج و خێزان بۆ کوردستان بەجێهێشتن، پەرتەوازەکردن و لەیەکتر هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەی کورد لەجیاتی کۆکردنەوەیان، کردنیان بەگژی یەکتردا و بڵاوکردنەوەی ڕق و توندوتیژی و لەخود نامۆ بون، نەهێشتی مێرخاسی و جوامێری لەکەسێتی تاک و ڕاهێنانیان بۆ  سازشکردن و بێغیرەتی و سەرشۆڕکردن بۆ هەمو بیانییەک تەنیا بۆ نەتەوە و هاوزمانەکەی خۆی نا، دابەزاندنی ئاستی بە بەهای دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ زمانێکی نەشیاو و لێکتێنەگەیشتن و خود نەفرەتی و ڕقبونەوە لەکورد و پێکەوە هەڵنەکردن و زۆر کارەسات و قەیرانیتر، کە بۆ کوردیان ئافراندوە.

 

بیرخستنەوەی ئەم قەیرانانە بۆ ئەوەیە بە تاڵەبانی بڵێم، هەر یەکێک لەو مەرگەساتانە بەپلەی یەکەم پلیشاندنەوە و توندوتیژییە بەرامبەر بە ژن، لەهەر یەکێک لەو گرفتە قوڵانە بەرپرسیارن و لەکوردستان نوێنەری عەرەبی عێراق و تورکیا و ئێرانن بۆ لەناوبردنی نەتەوەی و بونمان، پشتیوانی بکوژانی ژن و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و خاکفرۆشانن، ئیتر ژنێکی بەکەرامەت چۆن دەتوانێت بڕوا بکات، قوباد تاڵەبانی داکۆکیکاری ماف و داخوازییەکانێتی؟

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×