ئایا “پارتی”و “یەکێتی” دوو بزوتنەوەی نەتەوەیین؟!

کۆسار سیامەند / ساراڵ
  2019-12-24     549
بەشی یەکەم
لێرەدا پێویست دەکات، کەمێ بۆ دواوە بگەڕێینەوە و سەرچاوەکە ڕوونبکەینەوە هیچ نەبێ بۆ ئەوەی لەلایەنی کەمی ڕاستییەکان تێگەبگەین. چونکە نە پارتی و یەکێتی لە باشوور و نە حیزبی دیمۆکرات و کۆمەڵە لە ڕۆژهەڵات، زادەی واقعی نەتەوەکە نەبوون و ئەنجامی خواستی کەسێتی و دەرەکی و تێنەگەیشتن لە نەتەوەکە و لە پاشاندا ناکۆکی بەردەوام و ئێستاش خاوەنداری سەرمایەن. 

سەرتای لێکدابڕانی نەتەوە بۆ جاری دووەم
سەرچاوەی لێکدابڕاندنەکە، یان داڕوخاندنە نەتەوەییەکە بۆ جاری دووەم لە مێژووی نوێی نەتەوەکەماندا کە ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا هەم لە کامڵ بوونی بیرە نەتەوەییەکە و هەم کارەسەتەکانی ئەوەندە گەورە و زۆر بوون کە نەدەبوو ئەم کوردە ئاوا بێدەربەست بوایە کە ئێستا هەیە، کەواتە ئەم نووسینە دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە کە باس لە مێژووی چلەکان تا دروسست بوونی هەرێمێک دەکات لەباشووری لکێندراودا بە عێراقەوە، خێرا و ئەوەندەی بۆ وتارێک بشێ. 

ئەو دوو حیزبەی، لە نەزانینەوە یا بە مەبەست بە نەتەوەیی ناودەبرێن، کارەکتەری سەرەکی بەڵاکان بوون و پەیوەندییەکی نەپساوەش لە نێوان بارودۆخی باشوور و ڕۆژهەڵاتدا هەیە، سەرەڕای پەیوەندییە بنەرەتییەکەی مەسەلەی کورد پێکەوە لە هەر چوارپارچە داگیرکراوەکەیدا، ئەم دوو بەشە پەیوەندی گەلێکی تایبەت پێکیانەوە دەبەستێ، بۆیە جوداکردنەوەیان لەیەکتر لێکدانەوەکان  ناکامڵ و ئەنجامێکی دروست نادات بەدەستەوە.

قۆناغی پاش هەڵوەشاندنەوەی ژ.ک و دروستبوونی – حیزبی دیمۆکراتی کوردستان/ ئێران کە لەمەبەدوا بە (ح.د.ک داش ئیران ) ناوزەدی دەکەم.

پاش ئەوەی ڕابەرانی ژ.ک لە ناویاندا مامۆستا زەبیحی – عولەما – لە زیندان مەرەخەس بوو*، رێکخراوەیەکی بینی بە ناوی کۆماری کوردستان کە دامەزراوە و خاوەن هێز و دەزگاکانی تر بوو، ناوێک لە ژ.ک ئیتر نەمابوو، ئەو بێدەنگی هەڵبژارد، چونکە نەدەکرا و کاتی ئەوە نەمابوو ئەم دیوارە خوارە ڕاست بکرێتەوە، حیزبێک دامەزرابوو بە تەقلید لە ئازەرییەکان و تەنانەت وەک مەرجێکی پشتیوانی کردن، دروستکردنی حیزبێکی دیمۆکرات بوو(کە لە بنەڕەتدا تەڵەیەک بوو بۆ کوردان) ، ئەوە بوو پێڕە و پرۆگرامی کۆمەڵەی ژیانەوە، بووە ئەو دامەزراوە و پەیڕەوە کە بۆ حیزبی دیمۆکرات نووسرا و حیزبەکە ناو نرا (حیزبی دیمۆکراتی کوردستان/ئێران ) یا وەک لەسەرەوە ناوزەدم کرد (ح.د.ک داش ئێران).

بەڵام لە باشوور چەند کەسێک لە سەر هەست بوون و لە هەموویان گوێ قوڵاغتر مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بوو (لەمە بەدوا بە م. ئیبراهیم، ناوزەدی دەکەم)، کە نووسەرێکی دیار و ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە جوڵانەوەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتیشدا. م. ئیبراهیم ساڵانێکی زۆر بوو کینە و ڕقێکی ئەستووری لە دڵدا بوو بۆ لێدانی سەرکردەیەکی نەتەوەیی مەزن لە باشوورکە مامۆستای نەتەوەیی (ڕەفیق حیلمی)  پێشەواو ڕابەری حیزبی هیوا بوو، تا ئێستاش کورد، چونکە ئاگاداری مێژووی خۆی نییە و سەرگەرمی قرتی بازییە لە سیاسەتدا، نازانێ چ گەوهەرێکی نەتەوەیی لەدەست داوە.

