ئەندازیاری داڕمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەتەنها  عومەری سەید عەلی نیە

کامەران عەبدوڵا
  2024-03-11     1004

کە قسە ئەکەین هەموومان خاوەن مەبدەئین، بەکردەوەش هەموومان خاوەن بەرژەوەندین... ( ئەنیس منصور)

 

نهێنیەک نادرکێنین ئەگەر بڵێین بزوتنەوەی گۆڕان وەکو حزب لەکۆتاییەکانی تەمەنی خۆیدایە و لەم بارەیەشەوە سەرنج و وتار و قسەی زۆر کراوە دەربارەی هۆکارەکان، هەریەک لەگۆشە نیگای خۆیەوە لێی دواوە، ئێمەش کە لەسەرەتای دروست بونی بزوتنەوەکەوە بەشداربوین کەم و زۆر ئاگامان لە ڕوداوەکان و هاوکێشە و ناکۆکیە ناوخۆیەکانی ئەم حزبە هەبووە، نکۆڵیش لەبونیان ناکەین، دڵنیاشم کە هیچ حزب و گروپێک لەم هەرێمە خاڵی نیە لەم  کێشەیە، لەڕاستیدا بە بەراورد بە حزبەکانی تر ئەم ناکۆکی و گرفتە ناوخۆێانە لەناو گۆڕاندا لەکەمترین ئاستیدا بووە..، بەڵام بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان بەرگەی نەگرت؟ بۆ نەیتوانی پارێزگاری لەقەبارەی خۆی بکات؟ بۆچی گۆڕان لەحزبێکی کاریگەر و کارتێکەرەوە  بوو بەحزبێکی پاسیڤ و بێ ڕۆڵ ؟..

هۆشیار عومەر کە لە (٢٠٢٤/٣/٥) نوسینێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە، بەسەرنجدان لەناونیشانی نوسینەکە بۆت دەرئەکەوێت کە هەوڵێک نیە بۆ لێکدانەوە و شیکردنەوەی هۆکارەکانی پوکانەوە و شکستی بزوتنەوەی گۆڕان بەقەدەرئەوەی تەعبیر کردنە لە ململانێی باڵەکان، هەرچەندە ئەم نوسینە دۆکێومێنت و حقیقەت و ڕاستی زۆری تێدایە ، بەڵام غەدرێکی گەورەیە ئەگەر هەموو ئۆباڵی ئەم شکستە بخرێتە ئەستۆی کاک عومەری سەید عەلی..چونکە بەبڕوای من ئەگەر کاک نەوشیروان خودی خۆشی لەژیاندا بوایە ڕەنگە دۆخی بزوتنەوەی گۆڕان زۆر لەئێستا باشتر نەبوایە چونکە جگە لەهۆکارە ناوخۆییەکان کە نوسینەکەی کاک هۆشیار بەچڕی تەرکیزی خستۆتە سەریان، هۆکارگەلی بابەتی و دەرەکیش زۆرن بۆ داڕمانی تەلاری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان. هەروەها ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە کۆمەڵگا زۆر گۆڕاوە ، فەزای سیاسی و بارودۆخی دارایی، بیرکردنەوەو تێڕوانین لەحزب و لەسیاسەت بەبەراورد بە ٢٠٠٩ گۆڕانکاری زۆری بەسەرداهاتووە  و حەماسی حزبایەتی و سیاسەت کردن لەناو خەڵکا زۆر پاشەکشەی کردووە..

ئەم مەسەلەیەش پێویستی بەلێکۆڵینەوەی جدی و گشتگیر هەیە ، چونکە کاری کردۆتە سەر هەموو حزبەکان بەڵام بەئەندازەی جیاواز . ئەوە ڕاستە کە کەوتنی پایەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای کۆچی دوایی ڕێبەرەکەیەوە دەستیپێکرد، بەتایبەت کاستی نوێی بڕیاربەدەست کەدوای ڕێککەوتن و  بەشداری کردن لە کابینەی نۆی حکومەت دەستکاریەکی ڕیشەیی خیتابی سیاسی بزوتنەوەکەیان کرد، لەبزوتنەوەیەکی ئۆپۆزسیۆنی دڕدۆنگی سرک و توڕەوە کردیان بە حزبێک کە بانگەشەی یەکڕیزی و تەبایی و ئارامی و ئاشتەوایی گشتی دەکرد .. ئەمەش بەمانای بێدەنگ بون و چاوپۆشی کردن لەو هەموو فەزاحەتەی لە دونیای سیاسی ئێمەدا ڕودەدات هەرئەمەش بوو وای کرد کە زەمینە خۆش ببێت بۆ دروستبونی هێزی نوێ ..

هەڵبەتە حزب علمانی بێت یان ئیسلامی، چەپ بێت یان ڕاست، تەنها دوو کێڵگەی هەیە بۆ کارکردن کە ئەبێت تەنها لەیەکێکیاندا وەبەرهێنان بکات.. ئەوانیش یان ئەوەتا ئۆپۆزسێۆنە و ڕێبەرایەتی شەقام و خەڵک دەکات ، لەڕێی جوڵاندنی شەقامەوە فشار دەخاتە سەر حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی بەمەبەستی  ئاڕاستە کردنی حکومەت بەقازانجی خەڵک و جێبەجێ کردنی  بەرنامەو سیاسەتی حزبەکەی ..

یان لەحکومەتەو لەڕێگای فیگەرەکانیەوە بەرنامە و ستراتیجی حزبەکەی بەقازانجی خەڵک جێبەجێ ئەکات..

بەڵام بۆچی بەشداری کردنی گۆڕان لەحکومەت ( بەدیاری کراوی کابینەی نۆ) بەو ڕادەیە بووە مایەی ناڕەزایی دەنگدەرانی؟ بۆچی لایەنگرانی گۆڕان شێلگیرانە پێداگربوون لەسەر کشانەوە لەحکومەت؟ چونکە گۆڕان دوای بەشداری کردنی لەحکومەت سروشتی حزبەکە گۆڕا، ئاڵای چاکسازی و گۆڕانکاری داگرت و ئاڵای ئارامی و ئاشتی و تەبایی لەجێی هەڵکرد،  وازی لە ململانێ هێنا ، کە بەبڕوای من پاوەری گۆڕان ئەو ململانێ و منافەسەیە بوو کەلەگەڵ دەسەڵاتدا ئەیکرد..

پوختەی قسەم ئەوەیە کە ئەندازیاری داڕمانی بزوتنەوەی گۆڕان تەنها عومەری سەید عەلی نیە وەک ئەوەی هۆشیار عومەر وێنای کردووە، بەڵکو هۆکارگەلی ناوخۆیی و دەرەکی و بابەتی ڕۆڵی گەورەیان هەبووە کە ناکرێ سەرپێیی لێیان بدوێین..

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×