سەلەفیەکان

محەمەد غەریب حسێن
  2025-01-26     247

لەسەدەی هەژدەوە و لەساڵی 1744 زاینی محمەدی کوڕی عەبدولوەهاب دەستی کرد بە بانگەوازەکەی خۆی بەناوی (وەهابیەت) و گرێبەستێک لەنێوان دەسەڵاتی ئەوکاتەی سعودیە و قوتابخانەکەی محمەدی کوری عەبدولوەهابدا کرا، کۆبونەوەکە کۆبونەوەیەکی عەشایریبوو وە محمەدی کوڕی عەبدولوەهاب داوای لە محمەدی کوری سعود کرد کە دەسەڵاتێک دروست بکات، ئەمیش دوای بۆدەکات کە نەوەکانیشی دوای خۆی خەڵک لەدەوریان کۆبێتەوە واتە هەر فەرمان ڕەوابن. گرێبەستەکە لە پاشخانێکی مێژویەوە سەرچاوەی گرتبوو کە لە ململانێی نێوان زانا ئاینیەکان و دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە خۆی دەبینیەوە، ململانێکە لەسەر چۆنێتی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بوو لەنێوانیاندا. زانا ئاینیە حەقبێژە لە خواترسەکان ڕابەرایەتی جوڵانەوە میلەتانیان دەکرد دژی دەسەڵات داران و زاڵمەکان و لادەران لە بەرنامەی خودا و پێخەمبەرەکەی (د.خ)، لە ئەنجامی ئەم ناڕەزایەتی و ململانێیە خوێنێکی زۆر ڕژا و کوشتارێکی زۆری لێکەوتەوە، چونکە زانا موسوڵمانەکان پێیان وابوو کە نابێت خەڵک شوێن ئەو دەسەڵاتدارانە بکەوێت و دەبێت لە گوێڕایەڵیان دەربچن، چونکە لە بەرنامەی خودا لایانداوە و تاغوتن و زوڵم دەکەن لە خەڵک، دوای ئەم کوشتار و خوێنڕشتنانە بەشێک لە زانایانی ئاینی گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە چیتر نابێت خەڵک دژی دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکان بجەنگ و ناڕەزایەتی دەرببڕن بەڵکو دەبێت گوێڕایەڵ و بێدەنگ بن ئەگەر کرا بە نهێنی ئامۆژگاریان پێ بدرێت ئەگەر نا بێدەنگ بن، لێرەوە زۆرینەی زانایانی نیمچە دورگەی عەرەب بێدەنگی و ملکەچیان هەڵبژارد، کە من پێموایە هەڵەیەکی زۆر گەوریە وە هەر ئەو هەڵەیەشە کە ئەمڕۆ وڵاتانی عەرەبی بەدەستیەوە دەناڵێنن و ناتوانن ڕەخنە لە خۆیان بگرن و پێشکەون و هەمویان ملکەچی دەسەڵاتن و دیموکراسی تێیاندا گەشە ناکات بەڵکو ئەو ملکەچبونەیان بۆتە بەشێک لە کلتوریان و دیکتاتۆرەکان بەرهەمدێنن، وەهەروەها تێگەیشتی ئە زانایانە بۆ بابەتەکە زۆر هەڵەیە و تەواو نا واقیعانەیە چونکە کاتێک کە دەسەڵات ستەم دەکات و لەفەرمانی خودا لادەدات ( فرمانی خودا گرێبەستی نێوان دەسەڵات و خەڵک بوە) وە خەڵک ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و دەسەڵات دەستدەکات بەکوشتنیان ئەوا پێویستی لەپێشینە ئەوەیە کە بە دەسەڵات بوترێت بۆ خەڵک دەکوژیت و خوێن دەڕژیت، نەک بە خەڵک بوتریت بۆ ناڕەزای دەردەبڕیت و لە گوێڕایەڵی دەسەڵات دەرچویت، هەرکات دەسەڵات لە فرمانی خودا لایدا وەک ئیمامی عومەر فەرموی دەبێت بە شمشێر ڕاست بکرێتەوە، وەک چۆن ئیمامی عومەر لەسەر داوای هاوڵاتیەک والیەکی خۆی و کوڕەکەشی بانگکردنەوە بۆ مەدینە و جەڵدیکرد و لە پۆستەکەی دوری خستنەوە و دادپەروەری بەدیهێنا، وەهەروەها لە کەیسی کوشتنی کەسێکی خەڵکی یەمەندا دەردەکەوێت کە چەند کەسێک دەستیان لەکوشتنی کوژراوەکەدا هەبوە ئیمامی عومەر ئەفەرمێت ئەبێت هەمویان بکوژرێنەوە بەڵام بنەماڵەکانیان ئەڵێن ئێمە کەسێکمان لەوان کوشتوە ئەوانیش ئەبێت کەسێکمان لێبکوژنەوە، ئیمامی عومەر دەفەرمێت ئەگەر هەموو ئەهلی سەنعا دەستیان لەکوشتنی ئەوکەسەدا هەبوبێت هەمویان دەکوژمەوە، واتە لەپێناوی بەدیهێنانی دادپەروەری و حەقدا گرنگنیە کە قوربانیەکە چەندە و چۆنە بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە دادپەروەری و حەق بێنەدی، کوشتنی خەڵک لەلایەن دەسەڵات و زاڵمەکانەوە هەروا ئاسانیە و تاوەنە و جەریمەیە، بۆ نمونە یەکێتی و پارتی کە زاڵم و تاغوتن ئەبێت لە دژایەتیکردنیان و ڕەتدانەوەیان بەردەوامبین هەتا بە پشتیوانی خوای گەورە دادپەروەری بەدیدێت و لە سوڵتە و دەسەڵات لایاندەبەین، بەدیهێنانی دادپەروەری پێویستی بە قوربانی دانە ئەگەر هەرچەندێک بێت و هەر کوژراوێکیش لەو پێناوەدا شەهیدە، بۆیە چەندێتی کوشتنی خەڵک و موسڵمانان لە لایەن دەسەڵاتەوە نابێت لۆمەی خەڵک و موسوڵمانانی لەسەربکرێت کە ناڕازین لەو دەسەڵاتە، بەڵکو ئەبێت لۆمەی دەسەڵاتە ستەمکارەکە بکرێت کە بکوژە و تاوانبارە و کارێکی نا دینی و نا ئەخلاقی و نا یاسای و نا ئینسانی کردوە، ئەگەر نا ستەم و نادادی کە دژە لەگەڵ ئاینی پیرۆزی ئیسلام و سونەتی کەونی خودای گەورە بەردەوام لەزیادبوندادەبێت