پاش ئەوەی دەستی – قازی- بە زاغدا کرا و کۆمار کرایە قوربانیی بەرژەوەندیی ئابووری و ڕوخێندرا و ڕابەرەکانی لە سێدارە دران ، هەلەکە لەبار بوو بۆ م. ئیبراهیم کە دەستی خۆی بوەشێنێ و ئەنجا بەڕابەریی ئەم حیزبێکی تایبەتیان بۆ باشووریان دروستکرد و ناویان نا حیزبی دیمۆکراتی کوردستان/عێراق ( کە لەمە بەدوا بە پ.د.ک داش عێراق ناوزەدی دەکەم)، کەواتە ئەمە بووە هەنگاوی دووەم بۆ دابڕانە نەتەوەییەکە، کە بەرهەمی کۆتایی ئەم دابڕانە و قۆناغێکی گرنگی ئەم حیزبە کارەساتی گەورە بوون بۆ نەتەوەکە، هەرەس کە لە باشوور بە ئاشبەتاڵ ناونرا و زیندوکردنەوەی ناکۆییەکی کۆن بەناوی ( یەکێتی نشتیمانی کوردستان) لەمە بەدوا بە (ی.ن.ک داش عێراق ناوزەدی دەکەم )، ئەنفال، کیمیاباران و فەرمانی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا  کە تا ئەم ساتەی من دەنووسم بە زۆر جۆر لە هەر چوارپارچەکەی ئەم گەوهەرە دزراوەدا، بەردەوامن.

لێرەوە ئەم دوو حیزبە بە ویست و بەبێ ویست، بە ناچاریی و زۆر جاران لە هۆشیاریی تەواوی سەرکردایەتییەکانیانەوە، کەوتنە ناو یارییەکی ناوچەییەوە، لە نێوان ساواکی ئێرانی و موخابەراتی عێراقی / سوری و میتی تورکیدا، ئەمەش سەرەتای قۆناغی دابڕانەکەیان بوو بە تەواوی لە بیرە نەتەوەییەکە( کوردایەتی)، چونکە لەمە بەدوا حیزبەکان بوونە جێبەجێکاری پلانی ئەو دەزگا سیخوڕیانە و ئێدی حیزب بووە هێزی لێدان و لاوازکردنی بەرامبەر، کە هەردوولا کورد بوون و هەرچییەکیان دەکرد، بەناوی کوردەوە دەیان کرد- بەومەرجە پشتیوانیان لێدەکرا- ، هەتا ئێستاش هەر وا دەڵێن، کە ئەم بانگەشەیەی ئەمان لە پڕاکتیکدا بەربەستی سەرەکی بووە بۆ گەڕانەوە سەرخۆ و هوشیارییەکی نەتەوەیی.

