ئایا “پارتی”و “یەکێتی” دوو بزوتنەوەی نەتەوەیین؟

کۆسار سیامەند / ساراڵ
  2019-12-27     506
بەشی دووەم
• ڕێکخراوە نەتەوەییەکان 
لە مێژووی نزیکی کوردا، هەوڵ و تەقەلا دراوە بۆ ڕێخستنی هۆشی کورد بوون، کە هەستە فترییەکەی هەموو منداڵیکە، کەوەک کورد لەدایکی دەبێت و لە ساڵانی گەشەی هزر و پژانی زمانیدا تام و لەزەتی قسەکردن بەکوردی و زرنگاندنەوەی پەردەی گوێی بە وشەی کوردی، تا دێت چەسپاوتر و لە بەر دڵی شیرینتر دەبن، سەرباری ئەو سیفەت و خەسڵەتە بۆ ماوانەی لە باوانییەوە بۆی بە میرات دەگوێزرێنەوە، کە هەمووی کوردین ئەگەر باوانی ئێستای تووشی پەتای بێگانە بوون نەبووبن لە نەتەوەی خۆیان، هەوڵدراوە بۆ ڕێخستنی ئەو هەست و هۆشانە لە قاڵب و چوارچیوەی دیاری کراودا، بۆ کۆکردنەوە و بە فیڕۆنەچوونی ئەو توانایانە و ڕێنمایی و پەروەردەکردنی ئەو هەستانە لەسەر ڕێگە دروستەکەی کە دەبوو ببێت. 

بەڵام بە حوکمی بار و دۆخی ناوخۆی کورد و دەوروبەری کورد، ئەم هەوڵدانە لە قوتابخانەیەکی پەروەردەیی نەتەوەییەوە، بەناچاری دەبوونە دەستە و هەوڵدانی سیاسی، کە هەمویان ئامانجیان پاک و ڕێڕەویان زوڵاڵ و خواستیان ئازادی نەتەوە ستەمدیدەکەیان بوو. ئەم کۆڕ و کۆبوونەوە و لە دوایشدا حیزبانە، زۆرینەیان لە بارە تیۆرییەکەدا مانەوە و نەکەوتنە ناو ڕوبەڕوبوونەوەی چەکداری لەگەڵ داگیرکەرانی کورددا، کە هەر ئەمەش بارە دروستکە بوو، چونکە بەر لە هەر هەنگاوێک و هەوڵدان بۆ کورد دەبێت پوختەبوونێکی کوردایەتی پێشی بکەوێت، وشیارییەکی نەتەوەیی کە بیپارێزێ لە گومڕابوون و ڕۆحی سەلامەت و تەندروست بهێڵیتەوە، کە من دەزانم ئەمە کاری نزیک لە نەکردەنی بووە، چونکە هەم بار و دۆخەکە، ئەو چاوڕوانییەی کورت دەکردەوە، هەم هەموو ئەندامانی ئەم ڕێکخراوانە، بەو پلەی پوختەبوونە لە کوردایەتی نەگەیشتبوون، کە لە ڕێگای خەباتیاندا تووشی سەرسمدان و هەڵدێران نەبن، لەو بارودۆخە ” پیس و ژاراویکراوەدا” کە ئەو حیزبانەی لە گۆڕەپانەکەدا بوون سازیان دابوو، چونکە ئەوان لە کەش و هەوای ئاوا ژاراویدا دەیانتوانی بمێننەوە و دڕیژە بە ژیانی خۆیان بدەن و حیزبەکانیان کە ئیتر ببووە کاراخانە گەلێکی پڕسوود بۆ ژیانێکی بەفیز و دەسەڵات بەخش بۆیان، لە ناوەندێکی ئاوا ناکۆکی سازدا ئاشیان دەگەڕا و کەوتبوونە ناو یاری گەلێکی واوە کە دەرباز بوون لێی مەحاڵ بوو، تازە ببووە عادەت و سەرچاوەی توانای مادی و مەعنەوییان. 