پەیوەندی نێوان زانایانی موسوڵمان و دەسەڵاتداران بە سێ قۆناخدا تێپەڕیوە لە وڵاتانی کەنداو:

 

قۆناخی یەکەم:

زانایان موسوڵمان خاوەنی بڕیار و جورئەت و توانایەکی زۆر بون، ڕابەری ئاشکرای خەڵک بون دژی دەسەڵات، ئامۆژگاریەکانیان بەدەسەڵات گەیاندوە بە نەرمی بوبێت یان بەتودنی دەسەڵاتیش پێی خۆشبوبێت یاخود نا بەگوێی کردون چونکە خاوەنی ڕاوبۆچون و ئیرادەیەکی ئازا و ئازاد بون.

 

قۆناخی دووەم:

دەسەڵاتداران خواست و ویستی لادان لە دین و بەرنامەی خودایان بۆ دروست بوو، کەلێن و پەرتبون ڕویدا لەنێوان دەسەڵات داران و زانایانی موسوڵمان و پەیوەندی نێوانیان گۆڕا، چی تر یەکیان وەک تەواوەری یەک لە پێناو ئیسلامدا نەدەبینی بەڵکو وەک دوبەرەی دژبەیەک سەیری یەکیان دەکرد و هەرلایەو سنوری دەسەڵات و توانای خۆی دەزانی و ئیدارەی ململانێی نێوانیان دەدا، زانایانی موسوڵمان بەژداری کایەی سیاسیان نەدەکرد و زیاتر بەکاری خوێندن و دەرسدانەوە خەریکبون وە بەرنامەی خوێندنەکەیان زۆر کرچ و کاڵ و دور لەژیانبوو وە باسی لە هەمووشتێک دەکرد جگەلە سیاسەت و کاروباری گشتنی میلەت، وە دەسەڵاتدارانیش خەریکی کاری سیاسی و توغیان و ئارەزوی مرۆی خۆیان بون، ئەمەش وایکرد کە موسوڵمانان داببڕێن لە هۆشیاری سیاسی و بابەتە واقعیەکانی ژیانی ڕۆژانەیان و خەریکی بابەتانێکی زۆر لاوەکی و سادە و بێسود و وەهمی بون.