 بەوەڕا دیارە کە هیچ بزوتنەوەیەک بە ئەندازەی بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی ئەمانی نەتۆقاندووە، بۆیە ئەگەر نەیان توانیبێت دەستەمۆی بکەن، ئەوا لێیان داوە، بڕوانن، تەنانەت هەموو ئەو کەسە نەتەوەییانەیان لێرە و لەوێ لەناو برد، کە دەستەمۆ نەبوون و لە ڕەفتاری نەتەوەیی و بیری نەتەوەییان ترسا بووبێتن. ئێمە لە پەیجۆری ئەم مەسەلەیەدا، زۆر بەدەگمەن، کەسایەتییەکی نەتەوەییمان دۆزییەوە، بەدەستی دوژمنانی داگیرکەری نەتەوەکە  لەناو برا بێت، زۆر جاران ئەو کەسانەی کە بیری نەتەوەییان هەبووە، تەنانەت لەناو بزوتنەوە زۆرەکانی پاش دروستبوونی ئەم دوو حیزبەشدا بووبن، ئەگەر چالاک و پلەی سەرکردایەتیشیان هەبووبێت، بە بەهانەیەک تیرۆر کراون یا زەمینەی تیرۆکردن و لە ناو بردنیان بۆ سازداوە ( شەهید کردنی کاک سولێمانی موعینی و هاوەڵەکانی، بە دەستی پ.د.ک داش عێراق و تەگبیری سەرانی حیزبی تودە و ڕێنمایی تودەییەکانی ناو ح.د.ک. داش ئێران)، تەنانەت ئەگەر لەوانیش دوور بوبێت و بە زانستی زمان و فکریشەوە خەریک بووبێت، وەک سازکردنی زەمینەی سەرنگومکردنی زانای زمان و بیرمەندی نەتەوەیی مامۆستا عولەما. کەسایەتی وەک ئەو، تارماییەکی ترس بوو بۆ ح.د.ک داش ئێران، ح. د.ک  داش عێراق، جەلالییەکان و ساواکی ئێران و موخابەراتی عێراقیش، یا گوشار بۆهێنانی زۆر و ناچارکردنی بیرمەندی تاقانەی مێژووی کورد مامۆستا  ( مەسعود محەمەد) کە ناچار کرا ماوەیەک عێراق بە جێ بێڵێت، بە فیتی ئەو وتارانەی کە نووسەرە دیارەکانی کوردی شیوعی لە ڕۆژنامەکەیاندا کە نوسخە شیوعییەکەی ڕۆژنامەی – الپورە – بەعس بوو، دژی ئەو زاتە بڵاویان دەکردەوە، ئەگەر دژایەتی و چەواشەکردنی مەسەلەی کورد بکەینە ئامڕازی پێوانمان بۆ کورد،  کە دەشبێت هەر ئەوە پێوانەمان بێت، چونکە ئەوان شیوعی بوون، بەڵام کورد بوون، ئەگەر چی خۆشیان لە کوردبوونیان نەبان کردبێ، وەلێ کورد بوون، لە حاڵێکدا و بەقەوڵی بیرمەندی گەورە مەسعوود محەمەد ” کۆمۆنیستی کورد ئەگەر با بدەنەوە بەرەو ئامانجەکانی قەومایەتی و چارەنووسی نەتەوایەتی کورد..... لە هەموو تاقمێک زیاتر دەتوانن خزمەتی کورد بکەن، چونکە هەم پێوەندی دۆستایەتیان بەملاو بەولادا شریتەی کێشاوە هەم پتریش لە خەڵک قسەیان لێ دەسەلمێندرێ ”  ئەوە دەستنیشانکردنێکی بە ئینسافی بیرمەندێکی کوردە، کە لەقوڵای مێژووی نەتەوەکەیەوە سەفەر دەکاتەوە بۆ ئێستا و نەخشە ڕیگای کاردنیش بۆ پاشەڕۆژی نەتەوەکەی دیاری دەکات.

مەسەلەی تیرۆرکردنی کەسایەتیە نەتەوەییەکان، لەناو بزوتنەوەکانی ئەم دوو حیزبەدا، لە شەڕە زۆرەکانی سەرکردایەتییەکانیاندا ڕۆشنتر دەردەکەوێت، کە ناویان نابوو  (شەڕی ناوخۆ یا براکوژی) کە لە ڕاستیدا شەڕی سەرانی حیزبەکان بووە، دەنا براکان برا بوون و ئەمان فەرهەنگی رق و کینەیان لە دڵیاندا ناشت، ئەم مەسەلەی تیرۆرانە ئاشکران و ئاگرەکەی خێزانی کوردی فرەی گرتەوە، بەپێی بارودۆخەکە لە باشووردا فرەتر و لە ڕۆژهەڵاتدا کەمتر، ئەمەش لە رەسەن بوون و هەستی نەتەوەیی ح.د.ک داش ئێران و وردە حیزبەکانی تری ڕۆژهەڵاتەوە نایەت، بەڵکو باروو دۆخەکەیان وا نەبوو وەک بۆ دەستە براکەیان، یا کوڕە گەورە و نەوەکانیان لە باشوور گونجا بوو!!!.

