لە جەمال عیرفان-ەوە تا کاوە گەرمیانی: ١٠٠ ساڵ کوشتنی ئازادی
  2023-12-05       2514       
کاوە گەرمیانی - جەمال عیرفان

ئا: ئاوێنە

 

جەمال عیرفان‌و کاوە گەرمیانی، دو نوسەرو رۆژنامەنوسی بوێرو چاونەترس بون، کە لەدو قۆناغی جیاوازی سەد ساڵی رابردودا، بەخوێنی خۆیان چیرۆکی کوشتنی ئازادی‌و ستەمکاریی حوکمڕانی کوردییان نوسیوە.

 

جەمال عیرفان‌و کاوە گەرمیانی، دو رۆژنامەنوسی بوێر بون، کە هەریەکەو لەرۆژگاری خۆیدا جوامێرانە داکۆکیان لەئازادی‌و وتنی راستی‌و پێشکەوتنخوازیی کردوە، هەر لەسەر ئەم بەئازادی رادەربڕین‌و بوێرییەشیان تیرۆر کراون‌.

ئەوەی جێی سەرنجە شێوازی تیرۆرکردنی ئەم دو جوامێرە زۆر لەیەک دەچێت، ئەگەرچی جەمال عیرفان لەسەرەتای سەدەی بیستەم‌و کاوە گەرمیانیش لەسەرەتای سەدەی بیست‌و یەکەمدا تیرۆر کراوە، عیرفان لەسەردەمی حوکمداری شێخ مەحمودو گەرمیانیش لەسایەی دەسەڵاتی یەکێتی‌و پارتیدا.

جەمال عیرفان ١٨٨١ – ١٩٢٢، لەو رۆژگارەدا کە مەلیک مەحمود خوازیاری دامەزراندنی مەملەکەتێک بو لەباشوری کوردستان‌، نەخوێندەواری‌و خێڵگەریی‌و دەمارگیریی ئایینی باڵیان بەسەر ئەو مەملەکەتەدا کێشا بو، جەمال عیرفان بەبیرە پێشکەوتنخوازو یەکسانخوازییەکەی چرایەک بو لەو رۆژگارە تاریکەدا.

عیرفان کە لەدایکبوی سلێمانی‌و کۆلیژی "ئەرکانی حەربییە"ی لەئەستەنبوڵ تەواو کرد بو، ئەفسەرێکی لێهاتو بو، لەگەڵ داگیرکردنی باشوری کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئینگلیزەوە، گەڕایەوە سلێمانی‌و چەند پۆستێکی سەربازی‌و ئیداری پێسپێردراو لەوەش گرنگتر یەکێک بو لەنوسەرە سەرەکیەکانی رۆژنامەی "پێشکەوتن" کە یەکەم رۆژنامەی کوردی بو لەسلێمانی‌و باشوری کوردستان‌ دەربچێت‌و زنجیرەیەک وتاری ئەدەبی‌و ئابوری‌و کۆمەڵایەتی تیانوسی.

بیروباوەڕی جەمال عیرفان، کە یەكێ‌ بو لەروناكبیرە هەرە چالاكەكانی سەردەمی خۆی، بۆ ئەو رۆژگارەی کوردستان‌و بۆ ئەو دەستەو تاقمانەی کە دەوری شێخیان دابو، بۆ ئەو گروپە کۆمەڵایەتی‌و دینیانەی گیانی خێڵگەریی‌و شێخایەتیان تیا بەهێز بو، وەک هەڕەشە بۆ سەر پێگەو بەرژەوەندییەکانیان لێیاندەڕوانی‌و لەو جۆرە بیرکردنەوە ئازادو بوێرانەو تەشەنەسەندنی دەترسان، بۆیە لەهەلومەرجێکی نادیاردا ئێوارەیەکی درەنگ وەخت لەماڵەکەی خۆیدا دەستڕێژی گولەیان لێکردو تیرۆریان کرد.

بەشێک لەسەرچاوە مێژوییەکان تیرۆر کردنی جەمال عیرفان، کە بەیەکەم تیرۆری سیاسی لەکوردستاندا دادەنرێت، دەخەنە پاڵ دەستەو تاقمی ئۆزدەمیرو تورکخواکانەوە بەهۆی نزیکی لەئینگلیزەکانەوە، بەشێکیش دەیخەنە پاڵ گروپی سەر بەشێخ مەحمودو پیاوانی ئایینی‌و عەشائیری کوردەوە، کە وەک دەڵێن ئاغایەک یەکێک لەپاسەوانە دڕەکانی خۆی ناردوەو کوشتویەتی!

کێ جەمال عیرفانی تیرۆری کرد؟ تا ئێستا پاش تێپەڕبونی ١٠٠ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنیدا کەس نازانێ! وەک زۆربەی ئەو تیرۆرە سیاسیانەی بەدرێژایی ساڵانی رابردو ئەنجام دران‌و "بڕیاردەرو بکەر"ی راستەقینەیان ونە!

