له‌باره‌ی‌ كۆبونه‌وه‌ نهێنییه‌كه‌ی‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان

سەرتیپ وەیسی كەریم
  2020-01-07     453
كۆبوونه‌وه‌كانی‌ چه‌ند ڕۆژی‌ رابردووی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان له‌باره‌ی‌ پڕۆژه‌ یاسایی‌ چاكسازی‌، تاراده‌یه‌كی‌ زۆر ئه‌نجامی‌ باشی‌ هه‌بووه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكن، پێده‌چێت هه‌فته‌ی‌ داهاتوو خوێندنه‌وه‌ی‌ دووه‌می‌ بۆ بكرێت و یاساكه‌ تێپه‌ربكرێت.

به‌پێی‌ زانیارییه‌كان كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ نه‌ له‌ باڵه‌خانه‌ی‌ په‌رله‌مان و نه‌ له‌ باڵه‌خانه‌ی‌ حكومه‌ت به‌ڕێوه‌چووه‌، به‌ڵكو كۆبوونه‌وه‌كه‌ داخراو بووه‌ له‌ هاوینه‌ هه‌واری‌ پیرمام به‌ڕێوه‌چووه‌. كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ریش لیژنه‌ی‌ دارایی‌ و به‌شێك له‌ وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ باڵه‌خانه‌ی‌ په‌رله‌مان و ده‌یانه‌وێ سیفه‌تی‌ فه‌رمی‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ببه‌خشن و پاشان سیاغه‌ی‌ ئه‌و شتانه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ری‌ رێككه‌وتوون.

ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت له‌وباره‌یه‌وه‌ رێكه‌وتوون كه‌ یاساكه‌ تێپه‌ربكرێت و لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان به‌شداریان كردووه‌ و ئه‌وانیش چه‌ند مه‌رجێكیان داناوه‌، تاوه‌كو پشتگیری‌ له‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ بكه‌ن، تاراده‌یه‌كیش به‌شێك له‌ داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێكراوه‌.

حكومه‌ت و په‌رله‌مان ده‌یانه‌وێ هیچ مه‌جالێك بۆ لایه‌نه‌كان نه‌هێلنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ داواكاری لایه‌نه‌كان یاساكه‌ تێبپه‌رێنن.

ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ی‌ هاتۆته‌ په‌رله‌مان دوای‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م و كۆبوونه‌وه‌ی‌ لیژنه‌كانی‌ په‌رله‌مان و كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ هه‌ردوولا، ده‌ستكاری‌ زۆری‌ كراوه‌، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ گرینگه‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌دا داخوازی‌ لایه‌نه‌كان قبوڵكراوه‌.

حكومه‌ت و په‌رله‌مان له‌سه‌ر جێگیركردنی‌ كه‌مترین موچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ به‌ 300 هه‌زار دینار رێكه‌وتوون، هه‌رچه‌نده‌ وه‌زیری‌ دارایی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردوه‌ ئه‌و داواكارییه‌ تووشی‌ كێشه‌یان ده‌كات و ئه‌سته‌مه‌ بتوانن له‌و قۆناغه‌دا وه‌كو خۆی‌ جێبه‌جێیبكه‌ن.

له‌باره‌ی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ په‌رله‌مان ده‌یویست هه‌رچۆنێك بێت ئه‌و دانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وته‌ به‌ میكانیزمێك جێگیربكرێت، ئه‌مڕۆش جێگیركراوه‌، به‌ڵام روون نییه‌ ئه‌و میكانیزمه‌ چۆن ده‌بێت.

له‌باره‌ی‌ خانه‌نشینی‌ پله‌ باڵا و تایبه‌ته‌كان هه‌ردوولا ده‌یانه‌وێ موچه‌ی‌ پله‌ باڵاكان به‌شێوه‌یه‌ك بێت مه‌رجی‌ ته‌مه‌ن و خزمه‌ت هه‌ڵگرن، پله‌ باڵاكانیش به‌ موچه‌ی‌ له‌ سه‌دا 50 خانه‌نشین بكرێن، ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ مه‌رجی‌ ته‌مه‌ن و خزمه‌تیان هه‌یه‌ به‌ شێوازی‌ خاڵه‌به‌ندی‌ موچه‌كه‌یان له‌سه‌دا په‌نجا زیاتر بێت.

له‌باره‌ی‌ موچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ پله‌ باڵاكانی‌ خولی‌ رابردووی‌ په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كانی‌ كابینه‌ی‌ پێشووتر، ئه‌وانه‌ی‌ مه‌رجی‌ خزمه‌ت و ته‌مه‌ن و بڕوانامه‌یان هه‌یه‌ به‌شێوه‌ی‌ ئه‌سه‌ر ره‌جعی‌ به‌ له‌ 50% خانه‌نشین بكرێن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌و مه‌رجانه‌یان تێدانییه‌ به‌ رێژه‌ی‌ له‌ 30% خانه‌نشین بكرێن.

بۆ بڕگه‌و ماده‌كانی‌ دیكه‌ش به‌شێوه‌یك له‌ شێوه‌كان گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ردا هاتووه‌ و هه‌ندێك كه‌س له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ده‌بێت و هه‌ندێكیش له‌ دژیان ده‌بێت.
با چاوه‌روان بین....
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×