ئێدی لێرە بەدواوە، شتەکان و ڕووداوەکان ئاشکرا تر خۆیان پیشان دەدەن و ئەم دەستە و تاقم و حیزبانە، ڕووقایمتر و بێباک تر دەبن، مەسەلەی لەگەڵ لایەک بوونیان دەکەنە نشتیمان پەروەریی و لەگەڵ لاکەی تر بوونیش، بە پێی هاوکێشەکەیان دەبێتە ( خیانەت) ئەم فەرهەنگە هێدی هێدی لەناو خیزانی کوردا، بە تایبەت لە باشووردا، ڕیشە دادەکوتێ و تەشەنە دەکات و باوکان بۆ نەوەکانیان بە میرات بەجێی دێڵن، واتە بارودۆخەکە سیمایەکی تر وەردەگرێ و لە باری تیۆرییەوە، کە زەمینە خۆشکردنەکە بە گاڵتەکردنی شارێک بە شارێکی تر و شارنشینەکان  بە دێهات نشینەکان و…هتد، دەستی پێکردبوو دەگوێزرێتەوە بۆ بارە پراکتیکیەکەی کە حەڵاڵ کردنی خوێنی براکان بوو،  ئەو ئەنجامەی کە ئەم حیزبانە، ئەوەندە ساڵ بوو کاریان بۆ دەکرد، لەیادمان نەچێت هەموو ئەم کارانە بەناوی گەلی کورد، گەلی کوردستان و نەتەوەی کوردەوە!!! ئەنجامدراون، مانای ئەم گەل و نەتەوەیە رێک ئەوەیان کردەوە بە پێڕەوی رەفتاری ژیان و هەڵوێستی نەتەوەییان، کە ئەم حیزبانە ویستوویانە کە ئەوەش خواست و داخوازیی دەسەڵاتدارانی ئەو نەتەوانە بووە کە کوردستانیان داگیرکردووە.

جارێکی تر دوپاتی دەکەمەوە ئەگەر دیاردە دزێوەکە لە ڕۆژهەڵات ئەوەندە ئاشکرا نەبووە ئەوە لە رەسەن بوون و هەستی نەتەوەیی ح.د.ک  داش ئێران و وردە حیزبەکانی ترەوە نایەت، بەڵکو باروو دۆخەکەیان وا نەبوو وەک بۆ دەستە براکەیان، یا کوڕە گەورەکەیان لە باشوور گونجا بوو.

نەتەوەی کورد هەمووی هاوبەش بووە لە مەسەلەکەی خۆیدا،  جا یا بەوجۆرەی حیزبەکان ویستوویانە، یا دژی نەتەوەکەی خۆیان بوون، یا بیدەنگی و خۆلادانیان هەڵبژاردووە یان لەسەر هەموو پەتەکان یاریان کردووە، ئەم یاری کردنە بۆ خەڵکە سادەکە ئاسان نەبووە و لێیان نەزانیوە و بوونەتە سووتەمەنی یارییەکە، بەڵام بۆ بەناو ڕۆشنفکرەکانی!!! ئاسانتر بووە و چاکیش ئەم یارییەیان کردووە، جگە لە ژمارەیەک نەبێ کە ئەوانە بە ئەرکی کوردبوون و مرۆڤ بوونی خۆیان هەڵساون و لەئاست ئازار و برینە قوڵە هەزار ساڵییەکەی نەتەوەکەی خۆیاندا بوون. ئەمە لێکۆڵینەوەی ورد و قوڵی گەرەکە کە بۆچی ڕۆشنفکرانی نەتەوەیەکی پارچەکراو ئاوا بوون؟!

هەتا ئێرە قۆناغی سیاسی ئەم دوو بزوتنەوەیە تا دەهات حیزب و حیزبۆکەی تازەی هەڵدەهێنا و کەرتکردن و دابڕانەکان بە توندی و خێرایی بەردەوامییان پێدەدرا، بۆ ئەم حیزبانە گرنگ نەبووە کە کێ دەسەڵاتی بەدەست دەهێنا لە پایتەختەکانی ئەو وڵاتانەدا کە نەتەوەی کوردیان بە سەردا دابەشکراوە، ئەگەر ئەمڕۆ بۆنمونە لە تاران/ بەغدا/ دیمەشق و لەم دوایانەشدا ئەنقەرە، دەسەڵات گۆڕابێ و کۆمەڵێک لە قێزەونترین مرۆڤەکانی مێژوو، سوار پشتی ئەسپی دەسەڵات بوو بن، ئەوا بۆ سبەی لەسەر جادەکانی ئەو پایتەختانەدا نوێنەرانی ئەم حیزبانەت دەبینی، بەدوای بارەگای ساواکی کۆن و ئیتلاعاتی نوێ و مخابەرات و میتدا دەگەڕان، تا دڵسۆزی خۆیان بۆ دەسەڵاتی نوێ چەند پاتە بکەنەوە و ببنەوە بە ئەڵقیەکی تری چالاک و جێبەجێکارێکی بە ئەمەکی چالاکییەکانی ئەوان، هەموومان بینیمان چۆن ح.د.ک داش عێراق پێش سپا شەق و شڕە لە نوێ دامەزراوەکەی ئیمام کەوتبوو. 