لەم کەش و هەوایەدا، بەناچاری ئەم ڕێکخراوانە وەبەر شەپۆلەکە دەکەوتن، بە بوونی ئەندامانی ناپوختەش لە رووی کوردایەتییەوە، تووشی هەڵە و ئازار و ناکامیی فرە دەهاتن. ئەوان ئەگەر لە توانادا بوایە مابانایەوە  وەک قوتابخانەیەکی پەروەردەی کوردایەتی، کە خۆیان بۆ ئەوە هەوڵیان دەدا، کاریگەریان و خزمەتەکەیان دەبووە سەد ئەوەندە بۆ نەتەوەکەیان. چونکە ئەمانە لە ڕۆلە هەرە دامەزراو، هوشیارو دڵسۆزەکانی نەتەوە بوون بە دڵیکی پاکەوە خۆیان بۆ مەسەلەی نەتەوەکەیان تەرخان کردبوو، بە ڕەچاوکردنی ناپوختەیی ئەندام گەلێکیان، کە زیانیان فرەتر بوو لە سوودیان وهەندێ جار دەبوونە هۆی شێواندنی وێنە گەشەکەیان. 

ئەمان سەرەڕای ئەو کەش و هەوا ژاراوییە کە ئەو حیزبانەی گۆڕەپانەکە سازیان دابوو، بە پاکی مانەوە و نەکەوتنە ناو شەڕی سەرکردەکانی حزبە تەقلیدییەکانی باشوورەوە کە بە شەڕی برا کوژی ناوزەدیان کرد بوو، بۆ پیشاندانی ئەوەی کە ئەوان بێتاوانن و ئەوە هێزەکانیانە کە شەڕیان دەوێت و شەڕ دەکەن و ئەمەشیان بە ئاشکرا وت و بێتاوانی خۆیان ڕاگەیاند، مانای هەموو تاوانەکەیان دا بە کۆڵی نەتەوەکەدا و ڕووڕەشی خۆیان گەیاندە پلەی کۆتایی.

• کۆمەڵە و حیزبە نەتەوەییەکان لە باشوور و ڕۆژهەڵات
حیزبی هیوا – حیزبێکی کوردستانی، ئامانج روونی نەتەوەییە، کە ئەندام و لایەنگری لە هەر چوارپارچەی کوردستان هەبوون، بەڵام بە دروست بوونی پ.د.ک داش عێراق، کە هەر زوو تێکەڵ بە ساواکی ئێران و لەگەڵ مخابەراتی عێراقدا سازوسەدای پەیداکرد، ڕابەری ئەو حیزبە و ئەندامانی ئەوەیان هەڵبژارد کە بێدەنگ بن و خۆیان دوور بخەنەوە، تا نەتەوەکە لەناکۆیی ناوچەیی و شەڕی لابەلا بپارێزن.

• کۆمەڵەی ژ.ک- کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد
 رێکخراوێکی تۆکمە و دامەزراو و کوردستانییە لەسەر بڕوا بوون بە ئازادیی نەتەوەی کورد و یەکسانی لەتەک هەموو میللەتانی تردا خەباتی دەکرد، ئەندام و لایەنگری ، بەتایبەت لە رۆژهەڵات و باشوور بوون، بیرمەندی نەتەوەیی– مامۆستا عەبدول ڕەحمان زەبیحی ناسراو بە مامۆستا عولەما- ڕابەریی دەکرد و ساڵانێکی زۆر لە زیندانی شای ئێراندا بوو، تا دروستبوونی کۆماری کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی ژ.ک و دروستکردنی ح.د.ک داش ئێران. کاتێکیش لە زیندان مەرخەس بوو، بینی کۆمارێک هەیە و هێز و ساز و دامەزراوەی خۆی پێک هێناوە، ئێدی کار لە کار ترازابوو، شەهید قازی محەمەد ئەندامێکی چالاکی ئەم کۆمەڵەیە بوو، کە دەستی بەزاغدا کرا و ناچارکرا بە دروستکردنی، ح.د.ک داش ئێران، بە دنەدانی تودەییەکانی شاری سابڵاغ.

• کاژیک 
دەستەیەکی دڵسۆزی نەتەوەیی، شارەزا و چەندین نووسەر و شاعیر و ئەدیبانی کورد ئەندامی بوون، زۆر داخرا و نهێنی پارێز بوو، بۆیە گەشەیەکی فرە لەسەر خۆی کرد، قۆناغێکی گرنگی شکڵ گرتن و بەرەو کامڵ چوونی بیری نەتەوەیی کوردە (کوردایەتی) پێک دێنێت.

