سێ حزبی بەکێشە، گەرەکیانە حکومەتێکی بێ کێشە لەباشور دروستبکەن!

کۆسار سیامەند / ساراڵ
  2019-05-07     526

ڕووی قسەم لەو بەشەی نەتەوەی کوردە لەباشور بەتایبەتی‌و ڕۆژهەڵاتە بۆ پێشگرتن لەدوبارە نەبونەوەی ئەزمونی نەزۆکی باشور لەوێش.
لەم دوو بەشەی نیشتمانی داگیرو دابەشکراودا، بۆتە نەرێت کە سەرۆکی حیزب نەما، ئێدی لەناو حیزبدا پاشا گەردانی دەبێتە فەرمانڕانی ئەو حیزبەو پارچە بون‌و ناتەبایی‌و سەد بەرنامەیی‌و بۆچون دەبنە دیاردەی ناو ئەندامەکانیان.

ڕەوابوونی ئەم (پیرۆزیی)ەش بۆ کەسی یەکەمی حیزب، هۆی زۆرە و من ڕای ئەو نووسەرەی باشوورم پێ دروستە کە دەڵێ: پیرۆزکردنی سەرۆکی حیزب بە تێپەڕینی کات، لەو پیرۆزییەوە کە بۆ ڕێبەرە ئاینییەکان قایل بوون گواسترایەوە بۆ ناو حیزبی مۆدێرنی کوردی.



هۆیەکی تر نەبوونی کەسانی خاوەن کەسایەتی بەهێزە کە بنەمایەکی بەهێز و بیروباوەڕێکی دامەزراویان هەبێت و سازش لەسەر بڕواکانی خۆیان نەکەن لەبەر هەر هۆیەک بێت، ئەو جۆرە کەسانەش لەناو حیزبی کوردیدا زۆر دەگمەنن، ئەگەر هەش بووبن، یا زوو بە پیلانی کەسی یەکەم لەناوبراون یا ناچار کراون دوورەپەرێزیی هەڵبژێرن، لە ترسی مۆرکی خیانەت و ترسنۆکی و ....هتد. چونکە ئەوە یەکێک لەو ئامڕازانە بووە و / هەیە کە کەسی یەکەمی حیزبەکان بەرانبەر بە کەسانی بەهێزی ناو حیزبەکانیان بەکاری دەهێنن، سەیرەکە لەوە دایە کە مرۆڤەکان لە ناتۆرەیەک دەترسێن، کە خیانەتکارانی مێژوویی نەتەوەکە بۆیان هەڵبەستن و ناویان بزڕێنن. 



دەنا ئێمە لەسەرکردایەتی ئەم پەنجا ساڵەی ناو بزوتنەوەی کوردا، سەرێک نابینین کە شایستەگی ئەوەی هەبێت، ڕیزێکی وای لێ بگیرێت، کە کەس یارای ئەوەی نەبێ قسە لە قسەیدا بکات، داهێنانێکیان، شیکردنەوەیەکیان یا بەرهەمێکی نەتەوەییان لێ بەدی ناکەین، ئەگەر بە نمونەکاندا بچینەوە، دەتوانین بە ئاشبەتاڵ دەست پێ بکەین کە گەورەترین گورزی لە نەتەوەی کورد وەشاند، لە سەروبەندی ئاشبەتاڵدا وا بڵاو کرایەوە لەلایەن بارەگای بەرزانییەوە کە گوایە ئەم بڕیارەی خوا لێخۆشبوو مەلا مستەفا، بۆ پاراستنی گیانی ئەو کوردە ئاوارانەیە کە دەربەدەری شارەکانی ئێران بوون.

