باڵیۆزخانەی ئەمریكا: هێرشی سەر باڵیۆزخانەكەمان لەلایەن میلیشیاكانی سەربە ئێرانەوە ئەنجامدراوە
  2023-12-08       299       

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، باڵیۆزخانەكەیان بە دو موشەك كراوەتە ئامانج و زیانێكی لێ نەكەوتۆتەوە. دەشڵێت، ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە هێرشەكە لەلایەن میلیشیاكانی سەربە ئێرانەوە ئەنجامدرابێت.

ئاوێنە: نوسینگەی وتەبێژی رەسمی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە راگەیندراوێكدا وتویەتی، نزیك سەعات 4:15 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، باڵیۆزخانەی ئەمریكا بە دو موشەك كرایە ئامانج.

ئەوەشی خستۆتەڕو، هێشتا هەڵسەنگاندنەكان بەردەوامن و هیچ هەواڵێك نییە لەبارەی بونی زیان لە كۆمەڵگەی باڵیۆزخانەكەمان.

نوسینگەی وتەبێژی رەسمی باڵیۆزخانەكە وتوشیەتی، تا ئەم ساتە هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی هێرشەكەی نەگرتۆتە ئەستۆ، لەكاتێكدا ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە هێرشەكە لەلایەن میلیشیاكانی سەربە ئێرانەوە ئەنجام درابێت كە لەعێراق بەئازادی چالاكی دەكەن.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا جارێكی دیكە داوای لە حكومەتی عێراق كردوە هەمو رێوشوێنە پێویستەكان بگرێتەبەر بۆ پاراستنی كارمەندان و ستافی نێردە دیپلۆماسییەكان و هاوبەشەكان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

باڵیۆزخانەكە جەختیشی كردۆتەوە كە وڵاتەكەی مافی بەرگریكردن و پاراستنی كارمەندانی خۆی لە هەر شوێنێكی جیهان هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×