لەیادمانە پەلاماردانی شۆڕشگێڕانی باکور لەسەرەتای ڕاپەڕینی باشووریاندا و تیرۆرکردنی کەسانی نەتەوەیی کە پەنایان بۆ باشوور هێنا بوو،  وەک  مەرجێک بۆ گرێبەستە ئابووری و کردنەوەی نوێنەرایەتییەکانیان لەو پایتەختانەدا، لە کاتێکدا کە کۆنە ساواکی و دژە کوردی ئەو نەتەوە داگیرکراوانە، بەخێر دەهێنران و کوردستانی زامداریان وەک سفرەیەکی رازاوە، بۆ ڕاخرابوو، تەنانەت چالاکیی دژ بە نەتەوەی خۆیان تا ئەوڕادەیە بردە پێشەوە، کە دژە کوردێکی فاشیستی وەک مەنسووری حیکمەتیان ‌هێنا و کردیانە ئاغای خۆیان و چارەنووسی بزوتنەوەیەکی چالاکی بەشێک لەم نەتەوەیەیان خستە ژێر ڕابەرایەتی ئەوەوە و قسەکانی ئەویان کردە سەنگی مەحەکی ( پێشکەتنخوازییەکەیان !!!) لەسەر ماندوو بوون و خوێنی ی‌ەفیڕۆدراوی کوڕان و کچانی ئەم نەتەوەیە، ئەمە ئەگەر شەڕی دژە کورد بەنوێنەرایەتی داگیرکەرانی کورد نەبووبێت، ئەی کامەیە شەڕی دژایەتی کردنی نەتەوەی کورد؟!!

بۆیە هەر ڕۆژێک لە ژیانی ئەم حیزبانەی ڕۆژهەڵات و باشوور تێپەربووبێت، ئەوا بە مەودای ئەو ڕۆژە لە کوردایەتی و بیری نەتەوەیی وغیرەتی کوردبوون دوورکەوتوونەتەوە، تا ڕادەیەک، کە زۆر جاران مرۆ گومان دەکات، لە کورد بوونی ئەمانە، نمونە زۆرە و دۆزینەوە و دەستنیشانکردنیان سانایە.

گەشەی بیری کوردایەتی
نامەوێ بە قوڵی لەمەڕ ئەمە بدوێم، چونکە ئەوە فێر بووم و بەڵگە نەویستە، کە کورد بوون، “کەینونەیە، وجودە” (مەسعوود محەمەد)، وەک چۆن ناوێکم هەیە ئەوهاش کوردم، بە کوردی لە دایک دەبم، دەتوانم هەموو بوونە مەعنەوییەکانی خۆم بگۆڕم، وەلێ کوردبوونم بۆ ناگۆڕێ، من ئەگەر بمەوێت گوێ لە ئایەتێکی قورئانیش بگرم، دەنگێکی کوردی هەستێکی فرە جیاوازم  پێدەبەخشی بۆ نزیک بوونەوە لە خودا. بۆلێکدانەوەی ئایەتێک وا گونجاوتر و دروسترە، لە زانایەکی کورد پرسیار بکەم نەک بێگانەیەک کە لە چاوی نەتەوەکەی خۆیەوە لێکدانەوە بۆ دەقە ئاینییەکانیش دەکەن، ئەم کەموکورتییەش ئۆباڵی لە ئەستۆی مەلایان و زانایانی ئاینیی کوردایە. 

