له‌نێو هۆڵی‌ كۆنگره‌دا چی‌ ڕویدا ؟

سەرتیپ وەیسی كەریم
  2019-12-22     1926

به‌رهه‌م صاڵح چۆن به‌ته‌زكیه‌ كرایه‌ سه‌ركردایه‌تی‌؟

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ره‌تادا لیژنه‌ی‌ باڵای‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كۆنگره‌ی‌ چواره‌می‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، بڕگه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ته‌زكیه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ هه‌ریه‌ك له‌ (به‌رهه‌م صاڵح‌و رێواز فایه‌ق‌و قوباد تاڵه‌بانیان) خسته‌ ده‌نگدان، زۆرینه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ كۆنگره‌ كارتی‌ سووریان به‌رزكرده‌وه‌و ره‌تیانكرده‌وه‌ هیچ كه‌س به‌ته‌زكیه‌ بچێته‌ سه‌ركردایه‌تی‌، زۆرینه‌شیان هۆكاره‌كه‌یان به‌رهه‌م صاڵح بو.

ئه‌م ده‌نگ نه‌هێنانه‌ی‌ سه‌ره‌تا وای‌ كرد له‌كاتی‌ پشووی‌ كۆنگره‌ هه‌ریه‌ك له‌ (لاهور تاڵه‌بانی‌‌و شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌و باڤڵ تاڵه‌بانی‌) گه‌ڕانێك به‌ناو ئه‌ندامانی‌ كۆنگره‌ بكه‌ن، داوایان له‌ئه‌ندامان كرد به‌بڕیاری‌ به‌ته‌زكیه‌ دانانی‌ ئه‌و سێ كه‌سه‌ رازیبن به‌تایبه‌ت به‌رهه‌م صاڵح.

دوای‌ ته‌واوبونی‌ پشووه‌كه‌و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، لیژنه‌ی‌ باڵا به‌ناوی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ باڵای‌ یه‌كێتیی‌ دوباره‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌ی‌ خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ ده‌نگه‌كان بژمێردرێته‌وه‌، ئه‌و سێ كه‌سه‌ به‌ته‌زكیه‌ بونه‌ ئه‌ندامی‌ كۆنگره‌.

ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح ناڕه‌زایی‌ "شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د"ی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌چێته‌ سه‌ر سته‌یجی‌ كۆنگره‌ و ئه‌و بڕیاره‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و داوای‌ ژماردنی‌ ده‌نگه‌كان ده‌كات ، ده‌بێته‌ دروستبوونی‌ پشێوی‌ و ده‌نگه‌ ده‌نگ له‌ لایه‌ن كه‌سه‌ نزیكه‌كانی‌ به‌رهه‌م، بۆیه‌ شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ قسه‌كردن راده‌گرن، بابه‌ته‌كه‌ تێپه‌ڕده‌كرێت.

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانیش له‌كاتی‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌و بڕگه‌یه‌، به‌رهه‌م صاڵح هۆڵی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ جێهێشتووه‌ و ئاماده‌یی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ رووگیری‌ و و وه‌رگرتنی‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌ ته‌زكیه‌.

هه‌رچه‌نده‌ هه‌ریه‌ك رێواز فایه‌ق و قوباد تاڵه‌بانی‌ فۆڕمی‌ كاندیدبوونیان بۆ سه‌ركردایه‌تی‌ پركردبووه‌، به‌ڵام به‌پێی‌ زانیارییه‌كان ئه‌وانیش جۆرێك له‌ فێڵیان له‌ ئه‌ندامانی‌ كۆنگره‌ كردووه‌و وه‌كو شانۆگه‌ریه‌ك وا خۆیان نیشانداوه‌ كه‌ ئاماده‌ی هه‌ڵبژاردنن، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا چاوه‌ڕێی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ بڕیارێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌ بوون.

له‌ ڕۆژی‌ یه‌كه‌می‌ كۆنگره‌دا، كۆسره‌ت ره‌سوڵ وه‌كو سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ هه‌ڵبژێردرا، په‌یڕه‌ویش درایه‌ ده‌ستی‌ ئه‌ندامانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ گشتیی‌ له‌ داهاتوودا بۆ گفتووگۆكردن له‌سه‌ری‌، به‌رهه‌م صاڵح و رێوازو قوبادیش كرانه‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌. ڕۆژی‌ دووه‌می‌ كۆنگره‌ش تایبه‌ته‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ گشتیی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ و دواتر كۆنگره‌ كۆتایپێدێت.

كه‌واته‌ له‌ قۆناغی‌ یه‌كه‌مدا، سێ كه‌سی‌ نزیك له‌ پارتی‌، كه‌ ( به‌رهه‌م ساڵح و رێواز فایه‌ق و قوباد تاڵه‌بانی‌) بوو كرانه‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ به‌ ته‌زكیه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌م صاڵح بووه‌ به‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ و به‌هۆی‌ په‌یوه‌ندی‌ و بینینی‌ چه‌ند ڕۆژی‌ رابردووی‌ هه‌ردووك بارزانیه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر ، ئیتر خه‌ونی‌ بوونی‌ به‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌و حزبه‌ له‌ نێو ( 121) كه‌س زۆر ئاسانتر بووه‌، ته‌نها په‌یوه‌ندی‌ به‌ كاته‌وه‌ مایه‌.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×