" پرسی کەرکووک و ئەم دەنگدانەی ١٨ی ١٢ "

ئاغالەی ھاواری
  2023-12-16     153

          
    جارێکی دی گەمەی ھەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووک ، ھاتەوە کایە ، بەڵام گومان لای ئێمەمانەند  ئەوەیە ، کە چۆن  ئەو  بەناو  مەحکەمە ئیتیحادییەکەی فایەق زێدان ، ئەو داوای نەکردنی ھەڵبژارنەی کەرکووکی ڕەتکردەوە . گومانەکەش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت ، کە کوردواتەنی بڵێین :"ئەم ماستە موویەکی تێدایە " چونکە دڵنییان کە فایەق زێدان و دادگاکەی ، بەبێ  ئەرێی دەسەڵاتدارانی شیعە ، پەنجە بە ئاودا ناکەن ! . ئەی خێرە  وا ئەمجارە ھەڵبژاردنی کەرکووکیان لەلا ئاساییە و داوای ھێندێک لە عەرەب و تورکمانی ئەو شارە ، بۆ نەکردنی ھەڵبژادن ڕەتدەکەنەوە ؟! . بڵێی ئەمە سیناریۆیەک نەبێت و بە باشی بناوانی شێلرابێت و بزانن کە مەبەستی خۆیانیان دەستەبەر کردووە و دەزانن ، کە عەرەباندنە نوێیەکەیان لەسەر دەستی ڕاکانی جبووری و بە ھاوکاریی وەزیر و دەسەڵاتدارانی شیعەو سوننەی بەغدا  بەئامانج گەیاندووە و ترسیان لە زۆرینەیی دەنگدەری کورد لەشارەکەدا نەماوە ، بۆیە دەیانەوێت بەم بڕیارەی مەحکەمەکەی فایەق زێدان ، بەتیرێک دوو نیشانە بپێکن ، کە یەکەمیان ئەوەیە کە بە نەتەوە یەکگرتووەکان و کورد و ئێراقیش بڵێن ئەوەتا  ئێمە دیموکراتانە کاردەکەین و کێ زۆرینە دەبێت با ببێت . دووەم ئەوەیە کە دووای دەرچوونی ئاکامەکانی ھەڵبژاردن ،  بڵێن ئیتر کورد با ھێندە باسی کەرکووک نەکەن و تاریق عەزیزئاسای بەعس ، پێمانبڵێن مافتان لە کەرکووکدا ، تەنیا ئەوەندەیە ، کە بەلایدا  گوزەرتانکرد ، دەتوانن بۆی بگرین ! .
 لای بەندە ئەوان ھەرچییەک بکەن ،  بۆم گرنگ نییە ، چونکە ئێمە ئەزموونی پتر لە ٧٠ ساڵی حوکمڕانیی ژێردەستی سونەیانمان ھەبوو ،  وا دوو دەیەشە شیعە حوکمڕانن و  بەردەوام لەھەوڵی ئەوەدان ، کە ڕیسی کورد بکەنەوە بە خوری !. دیارە من گلەیی لەوان ناکەم ، چونکە چاک دەزانم کە کارکردنیان بەپێی ( ڕلفتویٰ ڕلمخفیە ) و ( مبدڕ ڕلتُقیە )یەو    ھەر واش  کاردەکەن و  ئەوەش شەرعییەتی ئەوەیان پێدەدات ، کە بڕوایان بە دیموکراسییەت و  مافی خەڵکی تر ، تا ئەو کاتەبێت ، کە نەتوانن پێشێلیبکەن ، بەڵام ھەر کە ئەو توانایەیان بەدەستھێنا ، ئیدی بەئاشکرا بڵێن ئەو ڕۆژگارە گوزەشت ، کورد بڵێت ئێمەو شیعە ھاوپەیمان بووین و  پێکەوە  خوێنمان لەپێناوی ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسدا ڕشتووە . لەئێستادا ئەوان ئەم بۆچوونەیان بەئاشکرا بۆ میدیاکانیش باسدەکەن ،  وەک ئەوەی ، کە بەڕێز ( قەیس ئەلخەزعەلی ) بەئاشکراو بێپێچوپەنا  وتی و  بڵاوبووەتەوە .
 وەک وتم گلەیی لەوان ناکرێت ، بەڵکو گلەیی لەخۆمانە ، بەتایبەت حیزبانی دەسەڵات و باڵباڵێنەکانیان ، کە ڕوویەکی جوانیان پیشانی کەرکووکییەکان و کوردی کەرکووک بەتایبەتی و  بگرە شارەکانی تری ھەرێمیش نەداوە و   تا ئەم ساتە وەختەش ھەر لەسەر جرت و فرت و فاکوفیکی خۆیان بەردەوامن !. ئاخر ھەر ئەمان نەبوون ، کە ڕازیبوون بەوەی بەو ناوچانەی  کوردستان بوترێت ( مناگق متنازع علیھا ) ئاخر ئەم فەرمایشتە ناقۆڵایە ، ئەو واتایەش ناگەێنێت کە خەڵکی تریش مافی لەو  ناوچانەدا   ھەیە ؟!. ئەمە چ بەڵایەک بوو بۆ کوردیان خوڵقاند !.