لەم بارەیەوە دەتوانم بزوتنەوەیەکی فکری ئاینی نیشتمان پەروەرانە، لەلای مەلایەکی ئەم سەردەمەی فرە نزیک لە خۆمان، کە یەکێک لە منەورەترین و دڵسۆزترین زانای ئایینی کوردە بێنمەوە کە ڕەنج و زەحمەتێکی بڕست بڕی کێشا بۆ وشیارکرنەوە و پەروەردەکردن، ئەویش زانای جڵەوداری حەقیقەت و پاک و ئاشنا بە هەموو مەسەلە  دێرین و سەردەمییەکانی کورد، کاکە ئەحمەدی مفتی زادەیە (دروودی خوای لەسەر بێت)، ئەو ئینسانەی کە خۆی، ژیانی، باس و خوازی و بەرلەهەموو شتێک ڕەفتارەکانی ئاوێنەیەکی ڕوونی بیروباوەڕەکەی بوون، بەلای منەوە کاک ئەحمەد، ڕابەرێکی بێوێنەی میللەتێکی فرە مەزوڵمە کە لەبەر زوڵمی ٢٥ سەدەیی نەتەوە سەردەستە داگیرکەرەکانی و ئەو چەواشەکردن و تەفرەدانەی چەپی کورد بەسەر مەسەلە ڕەواکەیدا هێنا، ئەو فرسەتەی بۆ نەتەوەکە نەهێشتەوە کە گوێڕایەڵی ئەو ڕاستاینە بێت کە ئەو پێی گەیشتبوو، یا هەر هیچ نەبێ، بیناسێ و بزانێ باس لەکام دەردە قوڵەی ئەم نەتەوەیە دەکات؟! ئەو زۆر هاوکێشەی ئاینی سەرە و بن کرد، دەستی خستە سەر زامەکان، لە نمونەی ئەو لە مێژووی کوردا نابیی و نابینی، کە ئاوا بێ ڕاو و چاو لەگەڵ نەتەوەکەی خۆیدا ڕاستگۆیانە، دان بە کەموکورتییەکانی خۆیدا بنێت و خۆی تاوانبار بکات و بڵێت:" ئەوە عەیبی خۆمە لە خەڵکی تردا دەکەوێتە دەرەوە”، ” ناپوختەیی خۆمە لەواندا دیاری دەدا”  وەک هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەو ماوە کورتەی کە بەناچاری و بۆ کوژاندنەوەی فیتنە گەلێکی گەورە لە کوردستانەکەیدا چەند مانگێک ناچار بە کاری سیاسی دەبێت، ئاوا باسی سیاسەت دەکات ئەگەر کەسەکە ناپوختەو دامەزراو و ناخی ئاوەدان نەبووبێتەوە و دەست بەکاری سیاسی بکات، ئەو زاتە گەورەیە باسی خۆی دەکات و لە مەجلسی یاران و میوانەکانیدا و لە ڕێگای ئەوانەوە ڕووی قسەی لە نەتەوەکەی خۆیەتی و دەفەرموێ: " تەبیعەتی سیاسەت ئەوەیە تاریکت دەکات، وەک ئەسپێکی سەرکەش جڵەوت لەدەست دەردێنێ، کاری سیاسییە کە دەتخلیسکێنێ”.

 جا وەرن و ئەم فەرمایشتە گەوهەرینانە، بەهەڵوێست و ڕەفتاری ڕابەرانی ئەو حیزبانەی باشوور و ڕۆژهەڵات بەراورد بکەن کە حەفتا ساڵە دەخلیسکێن و لەگەڵ خۆیاندا نەتەوەکە نابووت و ئیفلیج و ئیفلاس پێدەکەن و پاش هەموو تێکشکاندنەکانیش لافی کوردایەتی لێدەدەن!! ئینسان تا چ ڕادەیەک دەتوانێ دابەزێتە پلەکانی خوارەوە تا خلیسکانی لێ ببێتە تراویلکەی سەرکەوتن؟! و داننان بە هەڵە لە ژمارە نەهاتووەکانی لێ ببێتە شەرمەزاری و خۆی لە گەیشتن بەو پلە بەرزەی ئینسان بوون، وەک کاکە ئەحمەد پێی گەیشت، بێ بەری بکات؟!! 

قوتابخانە پەروەردەییەکەی کاک ئەحمەد، پێوستی بەوەیە کە جودا و فرە و فراوان لەسەری باس بکرێ ، ئەمە هەر ئاماژەیەک بوو چونکە پەیوەندی بە باسکەوە بوو، کاک ئەحمەد وەک دیاردەیەک لە ئاین و کوردایەتیدا درێژە پێدەری خاسان و مەردانی خودایی تری مێژووی کوردە، کە ڕەنجیان بۆ خەڵکی ستەمدیدەی خودا بوو، کەسیش وەک کورد ستەمی لێنەکراوە و بەرانبەری ئاین بەکار نەهێنراوە بۆ “ئەنفال” و ” فەتح” کردنی خەڵک و خاکەکەی!!.

