کۆمەڵەی ئەپیکور داوای پاراستنی ماف و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەکات
  2023-12-08       199       

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان کە بە (ئەپیکور) ناسراوە و لە ژمارەیەک کۆمپانیای بەرهەمهێنانی نەوت پێک دێت، گلەیی ئەوەیان لە حکومەتی هەرێم و بەغدا هەیە، کە لە کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە پرسی نەوت بەشدارییان پێ ناکەن و دەڵێن”لە کۆبوونەوەکان دوورخراونەتەوە”.

لە دوایین ڕاگەیەندراویدا، کە سەرەتای ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە، ئەپیکور داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات، ڕێگەیان پێ بدەن بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆی نێوانیان «تا دانوستاندنێکی دادپەروەرانە بکرێت».

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کۆمەڵەی ئەپیکور داوای پاراستنی مافەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەکات.

لەو بارەیەوە مایڵز کاگینز، وتەبێژی ئەپیکور ڕایدەگەیەنێت، ئەندامانی ئەپیکور ئامادەن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کۆببنەوە؛ دواکەوتنی بەردەوام تەنیا زیان بە بژێوی ئابووری هەموو عێراقییەکان دەگەیەنێت.

بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایانگەیاندووە، کە لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو لەگەڵ هەرێم و کۆمپانیاکان پێکەوە گرێبەستەکان هەموار دەکەنەوە.

ئەوەی جێی باسە کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ئەپیکور لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان دامەزراوە، کۆمپانیاکان پێک دێن لە (گەنەڵ ئینێرجی، گالف کیستۆن پترۆلیۆم، شەمەران پترۆلیۆم، ئێچ ئێن ئێنێرجی، دی ئێن ئۆ، و هانت ئۆیڵ) شەش کۆمپانیای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، کارکردنیان ڕاگرتووە و داوا دەکەن ڕاوێژیان پێ بکرێت لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×