• پاسۆک – پارتی سوشیالیستی کورد 
دوا کۆمەڵەی نەتەوەیی نهێنی و لە پاشاندا ئاشکرای ڕۆڵە دڵسۆزەکانی کوردە کە ڕێبازی نەتەوەیی کردە ئامێری خەبات و هەوڵدانی بۆ کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان. واتە وەک پوختەیەکی گەشەکردووی، کۆمەڵەو پارتەکانی بەر لە خۆی بوو، نازانم تا چەند سوودی لە چونێتی کارکردنی ئەوان وەرگرت بۆ باشتر کارکردن لەگەڵ مەسەلە  نەتەوەیەکەدا لەو بارو دۆخەی کە ئەم پارتە نەتەوەییە دەستی بە خەبات کرد، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە، کە ئامانجیان یەک بووە و ئەویش ئازادی کورد و نیشتمانی کورد بووە.

ئەمانە تەنها کۆمەڵە و حیزبی نەتەوەیی بوون کە ڕێباز و هەوڵ و خەباتیان بۆ یەکخستنەوە وئازادیی نەتەوەکە بوو و ڕاستگۆ و بەوەفا بوون بۆ ئامانج و ڕێبازی خۆیان و خزمەتکردنی نەتەوەکەیان و بەرنامەیەکی ڕوون و ئاشکرای نەتەوەییان هەبوو، کە وشیاری نەتەوەییان مەبەست و هەوڵیان بۆ ئازادی و یەکسانی نەتەوەکەیان بوو چوون هەموو نەتەوەکانی ئەم جیهانە ودەیان ویست کورد لە زامە قوڵەکەی هەزاران ساڵەیی جەستە و ڕۆحی وشیار بکەنەوە.
پاسۆک کە پێموابێ تاکە پارتی نەتەوەیی بوو بەناچاری و سووربوونی ئەندامە عەسکەریەکانی، مەفرەزەی چەکداری دروستکرد و پێشمەرگەی لە شاخ هەبوون ، لە بار و دۆخێکی زۆر نالەباردا لەناو حیزبە دەسەڵاتدار و شەڕەڕەنگێزەکانی ناو گۆڕەپانە شێواوەکەی خەباتی باشووردا، خەباتیان دەکرد و وەک دەڵێن، حیزبەکانی گۆڕەپانەکە چاوەڕوان بوون ١٠٠ پێشمەرگەیان هەبێت تا لێیان بدەن.

پارتەکانی تری ڕۆژهەڵات و باشوور هەمیشە لە ڕۆحی کوردایەتی راستەقینە ترساون و مەرگی خۆیان لەوەدا بینیوە، کە نەتەوەکە وشیار بێتەوە و بگەرێتەوە سەر خۆی، بۆیە هەمیشە هەوڵیان داوە کە کار و خەباتی ئەم کۆمەڵە و حیزبە نەتەوەییانە بشێوێنن و ناو وناوبانگی ئەندامە چالاک و لەبەر چاوەکانیان بەبانگەشەی درۆ بزڕێنن، یا لەکۆتایدا تیرۆر بکەن، یاخود زەمینەی فەوتاندنیان بڕەخسێنن.

