ڕۆژنامەی العرب: توركیا دەیەوێ هاوشێوەی ئێران، ڕێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق مۆر بكات
  2024-02-07       270       

ڕۆژنامەیەكی عەرەبی ئاشكرای كرد، ئەمانجی سەردانی شاندە یەك لە دوای یەكەكانی توركیا بۆ بەغدای پایتەختی عێراق، بەستنی ڕێككەوتنێكی ئەمنیی هاوشێوەی ڕێككەوتنەكەی نێوان عێراق و ئێرانە، بۆ كۆتاییهێنان بە بوونی هێزەكانی پەكەكە لەنێو سنوورەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان.

بەپێی راپۆرتێكی ڕۆژنامەی (العرب)، سەردانەكەی دوێنێی یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا بۆ بەغدا (كە ئەمڕۆش لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانە)، هەروەها سەردانەكەی دوو هەفتە لەمەوبەری ئیبراهیم كالن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركیا بۆ بەغدا، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی توركیایە بۆ ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی ئەمنیی لەگەڵ عێراق هاوشێوەی ڕێككەوتنە ئەمنییەكەی نێوان بەغدا - تاران كە بووە هۆی كۆتاییهێنان بە بوونی هێزە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لە نزیك سنوورەكانی ئەو وڵاتە.

ڕۆژنامەكە ڕوونی كردۆتەوە كە توركیا چیتر بەوە رازی نابێت كە عێراق تەنیا ڕێگە بە سوپای توركیا بدات لەنێو سنووری عێراقەوە هێرش بكاتە سەر پەكەكە، بەڵكوو ”چاوی بڕیوەتە ئەوەی كە عێراق بەشدارییەكی كارا لە هەوڵەكانی ڕیشەكێشكردنی پەكەكە بكات.“

لەمبارەیەوە ڕۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەیەكی عێراقییەوە بڵاوی كردۆتەوە كە توركیا مەرجی ئەوەی بۆ عێراق داناوە، ئەگەر دەیەوێ ڕێگەی گەشەپێدانی ئابووری لەگەڵ توركیا بكاتەوە كە عێراق ماوەیەكی زۆرە بانگەشەی دروستكردنی ڕێگەیەكی لەم شێوەیە دەكات، ئەوا دەبێت هاوكاریی توركیا بكات لە كۆتاییهێنان بە بوونی پەكەكە لەنێو سنووری عێراقدا.

هاوكات ئەوەش ئاشكرا كراوە كە پەكەكە ترسێكی زۆری لە بابەتی ئەو ڕێگایە هەیە كە عێراق دەیەوێ دروستی بكات لەگەڵ توركیا، چونكە دەزانێت دوور نییە لە بەرامبەر ڕازیكردنی توركیا بە كردنەوەی ڕێگاكە، عێراق دەستبەرداری پشتیوانیكردنی پەكەكە ببێت.

ڕۆژنامەكە باسی لەوەش كردووە كە هەر ئەو ڕێگایە كارتی فشاری توركیا نییە دژی عێراق، بەڵكوو توركیا دۆسیەی ئاویش بە شێوەیەكی زۆر توند وەك كارتێكی فشار لە دژی عێراق بەكار دەهێنن و بەردەوام بڕێكی كەمتری ئاوی دیجلە و فورات بەردەدەنەوە، تاوەكوو عێراق لە تینوێتیدا داواكارییەكانیان جێبەجێ بكات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ساڵانێكی زۆر لەمەوبەر و لەسەردەمی ڕژێمی بەعسەوە، عێراق ڕێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ لایەنی توركیدا هەبووە و ڕێگەی بە سوپای توركیا داوە، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی پەكەكە، مافی ئەوەی هەبێت دەیان كیلۆمەتر بێتە نێو خاكی عێراقەوە لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستاندا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×