لە چەند گۆشەیەکەوە ئەم بانگەشە بەتاڵە شی دەکەمەوە:
بەر لە هەر شتێک وەک لە سەرەوە باسم کرد، سەرانی کورد تاکو ئێستا هەرگیز بەدرێژایی ئەم پەنجا ساڵەی نەهامەتییە کە بەسەر کوردیاندا هێنا، شیکردنەوەیەکیان بۆ بار و دۆخەکە نەبووە، نە لە دوور نە لە نزیک:


ئێمە دەزانین کە بڕیارەکەی مەلا مستەفا، وەک بۆیان بڵاوکرده‌وە لە ناچارییەوە بووە، وەک چۆن ئیمام خومەینی پێکی ژەهری خواردەوە و کاتێ کە ئیتر دەبوو بە وەستانی شەڕ لەگەڵ عێراقدا ڕازی ببێت، مەلا مستەفا ئەو ئەدەبیاتە بەرزەی نەبوو، ئاوا لێکچوونێک بکات و ڕستەیەکی ئاوا بڵێت، قەوانە کۆنە سواوەکە کە زۆرینەیەک لە کورد بە بیستنی ڕاهاتوون، دیسان ئەوەی کردە منەتێک و نەتەوەکەی پێ قەرزار بار کرد:


ئاشبەتاڵ ساڵی ١٩٧٥ لەلایەن مەلا مستەفاوە بڕیاری لێدرا و بارەگای بارزانی بە گەلی کوردی قارەمانی ڕاگەیاند.


شۆڕشی گەلانی ئێران ساڵی ١٩٧٩ سەرکەوت و شا ئێران بەدەر کرا.


بڕوانن سەرکردایەتی کورد، تەنانەت نەیتوانیەوە پێشبینی ڕووداوێکی ئاوا گەورە بکات، شیکردنەوەی بۆ چوار ساڵی ئایندەی ناوچەکە نەبووە، بە تایبەت بۆ ئێران، کە سەرکردایەتی ئەوسا وئیستای کورد پەیوەندیان بە شا و ئێرانەوە پەیوەندی باوک و فەرزەند بووە.


ژمارەی قوربانیەکانی  دەرئەنجام و ئاکامی ئاشبەتاڵ بۆ ئەو بەشە لە نەتەوەی کورد لە باشووردا بێ گومان چەند بارتەقای ژمارەی ئەوە ئاوارانە بوون، کە گوایە مەلا مستەفا بۆ پاراستنی گیانی ئەوان بڕیاری ئاشبەتاڵی داوە!!! چونکە ئاشبەتاڵ ئەنفالەکان و کیمیا بارانەکانی باشووری کوردستانی لێ کەوتەوە و کە ئاکامی ڕاستەوخۆی ئاشبەتاڵەکە بوون. ئەمە جگە لەنائومێدییەکی سەرتاسەریی کە باوەڕی نەتەوەیی لە لای زۆرینەیەک لە کورد، کز کرد و دروستبوونی خێلە جاش و بوون بە بەعسی و خیانەتکردنی نەتەوەیی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، ئەم مێژووە تاڵانە دەبێت هەزاران جار بووترێنە و بنووسرێنەوە و شیبکرێنەوە.


دەبین چونکە نە وتماننەوە، نە نووسیماننەوە و نە شیمانکردنەوە، چەندین جاری تر لە دوای لە دەستدانی ئەو هەموو هەل و دەرفەتانەی بۆ کورد ڕەخسا چۆن مایە پووچ بووین و تا دێت سەربەخۆیی و هێزی نەتەوەیی خۆمان لە دەست دەدەین!!! 


نوێترین گەمە و یاریکردن بە هەستی خەڵک، ئەو شانۆنامەیەیە کە ٢١٥ ڕۆژە لە سەر تەختەی شانۆی کارەساتەکان لە باشوور بە ناوی دروستکردنی حکومەتێکی بێ کێشە و چاکسازەوە، ئەکتەرانی شەڕی ناوخۆ ( شەڕی سەرکردەی حیزبەکان)، پیشانی خەڵکی دەدەن و برینی  کۆن و نوێیان دێننەوە سوێ، وەلێ کەس هیچ ناڵێت!!!.
نە وتن بە بارێکیدا مانای ڕازیبوونە ، بە بارێکی تریدا  سکڵی ژێر خۆڵەمێشە، کە چاوەڕوانی بای وەشتێکە بۆ کڵپەکردنی، کە ئومێدش وایە ئەمەی دووەمیان بێت و لەکاتی خۆیدا و بۆ ئازادیی یەکجاریی دابگیرسێت. 


