وەزیرەکەی سەدر لەسەر بۆردمانەکەی باڵوێزخانەی ئەمریکا ھاتەدەنگ
  2023-12-08       690       

وەزیرەکەی سەدر رایگەیاند، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە رەوتی سەدر دەکەن بە بەرپرسی هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ئەگەر ئەوان بەرپرسبونایە، ئەوا بەو پەڕی رێزەوە بەرپرسیارێتییان رادەگەیاند.

سالح محەمەد عێراقی ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، پاراستنی باڵیۆزخانەکان لە رزیزی ئەرکەکانی حکومەتی عێراقدایە، ئەگەر رەوتی سەدر بەرپرسبوایە، لە بۆردومانکردنی "باڵیۆزخانە خۆشەویستەکەتان"، ئەوا بەوپەڕی رێزەوە بەرپرسیارێتی خۆیان رادەگەیاند.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوانەی بەردەوام تۆمەتباریان دەکەن، هیچ شتێک ناڵێن و هیچ شتێک ناکەن بەبێ ئەوەی ناوی ئەوان بخەنە ناو روداوەکانەوە، سەرجەم ئەو دەنگۆ و تۆمەتانەش رەتدەکەنەوە.

ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەو کردەوانەی "تابلۆکانی گەندەڵی" بە ئامانج دەگرن، بۆ جەنگ و بانگەشەی هەڵبژاردنی گەندەڵی نێوان گەندەڵکارانە و دەشڵێت، "با بزانن بێدەنگیمان بەردەوام نابێت ئەگەر لە درۆکردن بەردەوام بن."

ئەوەش لە کاتێکدایە لە درەنگانی شەوی رابردو بە موشەک هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، وتەبێژی باڵیۆزخانەکەش گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران تۆمەتبار دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×