دەبێت ئەوە بڵیم بۆ دروست نەبوونی بەدحاڵی بوون، زۆرینەی ئەو پێشمەرگە و کادیرانەی شەهید بوون لە شەڕی دوژمنانی کوردا تەنانەت لە شەڕی نێوان سەرکردەکانی حیزبەکاندا، ڕۆڵەی ئەم میللەتە بوون، پاک و دڵسۆز بوون، بەڵام ئەفسوس لەوەدا بەهەڵەدا چووبوون کە پێیان وا بوو ئەوەی ئەنجامی دەدەن بەڕابەری ئەو حیزبانە، بەتایبەت پارتی و یەکێتی لە باشوور و ح.د.ک داش ئێران و کۆمەڵە لە ڕۆژهەڵات، ئەوە پڕاو پڕ کوردایەتییە، ئەوان کوردستانیان خۆشدەویست و گیانی خۆیان لە پێناویدا بەخت کرد، لەپشت خوێنی ڕژاوی ئەوانەوە هەزاران تاوان ئەنجامدرا، خوێنی ئەوان ئێستا کراونەتە کۆڵەکەی مانەوەی ئەو حیزبانە و سەرزارەکی و لە بۆنە زۆرەکانی تێکشکاندنەکانی خۆیاندا، کە ئەوان بە لوتبەرزییەوە وەک منەتێک بەسەر نەتەوەکەدا هەزار پاتەی دەکەنەوە، ژمارەی ئەم شەهیدانە کراوەتە پەیژەی سەرکەوتن بۆ سەر کورسی دەسەڵاتڕانیی و ئەنجامدانی فەسادی لە ژمارە نەهاتوویان و مانەوەی دەسەڵاتی  کوڕ دوای باوک و نەوە داوی باپیرە و کۆ لەوەش ناکەنەوە کە ئەو هەموو تێکشکاندن و هەڕاج کردنی ئەو هەموو خوێنە بە ڕێبازی نەمران و سەربەرزان لەقەڵەم بدەن و بە میللەتەکەی بفرۆشنەوە، ئەو هەموو توانایەکی کە لە پەتپەتێنی پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا بە هەدەر چوون، ئەگەر سەرکردایەتییەکی کوردستانیی دڵسۆز ڕێبەرایەتی کردبا، بێگومان کوردستان و مەسەلەی نەتەوەی کورد لەقۆناغێکدا دەبوو، گەشاوە و شایان بەو هەموو خوێنەی کە فرۆشرا. ئێستا عەقڵی کوردیمان دەبوو، نەتەوەکە لەباشوورو ڕۆژهەڵات  لە ناو تۆڕێکی فەسادا گیرۆدە نەدە بوو، بۆ نانی ڕۆژانە ژنی کورد لەشی خۆی نە دەفرۆشت، بە پیاوە سیاسیە فاسیدەکان، یا بە دەزگا سیخوڕەییەکانی نەتەوە سەردەستەکان لە کوردستاندا و کەسایەتی کوردیی ئاوا بچووک و لەرزۆک و ترساو و بێ پرەنسیبی  بەرهەم نەدەهێنا.

• قۆناغ و قوتابخانەی نەتەوەیی بیرمەندی مەزن مامۆستا ( مەسعوود محەمەد)
لێرەوە و لەسەر دەستی ئەم بیرمەندە گەورەیەدا بیری نەتەوەیی کورد (کوردایەتی) دەگاتە لوتکە. ئەم ڕێبوارە ماندوو نەناسە لەوسەری مێژووی کوردەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئێستای و بەرهەم گەلێک بۆ نەتەوەکەی تۆمار دەکات کە وەک خۆی دەفەرموێ: ” ئەم بیر و باوەڕەی من دەفتەری چەند هەزار ساڵەی کورد دەخوێنێتەوە نەک هی ڕێکەوت و ڕووداوێکی تاک”. 

زانا و بە ویژدانێکی ئازاد و ڕۆحێکی ئینسانی فرە بەرزەوە، مێژوو شیکار دەکات و دزراوەکان دەدۆزێتەوە و زمان دەباتە ئاستێکی وا بەرزەوە کە مرۆڤی کورد شانازی بە خۆیەوە بکات، کە نالی و مەولەوی هەبووە و حاجی بەو زمانە نووسیویەتی. هەموو شێوێندراوە فکرییەکان رێک دەخاتەوە، ڕووڕەشییەکانی مێژووی نەتەوە سەردەستەکان لە کوردستاندا، لە قاودەدات، ترس و دودڵییەکانی کورد دەڕەوێنیتەوە، کە بەهۆی زوڵمێکی ٢٥ سەدەییەوە لە ڕۆحی کوردا ڕەگیان داکوتابوو، ئەوەی ئەو نەتەوە سەردەستانە بۆخۆیان قایل بوون و ڕەواییان پێدا بوو، ئەمیش بۆ کوردی بەڕەوا دەزانێ و دەیکاتە واجیب لە سەری، کورد بانگهێشت دەکات بۆ وشیار بوونەوە لەوەی لەم دوو هەزار و پێنج سەدساڵەدا ڕووی دا لێیان و چەپەکانی کورد بوونە میراتگری. 

بەتوانایەکی سەرسوڕ‌ێنەر و نەفەسێکی سەرچاوە گرتوو لە حەقیقەتی مێژوویەکی فرەدێرینی دزراو و شوێندراوەوە گیان دەکاتەوە بەبەر پەیکەری وردکراوی ژێر باری قورسی داگیرکردنی لێوان لێو لە ترس و پرس و ڕاونان، لە دروێنەی گیان و جەستی کوردان، لە دابڕکردنی خاکی و زەوتکردنی سامانی، لە ئەتک کردنی کچانی و بە غەنیمەت بردنی ژنانی دا.