شێوازو سیناریۆی تیرۆر کردنی جەمال عیرفان، هەمان شێوازو سیناریۆی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانیشە. لەگێڕانەوەی چۆنیەتی تیرۆر کردنی جەمال عیرفان لەشەوی ١٢ لەسەر ١٣ی کانونی یەکەمی ١٩٢٢، خەدیجەی هاوسەری کە ژنێکی بەڕەچەڵەك چەرکەس بو، دەڵێت "ئێوارە بوو هێشتا بەتەواوی لەنان خواردن دەستمان نەگرتبوەوە، جەمیلەی کچی بەخاولیەکەوە لای باوکی وەستا بو بۆ ئەوەی دەستی بشواو خاولیەکەی بداتێ، رێکەوت وابو شوێنی دەست شتنەکە لای دەرگای دەرەوە بو، خەریک بو دەستی ئەشت کە یەکێک لەدەرەوە بانگی کرد وتی: جەمال بەگ لەماڵە؟ هەرخۆی وەڵامی دایەوەو وتی: فەرمو لەماڵە، هەر ئەوەندەمان زانی دەستڕێژێکی لێکراو کەوت".

 ٩١ ساڵ بەدوای ئەم روداوە هەژێنەرەدا، لەگەرمیانی ئەنفالکراوو سوتێنراو شەوی ٥ی كانونی دووەمی ٢٠١٣، كاتژمێر "هەشت‌و چل خولەک"، ئۆتۆمبیلێكی جۆری "لاندگرۆزەر" کە چەند چەکدارێکی نەناسراوی تیا بوە، چونەتە بەر ماڵەكەی کاوە گەرمیانی‌‌و لەدەرگایان داوە‌و بەدایكیان وتوە: كاوە لەماڵە؟ دایکی وتویەتی: بەڵێ. وتویانە:  بۆمان بانگ بكە. لەگەڵ هاتنەدەرەوەی كاوە لەماڵ، بەر دەسترێژی گولەیان داوەو حەوت فیشەكی بەرکەوتوە، کە یەكێكیان بەر سەری دەکەوێت‌و گیان لەدەست دەدات .

کاوە گەرمیانی ١٩٧٩ – ٢٠١٣، یەکێک بو لەراستگۆترین‌و بوێرترین رۆژنامەنوسانی کوردستان، کە سەرتاسەری ژیانی رابردوی خۆی‌و خێزانەکەی کوێرەوەری‌و ئازارو گریان‌و دڵپاکیی بو، ئەو لەئاوارەیی‌و دەربەدەریدا چاوی بەژیان هەڵهێناو، باوکی ئەنفال کراو دایکی بەبێوەژن کۆشی‌و هەزار دەردەسەری بەخێوی کردو پێیگەیاند.

کاتێک کاوە لەتەمەنی ٢٠ ساڵیدا کاری رۆژنامەنوسی کرد بەپیشەی دڵخوازو پەسەندکراوی خۆی، تا دوا سنور پیشەکەی خۆشویست‌و بەکاریشینەهێنا بۆ خۆدەوڵەمەند کردن‌و خۆژیاندن، ئەو زیاتر لەوەی رۆژنامەگەری بەبازرگانی بزانێت، وەک پەیامێکی ئنسانی‌و ئەخلاقی لێیدەڕوانی، هەربۆیە بەوپەڕی بوێری‌و ئازایەتییەوە ئەوەی لەدەستی هات بۆ هەڵدانەوەی دۆسیەکانی گەندەڵی‌و ئاشکراکردنی بەتاڵانبردنی سەروەت‌و سامانی گشتی‌و هەڵسوکەوتی مافیایی دەسەڵاتداران لەکەلارو ناوچەی گەرمیان درێغی نەکرد، هەر لەسەر ئەم کارە ڕۆژنامەنووسیانەشی بو کە چەندین جار ڕوبەڕوی لێدان‌و گرتن‌و هەڕەشەی کوشتن بۆوەو هێشتاش هەر کۆڵینەداو پێیوابو هیچ ستەمکارێک چەند بەدەسەڵاتیش بێت ناتوانێت خۆری راستی‌و ئازادی تا سەر لەخەڵک بشارێتەوە، تا دواجار بەرگەی قەڵەمە بوێرەکەیان نەگرت‌و لەباوەشی دایکیدا تیرۆریان کرد.

تا ئێستاش ئەوە رون‌و یەکلایی نەبوەتەوە کە کێ لەپشت تاوانی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانییەوەیەو کێ فەرمانی کوشتنی داوە!

جەمال عیرفان‌و کاوە گەرمیانی، هەروەها سەردەشت عوسمان‌و سۆرانی مامە حەمە، هەریەکەو بەخوێنی گەشی خۆیان میژوی قۆناغێکی پڕ لەنادادپه‌روه‌ریی‌و ستەمکاریی حوکمڕانی کوردییان نوسییەوە، ئەم قەڵەمە شەهیدو تیرۆرکراوانە بەوپەڕی سەربەرزی‌و جوامێرییەوە ده‌نگی ئازادیخوازیی‌و هەقبێژیی کورد بون‌و لەپێناوی مەسەلەیەکی رەوادا گیانیان بەخشی‌، هەربۆیە تیرۆرکردنیشیان نەک نەیتوانی کۆتایی بەناوو یادەوەرییان بهێنێت، بەڵکو نەمری‌و ژیانێکی جاویدانی پێبەخشین‌و تەمەنیان زۆر لەتەمەنی بکوژو حوکمڕانەکان درێژترو درەوشاوەتر دەمێنێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×