 

قۆناخی سێیەم:

جۆری پەیوەندیەکە گۆڕا لە جیابونەوە بۆ شوێنکەوتەی،زۆرێک لە زانایانی موسوڵمان بون بە شوێنکەوتە و ملکەچ بۆ دەسەڵاتداران، جا ئەودەسەڵاتە هەرچۆنێک بێت زانایانی موسوڵمان پارێزەر و ملکەچی بوون و بوون بە بەشێک لە دەسەڵاتەکە و پارچەیەک لە دەزگای دەوڵەت و لەلایەن دەسەڵاتەوە جۆر و چۆنێت و مەودای کاریان بۆ دیاری دەکرا. لێرەوە زانایانی موسوڵمان بەو تێگەیشتنە هەڵەیەی هەیان بوو وە بوبون بە پیاوی دەسەڵات لەناوخەڵکدا و چەمکی (وەلی ئەمر) یان داهێنا کە چەمکێکی شەرعیە و خەڵکیان پێ فریودا و بەخەڵەت تێیانگەیاندن لە بەرژەوەندی دەسەڵات دایانڕشتەوە بۆ پاساودانی هەڵوێستەکانیان لەناو دەسەڵات. ئەم تێگەیشتنە ئەمڕۆ لە وڵاتانی کەنداو بەگشتی و سعودیە بەتایبەتی ڕەگیداکوتیوە و ئاینیان کردۆتە کەرەستەیەک بۆ خزمەتی دەسڵاتی دیکتاتۆرەکانی کەنداو بەگشتی و سعودیە بە تایبەتی، وە پاساوی شەرعی بۆ دەسەڵات دەهێننەوە و کارەکانیان بۆ پاساودەدەن لە چونە ناو جەنگ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و لە کوشتن و بڕینی موسوڵمانانیش بەدەستی دەسەڵاتدارەکانیان بێدەنگیان هەڵبژاردوە و بون بە لۆجستیەکی سیاسی دەسەڵاتی ئالسعود، ڕۆژانە دەبینین کە چۆن لەناو سعودیەدا سوکایەتی بە ئیسلام و موسوڵمانان دەکرێت و ئەوانیش پاساو لەسەر پاساو بۆ دەسەڵاتی دەهێننەوە.

 

لێرەوە فیکری سەلەفیمان وەک پارێزەری دەسەڵاتە خۆسەپێن و خوێنڕژ و دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەمان بۆ دەردەکەوێت، وە ڕوندەبێتەوە کە چۆن و بۆچی ئەوان کێشەیان هەیە لەگەڵ ئازادی و دیموکراسی و فرەی سیاسی و موعارەزە و هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات. لەهەر شوێنێک دیموکراسی چەکەرەی کردبێت هەوڵی لەباربردنیانداوە و بەردەوام پشتی بەهێزیان بەرامبەر بە لاواز گرتوە و ترسنۆک و بێجورئەتبون. لێرەوە ئێمە دەبێت بەلامانەوە سەیر نەبێت کاتێک غەزە دوای ئەو کۆمەڵکۆژیەی و وێرانکاریەی لەلایەن ڕژێمی زایۆنی زاڵمەوە بەسەریداهات کە ڵاڵی هێنایە گۆ و هێشتا ئامادەنەبو خۆیبەدەستەوە بدات و لەپێناوی ئازادی و ڕاستیدا قوربانی نەما نەیدا تا سەرکەوتنی بەدەست هێنا، کەچی سەلەفیەکان ئەڵێن ئیسرائیل سەرکەوتوە و غەزە شکستی هێناوە، وەها قسەیەک ئیسرائیلیەکان بۆخۆشیان نایکەن و دانیان بەشکستی خۆیاندا ناوە، کەچی کابرای سەلەفی دەستی بەکڵاوەکەیەوە گرتوە با نەیبات، لە کوردستانیش ڕونە کە چۆن پشتیوانی یەکێتی و پارتین و بە وەلیئەمری خۆیانیان دەزانن و هەرگیز لە بەرەی خەڵکدا نەبون و یەکێتی و پارتیش بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکاریان دەهێنن و خەڵک و کۆمەڵگایان پێ چاوەشە و بەلاڕێدا دەبەن بەوەی کە هەرکەس لە ئەمری یەکێتی و پارتی لابدات لە ئەمری خودا لایداوە، بەڵام من لەکۆتایدا پێیاندەڵم کە مەترسن لە ئازدی، ئازادی تمەنی کەس کورتناکات وەک چۆن ترسنۆکی و پاشکۆبونی دەسەڵات تەمەنی کەس درێژناکات، ژیان و مردن بەدەست خودایە و بە ئازادی بۆ خودا بژیین.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×