مه‌سرور بارزانی‌‌و لاهور شێخ جه‌نگی‌ ... گرتنه‌به‌ری‌ یه‌ك رێچكه‌و رێگا بۆ سه‌ركه‌وتن

سەرتیپ وەیسی كەریم
  2020-10-23     429
به‌درێژایی‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ی‌ كه‌ مه‌سرور بارزانی‌، راوێژكاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بوه‌،  لاهور شێخ جه‌نگیش، به‌رپرسی‌ ئاژانسی‌ پاراستن و زانیاری‌ له‌ هه‌مان ده‌زگا بوه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ بودجه‌ و نه‌سریه‌ی‌ تایبه‌تیان مانگانه‌ له‌ حكومه‌ت و بودجه‌ی‌ گشتیی‌ وه‌رگرتوه‌، زۆرجاریش به‌هۆی‌ ته‌نسیق و كاری‌ هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ ئه‌مه‌ریكی‌ و به‌ریتانی‌،  مانگانه‌ له‌وێشه‌وه‌ بودجه‌ی‌ تایبه‌تیان بۆ هاتوه‌‌، به‌ تایبه‌ت تا ئه‌و كاته‌ی‌ مام جه‌لال له‌ ژیاندابو، چونكه‌ به‌شێكی‌ ئه‌و بودجه‌یه له‌ لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگرییه‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ ده‌هاته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

جگه‌ له‌ موچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ 47 هه‌زار كارمه‌ندی‌ ئه‌نجومه‌ن و ده‌زگاكانی‌ ئاسایشی‌ هه‌ردوولا ( مانگانه‌ 63 ملیار دیناره‌)، مانگی‌ وا هه‌بوو ته‌نها بودجه‌ و نه‌سریه‌ی‌ یه‌ك مانگی‌ ئاژانسێكی‌ وه‌كو پاراستن و زانیاری‌ ‌ زیاتر له‌ 6 ملیۆن دۆلار بوه‌.

هیچ كات وردبینی‌ و به‌دواداچوون بۆ چۆنیه‌تی‌ خه‌رجكردنی‌ بودجه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش  له‌گه‌ڵ  ئه‌و بودجه ‌و نه‌سریه‌ی‌ كه‌ پێشكه‌شی‌ ئه‌و دامه‌زراوانه‌ كراوه‌‌‌ ئه‌نجامنه‌دراوه‌‌‌، به‌ هیچ جۆرێك دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان نه‌یانتوانیوه‌ وردبینی‌ و چاودێری‌ بۆ چۆنیه‌تی‌ سه‌رفه‌كردنی‌ ئه‌و بودجه ‌و نه‌سریه‌ بكه‌ن، ئه‌مه جگه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌رگای‌ بۆ گه‌نده‌ڵی‌ گه‌وره‌ كرده‌وه،‌ هه‌ریه‌ك (مه‌سرور بارزانی‌ و لاهور شێخ جه‌نگیش) له‌ رێگه‌ی‌ بودجه ‌و هێزی‌ ئه‌و ده‌زگایانه‌وه‌ ،چوونه‌ تڕۆپكی‌ ده‌سه‌ڵات و بوونه‌ خاوه‌نی‌ ده‌یان كۆمپانیا و زانكۆ و میدیا و خاوه‌نی‌ سه‌رمایه‌كی‌ گه‌وره‌. 

ئه‌و بودجه‌و هێزه‌ هۆكارێكیش بوو بۆ كوده‌تا له‌سه‌ر باڵ و گروپه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ نێو حزبه‌كه‌یان و هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی‌ هه‌ردووكیان.
مه‌سرور بارزانی‌ كه‌ ئێستا سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت  و كه‌سی‌ یه‌كه‌می‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردنه‌ تاوه‌كو ئێستا ئاماده‌یی‌ نه‌بوه‌ ئه‌و پۆسته‌ چۆڵ بكات، به‌ هه‌مان شێوه‌ش لاهور شێخ جه‌نگیش دوای‌ بوونیشی‌ به‌ هاوسه‌رۆك ده‌ستبه‌رداری‌ پۆسته‌كه‌ی‌ نه‌بوه‌‌.  راسته‌ به‌ یارمه‌تی‌ برا و كه‌سه‌ نزیكه‌كانیان ئه‌و ده‌زگایانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵدا بێت هه‌رچی‌ هێز و بودجه‌یه‌ هه‌یه‌ له‌ ژێر ده‌ستی‌ خۆیاندایه‌، كه‌چی‌ هه‌ردووكیشیان داوای‌ به‌ دامه‌زراوه‌یی‌ و چاكسازی‌ ده‌كه‌ن ؟!
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×