سەرنجێکی فرە گرنگ ١
من لەم قۆناغەی سەرگەردان بوونی مرۆڤایەتیدا، تێکەڵکردنی نەتەوەکان بە حوکمی ویست و داخوازیی بازاڕ و سوودی ئابووری، بە دروست نازانم و زیانی فرە لە فەرهەنگی جیاوازی نەتەوەکان دەدات و ئینسان لەو ڕاستە رێگایەی، کە دەبێت ئاسایی بیبڕێت، سەرگەردان و گومڕا دەکات و چارەسەری گرفتە زۆرەکانی مرۆڤایەتی ئاڵۆزتر و خۆی دەبێتە گرفتێکی بێ چارەسەر( ئەمە ڕێگا سروشتییەکەی گەشەی لێکنزیک بوونەوە و تێگەیشتن و یەکتر ناسین نییە) لە نێوان نەتەوەکاندا، چونکە لەم بازاڕە شەمزاوەدا، فەرهەنگە پشتگوێخراوەکان و نەتەوە بێ دەوڵەتەکان، کە پشت و پەنایەکی ئابووری بەهێزیان نییە، بێگومان ئاسان و بەناچاریی دەبنە پاشکۆ و ساناتر قوت دەدرێن، لەم بۆچوون و ڕوانگەیەی خۆمەوە، ژن هێنانی کوڕ و پیاوی کورد لە غەیرە کورد و شووکردنی کچان و ژنانی کورد بە غەیرە کورد، بە نادروست و مەترسییەکی گەورە دەبینم بۆ خێراکردنی تواندنەوەی کورد و شێواندنی زمانی کوردی کە کۆڵەکەیەکی گرنگی مانەوەی بووە. بە تایبەتی لەگەڵ ئەو نەتەوە سەردەستانەدا کە بەشێک لە خاکی کوردستانیان داگیر کردووە.

سەرنجێکی فرە گرنگ ٢
 لێرە و لەوێ نمونەی سەرکەوتووی پێچەوانەی ئەم ڕایەی خۆم دەبینم، بەڵام ئەم نمونانە، ناتوانن ببنە دەستور و بنەما بۆ ئەوەی لەم بارە فرە ناسک و بەتالوکەیەی نەتەوەکەماندا، بێ خەیاڵ و ئاسودە دڵ، ئەو هەنگاوە و کردارە بە هەند وەرنەگرم، من پێچەوانەی ئەم کارە رادەسپێرم و پشتیوانی زۆر و بانگەشەی ئاشکرای بۆ دەکەم، کە کوڕانی ڕۆژهەڵاتی کچانی باشووری و کچانی باشووری کوڕانی باکوری و كچانی خۆرئاوای وڵات، کوڕانی ڕۆژهەڵاتی بۆ هاوژینی و هاوسەری هەڵبژێرن، فرە گرنگە فەرهەنگ، لەناو فەرهەنگیشدا بە پلەی یەکەم زمانی کوردی لە ڕێگای ژن هێنان و شووکردنەوە تێکەڵ بەیەک ببنەوە و تەپوتۆزی فەرهەنگی بێگانە و نەتەوە سەردەستەکان، لە ڕۆحی خۆیان بتەکێنن.

کوردایەتی کە ئەنجامی وشیاربوونەوەی کەسێکە کە وەک ( کورد) لەدایک بووبێت، گرنگترین ئامڕازی کامڵ بوونی کەسایەتی ئەوە بۆ خۆناسین، کبریای ئینسانی لە ئایندەدا و ئەو هاوبەشییەی لە ساڵەکانی دواتری گەشەکردنە ئینسانییەکەیدا، لە ڕێگای هاوبەشی فکریی و هاوبەشی لە ئاوادەنکردنەوەی زەوی و پاراستنی بەها و نرخە ئینسانییەکاندا، پێشکەش بە مرۆڤایەتی دەکات، بە گەشەپێدان و بەجێگەیاندنی ئەرکی مرۆڤ بوونی خۆی لە ڕێگای ئەو خزمەتەوە کە پێشکەش بە نەتەوەکەی خۆی دەکات، وەک نەتەوەیەکی زیندووی هاوبەشی شارستانەتی ئینسان بەگشتی. 

ئەگەر ئەم کارەی ئەنجام دا ئەوە بە تاکێکی شایان دادەنرێت کە ئەرک و مافی خۆیی و نەتەوەکانی تری دەرک کردووە و ئازادیی خۆی بەدەست هێناوە و لە پێناو ئازادیی نەتەوەکانی تریشدا کۆشا و شێلگیر و بەڕێزە و ستەم لە هەر جێگایەک بێت، ئەم دژە ستەمە و قەڵغانی پاراستنی ئازادیی ئینسانە بە بەرگری و پاراستنی ئازادیی بۆ نەتەوەکەی، کە وەک ئەرکێکی ( کورد بوون) ی خۆی داری ئەو بەها و نرخانە ئاودێری دەکات، کە بەری ئازادبوون و یەکسانی نەتەوەکان دەگرن، لە ناویاندا ئازادی نەتەوەکەی خۆی، جا ئەمە لە ڕەفتار و گفتار و بیر و بڕیارەکانیدا سەرمەشقی هەنگاونانی دەبێت و ڕێگای بەرە و ڕۆشناییە و گومڕابوون پێی ناوێرێ.