ئێستا سێ حیزب، دووانیان لە ( غیابی، وەک خۆیان پێیان خۆشە وا بڵێن) سەرکردەکانیاندا، بە دەست پاشاگەردانی فکریی و ڕەفتارییەوە سەرگەردانن و بوونەتە مەکۆیەکی هەزار بڕیارە. حیزبی پارتیش کە دەیەوێت و دەبێت بڕیارەکان لەدەستی خۆیدا بێت، بەهەر نرخێک بووە، ئەویش پاش گەشەکردنی نەوەکانیان و حسابی کۆن زیندووکردنەوە، دەیەوێت پلە و پۆستێک دابتاشێ، یا بە داتاشینی پۆستی نوێ بۆ حیزبە ناڕازییە هاوپەیمانەکانی، دەنگی ناڕازی نەوەکان کپ بکاتەوە، هیچ نەبێت بۆ چوار ساڵی ئایندە، ئەم دەرمانە ئازارشکێنە، ناو بەناو بە پێدانی مووچە، دەرخواردی خەڵک بدات.


کەواتە سێ حیزب کە هەر سێکیان لەناو دەیان گرفت و کێشەی بنەماڵەیی و دەستەیی و تاقم و بەرژەوەندی جوداوە، درێژە بە دەسەڵاتەکەیان دەدەن، دەیانەوێ حکومەتی چاکسازیی و بێکێشە بۆ ئەو بەشە لە نەتەوەی کورد لە باشوور بەرهەم بێنن!!!


چەند سەرنجی گرنگ:
ئەو بەشە لەنەتەوەی کورد دەبێت ئەوە بزانێت، کە بوونی سپای تورک و پاسدارانی ئێران لە باشوور بۆ پاراستنی هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری پارتی و یەکێتی و پاراستن و جێبەجێکردنی مەرامی شۆڤێنیانە و ڕەگەزپەرستانەی ئەو دوو وڵاتەیە، بە  ئامادەکردن و زەمینەی مانەوەیان نزیکەی لەلایەن هەموو حیزبەکانی باشوورەوە.

ئەو مەرام و بەرژەوەندییە قەبە ئابووریانەی کە ئەم دووحیزبەی بەستۆتەوە، بەو دەسەڵاتانەوە لەو دوو وڵاتەدا، ناچاری کردوون کە چاوپۆشی لە ڕەفتاری ڕەگەزپەرستانەی ئەو سپا داگیرکەرانە بکەن و لە ڕۆژی سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی گەلدا، هیچ سڵ ناکەنەوە، کە تەنانەت بەجلی کوردییەوە لە گەلیان بەردەن و قەتڵعامی میللەتیان پێ بکەن بۆ مانەوەی خۆیان، وەک دەشزانین کە تورکەکان لە ڕەشەکوژی کورد و ئەرمەنەکاندا، ئەزمونێکی خوێناویان هەیە و سپای پەت و خوێنی ئێرانیش، لە کوشتنی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتدا، خاوەن ئەزمونێکی خوێناویی درێژ و دەوڵەمەندن.


ئێستا هیچ هەڕەشەیەک لە هەڕەشەی مانەوەی ئەو دوو حیزبە بۆ کورد مەترسیدارتر نییە، ئەوان تەنانەت باوەڕیان بە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشیش نییە، کە لە کاتی ڕوودانی سەرهەڵداندا، پاریزگاریان لێ بکەن، چونکە ئەوان ڕۆلەی ئەم نیشتمانە داگیرکراوەن و عیزەتی نەفس و کورد بوونیان ڕێگەیان پێ نادات، خوشک و برای خۆیان لە پێناو بەرژەوەندی تاقم و دەستەیەکدا، بکەنە قوربانی، هەر وەک چۆن جارێکی تر بە دڵنیاییەوە ناچنە ژێر باری نەنگی ڕشتنی خوێنی براکانیانەوە لە هەر چوار پارچەی داگیرکراوی کوردستاندا.


پارتی و یەکێتی گەرەکیانە، لە ئێستاوە، زەمینەی خێلە جاش و نەرێتی خێڵایەتی و سەر بە حیزبوونی خێلەکان زیندوو بکەنەوە بۆ ڕۆژی مەبادا، ئێستا لە ڕێگای ناونانی بە ڤیستڤاڵ و هونەرەوە، کە بنەمای کارەکەیان دابەشکردن و ناشتنی تۆی کینە و جودایی نەتەوەیە.


