خۆپیشاندان یان کەڕنەڤاڵ؟

ستارە عارف
  2023-10-24     470

کۆبونەوەی ٢٢ی ١٠ی مامۆستایان و فەرمانبەران بەناوی خۆپیشاندانەوە بۆ درێژەدان بەبایکۆت دژی پێنەدانی موچەکانیان لەلایەن بەغدا و هەولێرەوە، لەڕاستیدا کەڕنەڤاڵ بو و چروسکی پشت بەجوڵەخستنی ئەم کەڕنەڤاڵە وتەیەکی(ئالان حەمە سەعید)وەزیری ماوە بەسەرچوی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بو، کە وتی: دەبێت خوێندن لەڕۆژی یەکشەممە واتە٢٢/١٠/٢٠٢٣بکرێتەوە، ئەم وتەیەی کادێرێکی پارتی بەس بو بۆ ئەوەی ناڕەزایی مامۆستایان و چین و توێژەکانیتری پارێزگای سلێمانی لەلایەن ستەمکارانی بنەماڵەی تاڵەبانییەوە بۆ مەرامی حزبی و بنەماڵەیی بەهەماهەنگی لەگەڵ ئیسلامی و دوکانە سیاسیەکانیتر بقۆزرێتەوە و بەناوی خۆپیشاندانی ناڕەزاییەوە تەواوی کادێرانیان لەدەمودەزگا حزبی و حکومییەکان ڕەوانەی شەقام بکەن، تەنیا بۆ ئەوەی بەبنەماڵەی بارزانی بڵێن ئەم زۆنە لەژێر دەستی ئێوەدا نیە و گوێتان لێناگیرێت.

ئەو حەشاماتە زۆرەی ئەمڕۆ لەپارێزگای سلێمانی بە گشتی کۆببونەوە بەڵگە نیە لەسەر بەشداری خۆپیشاندەران بەئیرادەی ئازادی خۆیان و هەستکردن بەپێویستی بەشداری و ناڕەزایی دەربڕین لەدژی ستەمکاری و مافخوراویان، بەپێچەوانەوە زۆرینەیان لەلایەن ستەمکارانی ینک و لایەنەکانیترەوە ئاراستەکراو بون، کە مایەی دڵتەنگییە وەک خۆیان دەیانوت بۆ "وەڵامدانەوەی وتەی وەزیرەکەی پارتی"، بەشێک بەکۆبونەوەی ئەو حەشاماتە زۆرە شاگەشکە ببون و دەیانوت وەڵامیان وەگرت، بەڵام من بەو سادەگۆیە و ئەو سۆزدارییە نالۆژیکییەی تائێستا بەرگریکردن لەبیروڕای حزبی و دژایەتی ئەویتر، کە ئەو ململانێ حزبیە خێڵەکییەیان خستۆتە سەر و ناڕەزایی و داخوازیی و ئەو هەمو ستەمەی بەرامبەریان لەهەردو لاوە کراوە زۆر نیگەران بوم، دڵنیابون لەوەی مەرامێکی دەستەڵاتیان بەدیهێناوە و ناڕەزایی بەشە ڕاستەقینەکەی میللەتییان بۆ بەرژەوەندی حزبی بەکارهێناوە، کە بینینی ئەو کارەساتە تا دوا ڕادە بێزارکارە، چونکە من دەمەوێت میللەتەکەم تەواو هوشیار و بە ئیرادە و لەسەر و خزمەتکردن بەمەرامی حزبی و کەسی و ستەمکارانەوە بێت.

هەڵبەتە بەشە ڕاستەقینەکەی خۆپیشاندەران و ناڕەزاییەکانیان کران بەقوربانی زۆرینەیەکی ئاراستەکراو، کە تاکە ئامانجی ئەو زۆرینەیە وەڵامدانەوەی پارتی بو و نەک پێویستی داواکردنی مافێکی ڕەوا و زەوتکراوی مامۆستا و فەرمانبەران و چین و توێژەکانیتری کۆمەڵگە.

ئاراستەکردنی خۆپیشاندانەکە بەرەو پارێزگا و پەروەردەی گشتی و بەرزکردنەوەی تەنیا وێنەی پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و وەزیری پەروەردە بەشێواوی بەڵگە بو، کە ستەمکارانی ینک دەیانەوێت بە خەڵک بڵێن تەنیا گۆڕان و پارتی لەگرفتی نەدانی موچە بەرپرسیارن و ئەوانی بنەماڵە زۆر دۆستی خەڵکی پارێزگاکەن، لەکاتێکدا کێشەکە زۆر لەو سێ کەسە گەورەترە و لەلوتکەدا هەردو بنەماڵە بە پلەی یەکەم دروستکەری تەواوی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانن و ئەو سێیانە تەنیا ماشەن، بەڵام دەکرێت لەوانەی گۆڕان بپرسرێت بۆچی بێهەڵوێستن و تاکەی وەک مەقاش بەکاردەهێنرێن و هەر بێدەنگیشن؟، بنەماڵەی تاڵەبانی وەک بنەماڵەی بارزانی تاوانباری سەرەکی برسیکردن و خاکفرۆشی و چەوساندنەوە و بە عەرەبکردنی کورد بە گشتی و پارێزگای سلێمانیین و ناتوانن بەم سیناریۆ سواوە هەمیشەییانەیان خەڵک زیاتر چەواشە بکەن.