ئەو کەسەی نەتوانێ لەناو ئینسانەکانی نەتەوەکەی خۆیدا، بە بیرکردنەوە، دەڕبڕینە جیاوازەکان و هەڵوێستەکانی، لەو کاتەی کە دەبێت پیشانیان بدات، واتە لەو کاتەدا کە دەربڕینەکان و هەڵویست وەرگرتنەکان دەبێت لە ( بیرکردنەوەوە) وە ببنە کردار، ئازادی بەرجەستە بکات، چۆن دەتوانێت، خۆی بە ئازاد بزانێ کە هەست بکات، ئازادی و چوارچێوەی ئازادیی نەتەوەکەی خۆی سنووری ئازادیی نەتەوەیەکی تری بەزاندووە؟! ئەمە بۆ تاک تاکی نەتەوە سەردەستەکان لە کوردستاندا دروستە، بە تایبەت بەرەی ڕۆشنفکرانیان.

چونکە ئازادیی (من) بە ئەندازەی ئەو ئازادییەیە کە بۆ (ئازادیی تۆ) قایلم و بۆی تێ دەکۆشم، هەر لەم ڕوانگەیەوەیە، مرۆڤێک کە نەتەوەکەی کویلەکراوە، ئازاد نییە و ڕۆشنفکرێکی نەتەوە سەردەستەکەش، هەرچی بڵی و بنووسێ و دەرببڕێ، ناتوانێ تەوقی کۆیلەکردنی ئازادیی نەتەوەیەکی تر بۆ بەدەستهێنانی فراوان کردنی دەسەڵاتی نەتەوەی خۆی  لە خۆی داماڵێ و هەر ئەم بیرکردنەوەیەی ڕۆشنفکرانی نەتەوەی سەردەستە، ڕاستەخۆ یا ناراستەوخۆ، جورئەت دەدەن بە دەسەڵاتدارانی نەتەوەی خۆیان تا ئەنفالکردن و ‌قڕکردنی نەتەوەی بندەستیان بۆ پێشەوە بڕۆن، بە واتایەکی تر، سپای خوێنڕێژی نەتەوەی سەردەست، ئامڕازی واقعیی خوێنڕشتنە بۆ هێشتنەوەی ئازادیی کابرای ڕۆشنفکر!! چونکە بیرکردنەوەی ئەم کابرایە لەگەڵ سپاکەدا سەرچاوەیان یەکە و جیاوازییان هەر ئەوەندەیە، کە بە تفەنگ ناتوانی وەک قەڵەم فتوای فرمان و قڕکردن بنووسی با فرمانەکە لە چیرۆکێکدا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی و شیعر و ڕۆمان و شیواندنی مێژوو، فەتوای مەلایان یا گفتوگۆیەکی دیار یا نادیاریشدا بێت، ئەمیان مەترسی زیاترە، چونکە دەشێ بە وشەی بریقەدار و خۆحەشاردان لە پەنای دروشمی زۆر گەورەی ئینسان دۆستیدا، یا لێکدانەوەی دەقە ئاینییەکان بۆ بەرژەوەندی نەتەوەی سەردەست، فرمان و خوێنڕشتنەکانی نەتەوەی بن دەست، ڕەوا بکرێت و بەرهەمە هونەرییەکەش لە پای بەدەستهێنانی گرێبەستێکی ئابووریدا خەڵاتی جیهانیش بگرێت!!.

سەرنجێکی فرە گرنگ ٣
هەر لە سۆنگەی ئەم جۆرە بیرکردنەوانەی ڕۆشنفکرانی نەتەوەی داگیرکەرەوە و بەئەنجام گەیاندی ئەم فرمانانە بەهۆی سپای بێرەحمی ئەو نەتەوانەوە و بۆ پاراستنی بەهای ئینسان و بەرز ڕاگرتنی ئازادیی مرۆڤ و خۆپاراستن لە نەفەوتان و خۆدەربازکردن بە مەبەستی مانەوە، ماف بە نەتەوەی داگیرکراو دەدرێت، هەرچی دەتوانێت بیکات لە باش و بەد، ڕەوا و ناڕەوا چونکە لە باری نەتەوەیەکدا وەک کورد کە حاڵی وەک ” …کاروانێکە ڕیگر دەستی بەسەردا گرتبێت: بۆ دەرباز بوون هەرچی بیڵێ و بیکا لە چاک و بەد و ڕەوا و ناڕەوا نەک هەر دروستە بەڵکوو واجیبە و نەکردنی دەبێتە ڕووڕەشی"، (مەسعوود محەمەد).

باسکە درێژەی هەیە بۆ بەشی دووەمی.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×