سودانی بۆ فەرماندە ئەمنییەكان: ئەنجامدەرانی هێرشەكەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەستگیربكرێن
  2023-12-08       246       

یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، سەرجەم فەرماندە ئەمنییەكانی لە پێگەی بەرپرسیارێتیانەوە راسپارد بۆ دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی دەستدرێژییە موشەكییەكەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكاو رادەستكردنیان بە یاسا.

ئاوێنە: یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، لە راگەیەندراوێكدا وتوشیەتی، سودانی جەختی كردۆتەوە كە بە ئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەكان، شتێكە پاساو هەڵناگرێ و قبوڵكراو نییە، ئیدی لە هەر دۆخێكدا بێت و لەپشتییەوە هەر بانگەشەو وەهمێك هەبێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق جەختی كردۆتەوە كە ئەنجامدەرانی ئەم دەستدرێژییانە، خراپەكاری بەرامبەر بە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق دەكەن و ئەم گروپە لە یاسا دەرچوانە، بەهیچ شێوەیەك نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلی عێراق ناكەن و رەنگدانەوەی بڕیاری نیشتمانیی عێراقیش نین كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە لە چەندین بۆنەی رەسمیدا خراوەتەڕو.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "یاریكردن بە سەقامگیریی عێراق، لێدان لە ئاسایشی ناوخۆ، هەوڵی لەكەداركردنی ناوبانگی سیاسیی عێراق و كردنە ئامانجی ئەو شوێنانەی كە بەهێزی یاساو رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان پارێزراون، كردەوەی تیرۆریستین و هێزە ئەمنییەكانمان و دەزگاكانی حكومەت و دەسەڵاتی جێبەجێكردن، هەریەكە بەپێی تایبەتمەندی و ئەركی خۆیان، بەردەوام دەبن لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان و جێبەجێكردنی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان و پابەندبون بە گەرەنتیكردنیان. ئەو گروپە خراپانە، هیچ شتێك نادۆزنەوە جگە لە دەستگیركردن و روبەڕوبونەوەیان ئەوەش لەپێناو بەرگریكردن لە سەروەریی و سەقامگیریی عێراق كە لە رێگەیەكی دورودرێژیی قوربانیدانی گەورەوە بەدەستهاتوە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×