 ئێستا وا چەند ڕۆژێک ماوە بۆ ئەو  ھەڵبژاردنە ، کە ھەموو دڵسۆزانی کورد ، دەستیان لەسەر دڵیانە ، چونکە دۆڕاندنی ھەڵبژاردنەکە ، دەبێتە ھۆی دادانەوەی پەردە لەسەر  مافی کورد وەک خاوەن خاک لەشارەکەکەدا . لێرەدا پرسی گرنگ ئەوەیە ، کە ئایا حیزبانی کورد دەرکی ئەم ترسناکییەیان کردووە ؟ خۆ ئەگەر کردوویانە ، ئایا  وەک ئەوەی کە لەسەر لیستێکی یەکگرتوو ڕێکنەکەوتوون ، ئایا  بەجیا  کاری ڕژدیان کردووە ،  تاوەکو کورد زۆرینە بەدەسبێنێتەوە ؟. ئەوەی ئێمە دەیبنین کوردێکی زۆری کەرکووک لەشارەکانی ھەرێمدان ، کەبەزۆری ئەوانەشن ، کە  بەناو  سەر  بە حیزبەکانن ، ئایا ئامادەکاریی پێویست کراوە ، ئەوانە  کەمتەرخەمی  نەکەن و  بچن بۆ دەنگدان . یاخود بڵیی کارتەکانیان نوێکردبێتەوە ؟.ئایا ھەوڵیانداوە چاودێریی عەرەب و پێکھاتەی تر بکەن ،  تاوەکو نەتوانن فرتوفێڵ لە کوردی بەدبەخت بکەن؟
لە کۆتاییدا ڕووی دەمم دەکەمە خەڵکە بەشەرف ستەمدیدەکەی کەرکووک و تکاتان لێدەکەم ،  نەکەن بەھۆی گەندەڵی و  پاتاڵیی حیزبانی دەسەڵات و باڵباڵێنەکانیاوە ،  خەمساردی بەرامبەر  ئەم دەنگدانە بکەن ، چونکە بە ڕاستی دۆڕاندنمان لەم دەگدانەدا ، دۆڕاندنی ھەموو کوردی کوردستانی گەورەیە ، کە چاوی ھیوایان بڕیوەتە ئەم ھەرێمە و  دۆڕاندنی کەرکووکیش دۆڕاندنی ھەرێمەکەش دەبێت و  دەبێتە خاڵی ھەرەسھێنانی  پرسی نەتەوە و نیشتمانەکەمان ، کە ڕەنگە بۆ سەدساڵی تر  لە ھاوکێشەی پەرژەوەندییە ھەرێمی و نێودەڵەتییەکانمان بکەنەدەرە و   ھەموو  ئەو ڕووبارە فرمێسک و خوێنە ی سەدساڵی ڕابردوومان بدرێت بەبادا . دەنگدانی ئەم جارەتان کارێکی پێشمەرگانەی  ڕاستەقینەیە و سەرکەوتنتان تیایدا  ، وەک  بەھاناوەچوونی  ئەو   پیرەمێردە  پەڵکانەییە  وایە ، کە  وێڕای  بێھێزی و  دەستلەرزۆکییەکەشی ، ململانێیەکی  پاڵەوانانە  لەگەڵ  دڕندە   داگیرکەرەکاندا  دەکات ، کە بەپاڵپشتیی سوپا و مێلیشیاکانیان  ،  بەھەموو  شێوەیەکی نا مرۆڤانە ، کاردەکەن  بۆ  وەدەرنانی کورد  لەسەر  زەوی و زاری  باب و باپیریان . دەنگدانی  ئەمجارەتان  ، بەرگرتنە  بە و  ھەڵمەتی  عەرەباندنەی  کە لە  حەوتەغار و  دووبز و  خورماتوو  و  ناوچەکانی تر  دەکرێت  . دەنگدان و  بردنەوەتان  لەم  دەنگدانەدا  ،  شادکردنی گیانی شەھیدانمان دەبێت . دایکانی شەھیدانی کوردستان ، چاویان بڕیوەتە ئاکامی ئەم ھەڵبژادنە ، ھیوادارین مژدەی سەرکەوتنی دیموکراسیانەیان پێبدەن . سەرفرازبن .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×