سەددام حوسێن و عومەر حەسن بەشیر و هەموو دیکتاتۆرەکانی تری ئەم ڕۆژهەڵاتە، هەمیشە گەلەکانیان بەوە ترساندووە، کە دوژمی دەرەکی و مەترسی لە دەرەوە هەڕەشەیان لێ دەکات و نەبوونیی و قاتوقڕیی دەسکردی خۆشیان، بە بوونی ئەو مەترسیانە پاسا و داوەتەوە. 



دەبێت گەل وشیاریی ئەوەی هەبێت و ئاگادار بێت، کە سۆزی نەتەوەیی و خۆشەویستی نیشتمانەکەیان، لەلایەن حیزبەکانەوە بە خراپ سوودی لێ وەرنەگیرێت بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی بنەماڵەکان. 


ئەو پەندە کوردیەی کە دەڵێت: دایە ببینە، دوێتە بخوازە، کە لە زۆر ڕووی زانستی دەروونی و ڕەفتارییەوە بە ڕاست دەگەڕێ، دەشێ بۆ کوڕیش ( بەتایبەت کوڕانی ئێستای سیاسەتبازانی کورد) ئەم وتنەش بە ڕاست بگەڕێ:



باوکیتان بینی، کوڕیش ببین، کە واتای بەرجەستە بوونی ڕەفتاری باوکانە لە کوڕەکانیاندا، ڕەنگە بەهێزتر و دڕتر و خوێناویتریش بن.

لێرەدا دوو نموونەی لێکچوونی دەسەڵاتی هەرێم لەگەڵ دەسەڵاتی ئێرانیدا ژێنمەوە:

– دەزگای شەهیدان کە لاسایی کردنەوەی ( بنیاد شهید) ی ئێرانە کە پارەیەکی زەبەلاحی گەلانی ئێران بۆ ئەم دەزگایە خەرج دەکەرا بەڵام ئیستا بەهۆی بڕیارەکانی ئەمریکاوە، بودجەیان کەم بۆتەوە و بەو هۆیەشەوە فەسادی ئەخلاقی و ماڵیان ڕۆژ بە ڕۆژ دەر دەکەوێت، کە چۆن بەڕیوەبەرانی ئەم دەزگا ناحکومیانە، ئەو پارەیەیان بۆ تەفرەدان و فەساد کردنی کەسوکاری کوژراوەکان بەکار هێناوە و ڕەواجیان داوە بە بێڕەوشتی و لە ڕێگای پێدانی ئیمتیازاتەوە منداڵانی ئەو کوژراوانەیان بۆ مەرامی چەپەڵی خۆیان بەکار هێناوە.


– دەزگای خێرخوازی بەرزانی، کە دەزگایەکی ناحکومی هەرێمە، لاسایی کردنەوەی ( کمیتەی امدادی ئیمام خومەینیە) کە بۆ پیرۆزکردنی ئیمام و ناچار کردنی خەڵک بۆ لایەنگری ڕژێم و سوود وەرگرتن لە بێچارەیی و هەژاری خەڵک بۆ ڕاکێشانیان بەلای دەسەڵاتدا، بەکار دەهێنرێت.


ئەو ڕۆلانەی نەتەوەی کورد کە زۆرینەیان لە ڕۆژە سەختەکانی بەرەنگاریی دوژمنانی کورددا شەهید بوون، دەبوو لە سیستەمێکی چاک گوزەرانیی ئەو بەشە لە نیشتماندا، کەس و کاریان بێ گەڕانەوە بۆ دەزگاکانی حکومەت، ژیانێکی سەربەرز و شەرافەتمەندانەیان هەبایە و ناچار بەو جۆرە ژیانە نەکرانایە، کە بۆ قوتی ڕۆژانەیان ناچاری پەنابردن بانایە بۆ ئەم دەزگا و ئەو دەزگا، سیستەمێک دەبوو ژیانی سەرتاپای خەڵکی ڕێک خستبا، وەک وڵاتێکی مودێرن و شایان بەو خوێنەی کە نەتەوەکە بۆ ئازادی بەخشیان.
  

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×