ئەمڕۆ نەباراندنی فیشەک و گازی کوشندەی فرمێسکڕێژ و بە سەربازگە نەکردنی شارەکە بەڵگەیەکیترە، چونکە هەرچی خۆپیشاندان و ناڕەزایی ڕاستەقینەییە لەم شارە بەم جۆرە شومە مامەڵەی لەگەڵ کراوە و بەڵتەچیەکانییان بەرداوەتە گیانی گەنجانی ناڕازیی و لەساڵەکانی٢٠١٦و دواتریش بەرامبەر بەمامۆستایان و فەرمانبەرانیش هەمان ڕەفتاری فاشیانەیان بەکارهێنا، چونکە داواکاریەکانمان ڕاستەقینە بون و ئاراستەکراو نەبوین.

ئەگەر ئەم کەڕنەڤاڵەی ٢٢/١٠/٢٠٢٣بەرەو نوسینگەی قوباد تاڵەبانی یان مەکتەبی سیاسی و مەڵبەند بڕۆیشتایە وەک خۆپیشاندان و ناڕەزایی ساڵانی ڕابردو، بێگومان هەروەک ڕابردویش بەفیشەک و گوللەی ڕاستەقینە وەڵامدەدراییەوە و ژمارەیەکمان دەستگیر و ئەشکەنجە و بریندار و شەهید دەکراین، هەرچی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکی میللەتی ئەم پارێزگاییەیان بۆ کۆنترۆڵ نەکرابێت، بەچەک و توندوتیژی بەرپەرچییان داوینەتەوە، شەق هەڵدان لەقوتابی زانکۆیشمان لەبیر نەچۆتەوە، بەڵام ئەمڕۆ وا نەبو و دیاریش بو بۆچی؟، من ناحەقی بەرامبەر بەمامۆستایان و چالاکوانانی هاوڕێم ناکەم، کە ساڵانێکە پێکەوە لەشەقامین و دژی ستەمی دەستەڵات لەهەردو زۆنەکە دەنگمان بەرز کردۆتەوە و قوربانیمان بە ڕۆح و جەستەی خۆمان داوە، بەڵام ئەمڕۆ نیەتپاکی و دڵسۆزی هەمومانیان بەکارهێنا، ئەو قەرەباڵغییەی ئەمڕۆ دڵخۆشکەر نەبو و دەرەنجامی ناڕەزایی ڕاستەقینە نەبو، دەبێت بپرسن بۆچی خۆپیشاندانەکانی چەند جاری ڕابردوی مامۆستایان لەئەمساڵدا وەها قەرەباڵغ نەبون؟.

ئەوەی مایەی خەفەتە و دڵتەزێنە ئەوەیە تا ئێستایش کەسانێک هەن بەفیکەی ستەمکاران و حزب و بەرپرس دەجوڵێنەوە، نەک بەئیرادە و ویست و پێویست بینین بۆ ئەوەی داوای مافی خۆیان بکەن و خەباتی بۆ بکەن و دژی ستەمکاری لەهەر کوێیەک هەبێت دەنگ بەرز بکەنەوە و نەبنە ماشەیەکی هەرزانی دەستی حزب و دەستەڵات و ئەو هوشیارییەیان هێشتا پێنەگەیشتوە.

خاڵێکیتری گرنگ ئەوەیە دەبێت هەزاران جاریتریش ئەو ڕاستیە دوپات بکەینەوە، کە چۆن دیمۆگرافییای سلێمانی بەدەستی ستەمکارانی ئەم زۆنە خراپ گۆڕێنراوە و هەزاران کەس و کادێری ملکەچی خۆیان بۆ کات و کاری بەمجۆرە هێناوە و لێرە جێگیرییان کردون و حەشاماتێکی ئاراستەکراویان بەرهەمهێناوە و لێرە چاندویانن، کە زیانیان زیاترە و سەرەڕای تاوانەکانی ستەمکار دژی میللەت و پارێزگاکە ئەوان هەر هۆشیان لای خواستە کەسی و تایبەتییەکانی خۆیانە و وەک ئامڕاز دەجوڵێنرێن.

ناڕەزایی نیشاندان و سەندنی ماف دەبێت بە ئیرادە و خواستی تاک خۆی بێت و پێویستی وای لێبکات هەوڵ بۆ سەندنەوەی مافەکەی بدات، نەک شەڕە دەنوک و ئینتمای سادە و بێهۆشانەی حزبی و بەرژەوەندی کەسی، کە ئەم ڕەفتارەیە بۆتە هۆی لەدواوە هێشتنەوەی هزر و پێنەگەیشتنی ئاستی فیکری و هوشیاری تاک و کۆمەڵگە و چرۆ نەکردنی ئینتمایی هاوبەشی نەتەوەیی و هاوخەمی نیشتمانی و قەتیسخواردنمان لەچوارچێوەی خێڵ و قەبیلە و ترادیسیۆنە نەریتی و پاشڤەڕۆکاندا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×