زەینەکان بەئاگا دێنیتەوە لەوەی گوزەریا و بە لێواریدا ڕێمان کرد، تەرازووی سەنگەڵای مێژوو هاوسەنگ دەکاتەوە. لەسەر هەموو ڕووداوێکی داپۆشراو بە سەرپۆشی درۆ و شێویندراو، لەسەر وشە و ئاواز و گۆرانی و لەسەر زمانی نەتەوەکەی خۆی دەکاتەوە و هەڵوێستەیان لەسەر دەکات و تا نەیان باتەوە سەر حەقیقەتەکەیان دەسبەرداریان نابێ.

 ئاخر ئەو باری سەنگینی خەمێکی بیست و پێنج سەدەیی خوێناویی نەتەوەکەی لەکۆڵی خۆی نا و سات بەساتی ژیانی بۆ تەرخان کرد و تەنها چووە جەنگی سێ فەرهەنگی دڕ و سێ مێژووی هەڵبەسترا و سێ پەلاماری دێرینەوە کە کوردی ترساند بوو و وای لێکردبووهەموو هەوڵێکی بۆ مانەوە و نەفەوتان بوون، بیرمەندی گەورە بە زمانی خۆی و بەزمانی میللەتێکی فرە بێڕەحم دەرهەق بە نەتەوەکەی ( بە زمانی عارەبی)، ڕاستتیەکانی گوتن بە زمانێک گوتنی کە تەنانەت دوژمنانی نەتەوەکەشی سەرسام کرد، بۆ ساغکردنەوەی ئەم ڕاستیانەی کە سەهۆڵبەندانی بیست و پێنج سەدە درۆ دایپۆشی بوون، فکر و زمانی تایبەت بەخۆی داهێنا.

کورد دەبێت سپاسگوزار و شاگەشکە و شادمان بێت، بە نووسینی، بە هەڵوێستی، بە داهێنانە فکری و بە لەسەرکردنەوەکانی، ئێمە دەبێت، نوسینەکانی بکەینە ئەو نوسراوە  پیرۆز و پێویستانەی لەسەر تاقی هەر ماڵێ، لەناو کتێبخانەی هەر قوتابخانەیەکدا جێگایان دیار و وتەکانی بۆ یەک بگێڕینەوە و لە شیکردنەوەکانی ورد بینەوە و کلیلی لێ تێگەیشتنی باوەڕەکانی بدۆزینەوە، بیانکەینە کتێبی پەروەردەی فکریی لاوەکانمان و هەر لەو سەرەتایانەی پێگەیشتنی زەینی منداڵەکانمانەوە، بیروباوەڕەکانی و ڕاستکردنەوە مێژوویەکانی بکەینە بەرنامەی ڕۆشنکردنەوەی زەینیان و پەروەردەکردنی هۆشیان.

دەبێت جەژنی نووسینەکانی بگێڕین، هەروەها وەرگێراوەی نووسینەکانی بۆ سەر زمانی کوردی بەرز رابگرین و دەست و پەنجەی وەرگێڕەکەی بگوشین و ماچ بکەین.
ئەو نووسینانە چرای هەڵکراوی ڕاستە ڕیگای کوردایەتین لەوانە نەگەین بەهیچ ناگەین و بەشخوراویمان بەردەوام و بەسەهوو چونمان نەخۆشی و ئازادی کوردستانمان لە پشت حەوت قولەی قافەوە تاسە لێبڕاو دەبێت و نەتەوەکەمان بە کوێلەی بەجێماو لە هەموو سەدەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا دەمێنیتەوە.

سەرنجەکان/
 *کاک ئەحمەدی موفتی زادە، باس لەوە دەکات، کە هیچ هێزێک ناتوانێ ڕۆحی ئینسانێکی ئازاد زیندانی بکات، بۆیە ئەو دەیوت، من لە زیندان مەرەخەس بووم، وشەی مەرەخس بەکار بێنن بۆ ئەو مرۆڤە ئازادانەی لە زیندان دێنە دەرەوە.
بۆ سەرچاوەی وتەکانی بیرمەندی مەزن مامۆستا مەسعوود محەمەد و وەرگێراوە 
بەنرخەکانی بڕواننە ئەم سایتە: www.mamosta.net  

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×